ئایار 24, 2019

"شوێنی یەدەگ، چارەسەری گونجاوی محەممەد سەڵاح نییە"

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

گەورەییەكەی ریاڵ مەدرید لە یارییەكەی ڤەلەدۆلیدەوە دەركەوتەوە
ریاڵ مەدرید بە سێ گۆڵ لە یانەی ڤەلەدۆلیدی بردەوە و كەمێك ورەی بەرز دەبێتەوە، بە تایبەت دوای زنجیرەیەك ئەنجامی خراپ و ناشاییستە بە ناو و ناووبانگی ریاڵ مەدرید.
لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و لە گەڕی 27ـی خولی ئیسپانیا، ریاڵ مەدرید توانی بە چوار گۆڵ بەرانبەر گۆڵێك لە ڤەلەدۆلید بباتەوە.
لەو یارییەدا، كاسیمیرۆ دووەم كارتی زەردی وەرگرت و لە خولەكی 80ـەوە یاریگەی جێ هێشت.

هەڵوێستێكی ناوازە، مێسی لێدانێكی سزای رەت كردەوە
لە یاریی نێوان بەرشلۆنە و رایۆ ڤالیكانۆ لە گەڕی رابردووی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا، رەتی كردەوە كە لێدانێكی سزای بە مافی خۆی زانیبێت.
لە دیمەنێكدا، مێسی چەند یاریزانێكی یانەی رایۆ دەبڕێ، لە ناوچەی سزادا بەر بووەوە، ناوبژیوان ئاماژەی بەوە كرد بگەڕێنەوە بۆ سیستمی ڤار، تا بزانن لە بەرژەوەندیی بەرشلۆنەدایە یان نا، بەڵام مێسی ئاماژەی بەوە كرد، كە هیچ بەركەوتنێكی نایاسایی نەبووە و داوای كرد یارییەكە بەردەوام بێت.

باشترین بەرگریكاری جیهان لە دیدی فێردیناندەوە
ریۆ فێردیناند، یاریزانی پێشتری یانەكانی لیدز یونایتد و مانچستەر یونایتد، وای دەبینێت كە لە ئێستەدا سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكاری یانەی ریاڵ مەدرید، باشترین بەرگریكاری جیهانە لە شوێنی یاریكردنی خۆی، نەك یاریزانی یانەی لیڤەرپوول "ڤێرجیل ڤان دیك"ـی هۆڵەندی، پێی وابوو كە ڕامۆس لە پاڵەوانیەتییەكاندا زیاتر لەو ناسناوانەی یانەكەی بەدەستی هێناون، یەكلاكەرەوە بووە و ڕۆڵ و پێگەی زیاتر بووە.
ئەو بۆچوونەی ریۆ، لە كاتێكدایە كە لەو كاتەوەی ڤان دیك لە یەنایەری 2018ـدا لە یانەی ساوسهامپتۆنەوە چووەتە لیڤەرپوول، ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات، كە بارتەقای بەهای بۆندەكەیەتی، بە جۆرێك گەییشتە 75 ملیۆن پاوەند.
بەشێكی چاودێران، پێیان وایە دیارترین و باشترین بەرگریكاری چەق، ئەو یاریزانەیە، بەڵام ریۆ فێردیناند، ڕایەكی دیكەی هەیە، لەگەڵ ئەوەیشدا لە ئاستی ئەوی كەم نەكردەوە، بەڵام بە پێویستی زانی "ناسناو بە دەست بهێنێت، بۆ ئەوەی ببێتە باشترین بەرگریكاری جیهان."
ئاماژەی بەوەیش كرد، كە رامۆس و ڤان دیك بەوە لێك جیا دەكرێنەوە، ئەوەی یەكەمیان رۆڵ و كاریگەری لەسەر ناسناوەكان زیاترە بەراورد بە ڤان دیك، بۆیە لە جیهانیشدا پێوانەكە بەو جۆرەیە كە كێ ناسناوی بردووەتەوە، بۆیە وای دەبینم ببێتە باشترین بەرگریكاری جیهان، بەڵام ئێستە نا.

"شوێنی یەدەگ، چارەسەری گونجاوی سەڵاح نییە"
ستیف نیكۆل، یاریزانی پێشتری یانەی لیڤەرپوول، وای دەبینێت كە دانیشتنی محەممەد سەڵاح لەسەر كورسیی یەدەگ، چارەسەری كێشەی ناوبراو دەكات و وای لێ ناكات بگەڕێتەوە دۆخی پێشتری.
ئەو یاریزانە میسڕییە، بە دەست دابەزاندنی ئاستییەوە دەناڵێنێت و لە ماوەكانی رابردوودا نەیتوانیوە ئەو ئاستە پێشكەش بكات، كە پێی ناسراو.
ئەو ئاستدابەزینەی محەممەد سەڵاح، لە كاتێكدایە ئاستی هەردوو یاریزانی هاویانە و هاوشوێنی "سادیۆ مانی و رۆبێرتۆ فێرمینۆ" لە هەڵكشاندایە.
نیكۆڵ، پێی وایە كە ئێستە سەڵاح متمانەی بە تواناكانی نەماوە و ئاستی دابەزیوە، لە كریسمسیشەوە وای بەسەر هاتووە، بەڵام ئەوە بۆ لیڤەرپوول باشە كە سادیۆ مانی لە باشترین كاتەكانیدایە و گۆڵی زۆر تۆمار دەكات، فێرمینۆیش بە هەمان شیوە، بەڵام یانەكە پێویستی بە گەڕانەوەی ئاستی محەممەد سەڵاحە بۆ باری پیشتری.
ناوبراو وتی: لەو كاتەوەی هاتە لیڤەرپوول تا 18 مانگ، زۆر شتی كرد، بۆیە ئاساییە ئەگەر بۆ ماوەیەك ئاستی دابكشێ.
ئاماژەی بەوەیش كرد، كە دانیشتن لەسەر كورسیی یەدەگ، چارەسەری گونجاو نییە بۆ محەممەد سەڵاح، ئەوەی پێویستە، كاری بەردەوام بكات و هەوڵ بدا متمانەی بۆ بگەڕێتەوە و بتوانێ ئاستی بەرز بكاتەوە.
بۆ بیرهێنانەوە، محەممەد سەڵاح، لە دوا 8 یاریدا یەك گۆڵی تۆمار كردووە، ئەویش لە یاریی بۆرنمۆرس.

بنزیما لە بارەی چارەنووسی سۆلاری دەدوێ و باسی گەڕانەوەی مۆرینهۆیش دەكات
كەریم بنزیما، یاریزانی فەرەنسیی یانەی ریاڵ مەدرید، بۆ یەكەمجار لە بارەی پرسی گەڕانەوەی مۆرینهۆ بۆ یانەی ریاڵ مەدرید دوا و روونی كردەوە.
رۆژنامەی سپۆرت، لێدوانی بنزیمای بڵاو كردەوە، كە ناوبراو وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە، كە لە بارەی ئەنجامە خراپەكانی ریاڵەوە دەگیران، بە تایبەت دوای دوورخستنەوەیان لە چامپیۆنس لیگ، پێشتریش لە جامی شای ئیسپانیا دوور خرابوونەوە، لە لالیگایش هیواكز بوونە، بنزیما بۆ ئەو رەخنانە، وتی:  ئەمە تۆپی پێیە و پێویستە تا كۆتایی بەردەوام بین.
بنزیما، لە بارەی ئەگەری بەردەوامبوونی سۆلارییەوە لە ریاڵ مەدرید، وتی: بێگومان دەمەوێ بەردەوام بێ، بۆ بگۆڕدرێت؟ ئێستە یازدە یاریمان ماوە، پێویستە لەگەڵماندا بەردەوام بێت، ئێمە لە پشت سۆلارییەوەین، ئەوەی هەندێ مێدیاكار دەیڵێن، دروست نییە.
لە بارەی ئەگەری گەڕانەوەی مۆرینهۆ بۆ ریاڵ مەدرید، وتی: ناتوانم وەڵام بدەمەوە، ئێستە راهێنەرمان هەیە، ئەمەیش بڕیاری یانەیە.

 

مامەیارە ئەحمەد - هەولێر

© 2017 Hawler