ئایار 21, 2019

خولی نایابی كوردستان، گەڕێكی ئاگرین و جیاوازی به‌ڕێ كرد

له‌ گه‌ڕی حه‌ڤده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر پارێزگاری له‌ پله‌ی یه‌كه‌م كرد و دوای ئه‌وه‌ی له‌ ده‌رەوه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌ گۆڵێكی بێ به‌رانبه‌ر له‌ زێره‌ڤانی برده‌وه‌، نه‌ورۆز و ئاراراتیش به‌ بردنه‌وه‌ له‌ برایه‌تی و پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی پارێزگاریان له‌ خانه‌ی دووه‌م و سێیه‌م كرد، یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخانیش له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی به‌رده‌وامه‌ و شه‌شه‌م بردنه‌وه‌ی له‌م وه‌رزه‌ به‌ده‌ست هێنا و هاته‌ خانه‌ی چواره‌می ڕیزبه‌ندی یانه‌كان.

پێشمه‌رگه‌ له‌ زێره‌ڤانی برده‌وه‌ و له‌ پێشه‌نگ مایه‌وه
له‌ یارییه‌كانی گه‌ڕی حه‌ڤده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی بردنه‌وه‌یه‌كی گرنگی به‌ده‌ستهێنا و به‌ گۆڵێكی بێ به‌رانبه‌ر له‌ زێره‌ڤانی برده‌وه‌، فه‌رهه‌نگ وریا گۆڵی سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه‌ی تۆمار كرد، به‌م ئه‌نجامه‌یش پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر خاڵه‌كانی بۆ 33 خاڵ به‌رزكرده‌وه‌ و پارێزگاری له‌ پله‌ی یه‌كه‌م كرد، زێره‌ڤانیش 25 خاڵی هه‌یه‌ له‌ پله‌ی پێنجه‌م دێت.
له‌ یارییه‌كی تردا له‌ شاری سلێمانی یانه‌ی نه‌ورۆز سێیه‌م سه‌ركه‌وتنی له‌ دوای یه‌كی به‌ده‌ستهێنا و به‌ سێ گۆڵ به‌رانبه‌ر به‌ گۆڵێك له‌ برایه‌تی برده‌وه‌، ئه‌مه‌یش سێیه‌م یارییه‌ به‌ ڕاهێنه‌رایه‌تی (پرسیار عه‌بدولڕه‌زاق) نه‌ورۆز سێیه‌م بردنه‌وه‌ تۆمار ده‌كات و له‌ هه‌ریارییه‌كه‌یشدا سێ گۆڵی تۆمار كردووه‌، گۆڵه‌كانی نه‌ورۆز (كامه‌ران خالید، دیار عه‌لی، ئاسۆ ڕۆسته‌م) تۆمارییان كرد و گۆڵی برایه‌تیش وڵات عه‌مێ تۆماریكرد، نه‌ورۆز 30 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی دووه‌م دێت، برایه‌تیش به‌ 13 خاڵ خانه‌ی سێزده‌هه‌می گرتووه‌.
له‌ هه‌ولێریش هه‌ندرێن میوانداری یانه‌ی ئاكرێی كرد و به‌ دوو گۆڵ به‌رانبه‌ر به‌ گۆڵێك یارییه‌كه‌ی لێ برده‌وه، كه‌ ئه‌مه‌ دۆڕانی ده‌یه‌مه‌ بۆ ئاكرێ له‌م وه‌رزه‌دا، گۆڵه‌كانی هه‌ندرێن ( مه‌حه‌مه‌د مه‌غدید،مه‌حه‌مه‌د مه‌حه‌مه‌دیان) تۆمارییان كرد و گۆڵه‌كه‌ی ئاكرێیش مه‌حه‌مه‌د حه‌مه‌ له‌ دوا خوله‌كه‌كاندا تۆماریكرد، هه‌ندرێن خاڵه‌كانی بوون به‌ 22 خاڵ و له‌ پله‌ی هه‌شته‌م دێت، ئاكرێیش به‌ 11 خاڵ له‌ خانه‌ی كۆتایی مایه‌وه‌.

دهۆك تووشی سێیه‌م دۆڕان هات، ده‌ربه‌ندیخانیش هاته‌ خانه‌ی پێنجه‌م‌
له‌ یارییه‌كانی ڕۆژی هه‌نیشدا یانه‌ی ئارارات پارێزگاری له‌ خانه‌ی سێیه‌م كرد و جیاوازی خاڵه‌كانی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری پێشه‌نگی یانه‌كان بۆ 3 خاڵ هێشته‌وه‌، له‌م گه‌ڕه‌دا ئارارات له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌ گۆڵێكی (دلۆڤان شینۆ) له‌ پێشمه‌‌رگه‌ی سلێمانی برده‌وه‌ و به‌ 30 خاڵ و به‌ جیاوازی گۆڵ له‌گه‌ڵ نه‌ورۆز له‌ پله‌ی سێیه‌م مایه‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیش له‌ 10 یاری ڕابردوودا ته‌نیا 3 خاڵی به‌ده‌ستهێناوه‌ و هیچ بردنه‌وه‌یه‌كی نیه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ به‌ 20 خاڵ دابه‌زی بۆ خانه‌ی نۆیه‌م، له‌ دهۆكیش یانه‌ی شێروانه‌ دوای دوو شكست توانی به‌ بردنه‌وه‌ شاد بێته‌وه‌ و به‌ سێ گۆڵ به‌رانبه‌ر به‌ گۆڵێك له‌ دهۆكی برده‌وه‌، (عه‌لی كاكه‌ مینه‌ دوو گۆڵ و مه‌حه‌مه‌د سابیر) گۆڵه‌كانی شێروانه‌یان تۆمار كرد، یاریزان كه‌رار عه‌بدیاسر گۆڵه‌كه‌ی دهۆكی تۆمار كرد، دهۆك حه‌وت یارییه‌ بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌و توشی سێیه‌م دۆڕان بوو له‌ وه‌رزی ئه‌مساڵ و به‌ 24 خاڵ له‌ پله‌ی شه‌شه‌م دێت، شێروانه‌یش‌ 23 خاڵی هه‌یه‌ و خانه‌ی حه‌وته‌می گرتووه‌.
یانه‌ی زاخۆیش له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی به‌ دوو گۆڵی بێ به‌رانبه‌ر له‌ گازی باكوری برده‌وه‌، (لۆكاس سانتۆس و سه‌رمه‌د چیا) گۆڵه‌كانی زاخۆیان تۆمار كرد، زاخۆ خاڵه‌كانی كرده‌ 19 خاڵی و له‌ پله‌ی یازده‌هه‌م دێت، گازی باكوریش به‌ 16 خاڵ له‌ پله‌ی دوازده‌هه‌م مایه‌وه‌.
له‌ یارییه‌كی پڕ هانده‌ریش یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان له‌ ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی به‌رده‌وامه‌ و به‌ دوو گۆڵی بێ به‌رانبه‌ر له‌ هه‌ولێری برده‌وه‌، بینجامین ئۆگۆباجی و مه‌حموود شاكر دوو گۆڵه‌كه‌ی ده‌ربه‌ندیخانیان تۆمار كرد و یانه‌ گه‌رمیانیه‌كه‌یان به‌ 25 خاڵ گه‌یانده‌ خانه‌ی چواره‌م، هه‌ولێریش به‌ 20 خاڵ له‌ پله‌ی ده‌یه‌م دێت.‌

ڕیزبه‌ندی یانه‌كان دوای كۆتایی یارییه‌كانی گه‌ڕی حه‌ڤده‌یه‌م
1- پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 17 یاری 33 خاڵ
نه‌ورۆز 17 یاری 30 خاڵ 2-
 3- ئارارات 17 یاری 30 خاڵ
 4- ده‌ربه‌ندیخان 17 یاری 25خاڵ
 5- زێره‌ڤانی 17 یاری 25 خاڵ
 دهۆك 17 یاری 24 خاڵ 6-
 7- شێروانه‌17 یاری  23خاڵ
 هه‌ندرێن‌ 17 یاری 22 خاڵ 8-
9- پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی 17 یاری 20 خاڵ
10- هه‌ولێر 17 یاری  20خاڵ
11- زاخۆ 17 یاری 19خاڵ
12 – گازی باكور 17 یاری 16 خاڵ
 13- برایه‌تی‌ 17 یاری  13 خاڵ
14- ئاكرێ 17 یاری 11خاڵ

خشته‌ی یارییه‌كانی گه‌ڕی هه‌ژده‌هه‌‌م
ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینی داهاتوویش‌ گه‌ڕێكی تری یارییه‌كانی خوله‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چن و تیایدا له‌ یاریه‌كی به‌هێزدا پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری پێشه‌نگی یانه‌كان ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی شێروانه‌، نه‌ورۆزی خاوه‌نی پله‌ی دووه‌میش له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی زاخۆ خشته‌ی سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بن:
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر × شێروانه‌ یاریگه‌ی شێروانه‌
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی × زێره‌ڤانی یاریگه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی
ئارارات × هه‌ندرێن  یاریگه‌ی ئارارات
هه‌ولێر ‌× دهۆك یاریگه‌ی فڕانسۆ هه‌ریری2 ‌
ئاكرێ × گازی باكور یاریگه‌ی ئاكرێ ‌‌
برایه‌تی × ده‌ربه‌ندیخان یاریگه‌ی برایه‌تی
زاخۆ × نه‌ورۆز یاریگه‌ی زاخۆ
سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له‌ كاتژكێر 2:45 به‌ڕێوه‌ده‌چن

ڕیزبه‌ندی گۆڵكارانی خولی نایابی كوردستان
1- دیارعه‌لی یانه‌ی نه‌ورۆز 12 گۆڵ
2- - عه‌لی كاكه‌ مینه‌ یانه‌ی شێروانه‌ 9 گۆڵ
3- بارز سه‌رتیپ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 6 گۆڵ
3- عومه‌ر سه‌دام له‌ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 6 گۆڵ
3- ئامانج ئه‌كره‌م له‌ یانه‌ی ئاكرێ 6 گۆڵ
3- ئاسۆ ڕۆسته‌م له‌ یانه‌ی نه‌ورۆز 6 گۆڵ
4- عه‌بدوڵڵا سه‌ربه‌ست یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر 5 گۆڵ
4- هۆگر حوسێن له‌ یانه‌ی هه‌ولێر 5 گۆڵ
4- سه‌فین مه‌نسور له‌ یانه‌ی برایه‌تی 5 گۆڵ

ئاماره‌كانی گه‌ڕی حه‌ڤده‌یه‌‌م
له‌م گه‌ڕه‌دا 17 گۆڵ تۆمار كران كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی 2،4 گۆڵ بۆ هه‌ر یاریه‌ك، ئه‌مه‌یش ڕێژه‌یه‌كی زیاتره‌ به‌ به‌راورد به‌ یارییه‌كانی گه‌ڕی ڕابردوو، كه‌ ژماره‌ی گۆڵه‌كان 8 گۆڵ بوو له‌و ژماره‌یه‌ كه‌متر بوون.
له‌م گه‌ڕدا یه‌ك لێدانێكی سزا بۆ یانه‌ی دهۆك هه‌ژمار ‌كرا و یاریزان نێچیرڤان شوكری نه‌یتوانی گۆڵ تۆمار بكات، یاریزانی یانه‌ی نه‌ورۆز دیار عه‌لی له‌م گه‌ڕه‌دا توانی گۆڵێك له‌‌ دژی یانه‌ی برایه‌تی تۆمار بكات و به‌ 12 گۆڵ پێشه‌نگی گۆڵكارانی‌ خوله‌كه‌ی قایمتر كرد، هێرشبه‌ری شێروانه‌یش عه‌لی كاكه‌ مینه‌ له‌ ڕكه‌به‌ری كردنی گۆڵكاری خوله‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌م گه‌ڕه‌دا توانی دوو گۆڵ له‌ یانه‌ی دهۆك تۆمار بكات و به‌ 9 گۆڵ له‌ پله‌ی دووه‌می ڕیزبه‌ندی گۆڵكاران دێت.
‌- ده‌ربه‌ندیخان باشترین یانه‌ی قۆناخی دووه‌مه‌ له‌و مانگه‌ له‌ 4 یاریدا 10 خاڵی كۆكردۆته‌وه‌، 3 بردنه‌وه‌ 1 یه‌كسان بوون هیچ دۆڕانێكی نیه‌.
- ئه‌م گه‌ڕه‌ تاكه‌ گه‌ڕ بوو له‌ كۆی 17 گه‌ڕدا كه‌ هه‌موو یارییه‌كان به‌ بردنه‌وه‌ كۆتاییان پێهات و هیچ یارییه‌ك به‌ یه‌كسان بوون كۆتایی نه‌هات.
- یانه‌ی شێروانه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی خۆیدا له‌ خولی نایابدا له‌ یانه‌ی دهۆكی برده‌وه.
- هێرشبه‌ری یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر فه‌رهه‌نگ وریا له‌م وه‌رزه‌ له‌ هه‌موو یارییه‌كاندا به‌شێوه‌ی یه‌ده‌گ به‌شداریكردووه‌ و بۆته‌ فریاد ڕه‌سی تیپه‌كه‌ی، ناوبراو 4 گۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌ كۆتا خوله‌كه‌كاندا بۆ پێشمه‌رگه‌ تۆماركردووه، له‌ دواین یاریشدا دوای به‌شداریكردنی گۆڵی بردنه‌وه‌ و سێ خاڵی یارییه‌كه‌ی له‌ تۆڕی یانه‌ی زێره‌ڤانی تۆمار كرد، له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ یارییه‌كانی ئاكرێ و زاخۆ و گازی باكوریشدا به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌ به‌شێوه‌ی یه‌ده‌گ به‌شداریكردووه‌ و گۆڵی دڵنیای بۆ تیپه‌كه‌ی تۆمار كردووه‌.‌
- ‌گۆڵپارێزی یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان (هه‌ژار ئه‌حمه‌د) بۆ ماوه‌ی 360 خوله‌كه‌ گۆڵی لێ تۆمار نه‌كراوه‌. - یانه‌ی دهۆك بۆ حه‌وته‌مین یارییه‌ ناتوانێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.
- یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ماوه‌ی 83 ڕۆژه‌ هیچ یارییه‌كی نه‌بردۆته‌وه‌ و له‌ 10 یاری ڕابردوودا ته‌نیا 3 خاڵی به‌ده‌ستهێناوه‌.
- یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به‌ تۆماركردنی 29 گۆڵ خاوه‌نی زۆرترین گۆڵه‌ تاكو ئێستا.
- یانه‌ی زێره‌ڤانی خاوه‌نی به‌هێزترین هێڵی به‌رگریه‌ و له‌ 17 یاری ڕابردوودا ته‌نیا 10 گۆڵی لێ تۆمار كراوه‌.
- یانه‌ی ئاكرێیش زۆرترین گۆڵی لێ تۆماركراوه‌ كه‌ 30 گۆڵه و هه‌روه‌ها زۆرترین یاریش دۆڕاوه‌ كه‌ 10 یارییه.
‌‌- دوای به‌ڕێوه‌ چوونی 17 گه‌ڕی یارییه‌كان یانه‌ی هه‌ولێر كه‌مترین گۆڵی تۆمار كردووه‌ كه‌ ته‌نیا 10 گۆڵه‌.
- یانه‌كانی زاخۆ، گازی باكور زۆرترین یاری یه‌كسان بوون كه‌ 10 یاری له‌ كۆی 17 یاریدا كه‌ ئه‌نجامی داوه.
- یانه‌كانی دهۆك و نه‌ورۆز كه‌مترین یاری دۆڕاون‌ كه‌ سێ یارییه.

حه‌وته‌م ڕاهێنه‌ر له‌ خولی نایاب وازی له‌ پۆسته‌كه‌ی هێنا
دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی بۆ ماوه‌ی 10 یاری بوو نه‌یبرده‌وه‌ و له‌ دواین یاریشدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی ئارارات دوچاری شكست بوو، (ئه‌رسه‌لان جه‌لال) ـی ڕاهێنه‌ر له‌ دوای یارییه‌كه‌دا ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ پۆستی ئه‌و یانه‌یه‌ ڕاگه‌یاند، ڕاهێنه‌ره‌كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌یامێكدا ماڵئاوای له‌ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و ته‌واوی كارگێڕی یانه‌كه‌ و ستافی ڕاهێنه‌رانی یانه‌كه‌ی كردووه‌، ناوبراو حه‌وته‌مین ڕاهێنه‌ره‌ كه‌ له‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابدا له‌ پۆسته‌كه‌ی نامێنێت، ئه‌و ڕاهێنه‌رانه‌ی كه‌ له‌م وه‌رزه‌دا وازیان هێناوه‌ ئه‌مانه‌ن:
ڕاهێنه‌ری ئاكرێ مه‌حموود مه‌جید وازی هێنا و عه‌لی هیلال له‌ شوێنی ئه‌و ده‌ست به‌كار بوو.
له‌ یانه‌ی گازی باكور قاسم مه‌حه‌مه‌د له‌ پۆسته‌كه‌ی نه‌ما وعیماد قادر شوێنی ئه‌وی گرته‌وه‌، برایه‌تی دوو جار ڕاهێنه‌ری گۆڕیوه‌، یوسف كاكی له‌ پۆسته‌كه‌ی نه‌ما و فازڵ عه‌باس شوێنی گرته‌وه‌ و دوای سێ یاری فازڵ عه‌باسیش نه‌ما و فاتح حه‌مه‌خان شوێنی گرته‌وه‌، له‌ یانه‌ی شێروانه‌ سه‌ردار مه‌جید له‌ پۆسته‌كه‌یدا نه‌ما و وه‌لید مه‌حه‌مه‌د له‌ شوێنی ئه‌و ده‌ست به‌كار بوو، له‌ یانه‌ی نه‌ورۆز خه‌سره‌و گورون وازی له‌ پۆسته‌كه‌ی هێنا و پرسیار عه‌بدولڕه‌زاق شوێنی گرته‌وه‌، دواین ڕاهێنه‌ریش ئه‌رسه‌لان جه‌لال بوو كه‌ وازی هێنا و شوێنگره‌وه‌ی دیاری نه‌كراوه‌.

 

هێمن ئەسكەندەر - هەولێر

© 2017 Hawler