ئایار 21, 2019

گه‌رمیان یاریی لوتكه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت و، هه‌ولێریش كلاسیكۆی كوردستان لە ئامێز دەگرێت

له ‌گه‌ڕی هه‌ژده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان ئه‌مڕۆ و سبه‌ی هه‌ینی، چه‌ند یارییه‌كی گرینگ و به‌هێز ئه‌نجام ده‌درێن، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش كات (2:45) خوله‌ك به‌ڕێوه ‌ده‌چێت، ئه‌م گه‌ڕه‌ یاریی چاره‌نووسساز و هه‌ستیاریی تێدایه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ریزی پێشه‌وه‌ به‌سه‌ر كه‌وتن به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌ ململانێكردنیان له‌سه‌ر ناسناوه‌كه‌ و ئه‌وانه‌شی له‌ ناوچه‌ی سوورن هه‌وڵی مانه‌وه‌ ده‌ده‌ن، ئاستی یانه‌كان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، به‌شێك له‌ ئه‌نجامه‌كانیش پێچه‌وانه‌ی پێشبینییه‌كانه‌، هه‌ندێك له‌ یانه‌كانیش له‌ رووی هونه‌رییه‌وه‌ له‌ كاتی یارییه‌كان زۆر هه‌ژار ده‌رده‌كه‌ون، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ یارییه‌كان شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان و بارودۆخی یانه‌كان و گۆڕانكاریه‌ تازه‌كان ده‌كات، كه‌ له‌ یاریگا و تیپه‌كان رووده‌ده‌ن.

ئارارات له‌ پیرمام له‌گه‌ڵ هه‌ندرێن دێربی هه‌ولێر ئه‌نجا ده‌ده‌ن
ئه‌مرۆ پێنچشه‌مه‌ له‌ پیرمام ئارارات له‌ یاریگای خۆی میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ بۆ ئاراراتیه‌كان زۆر گرینگه‌، چونكه‌ گه‌ری رابردوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆیان له‌ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیان برده‌وه‌ و جارێكیتر خۆیان بۆ كێبڕكێی ناسناوه‌كه‌ رێكخسته‌وه‌، ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌دی راهێنه‌ر، ئه‌م یارییه‌ به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن و چاوه‌ڕێی شكستی تیپه‌كی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی ده‌كه‌ن تا بگه‌نه‌ پله‌ی یه‌كه‌م، ئارارات (30) خاڵی له‌ هه‌گبه‌دایه‌ و پله‌ی سێیه‌می گرتووه‌، ئارارات له‌ خوله‌كه‌ له‌ ژماره‌ی بردنه‌وه‌ی یارییه‌كان دووه‌مه‌، به‌ 9 بردنه‌وه‌ له‌ دوای پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری دراوسێی دێت.
هه‌ندرێنیش له‌ بارودۆخێكی باشدایه‌ و هیچ فشارێكی له‌سه‌ر نییه‌، به‌ته‌واوی له‌ناوچه‌ی سوور دووركه‌وتۆته‌وه‌، تاراده‌یه‌كی زۆر مه‌ترسی دابه‌زینی له‌ ئیستادا له‌سه‌ر نییه‌، ئه‌مه‌ش وای لێده‌كات به‌ پێچه‌وانه‌ی ئارارات ده‌ربكه‌وێت، له‌ كاتێكدا ئارارات هه‌ڵوه‌دای گه‌یشتنه‌ به‌ لوتكه‌، گه‌ڕی رابردووش له‌ یاریگای خۆیان به‌ (2-1) له‌ ئاكرییان برده‌وه‌ و كۆی خاڵه‌كانیان گه‌یانده‌ (22) خاڵ و پله‌ی هه‌شته‌م به‌شیانه‌.

شێروانه‌ و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ لوتكه‌دا به‌یه‌كده‌گه‌ن،هه‌موو گه‌رمیان چاوه‌ڕێی ئه‌م یارییه‌ ده‌كات
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ شێروانه‌ له‌ یاریگەی خۆی میوانداری پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری خاوه‌ن پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندیه‌كه‌ ده‌كات، شێروانه‌ له‌ ئان و ساتیكی گونجاودایه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕی رابردوو له‌ نێو یاریگای دهۆك یه‌كه‌م بردنه‌وه‌ی مێژووی له‌ به‌رامبه‌ر دهۆك به‌ده‌ستهێنا و یه‌كه‌م شكستیشی له‌یاریگای دهۆك له‌م وه‌رزه‌دا به‌ دهۆكییه‌كان نۆش كرد، له‌ رووی ده‌روونی و جه‌ستیه‌وه‌ به‌ته‌واوی بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ن، هێلی پێشه‌وه‌ی شێروانه‌ خاڵی به‌هیزی تیپه‌كه‌ن، كه‌ توانیویانه‌ 22 گۆڵ بكه‌ن، له‌ ژماره‌ی گۆڵكردن له‌ سێیه‌م تیپن، ئێستا خاوه‌نی (23) خاڵه‌ و خانه‌ی حه‌وته‌می گرتووه‌.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، بارودۆخی زۆر باشه‌، چونكه‌ گه‌ڕی رابردوو له‌ نیو یاریگای زێره‌ڤانی له‌ سه‌رسه‌خترین ركابه‌ره‌كانی خۆی برده‌وه‌، سێ خاڵیش خۆی له‌ ركابه‌ركانی دوورخسته‌وه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش تواناكانی ئیڤان خالیدی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی كارتی زه‌رد یاریی نه‌كرد، سه‌میر بابۆ ئه‌م یارییه‌ وه‌ك یاریی كۆتایی ده‌بینی، چونكه‌ بردنه‌وه‌یان له‌م یارییه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر له‌ ناسناوه‌كه‌یان نزیك ده‌كاته‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر خاوه‌نی 33 خاله‌و پله‌ی یه‌كه‌می گرتووه‌، به‌هێزترین هێلی هێرشبه‌ری رهه‌یه‌، كه‌ تا ئیستا 29 گۆڵیان تۆماركردووه‌.
ئاكرێ و گازی باكوور یاریی مان و نه‌مان ده‌كه‌ن
ئاكرێ له‌ یاریگای خۆی میوانداری گازی باكووری نوێنه‌ری كه‌ركوكیه‌كان ده‌كات، بارودۆخی ئاكرێ باش نییه‌، تا دێت له‌ لێواری دابه‌زین نزیك ده‌بنه‌وه‌، هه‌موو گۆڕانكاری و هه‌وڵه‌كانیانبۆ مانه‌وه‌ شكستیهێناوه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت له‌ رێگای گازی باكووره‌وه‌ هه‌نگاوی مانه‌وه‌ی ده‌ستپێبكات، گه‌ری رابردووش به‌ هه‌ندرێن دۆڕا، ئاكرێ خاوه‌نی 11 خاڵه‌ و پله‌ی چوارده‌یه‌می گرتووه‌، لاوازترین هێلی به‌رگری هه‌یه‌ تا ئیستا 30 گۆڵی خواردووه‌، زۆرترین دۆڕانیشی هه‌یه‌ به‌ 10 دۆڕان.
گازی باكووریش ئه‌وه‌نده‌ له‌ ئاكرێ باشتر نییه‌ و ته‌نها سێ خاڵ له‌ ناوچه‌ی سوور و مه‌ترسیدار دووره‌، هه‌موو ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ بۆ وه‌رزی داهاتوو له‌ نایابی كوردستان بمێنه‌وه‌، گه‌ڕی رابردووش له‌یاریگای خۆی به‌ زاخۆ دۆڕا، بۆیه‌ تیپه‌كه‌ شله‌ژاوه‌ و ئا‌ست و ئه‌نجامی وه‌ك پێویست نییه‌، له‌ ماوه‌ی داهاتووش پاڵاوتنه‌كانی پله‌ یه‌كی عێراقی له‌ پێشه‌، گاز خاوه‌نی 16 خاڵه‌ و ته‌نها سێ خاڵ له‌ ناوچه‌ی دابه‌زین دووره‌.

هه‌ولێر و دهۆك له‌ كلاسیۆكی كوردستان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
سبه‌ی هه‌ینی هه‌ولێر له ‌یاریگەی دووه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری میوانداری دهۆك ده‌كات، تیپه‌كه‌ی عه‌بدوڵا مه‌حمود دوای دوو دۆڕانی یه‌ك به‌دوای یه‌ك ئه‌مجاره‌ له‌ یارییه‌كی به‌هێز رووبه‌ڕووی دهۆك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ بارودۆخی ئه‌وانیش وه‌ك پێویست نییه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ زه‌ردپۆشه‌كانی قه‌ڵا له‌ توانانكانی ئیبراهیم ئه‌زوه‌ر بێبه‌ش ده‌بن به‌هۆی كه‌له‌كه‌بوونی كاره‌ت زه‌رده‌كانیه‌وه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام یاریی ئه‌م دو تیپه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ تام و چێژێكی زیاتری هه‌یه‌ و به‌كلاسیكۆی كوردستان ناوزه‌ند ده‌كرێت، هه‌ولێر خاوه‌نی 20 خاڵه‌ و خانه‌ی ده‌یه‌می گرتووه‌.
دهۆكی میوانی هه‌ولێر له‌ خراپترین بارودۆخی دایه‌، ئه‌مه‌ حه‌وت یارییه‌ له‌گه‌ل بردنه‌وه‌ نێوانیان تێكچووه‌، ته‌نانه‌ت گه‌ڕی رابردوو یه‌كه‌م یاریی له‌ یاریگای خۆی بۆیه‌كه‌مجار به‌ شێروانه‌ی گه‌رمیانییه‌كان دۆڕا، به‌ڵام هه‌ولی خۆرێكخستنه‌وه‌ ده‌دات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هارون ئه‌حه‌مه‌د ی ناوه‌ڕاستكاری گه‌ڕانده‌وه‌ ریزه‌كانی، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ گۆڵپارێز عیماد غانم واژۆ كردووه‌، كه‌ پیشووتر بۆ یانه‌كانی گاره‌ و به‌له‌د و عومال و موسل كردووه‌، بۆیه‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی بادینان ده‌یه‌وێت له‌ هه‌ولێر بباته‌وه‌، جارێكیتر به‌ بردنه‌وه‌ شاد بێته‌وه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش به‌هۆی ئه‌نجامه‌ خراپه‌كان له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی كارگێریه‌وه‌ سزای دارای دران، دهۆك خاوه‌نی 24 خاڵه‌ و پله‌ی شه‌شه‌می داگیر كردووه‌.

پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و زێره‌ڤانی له‌ یه‌ك بارودۆخدا رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌
 پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له‌ یاریگای خۆی میوانداری زێره‌ڤانی نوێنه‌ری بادینان ده‌كات، دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌رسه‌لان جه‌لالی راهێنه‌ری پێشمه‌رگه‌ یاسین مه‌نافی وه‌ك جێگره‌وه‌ی ده‌ستنیشانكرد، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌م راهێنه‌ره‌یه‌ له‌م وه‌رزه‌دا، سه‌وزپۆشه‌كانی سلێمانی ده‌ یارییه‌ نه‌یان بردۆته‌وه‌، له‌ كۆی 30 خاڵ ته‌نها سێ خاڵی بۆ خۆی بردووه‌، ئه‌وانی تری به‌خشیوه‌ته‌ ركابه‌ره‌كانی، ئه‌مه‌ش هۆكاری راسته‌قینه‌ی دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌ره‌سه‌لانی راهینه‌ر بوو، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به‌ 20 خاڵ خانه‌ی نۆیه‌می گرتووه‌.
زێرڤانی گه‌ڕی رابردوو له‌ یاریگای خۆی تووشی شكستێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو هات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوو گه‌ڕی پێشووتر‌ به‌ ئاستێكی باش ده‌ركه‌وتبوو، هیوای بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ی لا زیندوببوه‌وه‌، به‌ڵام به‌ دۆڕانیان دژی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ئه‌ركی بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ زه‌حه‌مت بووه‌، زێره‌ڤانی 25 خاڵی له‌ هه‌گبه‌دایه‌ و پله‌ی پێنجه‌م به‌شیه‌تی، هیوای بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه‌ی ماوه‌، به‌ڵام ئه‌ركی قوورس و زه‌حمه‌ته‌.

زاخۆ ده‌یه‌وێت سه‌ركه‌وتنه‌كانی نه‌ورۆز رابگرێت
زاخۆ له‌ یاریگای خۆی میوانداری نه‌ورۆز ده‌كات، بۆ ئه‌م یارییه‌ش به‌ته‌واوی ئاماده‌یه‌ قۆناخی دووه‌میش ئاستی به‌ره‌و هه‌ڵكشانه‌ و گه‌ڕی ربرادووش له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی له‌ گازی باكووری برده‌وه‌، ئه‌مه‌ هێزی زاخۆ نیشان ده‌دات، له‌ یاریگای خۆشی بردنه‌وه‌ لێی ئه‌سته‌مه‌، ئێستا زاخۆیه‌كان به‌ته‌واوی بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌ن، له‌ رووی ده‌روونی و جه‌سته‌یه‌وه‌، زاخۆ زۆرترین یه‌كسان بوونی هه‌یه‌ به‌ 10 یاریی و 19 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی یازده‌یه‌م دێت.
نه‌ورۆز، له‌ باشترین ئان و ساتی دایه‌، سێ یارییه‌ نۆ گۆڵ و نۆ خاڵی كۆكردۆته‌وه‌، به‌ جیاوازی سێ خاڵ به‌دوای پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێره‌وه‌یه‌، كه ‌له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌م دێت، به‌ ئاستێكی باش ده‌رده‌كه‌ون، له‌ رووی هێرشبه‌ریه‌وه‌ ترسناكترین تیپن، چونكه‌ گۆڵكاری خوله‌كه‌ حه‌مكه‌ی هێرشبه‌ره‌ به‌ 12 گۆڵ، ئاسۆ رۆسته‌میش به‌ 6 گۆڵ گۆڵكاری دووه‌می تیپه‌كه‌یه‌، له‌ قۆناخی دووه‌میش باشترین ئاستیان نیشانداوه‌، خاوه‌نی 30 خاڵن و پله‌ی دووه‌میان گرتووه‌ و له‌ ڕوو بردنه‌وه‌ش دووه‌م تیپن به‌ 8 بردنه‌وه‌.

برایه‌تی له‌ شه‌قڵاوه‌ پێشوازی له‌ ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات
برایه‌تی له‌ یاریگای شه‌قڵاوه‌ یاریی ده‌كات، دوور له‌ خاك و جه‌ماوه‌ری خۆی، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌و سزایه‌ی له‌ لایه‌ن فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی كوردستانه‌وه‌ به‌سه‌ری داسه‌پێنرا، ده‌بێت سێ یاریی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی ئه‌نجام بدات، ئه‌مه‌ دووه‌م یارییه‌تی له‌ یاریگایه‌، بۆ سبه‌ی هه‌ینیش میوانداری ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، كه‌ ئاستێكی چاوه‌ڕواننه‌كرا و نیشان ده‌دات، برایه‌تی ته‌نها بردنه‌وه‌ دادی ده‌دات، ئه‌گه‌رنا هه‌ر ئه‌نجامێكی دیكه‌ تا راده‌یه‌كی زۆر له‌ مانه‌وه‌ بێهیوای ده‌كات، به‌ تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ركابه‌ره‌ نزیكه‌كانی بیبه‌نه‌وه‌، سه‌وزپۆشه‌كانی پایته‌خت ته‌نها 13 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی سێزده‌یه‌م دێن.
ده‌ربه‌ندیخانیش به‌ پێچه‌وانه‌ی بۆ چوونه‌كان له‌ قۆناخی دووه‌م ئاستێكی جێگیر نیشان ده‌دات، كه‌واته‌ خاڵی به‌هێزی شین پۆشه‌كانی گه‌رمیان له‌ به‌رگری دایه‌، گۆڵپارێزه‌كه‌شی هه‌ژار ئه‌حمه‌د (405) خوله‌كه‌ گۆڵی لێتۆمار نه‌كراوه‌، بۆیه‌ ده‌بنه سه‌رئێشه‌یه‌كی ته‌واو بۆ هێرشبه‌رانی برایه‌تی، له‌ رووی ده‌روونی و جه‌سته‌یشه‌وه‌ ته‌واو ئاماده‌ن، ده‌ربه‌ندیخان 25 خاڵی هه‌یه‌ و پله‌ی چواره‌م به‌شیه‌تی.

© 2017 Hawler