ئاب 23, 2019

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یاریی له‌سه‌ر ناسناو ده‌كات و شه‌ڕی مانه‌وه‌یش له‌ ریزبەندیی خواره‌وه‌ گه‌رمه‌

ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ گه‌ڕی بیست و پێنجی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش لە كات (3:30)ـی ئێوارە ده‌بێت، له‌ گرنگترین یاریی ئه‌م گه‌ڕه،‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ پیرمام میوانداریی هه‌ندرێنی هاوپارێزگای ده‌كات، ده‌ربه‌ندیخانیش له‌ یاریگە سەختەكەی خۆی، بەرەنگاری نه‌ورۆز دەبێتەوە، یانەكانی زێره‌ڤانی و زاخۆیش له‌ دێربی بادینان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، دهۆكیش ده‌یه‌وێت گازی باكوور شكستەبەش بكات، برایه‌تیش ئاكرێ به‌ پاروویەكی ئاسان ده‌بینێ، هه‌ولێریش یاریی ئارارات به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانێ بۆ سەركەوتن، هەرچی شێروانه‌ و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیشە له‌ گه‌رمیان یاریی ده‌كه‌ن، ئه‌م گه‌ڕه‌ چاره‌نووسسازه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ ناسنامه‌ی پاڵه‌وان به‌ فه‌رمی ئاشكرابێت و ئه‌وه‌یشی یاوه‌ری ئاكرێ ده‌كات بۆ دابه‌زین ده‌ربكه‌وێت، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌نوكه‌وی سه‌رجه‌م یارییه‌كان و بارودۆخی یانه‌كان ده‌كات.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یاریی له‌سه‌ر ناسناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی ده‌كات
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگای خۆی له‌ پیرمام میوانداری هه‌ندرێنی هاوشاری ده‌كات، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ یه‌كسان بوون و بردنه‌وه‌ به‌ فه‌رمی ده‌بێته‌ پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان، كوڕانی سه‌میر بابۆ نایانه‌وێت به‌ ئاسانی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ كیس خۆیان بده‌ن دوای ئه‌وه‌ی درێژترین ماوه‌ له‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندییه‌كه‌ مانه‌وه‌ ئێستاش به‌ هه‌فته‌یه‌ك هه‌مووی به‌ بادابده‌ن، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ هه‌ندرێن ببنه‌وه‌ و بۆ جاری دووه‌م له‌ مێژووی یانه‌كه‌ ببنه‌ پاڵه‌وان، له‌ كاتیكدا له‌سه‌ره‌تای وه‌رز ته‌نهائامانجیان مانه‌وه‌ و دروستكردنی تیپ بوو بۆ ساڵانی داهاتوو، به‌ڵام به‌هۆی خراپی ئاستی ركابه‌ره‌كانی كه‌شه‌كه‌ی بۆ ره‌خسا و به‌و به‌رنامه‌یه‌ی دایڕشتبوو بۆ نازناوه‌كه‌ هه‌وڵی دا، پیشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 47 خالی هه‌یه‌ و پله‌ی یه‌كه‌می داگیر كردووه‌.
هه‌ندرێن ته‌نها مانه‌وه‌ی لا گه‌ره‌كه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ئه‌مه‌شی به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی خۆی مسۆگه‌ر بكات، به‌هۆی ناجێگیری له‌ ئاستی یانه‌كه‌ و گۆڕانێكی زۆر له‌ ریزی تیپه‌كه‌ی دڵشاد مه‌عروف نه‌یتوانی ئه‌م ورزه‌ وه‌ك وه‌رزی رابردوو به‌ نایابی ده‌ربكه‌وێت و ئێستاش تا راده‌یه‌ك مه‌ترسی دابه‌زینیان لێده‌كرێت، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن‌ ئه‌گه‌ر به‌خاڵێكیش بێت له‌ پیرمام بگه‌رێنه‌وه،‌ تا له‌ كێشه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ رزگاریان بێت، كه‌ دابه‌زینه‌ بۆ پله‌ یه‌كه‌كان، هه‌ندرێن 29 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی نۆیه‌م دێت.

ده‌ربه‌ندیخان لە یاریگە سەختەكەی، بۆسەی بۆ نه‌ورۆز داناوە
ده‌ربه‌ندیخان له‌ یاریگە جوان و قه‌شه‌نگه‌كه‌ی خۆی میوانداری نه‌ورۆزی ركابه‌ر له‌سه‌ر نازناوه‌كه‌ ده‌كات، شین پۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند شێری ماڵه‌وه‌ و رێوی ده‌ره‌وه‌ن له‌ یاریگەی خۆیان وه‌ك پۆڵا به‌ڕووی تیپه‌كه‌اندا ده‌وه‌ستن، ده‌ربه‌ندییه‌كان مانه‌ویان مسۆگه‌ر نه‌كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێت ئه‌م یارییه‌ له‌یاریگای خۆیان بدۆڕێنن، چونكه‌ ده‌یانه‌وێت ریكۆردێكی تازه‌ له‌ خوله‌كه‌ بۆخۆیان تۆمار بكه‌ن و هیچ یارییه‌ك له‌ یاریگای خۆی نه‌دۆڕێنن، به‌ڵام ئه‌ركیان ئاسان نییه‌، چونكه‌ رووبه‌رووی هێڵێكی به‌هێزی هێرشبردن ده‌بنه‌وه‌ له‌ لایه‌ن نه‌ورۆزییه‌كان، كێشه‌ی ده‌ربه‌ند له‌م چه‌ند یارییه‌ی دوای پێكانی شوانه‌كه‌مالی ناوه‌ڕاستكاری بوو، كه‌ به‌ ئاسانی بۆیان قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌، ده‌ربه‌ندیخان 31 خاڵی هه‌یه‌ و پله‌ی هه‌شته‌م به‌شیه‌تی.
نه‌ورۆز له‌ یاریگەیه‌كی زه‌حمه‌ت یاریی ده‌كات، دوو ئامانجی هه‌یه‌ و بردنه‌وه‌ی خۆی و شكستی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ری كۆتایی ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕواننه‌كرا و رووبدات و ببێته‌ پاڵه‌وان، به‌ڵام له‌ نێو جه‌ماوه‌ره‌ پڕ جۆش و خرۆشه‌كه‌ی ده‌ربه‌ند ئه‌سته‌مه‌ بردنه‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنیت، به‌ڵام پرسیار عه‌بدولره‌زاق ده‌یه‌وێت هێز و توانای تیپه‌كه‌ی بسه‌لمێنێت و به‌هه‌موو تیپه‌كان بڵێت ئه‌وه‌ی ئێوه‌ پێتان نه‌كرا من كردم، كێشه‌ی سه‌ره‌كی نه‌ورۆو یاریی نه‌كردنی ئاراس كه‌لارییه‌ به‌هۆی كارتی سوور و عومه‌ر بیبۆیه‌ به‌هۆی كارتی زه‌رده‌وه‌، به‌ڵام بوونی هێرشبه‌رێكی وه‌ك دیار عه‌لی كاره‌ زه‌حمه‌ته‌كانت بۆئاسان ده‌كات، كه‌ خاوه‌نی 19 گۆڵه‌ له‌ خوله‌كه‌، نه‌ورۆز 44 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی دووه‌م گیرساوه‌ته‌وه‌.

هه‌ولێر گرینگترین یاریی ئه‌م وه‌رزه‌ی ده‌كات
هه‌ولێر له‌ یاریگای خۆی میوانداری ئاراراتی هاوشاری ده‌كات، ئه‌مه‌ به‌ دێربی پایه‌ته‌خت ناوزه‌ند ده‌كرێت، زه‌ردپۆشه‌كانی قه‌ڵا ته‌نها بردنه‌وه‌ له‌به‌رده‌میانه‌ ده‌نا ره‌نگه‌ له‌ كۆتاییدا كار له‌كار بترازیت و بۆ یه‌كه‌مجار بۆ ریزی پله‌ یه‌كه‌كان دابه‌زن و كێشه‌كانی هه‌ولێر قووڵتر بكه‌نه‌وه‌، هه‌رچه‌ند له‌گه‌ڵ راهێنه‌ری نوێ حه‌وت خاڵیان به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام هێشتان مانه‌وه‌ی خۆیان مسۆگه‌ر نه‌كردووه‌، هه‌رگیز هه‌ولێر بارودۆخی وه‌ك ئه‌مساڵ نه‌بووه‌، له‌ بری جه‌نگان له‌سه‌ر نازناو كه‌چی شه‌ری مانه‌وه‌ ده‌كات، هه‌ولێر 27 خاڵی له‌ هه‌گبه‌ دایه‌ و خانه‌ی دوازده‌یه‌می گرتووه‌.
ئارارات، جیاوازترین وه‌رزی خۆی به‌ڕێده‌كات، باشترین ئاستی نیشانداوه‌، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی پاڵپشتی مادی و یاریزانی یه‌ده‌گ نه‌یتوانی تا كۆتایی ركابه‌ری بكات، جگه‌ له‌وه‌ش پێكان به‌رۆكی ئه‌م تیپه‌ی گرتووه‌ و به‌ری نادات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌نه‌وه‌ر محه‌مه‌دی راهێنه‌ر شێوازی یاریی كردنی ئارارات ته‌واو گۆڕانكاری به‌سه‌ر داهاتووه‌، تیپكه‌ی پیرمام به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 38 خاڵ له‌ پله‌ی سێیه‌م ده‌بینرێت.

دهۆك و گازی باكوور به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
دهۆك له‌ یاریگای خۆی میوانداری گازی باكوور ده‌كات، زه‌ر‌دپۆشه‌كانی دهۆك ئه‌م یارییه‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانن تا تۆڵه‌ی شكسته گه‌وره‌كه‌ی قۆناخی یه‌كه‌م له‌ گاز بكه‌نه‌وه‌ كاتێك به‌ پێنج گۆڵ یارییه‌كه‌یان دۆڕاند، كه‌ تا ئه‌و كات دهۆك هیچ یارییه‌كی نه‌دۆڕانبوو، به‌ڵام گاز به‌م ده‌رده‌ی برد و دهۆكی فێری دۆڕان كرد، بۆیه‌ هه‌رمان سالح هه‌وڵده‌دات تۆڵه‌ی ئه‌م شكسته‌ بكاته‌وه‌ و به‌ یه‌كجاری گازی باكوور له‌ لێواری دابه‌زین نزیك بكاته‌وه‌، دهۆك 33 خاڵی هه‌یه‌ وخانه‌ی پێنجم به‌شیه‌تی.
گازی باكوور له‌ ناوچه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌یه‌، بۆیه‌ جگه‌ له‌ بردنه‌وه‌ هیچ چاره‌یه‌كی دیكه‌ی نییه‌، تا به‌ ئامانجی بگه‌ینێت، كه‌ خۆی له‌ مانه‌وه‌ له‌ ریزی نایابه‌كاندا ده‌مینێته‌وه‌، به‌ڵام كێشه‌ی نوێنه‌ره‌كه‌ی كه‌ركوك دووریه‌تی له‌ بردنه‌وه‌ی یارییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی، كه‌ تا ئیستا له‌ ده‌ره‌وه‌ هیچ یارییه‌كه‌ی نه‌بردۆته‌وه‌، بۆیه‌ عماد قادری راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ نێو دهۆك ئه‌و ریكۆرده‌ ره‌شه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی گاز بشكێنێت و له‌ ئیسته‌وه‌ش ماڵئاوای له‌ خوله‌كه‌ نه‌كات، گازی باكوور 26 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێزده‌یه‌م دێت.

برایه‌تی، میوانداریی تیپێك ده‌كات كە جێهێشتنی خولی نایابی مسۆگەر كردووە
برایه‌تی له‌ یاریگەی خۆی میوانداری ئاكرێ ده‌كات، گه‌ڕی رابردووش سه‌ركه‌وتنه‌كانی فاتیح حه‌مه‌خان له‌سه‌ر ده‌ستی زاخۆیه‌كان وه‌ستێنرا، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ ئاكرێ خۆیان راستبكه‌نه‌وه‌ و مانه‌وه‌شیان به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ نایاب مسۆگه‌ر بكه‌ن، سه‌وزپۆشه‌كانی پایته‌خت هیچ كیشه‌یه‌كیان بۆ ئه‌م یارییه‌ نییه‌ و به‌ته‌واوی ساز و ئاماده‌ن، به‌ڵام سروشتی برایه‌تی له‌م وه‌رزه‌دا له‌گه‌ڵ تیپه‌ لاوازه‌كان باش ده‌رناكه‌وێت، له‌ قۆناخی یه‌كه‌میش به‌ گۆڵێكی بێوه‌ڵام به‌ ئاكرێ دۆڕا، كه‌ خراپترین تیپی ئه‌م وه‌رزه‌ی نایاب بوو، بۆیه‌ ده‌بێت به‌ وریایه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م یارییه‌ بكه‌ن، برایه‌تی 27 خاڵی هه‌یه‌ و خانه‌ی یازده‌یه‌می گرتووه‌، هێشتان له‌ ناوچه‌ی سوور ده‌بینرێت.
 ئاكرێ هه‌گبه‌یه‌كی به‌تاڵی هه‌یه‌ و مێژوویەكی خراپی له‌ یه‌كه‌م وه‌رزی خولی نایاب تۆمار كرد، به‌ڵام ده‌یه‌وێت گورزێك له‌ برایه‌تی بدات و له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ ریزی پله‌ یه‌كه‌كان رایماڵێت، به‌شێك له‌ یاریزانه‌كانیش هه‌وڵده‌ده‌ن ئاستێكی باش نیشان بده‌ن و بۆ وه‌رزی داهاتوو رووبه‌كه‌نه‌وه‌ یانه‌ی دیكه‌ و له‌ نایاب یاریی بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ به‌ دڵی برایه‌تی نه‌بێت، ئاكرێ 14 خاڵی هه‌یه‌ و خانه‌ی چوارده‌یه‌م وكۆتایی به‌شیه‌تی و به‌فه‌رمیش ماڵئاوای كردووه‌.

