شوبات 19, 2018

سانچێز بۆ په‌یوه‌ندی به‌ مان یونایتد كرد؟

ئەلكسیس سانچێز ئەستێرەی نوێیەكەی مانچستەر یونایتد كە ئاستێكی باشی لە یانەكانی بارسێلۆنای ئیسپانیا و ئەرسناڵی ئینگلتەرا پێشكەش كرد، بۆ دەستەبەركردنی دەسكەوت و پاڵەوانیەتی ڕێگەی ئۆلترافۆردی گرتەبەر و هەر لەگەڵ گواستنەوەی لە ئارسناڵ بۆ مانچستەر یونایتد خۆاپە پاڵ پێكهاتەی سەرەكی و ئاستێكی باشیشی پێشكەش هاندەرانی یانەكەی كرد.

هاوینی پار دەنگۆیەكی زۆر لەبارەی جیابوونەوەی ئەلێكسیس سانچێز لە ئەرسناڵەوە هەبوو، بەڵام ئەو بۆ ماوەیەكی باش لە یانەكەیدا مایەوە و تا لە كۆتاییدا لە وەرزی زستانەی گواستنەوەی یاریزانەكاندا ڕێگەی مانچستەر یونایتدی گرتەبەر و لە بەرانبەریشدا هێنریك میختاریان درێسی ئەرسناڵییەكانی پۆشی و ئەویش ئاستێكی باشی پێكەش كردووە.
ئەستێرەی چیلیی لەبارەی بڕیارەكەیەوە وتوویەتی، هەر لە مێرمنداڵییەوە دەمزانی كە مان یونایتد یانەیەكی گەورەی ئینگلتەرایە، من كەسێكی ڕاستگۆم و سەبارەت بەوە ناڵێم كە ئێستە لێرەم. بەڵكوو ئەوە شتێكی ڕاستە و ئاستبەرزی یانەی شەیتانەسوورەكان بۆ هەموو كەس سەلماوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا وتویەتی، زۆر یانەی گەورە هەن و من پێشووتریش بۆ بارسێلۆنا و ئەرسناڵ یاریم كردووە و ئەوانیش لە گەورەییدا نموونەیان كەمە. ئەرسناڵ یانەیەكی گەورەیە، بەڵام بەداخەوە نەمتوانی دەسكەوتی گەورەی تیادا ببەمەوە، بەڵام لێرە، واتە لە مانچستەر یونایتد دەبێ بە هەموو خەونەكانم بگەم، چونكە یانەیەكی گەورەیە. لۆگۆی یانەكەی هەموو ئەو قسانەی من دەسەلمێنێ.
ئەلكسیس سانچێز كە لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا زۆر دەسكەوتی دەستەبەركرد، لەسەر ئەو باوەرەیە لەگەڵ مانچستەر یونایتدیشدا دەتوانێ ئەو ڕۆژانە دووبارە بكاتەوە و وتویەتی، من بۆ بردنەوەی دەسكەوتەكان لێرەم. لە ئەرسناڵ جیابوومەوە بۆ ئەوەی پێشكەوم و وەكوو یاریزانێكی نوێ لە یانەیەكی نوێدا فێری وانەی نوێ ببمەوە. مان یونایتد یانەیەكی زۆر گەورەیە لە ئاستی جیهانیدا، من بۆ پاڵەوانێتی بۆ ئێرە هاتووم، ئەگینا بۆچی دەهاتم؟
ئەلكسیس سانچێز كە دوو پلەی پاڵەوانی ئەمریكای باشووری لەگەڵ هەڵبژاردەی چیللی بەدەستهێناوە، لەلایەن ڕاهێنەری پێشووی خۆی بە كەسێكی متمانەپێكراو و ئاستبەرز ناوبراوە و ئەرسن ڤێنگری ڕاهێنەری ئەرسناڵ لەبارەی سانچێزەوە وتویەتی، سانچێز تا كۆتایی ئەمساڵ دەبوایە لای ئێمە بمێنێتەوە، بەڵام ئیتر یاری تۆپی پێیە و بەو شتانەوە گەرموگوڕە و لە كۆتاییدا ئێمە بووینە خاوەن هێنریك میختاریان و ئەویش درێسی یانەی ڕكابەری پۆشی.
ڤێنگەر وتی، دۆخەكە بۆ سانچێز قورس بوو، چونكە تا لە یارییەكدا ئاستێكی مامناوەندی پێشكەش دەكرد، دەخرایە ژێر پرسیار، بەڵام ئاستی سانچێز زۆر لەو قسانە باشتر بوو، هەر كات یاری دەكرد، تەنیا بیری لە بردنەوە دەكردەوە، بەبڕوای من نەختێ نادادپەروەری لەگەڵدا كرا.
ڤێنگەر لەبارەی ئاستی سانچێز كە بۆچی بەردەوام ئاستی باش نەبووە، وتوویەتی، نازانم، ئەنجامەكانی ئێمە لە داهاتوو ئەوەدەردەخەن. لێدوان و ڕاوبۆچوونەكان لەبارەی ئەودا نادادپەروەرانە بوون. لەگەڵ ئەوەیشدا سانچێز كەسێكی لێهاتوویە و ڕێك ئەو یارییە دەكات كە ڕاهێنەری لێی دەوێت.
لە كۆتاییدا ڤێنگر هیوای سەركەوتن بۆ یاریزانی پێشووی خۆی بەئاوات دەخوازێت و دەڵێت، سانچێز كەسێكی ڕاستگۆ و خاوەن بەڵێن و بەتوانایە. من هیچكات كەسایەتی و ئاستی ئەوم نەبردە ژێر پرسیار، بەڵام یاری تۆپی پێیە و جاری وایە دەبێ ڕكابەری یاریزانەكەی پێشووی خۆت بی.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.