ئازار 22, 2019

نه‌ورۆز و ئارارات جه‌نگ له‌سه‌ر خانه‌ی دووه‌م ده‌كه‌ن و برایه‌تیش له‌ شه‌قڵاوه‌ میوانداری پیشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات

ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی گه‌ڕی بیسته‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كات (3) ئه‌نجام ده‌درێن، نه‌ورۆز رووده‌كاته‌ پیرمامی سه‌ركه‌ش و رووبه‌ڕووی ئارارات ده‌بێته‌وه‌، شه‌ڕی ئه‌وان له‌سه‌ر پله‌ی دووه‌م ده‌بێت، برایه‌تیش بۆ مانه‌وه‌ له‌ شه‌قڵاوه‌ له‌ دژی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌جه‌نگێت، هه‌ولێری زامداریش له‌ یاریگای خۆی پێشوازی له‌ شێروانه‌ ده‌كات، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیش دوای بردنه‌وه‌كه‌ی گه‌ری رابردووی بۆ گازی باكوور‌ ساز و ئاماده‌یه‌، هه‌ندرێنیش به‌ دڵشكاویه‌وه‌ میوانداری زێره‌ڤانی ده‌كات، ئاكرێش له‌ خراپترین بارودۆخدا یاریی له‌گه‌ڵ ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شرۆڤه‌ و شه‌ن و كه‌وی سه‌رجه‌م یارییه‌كان ده‌كات، دواین ئاماده‌كاری یانه‌كان ده‌خاته‌ڕوو.

ئارارات له‌ یارییه‌كی ئاگرین میوانداری نه‌ورۆز ده‌كات
ئارارت له‌ پیرمام له‌ یاریگای خۆی رووبه‌ڕووی نه‌ورۆز ده‌بێته‌وه‌، ئه‌م یارییه‌ لوتكه‌ی گه‌ڕی بیسته‌می خولی نایابه‌‌، چونكه‌ هه‌ردوولا ركابه‌ری سه‌رسه‌ختی یه‌كترده‌كه‌ن له‌سه‌ر ناسناوه‌كه‌، ئارارات گه‌ڕی رابردوو نه‌یتوانی بیباته‌وه‌، بۆیه‌‌ ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بێت، له‌ نه‌ورۆ بباته‌وه‌ به‌مه‌ش دوو ئامانج بپێكێت، له‌ لایه‌ك خۆی له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌م نزیكبكاته‌وه‌، له‌ لایه‌كیتریش ركابه‌ره‌كه‌ی له‌ خۆی دووربێخێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان ئه‌م یارییه‌ چاره‌نووسی زۆر شت له‌ خوله‌كه‌ یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌، ئارارات خاوه‌نی 34 خاڵه‌ و پله‌ی دووه‌م به‌شیه‌تی.
نه‌ورۆز، تاكه‌ هیوای ئه‌م وه‌رزه‌ی سلێمانییه‌كانه‌ تا ئه‌مساڵ ناسناوه‌كه‌ بباته‌وه‌، به وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه‌ هاتووته‌ پیرمام، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو 5 گۆڵیان له‌ ئاكرێ كرد، خاوه‌ن هێڵێكی هێرشبه‌ری ترسناكیشن‌، دیار عه‌لی ناسراو به‌ (حه‌مكه‌) به‌ 16 گۆڵ گۆڵكه‌ری خوله‌كه‌ و نه‌ورۆزیشه‌، له‌ پاڵ ئه‌و ئاسۆ رۆسته‌م هه‌یه‌، كه‌ زۆر خێرا و به‌ جموجۆڵه‌، بۆیه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ به‌ته‌واوی كێشه‌ بۆ به‌رگریكارانی ئارارات درووست ده‌كه‌ن، كێشه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ردوولا له‌ به‌رگریدایه‌، وه‌ك هێله‌كانی دیكه‌یان گونجان له‌ نێوانیان نییه‌، نه‌ورۆز خاوه‌نی 33 خاڵه‌ و پله‌ی سێیه‌می گرتووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر چاوی له‌ ناسناوه‌كه‌ بێت ده‌بێت ئه‌م یارییه‌ بباته‌وه‌.

برایه‌تی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی یاریی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات
برایه‌تی له‌ شه‌قڵاوه‌ میوانداری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، چونكه‌ به‌هۆی سزادان ناتوانێ له‌ یاریگای خۆی یاریی بكات، بۆ سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر وه‌ك یاریی مان و نه‌مانه‌، چونكه‌ له‌ بارودۆخێكدان بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌وان زۆر گونجاو نییه‌ خاڵ له‌ده‌ستبده‌ن، ئه‌گه‌ر نا له‌ كۆتایی دا هیچ شتێك دادیان ناداو ماڵئاوای له‌ نایاب ده‌كه‌ن، یه‌كیك له‌ گرفته‌كانی ئه‌م جاه‌ری هه‌فته‌ی رابردوو رێبوار نه‌جمه‌دین له‌ پێكان گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام جارێكیتر تووشی پێكان هاتۆته‌وه‌ و دیار نییه‌ یاریی ده‌كات یاخود نا بۆتان ده‌هامیش به‌هۆی كارتی زه‌رد یاریی ناكات، برایه‌تی خاوه‌نی 17 خاڵه‌ پله‌ی سێزده‌یه‌م به‌شیه‌تی.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، به‌بێ هیچ كێشه و گرفتێك بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌یه‌، چونكه‌ به‌ جیاوزی چوار خاڵ له‌ پێشه‌نگه‌ی ریزبه‌ندیه‌كه‌ دێت، به‌ڵام ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی قۆناخی چوون له‌ برایه‌تی بكاته‌وه‌، كاتێك له‌ یاریگای خۆی به‌ گۆڵێكی بێوه‌ڵام پێیدۆڕاند، له‌ لایه‌كی دیكه‌ش نایه‌وێت ركابه‌ره‌كانی لێی نزیكببنه‌وه‌، بۆیه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی بردنه‌وه‌ ده‌دات، یاریی ئه‌م دوو تیپه‌ به‌رده‌وام گه‌رم و گووڕی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێ، به‌هۆی كێبڕكێی نێوانیان، سه‌میر له‌ هێلی پیشه‌وه‌ باشترین تیپی هه‌یه‌، به‌ 33 گۆڵ له‌ پێش هه‌موو تیپه‌كانه‌وه‌یه‌، كوڕانی سه‌میر بابۆ به‌ 37 خاڵ له‌ پله‌ی یه‌كه‌می خوله‌كه‌ دێن، له‌ ئیستاشدا ئامانجیان روونه‌.
هه‌ندرێن بۆ ساڕێژی زامه‌كانی له‌گه‌ڵ زێره‌ڤانی به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
هه‌ندرێن له‌ شاری هه‌ولێر و له‌ یاریگای خۆی میوانداری زێره‌ڤانی نوێنه‌ری دهۆكییه‌كان ده‌كات، هه‌ندرێن له‌م وه‌رزه‌ بارودۆخی باش نییه‌ له‌ دواین دوو یارییش دۆڕان به‌شی بووه‌، گه‌ڕی رابردووش هه‌ر له‌و یاریگایه‌ تووشی شكستهات، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر حسابی زێره‌ڤانی باری لاسه‌نگی خۆی راست بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ تواناكانی محه‌مه‌د شیرزادی به‌رگریكاری بۆ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی كارتی زه‌رده‌وه‌ یاریی رابردوو به‌شدار نه‌بوو، كوڕانی دڵشاد مه‌عروف به‌ 22 خاڵ له‌ خانه‌ی نۆیه‌م دێن.
زێره‌ڤانی له‌م وه‌رزه‌یدا به‌ ئاستێكی هه‌ڵبه‌ز و دابه‌ز ده‌رده‌كه‌وێت، یارییه‌ك باشه و ئه‌وه‌یتری خراپ، بۆیه‌ هیوای بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ی كه‌مه‌، به‌ڵام تا دوا خوله‌ك و ركابه‌ری و ململانێ ده‌كات، گه‌ری رابردوو له‌ شێروانه‌ی برده‌وه‌، به‌ڵام سلێمان ره‌مه‌زانی راهێنه‌ری سزادرایه‌ و نابێت یاوه‌ری تیپه‌كه‌ی بكات، نیاز مه‌غدیدی ناوه‌ڕاستكاریشی به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كارتی زه‌رده‌وه‌ یاریی ناكات، بۆیه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ له‌ كیشه‌دان، زێره‌ڤانی، 29 خاڵی هه‌یه‌ وپله‌ی چواره‌می داگیر كردووه‌.

ئاكرێ وێڵی بردنه‌وه‌یه‌كه‌ و ده‌ربه‌ندیخان به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانێ
ئاكرێ تا ئێستا لاوازترین به‌شداربووی خوله‌كه‌یه‌، بارودۆخی زۆر خراپه‌، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بۆ مانه‌وه‌ سوودی نه‌بووه‌، هه‌ر یارییه و به‌ شكستێك برینكه‌ی قووڵتر ده‌بێته‌وه‌، لاوازترین به‌رگری هه‌یه‌، 35 گۆڵی لێكراوه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت ئه‌م گه‌ڕه‌ به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ ده‌ربه‌ندیخان هیوایه‌ك بۆ خۆی بێڵێته‌وه‌ و دره‌به‌ندیخانیش شۆك بكات، ئاكرێ ته‌نها 12 خالی هه‌یه‌ و خانه‌ی كۆتایی و چوارده‌یه‌می گرتووه‌.
ده‌ربه‌ندیخان، تیپه‌ قه‌شه‌نگ و جوانه‌كه‌ی گه‌رمیان له‌ رێگایه‌كی دووره‌وه‌ هاتۆته‌ ئاكرێ، كه‌ش و هه‌وای شین پۆشه‌كانی ده‌ربه‌ند گونجاوه‌، گه‌ڕی رابردووش له‌ یاریگای خۆیان له‌ زاخۆیان برده‌وه‌، ده‌ربه‌ند له‌ ئیستادا ئامانجی گۆڕاوه‌، جگه‌ له‌ مانه‌وه‌ هه‌وڵی ریزه‌كانی پێشه‌وه‌ ده‌ده‌ن، بۆیه‌ ئه‌م یارییه‌ به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن و نایانه‌وێت به‌ ئاسانی له‌ده‌ستی بده‌ن، گۆلپارێز و به‌رگری ده‌ره‌به‌ند خاڵی به‌هێزی ئه‌م تیپه‌ن، خاوه‌نی 28 خاله‌ و خانه‌ی پێنجه‌می گرتووه‌.

هه‌ولێر و شێروانه‌ یاریی ئاشتبوونه‌وه‌ی هانده‌رانه‌
له‌ شاری هه‌ولێر له‌ یاریگای دووه‌می فڕه‌نسۆ هه‌ریری زه‌ردپۆشه‌كانی هه‌ولێر میوانداری شێروانه‌ی كه‌لارییه‌كان ده‌كات، بارودۆخی هه‌ولێر باش نییه‌، له‌گه‌ڵ ناوده‌نگی هه‌ولێر ناگونجێت، چونكه‌ له‌ قۆناخی دووه‌م ئاستی خراپه‌ و سێ دۆڕانی به‌دوای یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی عه‌بدوڵا مه‌حمودی راهێنه‌ر بۆ ئاست وئه‌نجامێكی باش شكستی هێناوه‌، تارا ده‌یه‌كی زۆر بێ پلانی به‌ تیپه‌كه‌ی پاسه‌وانانی قه‌ڵاوه‌ دیاره‌، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌مجاره‌ یاریگای خۆیان به‌هه‌لبزانن و له‌ شێروانه‌ ببه‌نه‌وه‌، هه‌ولێرخاونی 20 خاڵه‌ و خانه‌ی یازده‌یه‌می گرتووه‌.
شێروانه‌ دوای ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی نه‌یتوانی پارێزگاری له‌و ئاسته‌ی بكات، كه‌ له‌گه‌ڵ هێنانی وه‌لید محه‌مه‌دی راهێنه‌ر پێی ده‌ركه‌وت، گه‌ڕی رابردووش به‌ زێره‌ڤانی دۆڕا، شێروانه‌ چاوی له‌وه‌یه‌ وه‌ك وه‌رزی رابردوو له‌ و یاریگایه‌ له‌ هه‌ولێر بباته‌وه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش له‌ تواناكانی هه‌ستیار دڵشادی به‌رگریكار به‌ هۆی كارتی سوور بێبه‌ش ده‌بێت و وه‌ به‌مۆ غه‌ریبیش به‌هۆی پێكان یاریی ناكات، تیپه‌كه‌ی گه‌رمیان خاوه‌نی 24 خاڵه‌ و پله‌ی هه‌شته‌م به‌شیه‌تی.

پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و گازی باكوور رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ یاریگای خۆی له‌ سلێمانی میوانداری تاكه‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی كه‌ركوك ده‌كات، بۆ ئه‌م یارییه‌ش ئاماده‌یه‌، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی له‌ هه‌ندرێنی برده‌وه‌، یاسین مه‌نافی راهێنه‌ر هه‌وڵی ریزه‌كانی پێشه‌وه‌ ده‌دات، ورده‌ ورده‌ جێ ده‌ستی خۆی له‌ تیپه‌كه‌ ده‌نه‌خشێنێ، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بۆ ئه‌م یارییه‌ له‌ تواناكانی حسام جادلله‌ بێبه‌ش ده‌بێت، به‌هۆی كارتی زه‌رده‌وه‌، پێشمه‌رگه‌كانی سلێمانی خاوه‌نی 24 خاڵن و خانه‌ی حه‌وته‌م به‌شیه‌تی‌.
گازی باكوور، هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ مانه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌ و به‌ڵام به‌وشێوه‌ ده‌ركه‌وتنه‌ی ئیستا بارودۆخی له‌ مه‌ترسیدایه‌، گه‌ڕی رابردووش له‌ یاریگای خۆی نه‌یتوانی له‌ ئارارات بباته‌وه‌، ته‌نها دوو بردنه‌وه‌ی له‌ خوله‌كه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ ش به‌هۆی كارتی زه‌رده‌وه‌ له‌ تواناكانی ئومێد جیهاد و عه‌مار قادر بێبه‌ش ده‌بێت، گاز 12 یه‌كسان بوونی هه‌یه‌، كه‌ هیچ تیپێك ئه‌و رێژه‌ یه‌كسان بوونه‌ی نییه‌، ته‌نها خاڵێكیش له‌ ناوچه‌ی سووره‌وه‌ دوورن، 18 خاڵیان هه‌یه‌ و خانه‌ی سێزده‌یه‌میان گرتووه‌.

دێربی بادینان له‌ زاخۆیه‌ و بێ ئاماده‌بوونی هانده‌رانیش ئه‌نجام ده‌درێت
زاخۆ له‌ یاریگای خۆی میوانداری دراوسێ كلاسیكیه‌كه‌ی ده‌كات، كه‌ تیپی دهۆكه‌ ئه‌م دوو تیپه‌ به‌رده‌وام له‌ یارییه‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ جیاواز ده‌رده‌كه‌ون، زاخۆ هه‌م دخوازێ دۆڕانه‌كه‌ی گه‌ڕی رابردووی له‌بیر بكات و وه‌ له‌ دراوسێكه‌شی بباته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ بردنه‌وه‌یه‌، به‌ڵام نابێت له‌ یارییه‌كه‌ هانده‌ران ئاماده‌بن، به‌هۆی ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ی له‌ یاریی چوون له‌ دهۆك له‌نیوان جه‌ماوه‌ری هه‌ردولا روویدا، زاخۆ خاوه‌نی 22 خاڵه‌ و خانه‌ی ده‌یه‌می گرتووه‌.
دهۆكیش ئامانجه‌كانی ئێستای بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌یه، هه‌رچه‌ند گه‌ڕی رابردوو له‌ یاریگای خۆی نه‌یتوانی له‌ برایه‌تی بباته‌وه‌، به‌ڵام هیشتان هیوای بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ی ماوه‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌و یارییانه‌ی ماویه‌تی هیچیان نه‌دۆڕێنێت و ركابه‌ره‌كانیشی دووچاری شكستبن، دهۆك تاكه‌ تیپه‌ كه‌مترین دۆڕانی هه‌یه‌ به‌ 3 دۆڕان، خاوه‌نی 28 خاڵه‌ و له‌ خانه‌ی شه‌شه‌م دیت.
 

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler