نیسان 23, 2019

یاریزانه‌كانی پێشووی هه‌ولێر كێشه ‌و گرفته‌كانی ئێستای یانه‌ی هه‌ولێر‌ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن

یانه‌ی هه‌ولێری له‌ ده‌ستپێكی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراقی ئاستی هه‌ڵكشان و داكشان به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، ناتوانێێت به‌باشی ده‌ربكه‌وێت، ته‌نانه‌ت دوای گۆڕینی ستافی راهێنه‌رانی تیپه‌كه‌ش، كه‌ دوورخستنه‌وه‌ی عیماد عۆده‌ و هێنانه‌وه‌ی نازم شاكر بوو، گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ به‌سه‌ر شێواز و چۆنییه‌تی یاریی كردنی تیپه‌كه‌دا نه‌هات، هانده‌رانیش له‌ گه‌ڕی 20ـه‌می خوله‌كه‌ له‌ نێو یاریگای خۆیان به‌ دڵشكاویه‌وه‌ یاریگه‌ی فره‌نسۆ هه‌ریریان جێهێشت، چونكه‌ له‌ نێو یاریگای خۆیان به‌ یانه‌ی‌ نه‌فت دۆڕان، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا بوو نه‌فت حه‌وت یاریی بوو‌ له‌ خولی نایابی عێراقی نه‌یبردۆته‌وه‌، كه‌چی باری لاسه‌نگی خۆی به ‌هه‌ولێر راستكرده‌وه‌.

رۆژنامه‌ی هه‌ولێر له‌ راپۆرتێكدا به‌دوادچوون بۆ دۆخی ناجێگیری یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، له‌م پێناوه‌شدا چه‌ند یاریزانێكی پێشووی هه‌ولێر بۆچوونی خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕوو، راشكاوانه‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر برینه‌كانی زه‌ر‌دپۆشه‌كانی پایه‌ته‌خت دادنێن، له‌ ئێستادا هه‌ولێر له‌ دوای ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ 26 خاڵ له‌ پله‌ی هه‌شته‌م ده‌بینرێن و یاریی داهاتووشی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان به‌رامبه‌ر یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ی به‌غدا ده‌بێت.

"هه‌ولێر نه‌ك توانای بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كانی نه‌ماوه‌"
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆچوونی سه‌میر بابۆ راهێنه‌ری ئێستای پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، كه پێشتر‌ نزیكه‌ی 22 ساڵ وه‌ك یاریزان و راهێنه‌ر خزمه‌تی یانه‌ی هه‌ولێری پایته‌ختی كردووه‌، بابۆ به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند كه‌ یانه‌ی هه‌ولێر توانای بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كانی نه‌ماوه‌، ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر ته‌ماشای كوالیتی یاریزانه‌كان و توانای دارای تیپه‌كه‌ بكه‌ین، به‌رامبه‌ر به‌و ئامانجه‌ی كارگێری یانه‌كه‌ دیارییان كردووه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌ مانه‌وه‌ له‌ خولی نایابی عێراق ئه‌وا تا ئێستا ‌ئامانجه‌كه‌یان پێكاوه‌، به‌ڵام هانده‌رانی یانه‌ی هه‌ولێر ڕانه‌هاتوون كه‌ یانه‌كه‌یان ركابه‌ری بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كانی پێ نه‌كرێت، به‌وپێیه‌ی له‌ ساڵانی پێشوو هه‌ولێر ژماره‌یه‌كی قورس بوو له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ئاسیا، به‌ڵام له‌ ئێستادا هه‌ولێر نه‌ك توانای بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كانی نه‌ماوه‌، به‌ڵكو ناتوانێت له‌ نازناوه‌كانیش نزیك ببێته‌وه‌.

سه‌میر بابۆ: هه‌ولێر ده‌رفه‌ته‌كانی خۆی له‌ده‌ستدا
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ بۆچی یانه‌ی هه‌ولێر ناتوانێت له‌ پله‌كانی پێشه‌وه‌ی ریزبه‌ندی نزیك بێته‌وه‌، سه‌میر بابۆ ده‌ڵێـ: راسته‌ هه‌ولێر ته‌نها ئامانجی له‌ خوله‌كه‌دا مانه‌وه‌بووه، به‌ڵام هه‌ندێ جار له‌ نێو خول بارودۆخێكی باشت بۆ ده‌ڕه‌خسێت تا بگه‌یته‌ ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ خولی نایابی عێراقی دا هه‌یه‌، ته‌نها چه‌ند تیپێك توانای دارای یاریزانانیان له‌ هه‌ولێر باشتره‌، له‌ ریزه‌كانی پێشه‌وه‌ن، بۆیه‌ ده‌كرا هه‌ولێر چه‌ند یارییه‌ك، كه‌ وه‌ك ده‌رفه‌تێكی ئاسان ده‌بینرا بیقۆزنه‌وه‌ و خۆیان بگه‌ینه‌ ریزبه‌ندییه‌كانی پێشه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ ده‌ستیاندا، ئه‌گه‌رنا خوله‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئه‌سته‌م نییه‌، نه‌توانی بۆ ریزه‌كانی پێشه‌وه‌ هه‌ڵبكشێی، كه‌من پێموایه‌ هه‌ولێر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ ره‌خسا، به‌ڵام به‌ هه‌ڵه‌ی تاكه‌كه‌سی له‌ كاتی یارییه‌كان له‌ له‌ده‌ستیان چوو.

كاپتنی پێشووی هه‌ولێر: پیشه‌گه‌ره‌كان بوونه‌ته‌ بار به‌سه‌ر تیپه‌كه‌وه‌
رافد به‌دره‌دین، كاپتنی پێشووی یانه‌ی هه‌ولێر، خاوه‌ن چه‌ندین ناسناو له‌گه‌ڵ زه‌ردپۆشه‌كان، ده‌رباره‌ی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای هه‌ولێر به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری گوت كه‌ ئاستی هه‌ولێر له‌م وه‌رزه‌یدا وه‌ك پێویست نییه‌، له‌ یارییه‌كان باش ده‌رناكه‌ون، ته‌نانه‌ت ئه‌و یارییه‌ی له‌ زه‌وڕاشیان برده‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی گۆڵپارێزی زه‌وڕا نه‌بووایه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ نه‌ده‌بوو، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ولێر له‌ رووی ئاسته‌وه‌ باشتر ده‌ر بكه‌وێت.
رافد به‌دره‌دین كه‌ پێشتر یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی عێراقیش كردووه‌، ده‌رباره‌ی یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وه‌ك پێویسته‌ یاریزانی پیشه‌گه‌ره‌كان سوودیان به‌ یانه‌ی هه‌ولێر نه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵكو باری یانه‌كه‌یان قورس كردووه‌.
رافد ده‌شڵێت: یاریزانی پیشه‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تیپه‌كه‌ به‌هێز بكات و له‌ بارودۆخه‌ سه‌خته‌كان تیپه‌كه‌یان رزگار بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌ پیشه‌گه‌ره‌كانی هه‌ولێر ده‌بینم، نه‌ك بوونه‌ته‌ رزگار كه‌ر به‌ڵكو بوونه‌ته‌ بارگرانی به‌سه‌ر تیپه‌كه‌ و سوودیان نییه‌، ته‌نانت یاریزانه‌كانی خۆمان له‌ پیشه‌گه‌ره‌كان باشترن، بۆیه‌ ده‌كرا له‌ هێنانی یاریزانی پیشه‌گه‌ر وردتر كاریان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ت كردبا.

"ئاستی هه‌ولێر له‌ خواست داواكارییه‌كانی شه‌قامی وه‌رزشی هه‌ولێر نییه‌"
ئیبراهیم محه‌مه‌د یاریزانی باڵی راستی پێشووی هه‌ولێر، له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ ئاست و ئه‌نجامی هه‌ولێر وه‌ك پێویست نییه‌، ده‌شڵێت: ئاستی پاسه‌وانه‌كانی قه‌ڵای زه‌رد له‌گه‌ڵ خواست و ویستی شه‌قامی وه‌رزشی یه‌كناگرێته‌وه‌، بۆیه‌ تا دێت رێژه‌ی هانده‌ران و ئاماده‌بووان له‌ نێو یاریگه‌ی هه‌ولێر كه‌م ده‌بێته‌وه‌.
ئیبراهیم محه‌مه‌د، له‌سه‌ر لایه‌نی هونه‌ری تیپه‌كه‌ و خراپ دره‌كه‌وتنی یاریزانه‌كان له‌ كاتی یارییه‌كان ده‌ڵێـت: یاریزانه‌كان له‌ رووی كوالیتییه‌وه‌ له‌ ئاستێكی باشدانین، هه‌ڵكشان و داكشان به‌ ئاستیانه‌وه‌ ده‌بینرێت، له‌ یارییه‌ك باش و یاریی دواتر خراپن، یاریزانه‌كان له‌ كاتی یاریی له‌سه‌رجه‌م هێڵه‌كان ئه‌ركه‌كانیان وه‌ك پێویست به‌ رێكو پێكی جێبه‌جێ ناكه‌ن، به‌تایبه‌تیش یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كان پێویستیان به‌ رێكخستن و گونجانێكی باشتر هه‌یه‌، تیپه‌كه‌ش هێرشبه‌رێكی گۆڵكه‌ری راسته‌قینه‌ی پێویسته‌ و له‌ ئێستادا ئه‌مه‌ی نییه‌.

سائیر سلێوه‌ په‌یامێك بۆ یانه‌ی هه‌ولێر ده‌نێرێت
سائیر سلێوه‌ ناوه‌ڕاستكاری پێشووی هه‌ولێر، كه‌ له‌ ساڵی 1999 تاوه‌كو 2005 له‌ ریزی زه‌ردپۆشه‌كانی پایته‌خت یاری كردووه‌، له‌ باره‌ی دۆخی ئێستای هه‌ولێر ده‌ڵێت: راسته‌ ئامانجی ئه‌م وه‌رزه‌ی هه‌ولێر ته‌نها مانه‌وه‌یه‌ له‌ خولی نایابی عێراق، به‌ڵام لێره‌دا پێویسته‌ هه‌ولێر سوود له‌م ده‌رفه‌ته‌ی خۆی وه‌ربگرێت، چه‌ند یاریزانێكی تیپی لاوان بۆ ریزی یه‌كه‌می تیپه‌كه‌ی سه‌ربخات و یارییان پێبكات، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ وه‌رزه‌كانی داهاتوو سوودیان لێ وه‌ربگرێت و ئاماده‌یان بكات بۆ وه‌رزه‌كانی داهاتوو، ئه‌گه‌رچی به‌ڵێنیشیان داوه‌، چه‌ند یاریزانێك سه‌ربخه‌ن.
سائیر ده‌رباره‌ی ئاستی تیپه‌كه‌ش له‌ رووی هونه‌ریه‌وه‌ ده‌ڵێـت: ئاستی تیپه‌كه‌ باش نییه‌، هێڵه‌كان پچڕان له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، پێویسته‌ بۆ یارییه‌كانی داهاتوو خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی باشتر له‌ یارییكان ده‌ربكه‌ون، ئه‌گه‌ر نا له‌ كۆتاییدا بۆ مانه‌وه‌ له‌ خولی نایابی عێراقی تووشی گرفتی زۆر ده‌بن.

"هه‌ولێر كه‌سی شاره‌زای نییه‌ تا بۆند و یاریزانی به‌ ئه‌زموون و باش بگوازێته‌وه"‌
جاسم عوسمان یاریزانی پێشوو، خاوه‌ن بڕوانامه‌ی راهێنه‌رایه‌تی، له‌سه‌ر كێشه‌ و ناجێگیری ئاستی هه‌ولێر، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر نه‌بوونی كه‌سی شاره‌زایه‌، ده‌شڵێت: هه‌ولێر كه‌سێكی پسپۆڕی نییه‌ تا سه‌رپه‌رشتی هێنان و گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ یاریزانان یاخود بۆند له‌گه‌ڵ یاریزانی باش و به‌ ئه‌زموون بكات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگای بۆنده‌ سه‌ركه‌وتوه‌وه‌كان هاوسه‌نگی له‌ تیپه‌كه‌ دروست بكه‌ن، له‌ كاتی یارییه‌كانیش ببێته‌ خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌ولێر ده‌سته‌به‌ر بكات.

جاسم عوسمان: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ ئاستی هه‌ولێر و كارگێری یانه‌كه‌ گه‌شبین نیم
ده‌رباره‌ی گه‌شبنی به‌ ئاستی پاسه‌وانانی قه‌ڵای زه‌رد، جاسم عوسمان به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری گوت: به‌هیچ شێویه‌ك به‌ ئاستی هه‌ولێر گه‌شبیننینم، ترووسكاییه‌ك رووناكی بۆ ئاینده‌ی تیپه‌كه‌ نابینم، چونكه‌ كارگێڕی یانه‌كه‌ هیچ پلانێكیان بۆ پێشخستنی تیپه‌كه‌ نییه‌، ئه‌وه‌شی ئێستا هه‌یه‌ له‌ پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیان ده‌یكه‌ن و بۆ كات به‌سه‌ر بردنه‌ و هیچتر نییه‌، ته‌نانه‌ت كارگێڕی تیپه‌كه‌ نه‌یتوانی له‌سه‌رتاوه‌ راهێنه‌رێكی باش بۆ هه‌ولێر ده‌سنیشان بكات، ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی، كه‌ كردیشیان تا راده‌یه‌كی كه‌م ئه‌نجامه‌كانی گۆری .
من به‌ یاریزانه‌كانیش گه‌شبینینم، چونكه‌ ئه‌و پێكهاته‌ی یاریزانانی ئیستای ی تیپه‌كه‌، ناتوانن وه‌ك پێویست یاریی بكه‌ن و به‌رگری له‌ شكۆ و ناوی هه‌ولێر بكه‌ن و خۆیان به‌ خاوه‌نی هه‌ولێر نازانن، دڵسۆز نیین به‌رامبه‌ر به‌ تیپه‌كه‌یان.

مۆفه‌ق: له‌ ده‌ستنیشانكردنی راهێنه‌ر سه‌ركه‌وتوونه‌بوون
مۆفه‌ق یونس، یه‌كێك له‌ باشترین یاریزانه‌كانی هه‌ولێر خاوه‌ن چه‌ندین ده‌ستكه‌وت و گۆڵی نایابه‌ بۆ هه‌ولێر، سه‌باره‌ت بارودۆخی ئه‌م وه‌رزه‌ی هه‌ولێر باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا له‌ ده‌ستنیشانكردنی راهینه‌ر بۆ تیپه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوونه‌بوون، جا له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت، ده‌شڵێت: به‌ هیچ جۆرێك ئه‌م راهێنه‌ره‌ی ئێستای یانه‌ی هه‌ولێر‌ له‌گه‌ڵ شكۆ و ناوی یانه‌ی هه‌ولێر ناگونجێت، به‌ هیچ پێوه‌رێك نه‌ده‌بوایه‌ ببیته‌ راهێنه‌ری هه‌ولێر.
مۆفه‌ق یوونس گوتیشی: یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانی هه‌ولێر وه‌ك پێویست نیین، له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌بووایه‌ ئه‌وانه‌ خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی تیپه‌كه‌بن به‌تایبه‌ت له‌ كاته‌ هه‌ستیاره‌كان، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌ولێر تا ئیستا نه‌یتوانیوه‌ هێرشبه‌رێكی راسته‌قینه‌ی گۆلكار بۆ تیپه‌كه‌ بگوازێته‌وه‌، كه‌ ئێستا تیپه‌كه‌ به‌ده‌ست نه‌بوونی گۆلكارێك ده‌ناڵێنێت.

"ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی یانه‌كه‌ن و شوێنه‌كه‌یان تاپۆ كردووه"‌
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆچوونی فه‌یزوڵڵا عوسمان، ناوه‌ڕاستكاری پێشووی یانه‌ی هه‌ولێره‌، به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ یاریزانه‌ خۆشه‌ویسته‌كانی پێشووی هانده‌رانی هه‌ولێر، فه‌یزۆ له‌ لێدوانێكدا بۆ هه‌ولێری ده‌ستی له‌سه‌ر كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ولێر داناوه‌ و جه‌وهه‌ری كێشه‌كانیشی به‌ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كه‌ به‌سته‌وه‌.
له‌مباره‌یه‌و فه‌یزۆ ده‌ڵێت: سه‌ره‌كیترین كێشه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر بوونی ئه‌و ده‌سته‌ كارگێڕییه‌ كه‌ ئێستا هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ده‌بات، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌م شوێنه‌یان داگیر كردووه‌ و ناگۆڕدرێن، پێویسته‌ گۆڕانكاری بنه‌ڕه‌تی بكرێت، به‌شێكیان شایسته‌ی ئه‌و پۆسته‌ن، به‌ڵام ئه‌وانیش حه‌قی خۆیان وه‌رگرت و ماوه‌یه‌كه‌ له‌م شوێنه‌ن، به‌ ده‌یان كه‌سی باش و یاریزانی كۆنی ئه‌م شاره‌ هه‌ن، كه‌چی سوودیان لێنابینرێت و ده‌رفه‌تیان پێ نادرێت.
فه‌یزۆ گوتیشی: له‌ هه‌موو دونیادا، زۆرترین كه‌سایه‌تی تۆپی پێ له‌ ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كان ده‌بینرێن، به‌ڵام له‌ یانه‌ی هه‌ولێر پێچه‌وانه‌ بۆته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی تۆپی ده‌ست زۆرینه‌ن، ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی یانه‌كه‌ش یاریزانی تۆپی ده‌ست بووه‌، له‌هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستره‌ ئه‌م شێوه‌ ده‌موچاوانه‌ی ستافی كارگێڕی ئێستای هه‌ولێر بگۆڕدرێت، پێویسته‌ كه‌سانی دیكه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌وانه ‌چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و شوێنه‌یان گرتووه‌ جێی ناهێڵن.

فه‌یزۆ: له‌ هیچ سه‌رده‌مێك هه‌ولێر ئاوها بێ ئه‌ستێره‌ نه‌بووه‌
فه‌یزۆ له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كانیدا بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ درێژای مێژووی هه‌ولێر یانه‌كه‌ به‌رده‌وام چوار بۆ پێنج ئه‌ستیره‌ی تێدابووه‌، كه‌چی ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌ستێره‌یه‌ك له‌ هه‌ولێر نابینه‌وه‌، ده‌شڵێت: ئه‌وانه‌شی كه‌ باس ده‌كرێن ئیستا له‌و ئاسته‌ دانیین كه‌ به‌ باشی بدره‌وشێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ تیپه‌كه‌ هیچ بناغه‌یه‌كی نییه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی به‌ڕێوه‌ ده‌بردرێت، بۆیه‌ یاریزانه‌كان به‌ ئاره‌زووی خۆیان یاریی ده‌كه‌ن، هیچ دڵسۆز نین بۆ هه‌ولێر، له‌ كاتێكدا ئێستا دونیای وه‌رزش گۆڕاوه ‌و به‌ نمونه‌ باسی ئه‌یاكس ده‌كه‌م، كه‌ ته‌نها یاریزانی لاو یاریی تێداده‌كه‌ن، باو‌ی ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ یاریزانی به‌ ته‌مه‌ن و گه‌وره‌ یاریی بكه‌ن، دونیای تۆپی پێ گۆڕاوه‌، به‌ڵام هه‌ولێر هه‌ر له‌ شوێنی خۆیه‌تی.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler