ئاب 23, 2019

هه‌ولێر له‌ یارییه‌كی ئەستەمدا ده‌بێته‌ میوانی نه‌فتی میسان

سبه‌ی هه‌ینی له‌ گه‌ڕی بیست و پێنجی خولی نایابی عێراقی، هه‌ولێر له‌ یارییه‌كی ئەستەمدا ده‌بێته‌ میوانی نه‌فتی میسان، یارییه‌كه‌ش كات (4) ی ئێواره‌ به‌ڕێوه‌ده‌چیت، ئه‌م یارییه‌ی هه‌ولێر هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ گۆڕینی ده‌سته‌ی راهێنه‌ری تیپه‌كه‌، پێنچ یارییشه‌ له‌ قۆناخی دووه‌م نه‌یبردووەته‌وه‌.

هه‌ولێر رۆژی دووشه‌مه‌ی رابردوو ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی نازم شاكری راهێنه‌ر و ستافه‌كه‌ی قبووڵكرد، دواتریش ئه‌كره‌م سه‌لمانی وه‌ك راهێنه‌ری تیپكه‌ ده‌ستینشانكرد، ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ دوای ئه‌و ئه‌نجامه‌ خراپانه‌ هاتن، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی نازم تووشیان هات و یانه‌كه‌ش بۆ ریزبه‌ندی دوازده‌یه‌م دابه‌زی.
بۆ ئه‌م یارییه‌ هه‌ولێر تواناكانی هه‌ردی سیامه‌ندی به‌رگریكاری بۆ گه‌ڕاوەته‌وه‌، كه‌ ماوه‌یه‌كی درێژبوو به‌هۆی پێكان له‌ یاریكردن دابڕابوو، چه‌ند یاریزانیكیش یاریی بۆ خولی كوردستانی ده‌كرد، به‌و ئامانجه‌ی یانه‌كه‌ له‌ دابه‌زین رزگار بكه‌ن، ئه‌م ئامانجه‌شیان به‌ده‌ستهێنا ئه‌وانیش په‌یوه‌ندی به‌ تیپه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌فته‌ی داهاتووش له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی خولی نایابی كوردستان هه‌ردوو هێرشبه‌ری یانه‌ی نه‌ورۆز( دیار عه‌لی و ئاسۆ رۆسته‌م) په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌كه‌ن.
زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر له‌ كۆی 24 یاریی 7 یارییان بردۆته‌وه‌ و 7 یارییش یه‌كسان بوونه‌، له‌ 10 یارییشدا تووشی دۆڕان هاتوون، یاریزانه‌كان 20 گۆڵیان تۆمار كردووه‌ و 26 گۆڵیشیان لێكراوه‌، ئیستا به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 28 خاڵ له‌ خانه‌ی دوازده‌یه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێن، هه‌موو هه‌وڵێكیشیان له‌م وه‌رزه‌دا مانه‌وه‌یه‌ له‌ خولی نایابی عێراقی. نه‌فتی میسان، له‌ كۆی 24 یاریی 9 یاریی بردووەته‌وه‌ و 8 یه‌كسان بوونیشی هه‌یه‌ و 7 یارییش دووچاری شكست هاتوون، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 35 خاڵ له‌ پله‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ دێن.
هه‌ولێر و نه‌فتی میسان، له‌ ماوه‌ی رابردوو دوویارییان به‌یه‌كه‌وه‌ كردووه‌، هه‌ولێر له‌ یارییه‌ك به‌(2-1) براوه‌بووه‌، یارییه‌كیش بێگۆڵ یه‌كسانه‌ بوونه‌، له‌ قۆناخی دووه‌م یانه‌ی نه‌فت هه‌مان چاره‌نووسی هه‌ولێری هه‌یه‌ پێنج یارییه‌ نه‌یبردووەته‌وه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler