حوزەیران 18, 2019

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژووی خولی نایابی كوردستان ئه‌م سزایانه‌ كاری پێبكرێت

دوای وه‌ستانی خولی نایابی كوردستان به‌هۆی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ی یاریگه‌كانی كوردستان، فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان سه‌رله‌نوێ بڕیاریدا خوله‌كه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و زنجیره‌یه‌ك سزای توندیشی راگه‌یاند بۆ هه‌ر یانه‌یه‌ك كه‌ سه‌رپێچی بكات.

سه‌فین كانه‌بی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند خوله‌كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، كانه‌بی ده‌شڵێت: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ لێژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كانی دوای یارییه‌كه‌ی نێوان پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و ده‌ربه‌ندیخان ده‌ست به‌لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كات.

بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژووی خوله‌كه‌ سزایه‌كان به‌مجۆره‌ توند بكرێت
سه‌فین كانه‌بی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد له‌ پێناو مسۆگه‌ركردنی سه‌لامه‌تی یاریزانان به‌ڵێننامه‌یان له‌ نوێنه‌ری سه‌رجه‌م یانه‌ به‌شداربووه‌كانی خولی نایابی كوردستان وه‌رگرتووه‌ كه‌ پابه‌ندی یاسایه‌كان بن و ملكه‌چی ئه‌و سزایانه‌ش بن كه‌ به‌سه‌ریان دا ده‌سه‌پێت.
كانه‌بی ده‌شڵێـت: پێشتر یاریزانێك ئه‌گه‌ر كارتی سووری وه‌رگرتبا بۆ یه‌ك یاری سڕ ده‌كرا و 150 هه‌زاری وه‌ك پێبژاردن ده‌دا، به‌ڵام ئێستا سزایه‌كه‌ توندتر كراوه‌ و هه‌ر یاریزانێك كارتی سوور وه‌ربگرێت ده‌بێت 500 هه‌زار وه‌ك پێبژاردن بدات، سه‌رپه‌رشتیاری تیپه‌كان له‌ هه‌ر یارییه‌ك ده‌ربكرێت ده‌بێت 2 ملیۆن دینار وه‌ك پێبژاردن بدات.
كانه‌بی گوتیشی: جیا له‌وه‌ش هانده‌رانی هه‌ر یانه‌یه‌ك گرفت بۆ خوله‌كه‌ دروست بكه‌ن و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ به‌رپا بكه‌ن ده‌بێت یانه‌كه‌ له‌ 2 ملیۆن تا 10 ملیۆن دینار وه‌ك پێبژاردن بده‌ن، ئه‌گه‌ر هانده‌ران به‌رده‌وامیان به‌ شه‌ڕانگێزی و ئاژاوه‌دا یانه‌كه‌یان له‌ خوله‌كه‌ دوورده‌خرێته‌وه‌.

دیارترین شه‌ڕ و ئاژاوه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌
پێشتر له‌ دێربی پیرمام، یاریزانانی ئارارات و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر په‌لاماری یه‌كتریان داوه‌ و شه‌ڕ و ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ دروست بوو، جیا له‌وه‌ش له‌ یاری نێوان دهۆك و زاخۆ توندوتیژییه‌كی گه‌وره‌ له‌ یاریگه‌ روویداوه‌ و به‌شێك له‌ كورسییه‌كانی یاریگه‌ی دهۆك شكێندرا و ئاگر له‌ به‌شێكی یاریگه‌ به‌ردرا، به‌مه‌ش فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان یاری نێوان زاخۆ و دهۆكی بۆ سه‌ر یاریگه‌ی شه‌قڵاوه‌ به‌بێ هانده‌ر گواسته‌وه‌.
جیا له‌وه‌ش له‌ یاری نێوان هه‌ندرێن و برایه‌تیش په‌لاماری ناوبژیوان درا و به‌هۆیه‌وه‌ یانه‌ی برایه‌تی سزایه‌كی توندی به‌سه‌ردا سه‌پا و 3 یاری له‌ خولی نایابی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی گواسترایه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌ یاری نێوان دهۆك و ئاكرێ شه‌ڕ كه‌وته‌ نێوان پۆلیس و هانده‌ران و یاریزانانی ئاكرێ، ئه‌مه‌ش فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانی ناچار كرد خوله‌كه‌ بوه‌ستێنێت تا گره‌نتی سه‌لامه‌تی یاریزانان له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی یانه‌كان مسۆگه‌ر نه‌كات.
 له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان به‌ڵیننامه‌ی له‌ سه‌ر جه‌م یانه‌كان وه‌رگرتووه‌، كه‌ كۆنتڕۆڵی یاریگاكان بكه‌ن، ئه‌گینا ده‌بێت چاوه‌ڕێی سزای تووند بكه‌ن، له‌ لایه‌ن فیدڕاسیۆنه‌وه‌، ئه‌مه‌ چه‌ندین جاره‌ به‌هۆی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ كێشه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی خولی نایابی كوردستان دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئیستا شه‌ڕ بۆته‌ دیارده‌یه‌كی باو له‌ یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان، دوای هه‌ر یارییه‌ك به‌شێك له‌ هانده‌ران چاوه‌ڕێی شه‌ڕه‌كه‌ش ده‌كه‌ن.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه‌
سه‌رجه‌م یارییه‌كانی گه‌ڕی 23 رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌ستپێده‌كات، زێره‌ڤانی له‌ یاریگای خۆی میواندایری برایه‌تی ده‌كات، نه‌ورۆز و گازی باكوور له‌ سلێمانی رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌، هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی زاخۆ ده‌كات، هه‌ندرێن له‌ یاریگا زه‌حمه‌ته‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، شێروانه‌ بۆ ئاكرێ ساز و ئاماده‌یه‌، دهۆك یاریی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی سلێملنی ده‌كات، یاریی لوتكه‌ی ئه‌م گه‌ڕه‌ش له‌ پیرمام ده‌بێت له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر و ئاراراتی دراوسێی، كه‌ ره‌نگه‌ چاره‌نووسی خوله‌كه‌ له‌و یارییه‌ یه‌كلا بێته‌وه‌.
 ریزبه‌ندی خولی نایابی كوردستان به‌مشێوه‌یه‌.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 41 خاڵ
نه‌ورۆز 37 خاڵ
ئارارات 37 خاڵ
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی 33 خاڵ
دهۆك 33 خاڵ
زێره‌ڤانی 31 خال
ده‌ربه‌ندیخان 30 خاڵ
شێروانه‌ 28 خاڵ
زاخۆ 26 خاڵ
هه‌ندرێن 25 خاڵ
برایه‌تی 24 خاڵ
گازی باكوور 22 خاڵ
هه‌ولێر 21 خاڵ
ئاكرێ 14 خا

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler