تشرینی دووەم 16, 2018

لە هاتریكی ڕۆماریۆوە تا گۆڵە ورەبەخشەكەی كۆتینیۆ

كەم نین ئەو یاریزانە بەڕازیلییانەی چوونەتە ناو مێژووی یانەی بارسێلۆنا و لە كامپ نۆ وەكوو ئەستێرە درەوشاونەتەوە و زۆر بە زوویی چوونەتە ناو دڵی هاندەرانی یانەكە، هەر بۆیە دوای هاتنی كۆتینیۆ دوایاریزانی بەڕازیلی یانەی بارسێلۆنا، چاوەڕوانی درەوشانەوەی لێ دەكرا و ئەویش زۆر بە زوویی چووە ناو دڵی هاندەرانی یانەكەی، بە تایبەت سەبارەت بەو گۆڵە ورەبەخشەی كە ڤالێنسیای كرد.
دوا ئەستێرەی بەرازیلی كۆتینیۆیە، كە ئەوەندە نابێ لە لیڤەرپوولەوە بۆ بارسێلۆنا گوازراوەتەوە لە یاریییە ئەستەمەكەی ناو یاریگەی ڤالێنسیا توانی یەكەم گۆڵی خۆی بە درێسی بارسێلۆنا تۆمار بكات، گۆڵێكی تەواو هەستیار كە بەجۆرێك توانی بارسێلۆنا بگەیەنێتە یاریی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا.

ڕۆماریۆ:
یەكەم ئەستێرەی بەڕازیلی كە لە بیستوپێنج ساڵی ڕابردوودا لە بارسێڵۆنا درەوشایەوە، ڕۆماریۆ بوو. ئەو ساڵی 1933 لە ئایندهۆڤنەوە بۆ بارسێلۆنا گوازرایەوە و یەكەم گۆڵی خۆی بەرنبەر بە یانەی ڕیاڵ سۆسیەداد لە كامپ نیۆ تۆماركرد. ڕۆماریۆ سێ هەلی گۆڵی گواردیۆلای قۆستەوە و بەو سێ گۆڵی یەك لە یەك جوانتری تۆماركرد و بوو بە ئێستێرەی یانەكەی لەو یارییەدا و بەو هاتریكە دەستپێكێكی ناوازەی لە بارسێلۆنادا هەبوو.

رۆناڵدۆی بەڕازیلی:
ڕۆناڵدۆ نازاریۆ، دیاردەی تۆپی پێی بەڕازیل ساڵی 1996 لە ئایندهۆڤنەوە گوازرایەوە و درێسی یانەی بارسێلۆننای پۆشی و هەموو لایەنگرانی تۆپی پێی تووشی سەرسووڕمان كرد. یەكەم گۆڵی ڕۆناڵدۆ بۆ بارسێلۆنا لە "سوپەر جام"ـی ئیسپانیا بەرانبەر بە ئەتلتیكۆ مەدردی تۆماركرا. هەرچەند ڕۆناڵدۆ ئاستێكی باشی پێشكەش كرد و بەو ماوە كەمەی لە بارسێلۆنادا مایەوە دڵی هاندەرانی پێكا، بەڵام دوای ساڵێك ڕێگەی ئینتەر میلانی گرتەبەر.

ریڤاڵدۆ:
ئەستێرەیەكی ناوازەی جیهانی تۆپی پێ، یاریزانێكی هێڵی ناوەڕاست كە لە زۆر لە یاریزانە هێرشبەرەكان زیاتر درەوشایەوە و ناوبانگی پەیدا كرد. ڕیوڤاڵدۆ ساڵی 1997 یانەی بارسێلۆنای هەڵبژارد و لە دوایین ڕۆژانی گواستنەوەی یاریزاناندا یانەی دیپۆرتیۆی بەرەو كامپ نیۆ جێ هێشت.ڕیواڵدۆ یەكەم گۆڵی خۆی لە مەودای 35 مەترییەوە لە ڕیاڵ سۆسیەداد دا تا وەكوو جێگرەوەیەكی بەتوانای ڕۆناڵدۆ دەسپێكێكی باشی هەبێ.

ڕۆناڵدینهۆ:
ڕۆناڵدینهۆ، ئەستێرە سیحراوییەكەی بەڕازیل ساڵی 2003 لە پی ئێس جییەوە بە هونەری ناوازەی تۆپی پێیەوە ڕێگەی كامپ نیۆی گرتەبەر و زۆر بە خێرایی ئاست و هونەری بەرازیلی پیشان دا و خۆی بە جووڵەیەكی جوان سەلماند و لە سی مەترییەوە لێدانێكی بەهێزی ئاراستەی گۆڵی سڤیلیا كرد و گۆڵچییەكە بۆی نەگیرایەوە و ئەوەش بوو بە یەكەم گۆڵی ڕۆناڵدینهۆی سیحراوی.

دانی ئاڵڤێش:
ئاڵڤێش هێڵی بەرگری، كورتەباڵا و خۆڕاگر و لە تێكهەڵچوونەكاندا بوێر و چاونەترس. یاریزانێكی ئاستبەرزی وردیلە كە ساڵی 2008 یانەی سڤیلیای جێهێشت و درێسی یانەی بارسێلۆنای پۆشی و لە بردنەوەی 5-0 بەرانبەر بە ئەلمێریا یەكەم گۆڵی خۆی پێشكەش بە هاندەرانی یانەكەی كرد.

نێیمار:
هەرچی لەبارەی نێیمارەوە بوترێ، هێشتا كەمە، هەرچەند ئۆینی زۆرە و جاری وایە شتی سەیروسەمەرە دەكات و تەنانەت ئەوانیشی لێ جوانن. نێیمار ساڵی 2013 لە گواستنەوەیەك كە دواتر كۆمەڵێك سەرئێشەی بەدواوەبوون، لە سانتۆزەوە بۆ بارسێلۆنا گوازرایەوە و یەكەم گۆڵی خۆی لە سوپەر جامی ئیسپانیا لە ئەتلتیۆ مەدرید كرد. دەسپێكێكی وەكوو ڕۆناڵدۆ نازاریۆ بەرانبەر بە ئەتلتیكۆ مەدرید ئەویش لە سوپەر جامی ئیسپانیا. بەڵام دەرەوشانەوەی نێیمار لە مێشك و هزری هاندەرانی بارسێلۆنادا دەمێنێتەوە، بە تایبەت ئەنجام و گەڕانەوە سوپەرەكەی بارسیلۆنا بەرانبەر بە پاریس سان جێرمان بە ئەنجامی 6-1 لە كامپ نیۆ.

كۆتینیۆ:
كۆتینیۆی بەڕازیلی ماوەیەكی زۆر بوو دەیویست ببێتە یاریزانی یانەیەك كە دەسكەوتەكانی تیایدا بدروێتەوە و چەند حەوتوو لەمەوبەر یانەی بارسێلۆنای هەڵبژارد، هەرچەند لە چەند یاری

یەكەمی یانەكەیدا بە نیوەچڵی یان لە سەرەتاوە یاریی كرد، بەڵام لە یاریی پێشكۆتایی جامی شای ئیسپانیا یەكەم گۆڵی خۆی بە خۆهاویشتنێكی جوان لە یانەی ڤاڵێنسیا كرد

 

محەمەد شەهدی- هەولێر 

© 2017 Hawler