شێروانه‌ و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
له‌ كه‌لار شێروانه‌ میوانداری پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌كات، شێروانه‌ ده‌یه‌وێت له‌ دواین یاریی نێو یاریگای خۆی و هانده‌رانی به‌ ئه‌نجامێكی باش له‌م وه‌رزه‌یدا ماڵئاوای له‌ جه‌ماوه‌ره‌ قه‌شه‌نگه‌كه‌ی بكات، مانه‌وه‌ی خۆشی له‌ خوله‌كه‌ له‌ یاریگای خۆی رابگه‌ینێت، بۆیه‌ وه‌لید محه‌مه‌د هه‌وڵی بردنه‌وه‌ ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی گیانی بردنه‌ و باوه‌ڕبه‌خۆبوون له‌ لایه‌ن یاریزانه‌كان بهێڵێته‌وه‌، تا له‌ داهاتوودا كاری له‌سه‌ر بكات و ئه‌نجامه‌كانی وه‌رزی داهاتووی باشتربێت، شێروانه‌ خاوه‌نی 32 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی شه‌شه‌م دێت، تا ئیستاش به‌ فه‌رمی مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ر نه‌كردووه.

زێره‌ڤانی و زاخۆ له‌ دێربی بادینان به‌یه‌كده‌گه‌ن
زێره‌ڤانی له‌ یاریگای خۆی میوانداری زاخۆ ده‌كات، تیپه‌كه‌ی سلێمان ره‌مه‌زان هه‌رگیز به‌و شێوه‌ خراپه‌ ده‌رنه‌كه‌وتووه‌، یاریی به‌ دوای یاریی ئاستیان خراپتر ده‌بێت، له‌ كاتێكدا ئه‌وان خاوه‌نی زۆرترین ناسناوی خولی نایابن، به‌ڵام ئاست و ئه‌نجامی ئه‌وان هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ناوده‌نگی زێره‌ڤانییه‌كانی بادینان ناگونجێت، ده‌مێكیشه‌ له‌ بردنه‌وه‌ دوورن، بۆیه‌ ده‌یانه‌ویت هه‌رچۆنێكبێت بۆ رازیكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان له‌ زاخۆ ببنه‌وه‌، زێره‌ڤانی خاوه‌نی 31 خاله‌ و خانه‌ی حه‌وته‌می گرتووه‌، مه‌ترسی دابه‌زینیشی لێده‌كرێت، بۆیه‌ به‌هر نرخیك بێت ده‌یه‌وێت له‌ زاخۆ بباته‌وه‌
زاخۆ هاوشێوه‌ی یانه‌كانی گازی باكوور و ده‌ربه‌ندیخان و ئاكرێ كێشه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی هه‌یه‌ و ناتوانێت بیباته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م یارییه‌ تووشی زه‌حمه‌تی زۆر ده‌بێت به‌تایبه‌ت‌ به‌رامبه‌ر تیپێك یاریی ده‌كات، هیچ كاتێك ئامانی نییه‌ و هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌ و ئه‌نجامێكی گه‌وره‌ تۆمار ده‌كات، زاخۆ و به‌لایه‌نی كه‌م به خاڵیك رازیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ری مانه‌وه‌ گه‌ری داهاتوو له‌ یاریگەی خۆی بكات، خاوه‌نی 29 خاڵن و له‌ پله‌ی ده‌یه‌م دێن.‌‌

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler