نیسان 26, 2018

كریس، درەوشاوەتر لە وەرزی پێشوو

هەرچەند لایەنگرانی تۆپی پێ و بەشێكی زۆر لە هاندەرانی یانەی ڕیاڵ مەدرید لەسەر ئەو باوەڕەن ئاستی رۆناڵدۆی پورتوگالی دابەزیوە هەر بۆیە ئەنجامەكانی ئەمساڵی یانەكە بۆ باسكردن نابێ و لە لالیگا جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ یانەی ببارسێلۆنای یەكەم و ئەتلتیكۆ مەدریدی دووهەمدا هەیە و لە جامی شای ئیسپانیا دۆڕاوە و ماڵئاوایی لە جامەكە كردووە و لە چەمپیۆنزلیگیشدا یانەیەكی وەكوو پاریس سان جێرمان ددانی لێ تیژ كردووە و چاوەڕوانی یارییەكی قورس بۆ هەر دوو یاتە و بە تایبەت یانەی ڕیاڵ مەدردی دەكرێ، كە ئەگەر لە دوو یاری چوون و گەڕانەوە براوەی یارییەكە نەبێ، دەبێ هەر لەئێستەوە فاتیحەی وەرگرتنی جامەكانی ئەمساڵ بكات. بەڵام ڕۆناڵدۆ ئاستێكی باشی پێشكەش كردووە.

ئاستی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لەو چەند هەفتەی دواییدا هیوای بەخشیوەتەوە بە هاندەرانی یانەی ڕیال مەدرید و چاوەروانی ئەوەی لێ دەكەن بەردەوام بێت لە ئاستبەرزییەكانی و یانەكەیان لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپادا براوە بێت و لەگەڵ ئەوەیشدا ئامارەكان پێمان دەڵێن ئەو ئەستێرە پورتوگالییە ئاستی دانەبەزیوە، بگرە چاوەڕوانی درەوشانەوەی زیاتریشی لێ دەكرێ.

هاترێكێك لە جێی خۆیدا
كریس ڕۆناڵدۆ بە هاتریكەكەی بەرانبەر بە یانەی ڕیاڵ سۆسیداد، تا ئێستە لەو وەرزەدا 23 گۆڵی تۆمار كردووە كە یازدەیان لە لالیگا، نۆ گۆڵ لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، دوو گۆڵ لە جامی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا و گۆڵێكیشیان لە سوپەر جامی ئیسپانیا بەرانبەر بە بارسێلۆمنا تۆماری كردوون.
بەو گۆڵەی كە وەرزی ڕابردوو ڕۆناڵدۆ لە ڕێكەوتی 11ـی فێبریە لە ئۆساسۆنای كرد، ئەو ڕێك تا ئەو كاتەی وەرزی ڕابردوو 21 گۆڵ، واتە دوو گۆڵ كەمتر لە گۆڵەكانی ئێستەی تۆماركردبوو كە 14 گۆڵی لە لالیگا و 2 گۆڵ لە خولی یانە پاڵەوڵانەكانی ئەورووپا، گۆڵێك لە كوپا دل ری و چوار گۆڵیش لە جامی یانە پاڵەوانەكانی جیهان. ڕۆناڵدۆ وەرزی ڕابردوو بە 42 گۆڵ كۆتایی بە یارییەكانی خۆی هێنا.

ئاستنزمی ڕیاڵ نەك ڕۆناڵدۆ
ڕەنگە ئاستنزمیی یانەی ڕیاڵ مەدرید و دۆڕانیان بەرانبەر بە یانەی بارسێلۆنا، دەركرانیان لە جامی شای ئەو وڵاتە و پلەی سێیەمی ئێستەی لالیگای یانەكە و جیاوازی زۆری لەگەڵ بارسێلۆنا وای كردبێ هاندەرانی یانەكەش لەسەر ئەو باوەڕە بن ئاستی ڕۆناڵدۆ دابەزیوە. پاڵدانی ناوبژیوان لە یاری كۆتایی سوپەرجامی ئیسپانیا وای كرد ڕۆناڵدۆ چەند یارییەك یاری نەكات و هەر ئەوەش بوو بە هۆی دابەزینی ئاست و ورەی ناوبراو و دەیتوانی لەو چەند یارییشدا چەند گۆڵێك تۆمار بكات، كەچی ئێستە نۆ گۆڵ كەمتر لە مێسی تۆمار كردووە كە سەرووی ڕیزبەندی گۆڵكارانی ئیسپانیای گرتووە. ڕۆناڵدۆ لە یارییەكانی لالیگادا ئاستێكی باشی پێشكەش نەكرد، هەرچەند پێدەچێ لەو دواییەدا قەرەبووی بكاتەوە، بەڵام لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپادا كەس ناتوانێ تۆزیشی بشكێنێ و تا ئێستە 9 گۆڵی تۆمار كردووە.
هەڵبەت ڕۆناڵدۆی تەمەن 33 ساڵان لە وەزری پێشوو تا ئێستەی ئەم وەرزە بۆ تۆماركردنی 21 گۆڵ، 108 لێدانی ئاراستە ڕكابەرەكانی كردبوو، كەچی ئەمساڵ بۆ لێدانی 23 گۆڵ تا ئەمڕۆ، 133 لێدانی ئاراستەی گۆڵی ڕكابەرەكانی كردووە.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.