نیسان 23, 2019

تیپە میللیەكان كە لە كوڕەلاو و تازەهەڵچووە وەرزشوانەكانی گەڕەكەكانەوە لە دایك ببوون كوردەواری خۆمان گوتەنی هێندە خوێنیان گەرم بوو بە ڕادەیەك ڕۆڵێكی دیار و بەرچاویان هەبوو لە دروستبوونی تیپە وەرزشەكان و یانەكانەوە، ئەوەی من باسی لێوە دەكەم ئەو تیپە میللیانە بوو كە هێندەی یانەیەكی ئێستا و بگرە زیاتریش بەهێز بوو لە هەموو ڕوویەكەوە، هەروەها جەماوەر و هاندەرێكی یەكجار زۆریشیان هەبوو وەك ئەتڵەس و سمود و تەحریر و چوارچرا و گەرەكی عارەبان و چەندان تیپی دیكە، خۆ ئەگەر لە سەرەتای ساڵی هەشتاكان بە دواوە سەیری یانەی وەرزشی هەولێر و تیپی پۆلیس و هەڵبژاردەی پەروەردەكانت بكردایە ئەوا هەموویان یاریزانی تیپە میللیەكان بوون كە لە ڕیزی ئەوانە جوانترین یارییان پێشكەش دەكرد و تاكە هیوا و ئامانجیشیان خزمەتی شارەكە و گەیاندنی پەیامی وەرزش بوو بەبێ زیادە و كەم، هەموو ئەوانە بە گیانێكی بەرزی وەرزشی و لەسەر داهات و گیرفان و قووتی خۆیان یارییان دەكرد و هیچ كەسێك بیری لە لایەنی ماددی و بۆند و پارە نەدەكردەوە، وەك چۆن دەڵێی وەرزش بۆ وەرزش بوو بە پێچەوانەوە دەبوایە هەر یاریزانەكان خۆیان بە شێوەی كۆكردنەوەی پارە و ئابوونە تیپەكە پەروەردە بكەن و جلوبەرگی وەرزشی بكڕن و گەشتو سەفەری ئێرە و ئەوێش بكەن و زۆریش مەمنوون بن تا بە شێوەیەكی بەرچاو دەربكەون، بەڵام بەداخەوە ئەو گیانە بەرزە وەرزشیە لەگەڵ هەموو گۆڕانكارییەكاندا نەما و وەك هەموو بەها جوان و پیرۆزەكان لەبیر چوونەوە و كەسیش قسەیەكی خێری لەبارەوە ناكات، لە پاڵ ئەوەشدا تیپە میللیەكانیش ئاسەواریان ڕەشكرایەوە و وردە وردە پووكانەوە و لە ئێستادا شتێك نەماوە بەناوی تیپی میللی وەرزشی، بۆیە دەبینین ئاستی یانەكان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات و جێگیر نیە، چونكە لەسەر بنچینەیەكی ڕاست و دروست گەشەیان نەكردوە باكگراوندێكی وەرزشی ڕاست و دروستیان نیە، سەرباری ئەوەش بنكەكانی وەرزش و لاوانیش وەك جاران ئەو خەمەیان لە ئەستۆ نەگرتوە كە بەجیدیەوە بیر لە پێگەیاندنی یاریزانە لاو و تازە پێگەیشتوەكان بكەنەوە بۆ ئایندەی وەرزشی كوردستان ئامادەیان بكەن، خۆزگە جارێكی دیكەش تیپە میللییەكان وەكو جاران لە دایك دەبوونەوە و بە هەمان نەفەسی جاران و بە ژمارەیەكی دیاریكراو باوەشیان بە وەرزشدا دەكردەوە ئایندەیەكی گەشتریان بۆ وەرزشی كوردستان دابین دەكرد و لایەنە وەرزشیەكانیش لە پشت ئەو هەوڵە گرنگ و بەرچاوەدا دەبوون.

 

محەمەد سەعید كوردە

© 2017 Hawler