ئازار 22, 2019

‌ هه‌ژار ئه‌حمه‌د: خه‌ون به‌ پۆشینی دریسی هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانه‌كه‌م ده‌بینم

هه‌ژاری ته‌مه‌ن 28 ساڵان، سه‌ره‌تای یاریی كردنی له‌ تیپه‌ میلیه‌كانی كه‌لار بووه‌، له‌ تیپه‌كانی وه‌ك میلی به‌رده‌سوور و ئاشتی یاریی كردووه‌، دواتر له‌ وه‌رزی 2010 بۆ 2011، بانگهێشتی یانه‌ی شێروانه‌ كراوه‌، ماوه‌ی دووساڵ یاریی بۆ شێروانه‌ی كه‌لارییه‌كان كردووه‌، دواتر روویكردۆته‌ یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان و ئه‌وه‌ ماوه‌ی 5 ساڵه‌ له‌ و یانه‌یه‌ یاریی ده‌كات، هه‌ژار له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی كوردستان ئاستێكی نایاب پێشكه‌ش ده‌كات، یه‌كێكه‌ له‌ گۆڵپارێزه‌ باشه‌كانی ئه‌م خوله‌، ژماره‌ی پێوانه‌یشی تۆمار كردووه‌، 425 خوله‌ك تۆڕه‌كه‌ی به‌ پاكی راگرتووه‌، كوڕه‌ كه‌لارییه‌كه‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی رۆژنامه‌ی هه‌وڵێر ده‌داته‌وه‌.

*چیت هه‌یه‌ بۆ به‌شداریكردنت له‌ خولی كوردستان؟
- من پێشووتریش دوو وه‌رز به‌شداربوومه‌ له‌ خولی نایابی كوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا جیاوازه‌ و له‌ تیپێكی تره‌، به‌هۆی یاریی كردنم بۆ ده‌ربه‌ندیخان هه‌ست به‌ دڵخۆشیه‌كی زۆر ده‌كه‌م.
*هۆكاری ئاماده‌بوونی ئه‌م هه‌موو هانده‌ره‌ چیه‌ له‌ یاریگای ده‌ربه‌ندیخان؟
- به‌ڕاستی به‌ دڵسۆزی یاریی كردنمان، سه‌رباری كه‌می بودجه‌ و ئه‌نجامه‌ باشه‌كان و تێكه‌ڵاویمان له‌گه‌ڵ هانده‌ران ئه‌مانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بوونه‌ته‌ هه‌وێنی خۆشه‌و‌یستی نێوان ئێمه‌ و هانده‌ران و ئاماده‌بوونیان له‌ یاریگادا هه‌موو شتێكه‌ بۆ ئێمه‌.
* گرێبه‌ستت بۆ هاتووه‌؟
- به‌ڵێ بۆم هاتووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ یانه‌كانی كوردستانی و عێراقی له‌ ئێستاشدا له‌ گفتوگۆدام، به‌ڵام تا ئیستابه‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی رێكنه‌كه‌وتووینه‌.
* خه‌ونی وه‌رزشیت چییه‌؟
- هه‌موو یاریزانێك خه‌ون به‌ پۆشینی درێسی هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی ده‌بینێت، منیش هیوادارم رۆژێكدا بێت درێسی هه‌ڵبژارده‌ی كوردستان بپۆشم.
* له‌ هیچ هێرشبه‌رێك ترست هه‌یه‌؟
- وه‌ك هێرشبه‌ر ترسم له‌هیچیان نییه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیاریی كراو، به‌ڵام حساب بۆ هه‌موو هێرشبه‌رێك ده‌كه‌م به‌ وردی چاودێری جوله‌كانیان ده‌كه‌م.
* چیت هه‌یه‌ بۆ هانده‌رانی ده‌ربه‌ندیخان؟
- هانده‌رانی ده‌ربه‌ندیخان لای من زۆر خۆشه‌و‌یستن و بۆمن یاریزانی ژماره‌ یه‌كن نه‌ك دوازده‌، چونكه‌ رۆڵ و كاریگه‌یان له‌سه‌ر ئیمه‌ زۆره‌.
* به‌ كام گۆڵپارێزی نێوخۆ و جیهانی سه‌رسامیت؟
- من سه‌رسامم به‌ دلێر حاته‌م گۆڵپارێزی یانه‌ی هه‌ولێر و پێشووی یانه‌كانی هه‌ندرێن و زێره‌ڤانی، له‌ جیهانیش به‌ مانوێل نۆیه‌ر سه‌رسامم.
* چیت هه‌یه‌ بۆ ئه‌و 425 خوله‌كه‌ی كه‌ تۆڕه‌كه‌ به‌ خاوێنی هێشته‌وه‌؟
- هه‌ستێكی خۆشم هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نها به‌من ناكرێت به‌ڵكو هه‌موو به‌رگریكاره‌كا ن و یاریزانه‌كان به‌شدارن، ئێمه‌ وه‌ك یه‌ك تیپ یاریی ده‌كه‌ین و هاوكاری یه‌كتر ده‌كه‌ین.

 

بارزان ئەكرەم - هەولێر

© 2017 Hawler