تەمموز 19, 2019

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و ئارارات یاریی ناسناو ده‌كه‌ن، نه‌ورۆزیش ده‌یه‌وێت ئاگر له‌ گازی باكوور به‌ربدات

ئه‌مڕۆ سیشه‌مه‌ گه‌ری 23ـی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كاتژمێر (3)ـی ئێواره‌ ده‌بێت، له‌ دێربی پیرمام و یاریی لوتكه‌ی ئه‌م گه‌ڕه‌ پیشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگای خۆی میوانداری ئاراراتی دراوسێی ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ زیاتر له‌ یارییه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ بردنه‌وه‌ له‌م یارییه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ ناسناوه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، یاخود ئارارات قسه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌بێت و هیوا بۆ خۆی و نه‌ورۆز ده‌گه‌ڕینیته‌وه‌، نه‌ورۆز گازی باكوور وه‌ك نێچیرێكی ئاسان ده‌بینێت، هیوایه‌كیشی به‌ یارییه‌كه‌ی پیرمام هه‌یه‌.

 هه‌ولێریش له‌ یاریگای دووه‌ی فڕه‌نسۆ هه‌ریری میوانداری زاخۆ ده‌كات، به‌دوای یه‌كه‌م بردنه‌وه‌یه‌ له‌ قۆناخی دووه‌می خوله‌كه‌دا وێڵه‌، هانده‌ره‌ جوانه‌كانی ده‌ر‌به‌ندیخانیش چاوه‌ڕێی هه‌ندرێن ده‌كه‌ن تا دۆزه‌خه‌كه‌ی خۆیانی نیشان بده‌ن، شێروانه‌ی كه‌لارییه‌كانیشی بۆ چاره‌سه‌ری برینه‌كانی گه‌ری رابردووی به‌هۆی ئاكرێوه‌ ساڕێژ بكات، دهۆكیش ده‌خوازێت سنوورێك بۆ سه‌ركه‌تنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی دابنێت، كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی یاسین مه‌ناف به‌ده‌ستیهێناوه‌، زێره‌ڤانیشی بۆ ناو شكۆی خۆی بۆ برایه‌تی ساز و ئاماده‌یه‌، رۆژنامی هه‌ولێر هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك شه‌ن و كه‌وی سه‌رجه‌م یارییه‌كان ده‌كات.

یاریی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ له‌ پیرمام ده‌بێت
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگای خۆی له‌ پیرمام میوانداری دراوسێ نزیكه‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ بۆ تیپه‌كه‌ی سه‌میر بابۆ وه‌ك یاریی كۆتایی وایه‌، چونكه‌ به‌ بردنه‌وه‌ی له‌و ئارارات ده‌توانین بڵێین رووخساری پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ده‌رده‌كه‌وێت، له‌ لایه‌كیتریش یه‌كێك له‌ نزیكترین ركابه‌ره‌كانی خۆی دوور ده‌خاته‌وه‌، بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌رفه‌تێكی باشی بۆ ره‌خساوه‌ تا له‌ یاریگای خۆی هه‌موو شتێك یه‌كلا بكاته‌وه‌، كوڕانی سه‌میر بابۆ 41 خاڵیان هه‌یه‌ و پله‌ی یه‌كه‌میان گرتووه‌.
ئارارات له‌ قۆناخی دووه‌م بارودۆخی باش نییه‌، هه‌رچه‌ند به‌رده‌وامه‌ له‌ راوه‌ دوونانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، به‌ڵام گه‌وره‌ترین كیشه‌ی ئه‌و تیپه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌تی له‌ بردنه‌وه‌ و ئه‌وه‌ 4 یارییه‌ یه‌كسان ده‌بێت، ناتوانێن بیباته‌وه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت ئه‌م یارییه‌ بباته‌وه‌ و هیوای بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار ببێته‌ پاڵه‌وانی نایاب، كوڕانی ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د 37 خاڵیان هه‌یه‌ و خانه‌ی سێیه‌مان گرتووه‌.

نه‌ورۆز گازی باكوور به‌نێچیرێكی ئاسان ده‌بینێت
نه‌ورۆز له‌ سلێمانی میوانداریی نوێنه‌ره‌ تاقانه‌كه‌ی شاری كه‌ركووك ده‌كات، نه‌ورۆز به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ گه‌ڕی رابردوو یه‌كسانبوونی نه‌یاره‌كانی هیوای بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ی بۆ گه‌ڕایه‌وه‌، بۆیه‌ نایه‌وێت ئه‌مجاره‌ به‌ئاسانی هیواكه‌ی له‌ده‌ستبدات، پرسیار عه‌بدولره‌زاق له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ كه‌تیبه‌یه‌كی تۆقێنه‌ری هه‌یه، ئه‌وه‌تا به‌ تۆمار كردنی 37 گۆڵ له‌ پێشه‌وه‌ی تیپه‌كانه‌وه‌یه‌، ته‌نانه‌ت دیار عه‌لی هێرشبه‌ریشی به‌ 18 گۆڵ گۆڵكاری خوله‌كه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و تیپه‌ گۆڵ خواردنییه‌تی، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ی له‌ پله‌ی دووه‌م دیت له‌ گۆڵ خواردنه‌وه‌ به‌ 25 گۆڵ، كه‌واته كێشه‌كه‌ له‌ هێڵی به‌رگری و گۆڵپارێزه‌كی دایه‌، كه‌ناتوانن بۆ زۆرترین كات تۆڕه‌كه‌یان پاك رابگرن، 37 خاڵیان هه‌یه‌ و پله‌ی دووه‌م به‌شیانه‌.
گازی باكوور بۆ مانه‌وه‌ی جگه‌ له‌ بردنه‌وه‌ هیچ رێگایه‌كی دیكه‌ی له‌به‌رده‌م دانییه‌، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت له‌ ئێستاوه‌ هه‌گبه‌ی خۆی بپێچێته‌وه‌ و ماڵئاوایی له‌ وه‌رزی داهاتووی خولی نایاب بكات، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و راستییه‌ بزانین توانای گازی باكوور سنوورداره‌ و بردنه‌وه‌ی ئه‌سته‌مه‌ له‌ تیپه‌كان، باشترین ئه‌نجام، كه‌ به‌ده‌ستیدێنن و دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌ یه‌كسانبوونه‌، ئه‌وه‌تا 13 یه‌كسانبوونیان هه‌یه‌، كه‌ هیچ تیپێك ئه‌و ژماره‌ یه‌كسانه‌ی نییه‌، گاز به‌ 22 خاڵ پله‌ی دوازده‌یه‌می گرتووه‌.

هه‌ولێر ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ زاخۆ له‌ ناوچه‌ی سوور نه‌مێنێت
هه‌ولێر له‌ یاریگای دووه‌می فڕه‌نسۆ هه‌ریری میوانداری زاخۆ ده‌كات، ده‌یه‌وێت كلیلی كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌كانی مانه‌وه‌ی له‌ ریزی نایابه‌كان به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ زاخۆ بدۆزێته‌وه‌، تا راده‌یه‌كیش له‌ ناوچه‌ی سوور و دابه‌زین دووربكه‌وێته‌وه‌، یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ش له‌ قۆناخی دووه‌م به‌ده‌ستدێنێت، به‌ڵام زاخۆ تیپێكی وشكه‌ و به‌ به‌رگرییه‌كی تووند یاریی ده‌كه‌ن، كێشه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر له‌م یارییه‌ راگیرانی یاریزانه‌كانییه‌تی به‌هۆی كارته‌ ره‌نگا و ره‌نگه‌كان، كه‌ 4 یاریزانی یاریی ناكه‌ن، زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر 21 خاڵیان له‌هه‌گبه‌دایه‌ و له‌ خانی سێزده‌یه‌م دێن.
زاخۆ، ئه‌نجام و ئاستی له‌گه‌ڵ قۆناخی یه‌كه‌م زۆر گۆڕاوه‌ و تیپه‌كه‌ باش ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ رێژه‌یه‌كی زۆریش مانه‌وه‌یان مسۆگه‌ر كردووه‌، به‌ڵام زاخۆیه‌كان به‌رده‌وام له‌ وشكی یاریی ده‌كه‌ن، به‌دوای هێرشی پێچه‌وانه‌ و تۆپی جێگیر ده‌گه‌ڕێن تا گۆڵ تۆمار بكه‌ن، زاخۆ 26 خاڵی هه‌یه‌ و پله‌ی نۆیه‌م به‌شیه‌تی.

دۆزه‌خه‌كه‌ی ده‌ربه‌ندیخان بۆ هه‌ندرێن ئاماده‌یه‌
ده‌ربه‌ندیخان له‌ یاریگا قه‌شه‌نگ و پر له‌ كوڕو كچه‌ جوانه‌كانی ئه‌مشاره‌ بۆ ئه‌م گه‌ڕه‌ میوانداری هه‌ندرێنی نوێنه‌ری هه‌ولێرییه‌كان ده‌كات، شینپۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند ئه‌م وه‌رزه‌ تاموچێژیكی دیكه‌یان به‌ خولی نایاب به‌خشیوه‌، تایبه‌تمه‌ندی ئه‌وان یاریگا كه‌یانه‌، كه‌ نه‌ تێیدا دۆڕاون نه‌ به‌ چۆڵیش ده‌یبینین، ده‌ربه‌ندییكان ده‌یانه‌وێت برینی دۆڕانه‌كه‌ی گه‌ڕی رابردوویان به‌ هه‌ندرێن سارێژ بكه‌ن، ئه‌وان خاوه‌نی 30 خاڵن و له‌ خانه‌ی نۆیه‌می خوله‌كه‌ دێن.
هه‌ندرێن، ئه‌نجامی قۆناخی دووه‌می وه‌ك پێویست نییه‌، دوو یاریی رابردووشی دۆڕاندووه‌، مانه‌وه‌شی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره‌، دڵشاد مه‌عرهوفی راهێنه‌ر ده‌یه‌وێت هه‌موو لایه‌ك شۆك بكات و سێ خاڵی مێژووی له‌ قوڕگی شێر وه‌ربگرێت و مانه‌وه‌ی خۆی و یانه‌كه‌ی بۆ وه‌رزی داهاتوو مسۆگه‌ر بكات، به‌ڵام ده‌شزانێ ئه‌مه‌ كارێكی ئاسان نییه‌، هه‌ندرێن 25 خالی هه‌یه‌ و پله‌ی ده‌یه‌م به‌شییه‌تی.

زێره‌ڤانی بۆ برایه‌تی ساز و ئاماده‌یه‌
زێره‌ڤانی پاڵه‌وانی وه‌رزی رابردوو نه‌یتوانی پارێزگاری له‌ ناسناوه‌كه‌ی بكات، به‌ڵام ده‌یه‌وێت له‌مه‌و دوا بۆ شكۆ و ناوی خۆی چۆك به‌ركابه‌ركانی دابدات، ئه‌مجاره‌ش له‌ یاریگای خۆی میوانداری سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر ده‌كات، كه‌ ئه‌وان شه‌ڕی مانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌م یارییه‌ سلێمان ره‌مه‌زان خالید موشیری كاپتنیشی بۆ ده‌گه‌رێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی كارتی زه‌رد دابڕابوو، زێره‌ڤانییه‌كانی بادینان 31 خاڵیان له‌ هه‌گبه‌ دایه‌ و پله‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌یان داگیر كردووه‌.
برایه‌تی بۆ مانه‌وه‌ی جه‌نگی مان و نه‌مان ده‌كات، هه‌موو یارییه‌ك وه‌ك یاریی كۆتایی ته‌ماشاده‌كات، فاتیح حه‌مه‌خان، توانی تیپه‌كه‌ی له‌ ناوچه‌ی مه‌ترسیدار رزگار بكات، به‌ڵام تا ئێستا مانه‌وه‌ی مسۆگه‌رنه‌كردووه‌، سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر هه‌وڵده‌ده‌ن زێره‌ڤانی شۆك بكه‌ن و له‌وێ ته‌پڵی مانه‌وه‌ له‌ خوله‌كه‌ لێبده‌ن، به‌ڵام كاریان ئاسان نییه‌ و ركابه‌ره‌كانیشی هه‌وڵی مانه‌وه‌ ده‌ده‌ن، برایه‌تی خاوه‌نی 24 خاڵه‌ و پله‌ی یازده‌یه‌می دگیر كردووه‌.

شێروانه‌ و ئاكرێ له‌ گه‌رمیان رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه
شێرونه‌ له‌ یاریگای خۆی له‌ گه‌رمیان میوانداری ئاكرێی بێهیوا ده‌كات، شێروانه‌ مانه‌وه‌ی خۆی له‌ خوله‌كه‌ مسۆگه‌ر كردووه‌، به‌ڵام هه‌وڵده‌دات له‌ نێو جه‌ماوه‌ری خۆی روێكی جوانی تیپه‌كه‌ی نیشان بدات، وه‌لید محه‌مه‌د له‌گه‌ل وه‌رگرتنی شێروانه‌ تیپه‌كه‌ به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی باش هه‌نگاو ده‌نێت، ئێستاش به‌ ته‌واوی پێكهاته‌كه‌ی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌یه‌، تیپی خانه‌خوێ خاوه‌نی 28 خاڵه‌ و له‌ پله‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندیه‌كه‌ دێت.
ئاكرێ، ئه‌و تیپه‌ی هه‌گبه‌ی خۆی پێچاوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌رزی داهاتوو له‌ ریزی نایابه‌كان یاریی نه‌كات، به‌ڵام هه‌وڵده‌دات له‌ یارییه‌كان ئاستێكی باش پیشكه‌ش بكات، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای خوله‌كه‌وه‌ به‌دوای ئه‌و ئا‌سته‌وه‌ وێڵه‌، تیپه‌ لاوازه‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری بادینان، تا ئێستا 38 گۆڵی خوادوه‌، ته‌نها 14 خالیان هه‌یه‌ و پله‌ی چوارده‌یه‌م و كۆتایی به‌شییه‌تی.

دهۆك ده‌یه‌وێت سنوورێك بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی دابنێت
دهۆك له‌ یاریگای خۆی میوانداریی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌كات، بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌یه‌ و هیچ گرفتێك له‌ پێكهاته‌كه‌ی دانییه‌، هه‌رمان ساڵحی راهێنه‌ریش ده‌یه‌وێت باشترین ئاست له‌ یاریگای خۆی نیشان بدات، زه‌ردپۆشه‌كانی دهۆك مانه‌وه‌یان مسۆگه‌ر كردووه‌، ئێستا له‌ پێناو ناو شكۆی خۆی یاریی ده‌كات، دهۆك 33 خاڵی هه‌یه‌ و خانه‌ی پێنجه‌می داگیر كردووه‌.
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌گه‌ڵ یاسن مه‌ناف زۆر جیاواز ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌نجامی زۆر باشه‌ و ئاستی به‌ره‌و هه‌ڵكشانه‌، له‌ كۆی پێنچ یاریی چوار یاریی بردۆته‌وه و یه‌كسانبوونێكی هه‌یه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش ده‌یه‌وێت به‌رده‌وامی به‌ بردنه‌وه‌كانی خۆی بدات، زیاتر له‌ ریزه‌كانی پێشه‌وه‌ نزیكبێته‌وه‌، تیپه‌كه‌ی سلێمانی 33 خاڵی هه‌یه‌ و پله‌ی چواره‌می گرتووه‌.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler