ئایار 24, 2019

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ پێشه‌نگی خولی نایابی كوردستان مایه‌وه‌، ئارارات و نه‌ورۆزیش خانه‌ی دووه‌م و سێیه‌میان گرتووه‌

له‌ گه‌ڕی نۆزده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر پارێزگاری له‌ پله‌ی یه‌كه‌م كرد، دوای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر یاریگه‌ی خۆی به‌ سێ گۆڵی بێ به‌رانبه‌ر له‌ هه‌ولێری برده‌وه‌، نه‌ورۆز كه‌رنه‌ڤاڵی گۆڵی به‌سه‌ر ئاكرێدا تۆمار كرد و به‌ پێنج گۆڵ به‌رانبه‌ر به‌ دوو گۆڵ یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌ و پارێزگاری له‌ پله‌ی سێیه‌م كرد، ئاراراتیش ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ گازی باكوور به‌بێ گۆڵ یه‌كسان بوو، به‌ڵام له‌ خانه‌ی دووه‌م مایه‌وه‌، یانه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان و زێره‌ڤانیش سه‌ركه‌وتنی گرنگیان به‌ده‌ستھینا و له‌ڕكه‌به‌ری یانه‌كانی پێشه‌وه‌ به‌رده‌وامن.
دوای 11 یاری پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد
یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی دوای زنجیره‌ك ئه‌نجامی خراپ دواجار گرێكوێره‌ی ئه‌و ئه‌نجامه‌ خراپانه‌ی كرده‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ ماوه‌ی 11 یاری بوو سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنابوو، دواین یاری كه‌ براوه‌ بوون له‌ یارییه‌كانی گه‌ڕی حه‌وته‌م بوو، كه‌ ئه‌و كاته‌ له‌ شاری كه‌ركووك به‌ گۆڵێكی بێ به‌رانبه‌ر له‌ گازی باكوورییان بردبۆوه‌، له‌م گه‌ڕه‌دا پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بووه‌ میوانی یانه‌ی هه‌ندرێن و یارییه‌كه‌ی به‌ گۆڵێكی بێ به‌رانبه‌ر برده‌وه‌، گۆڵه‌كه‌یش له‌ ڕێگه‌ی له‌یس جه‌لیل تۆمار كرا، ئه‌مه‌یش یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ بوو دوای ده‌ست به‌كار بوونی یاسین مه‌ناف وه‌ك ڕاهێنه‌ری ئه‌و یانه‌یه‌، به‌م شێوه‌یه‌ پێشمه‌رگه‌ خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ 24 خاڵ و له‌ خانه‌ی حه‌وته‌م دێت، هه‌ندرێنیش به‌ 22 خاڵ پله‌ی نۆیه‌می گرتووه‌.
له‌ یارییه‌كی تردا یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له‌ ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی به‌رده‌وامه،‌ یانه‌ی زاخۆیش له‌ دۆزه‌خی یاریگه‌ پڕ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی ده‌ربه‌ند ڕزگاری نه‌بوو، یانه‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان له‌م وه‌رزه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی توشی هیچ شكستێك نه‌بووه‌، له‌م گه‌ره‌یشدا به‌ گۆڵێكی پیشه‌گه‌ری نێجیری بینجامین ئۆگۆباجی له‌ زاخۆی برده‌وه‌، به‌مه‌یش ده‌ربه‌ندیخان خاڵه‌كانی كرده‌ 28 خاڵ وله‌ پله‌ی پێنجه‌م دیت، زاخۆیش به‌ 22 خاڵ له‌ پله‌ی ده‌یه‌م دێت.
له‌ دهۆكیش یانه‌ی دهۆك میوانداری برایه‌تی كرد و كه‌وته‌ داوی یه‌كسان بوونه‌وه‌، له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌مدا برایه‌تی له‌ ڕێگه‌ی یاریزانی هێڵی به‌رگری (عه‌لی ڕه‌عد) گۆڵی یه‌كه‌می تۆمار كرد، به‌ڵام له‌ نیوه‌ی دووه‌مدا ئیڤان سلێمان گۆڵی یه‌كسان بوونی بۆ دهۆك تۆمار كرده‌وه‌، به‌م شێوه‌یه‌ دهۆك به‌ 28 خاڵ له‌ پله‌ی شه‌شه‌م دێت، برایه‌تیش به‌ 17 خاڵ له‌ پله‌ی سێزده‌ مایه‌وه‌.

پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ پله‌ی یه‌كه‌م مایه‌وه‌
له‌ یارییه‌كانی ڕۆژی هه‌ینیشدا پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری پێشه‌نگی یانه‌كان میوانداری هه‌ولێری كرد و به‌سێ گۆڵی بێ به‌رانبه‌ر یارییه‌كه‌ی لێبرده‌وه‌ و له‌ پێشه‌نگی یانه‌كان مایه‌وه‌، هه‌ولێریش توشی چواره‌م شكستی له‌سه‌ر یه‌ك بوو، كه‌وته‌ ناوچه‌ی مه‌ترسی دابه‌زین له‌ خوله‌كه‌، (عومه‌ر سه‌دام) دوو گۆڵ و فه‌رهه‌نگ وریا گۆڵه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێرییان تۆمار كرد، به‌مه‌یش پێشمه‌رگه‌ به‌ 37 خاڵ له‌ پله‌ی یه‌كه‌م مایه‌وه‌، هه‌ولێریش 20 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی یازده‌هه‌م دێت.
 له‌ یارییه‌كی تردا ئارارات له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی بووه‌ میوانی گازی باكوور و هه‌ردوو یانه‌ به‌بێ گۆڵ یه‌كسان بوون، به‌مه‌یش ئارارات به‌ 34 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌م مایه‌وه‌ و گازی باكوریش به‌ 18 خاڵ له‌ پله‌ی دوازده‌هه‌م دێت.
له‌ سلێمانیش یانه‌ی نه‌ورۆز دوای دۆڕانه‌كه‌ی گه‌ڕی ڕابردووی له‌گه‌ڵ زاخۆ، ئه‌مجاره‌ قه‌ره‌بووی شكسته‌كه‌ی كرده‌وه و كه‌رناڤاڵی گۆڵی به‌سه‌ر ئاكرێدا تۆمار كرد، نه‌ورۆز به‌ 5 گۆڵ به‌رانبه‌ر به‌ دوو گۆڵ یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌، دیار عه‌لی له‌ ماوه‌ی 40 خوله‌كی نیوه‌ی یه‌كه‌مدا 4 گۆڵی بۆ نه‌ورۆز تۆمار كرد، له‌ نیوه‌ی دووه‌میشدا عومه‌ر بیبۆ گۆڵی پێنجه‌می نه‌ورۆزی كرد، (ئامانج ئه‌كره‌م، عه‌بدوڵڵا كه‌یفی) ـیش گۆڵه‌كانی ئاكرێیان تۆمار كرد، نه‌ورۆز 33 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێیه‌م دێت، ئاكرێیش به‌ 12 خاڵ له‌ پله‌ی كۆتایی مایه‌وه‌.
له‌ دواین یاریشدا زێره‌ڤانی له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی میوانداری شێروانه‌ی كرد و به‌ دوو گۆڵی بێ به‌رانبه‌ر یارییه‌كه‌ی لێبرده‌وه‌ و ژماره‌ی خاڵه‌كانی كرده‌ 29 خاڵ و گه‌ڕایه‌وه‌ خانه‌ی چواره‌م، یانه‌كه‌ی كه‌لاریش به‌م دۆڕانه‌ خاڵه‌كانی له‌ 24 خاڵ وه‌ستاو له‌ پله‌ی هه‌شته‌م دێت.

ڕیزبه‌ندی یانه‌كان دوای كۆتایی یارییه‌كانی گه‌ڕی نۆزده‌هه‌م
1- پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 19 یاری 37 خاڵ
ئارارات 19 یاری 34 خاڵ 2-
3- نه‌ورۆز 19 یاری 33 خاڵ
4- زێره‌ڤانی19 یاری 29خاڵ
5- ده‌ربه‌ندیخان 19 یاری 28 خاڵ
دهۆك 19 یاری 28 خاڵ 6-
7- پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی‌19 یاری 24خاڵ
شێروانه 19 یاری 24 خاڵ 8-
9- هه‌ندرێن 19 یاری 22 خاڵ
10- زاخۆ 19 یاری  22خاڵ
11- هه‌ولێر 19 یاری 20خاڵ
12 – گازی باكور 19 یاری 18 خاڵ
13- برایه‌تی‌ 19 یاری  17 خاڵ
14- ئاكرێ 19 یاری 12خاڵ

خشته‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی بیسته‌م
ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینی داهاتوویش‌ گه‌ڕێكی تری یارییه‌كانی خوله‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن و تیایدا پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری پێشه‌نگی یانه‌كان له‌سه‌ر یاریگه‌ی شه‌قڵاوه‌ ده‌بێته‌ میوانی برایه‌تی، ئاراراتی خاوه‌نی پله‌ی دووه‌میش له‌ یاری لوتكه‌دا و له‌ سه‌ر یاریگه‌ی خۆی میوانداری یانه‌ی نه‌ورۆزی خاوه‌نی پله‌ی سێیه‌م ده‌كات، خشته‌ی سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بن:
برایه‌تی × پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یاریگه‌ی شه‌قڵاوه‌
هه‌ندرێن × زێره‌ڤانی یاریگه‌ی هه‌ندرێن
هه‌ولێر × شێروانه‌  یاریگه‌ی دووه‌می شه‌هید فڕانسۆ هه‌ریری
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ‌× گازی باكوور یاریگه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی‌
ئارارات × نه‌ورۆز یاریگه‌ی ئارارات ‌‌
زاخۆ × دهۆك یاریگه‌ی زاخۆ
ئاكرێ × ده‌ربه‌ندیخان یاریگه‌ی ئاكرێ
سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له‌ كاتژمێر 3:00به‌ڕێوه‌ده‌چن

ڕیزبه‌ندی گۆڵكارانی خولی نایابی كوردستان
1- دیارعه‌لی یانه‌ی نه‌ورۆز 16 گۆڵ
2- - عه‌لی كاكه‌ مینه‌ یانه‌ی شێروانه‌ 9 گۆڵ
3- عومه‌ر سه‌دام له‌ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 8 گۆڵ
4- ئامانج ئه‌كره‌م له‌ یانه‌ی ئاكرێ 7 گۆڵ
5- بارز سه‌رتیپ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 6 گۆڵ
5- ئاسۆ ڕۆسته‌م له‌ یانه‌ی نه‌ورۆز 6 گۆڵ
5- عه‌بدوڵڵا سه‌ربه‌ست یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 6 گۆڵ
5- ئه‌میر میزار پور یانه‌ی ئارارات 6 گۆڵ
6- هۆگر حوسێن له‌ یانه‌ی هه‌ولێر 5 گۆڵ
6- سه‌فین مه‌نسور له‌ یانه‌ی برایه‌تی 5 گۆڵ
6- فه‌رهه‌نگ وریا له‌ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 5 گۆڵ

ئاماره‌كانی گه‌ڕی نۆزده‌یە‌‌م
له‌م گه‌ڕه‌دا 16 گۆڵ تۆمار كران كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی 2،2 گۆڵ بۆ هه‌ر یاریه‌ك، ئه‌مه‌یش ڕێژه‌یه‌كی زیاتره‌ به‌ به‌راورد به‌ یارییه‌كانی گه‌ڕی ڕابردوو، كه‌ ژماره‌ی گۆڵه‌كان 14 گۆڵ بوو له‌و ژماره‌یه‌ كه‌متر بوون.
له‌م گه‌ڕدا یه‌ك لێدانی سزا بۆ یانه‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخان هه‌ژمار ‌كرا و یاریزانان بینجامین ئۆگۆباجی توانی گۆڵ تۆمار بكات و یانه‌كه‌ی به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن به‌رێت‌، یاریزانی یانه‌ی نه‌ورۆز (دیار عه‌لی) له‌م گه‌ڕه‌دا توانی بۆ یه‌كه‌مجار له‌م وه‌رزه‌دا 4 گۆڵ (سوپه‌ر هاتریك) تۆمار بكات و ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له‌ پێشه‌نگی گۆڵكاران بۆ 16 گۆڵ به‌رزبكاته‌وه‌، یاریزانی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر (عومه‌ر سه‌دام) ـیش دوو گۆڵی له‌ دژی یانه‌ی هه‌ولێر تۆمار كرد و گۆڵه‌كانی له‌ 6 گۆڵ كرده‌ 8 گۆڵ و هاته‌ خانه‌ی سێیه‌می گۆڵكاران.
- یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی دوای 117 ڕۆژ توانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، پێشمه‌رگه‌ له‌‌ 11 یاری ڕابردوودا ته‌نیا 4 خاڵی به‌ده‌ستهێنا بوو، له‌ یاری 12 دا توانی تامی سه‌ركه‌وتن بچێژێ
- یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به‌ تۆماركردنی 33 گۆڵ خاوه‌نی زۆرترین گۆڵه‌ تاكو ئێستا، هه‌روه‌ها خاوه‌نی زۆرترین بردنه‌وه‌یه‌، له‌ 19 یاریدا 11 بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌.
- یانه‌ی زێره‌ڤانی خاوه‌نی به‌هێزترین هێڵی به‌رگریه‌ و له‌ 19 یاری ڕابردوودا ته‌نیا 11 گۆڵی لێ تۆمار كراوه‌.
- یانه‌ی ئاكرێیش زۆرترین گۆڵی لێ تۆماركراوه‌ كه‌ 35 گۆڵه و هه‌روه‌ها زۆرترین یاریش دۆڕاوه‌ كه‌ 11 یارییه.
‌‌- دوای به‌ڕێوه‌ چوونی 19 گه‌ڕی یارییه‌كان یانه‌ی هه‌ولێر كه‌مترین گۆڵی تۆمار كردووه‌ كه‌ ته‌نیا 11 گۆڵه‌.
- یانه‌ی گازی باكور زۆرترین یاری یه‌كسان بووه‌ كه‌ 12 یاری له‌ كۆی 19 یاریدا كه‌ ئه‌نجامی داوه.
- یانه‌ی دهۆك كه‌مترین یاری دۆڕاوه كه‌ سێ یارییه و له‌ هه‌موو یانه‌كانی تر كه‌متره.‌

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler