ئاب 22, 2019

كەی و بۆچی خێزان و قوتابخانە هاوبەشن لە پڕۆسەی فێركردندا؟

 زۆربەی مامۆستایان، تەنانەت هەندێك لە دایكان و باوكانیش لەو باوەڕەدان كە ئەركەكانی ماڵەوە كارێكی لاوەكییە و تەواوكاری پرۆسەی فێركردن و فێربوونی نێو پۆلدایە. ئەوەی ڕاستی بێت ئەم زاراوەیە پڕ بەپێستی خۆی نییە بۆ ئەو پرۆسەیە، بەڵكو (چالاكییەكانی دەرەوەی پۆل) زیاتر گوزارش لەو كردەوە دەكات، لەبەر ئەوەی لە كاتی هەبوونی بینایەكی تەندروست و پەروەردەیی، ئەوە قوتابیان دەتوانن لە دوای دەوامی دەستنیشانكراوی ڕۆژانە هەر لە هۆڵ و باخچەی قوتابخانەدا ئەو ئەرك و چەندین یاری و چالاكییەكانی دیكەیش ئەنجام بدەن و مامۆستایەك چاودێرییان بكات. لە هەر حاڵەتێكی هەڵاوێركردندا كە قوتابخانە دوو شەفت یان زیاتر دەوام بكات، ئەوە چالاكییەكانی دەرەوەی پۆل لە ماڵەوە ئەنجام دەدرێن. ئەمەش حاڵەتێكی ئاسایی نییە، دەبێت وەك كێشەیەكی كاتی سەیربكرێت، هەر كێشەیەكی كاتیش ماوەی زەمەنی دەستنیشانكراوی خۆی هەیە.
هۆكارەكانی دروستبوونی ئەم كێشەیە:
1. نەبوونی بینایەی گونجاو، كە دەبێتە ڕێگر لەجێبەجێكردنی پرۆسەكە، ئەویش بە هۆی بچوكی بینایەكە، یان هەبوونی زیاتر لە دەوامێك لە قوتابخانەكەدا.
2. كەمی پێداویستییەكانی خوێندن، یانیش نەبوونی هۆیەكانی فێركردن.
3. كەمی میلاكی مامۆستایانی پسپۆر لە قوتابخانەكەدا.
4. بایەخنەدان بە شوێنی ئەنجامدانی چالاكییەكان وەكو هۆڵ، كتێبخانە، باخچە، تاقیگەكان، گۆڕەپان...
5. دابیننەكردنی هۆیەكانی گواستنەوەی قوتابیان.
6. كەموكوڕی لە سیستمی بەڕێوەبردنی قوتابخانەكە.
7. لەنگی یانیش ناهاوسەنگی لە پرۆگرامەكانی خوێندندا، بە تایبەتی كە تەنیا پشت بە كتێبێكی دەستنیشانكراو دەبەستێت و لایەنەكانی دیكەی فێربوون فەرامۆش دەكرێت.
هەنگاوە سەرەتاییەكانی چارەسەركردنی كێشەكە:
 لەم حاڵەتەدا، كە پرۆسەی پەروەردە لە مەترسیدایە، دوو لایەن ڕاستەوخۆ بەرپرسیارن لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو لە جێبەجێكرنی بڕگەكانی. یەكەمیان كارگێڕی قوتابخانەیەو دووەمیانیش بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەیەو لەڕێگەی ئەوەوە لایەنەكانی سەرەوەتر. كارەكانی كارگێڕی قوتابخانەش بەم شێوەیە ڕێك دەخرێن:
یەكەم: لە كاتی هەبوونی بۆشاییەكی پسپۆڕی لە ستافی مامۆستایانی قوتابخانەكەدا، ئەوە بەڕێوەبەرەكەی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكەی سەرپەرشیارییەوە دەتوانێت بە زووترین كات ئەو بۆشاییە لەڕێگەی مامۆستای قوتابخانەیەكی دیكە كە بەشەوانەكانی لەو بۆشاییەدا پڕ بكاتەوە. ئەگەر ئەم هەنگاوە دەستەبەر نەبوو، ئەوە بەڕێوبەرەكە دەتوانێت مامۆستایەكی وانەبێژ بە شێوەیەكی كاتی و بەپێی ڕێنماییەكانی دارایی ئەو بۆشاییەی پێ پڕ بكاتەوە.
دووەم: بۆ هەر وانەیەكی خوێندن سێ كتێبی پەسەندكراو هەن، یەكەمیان وەكو پرۆگرامی ساڵی خوێندن، دووەمیان كتێبی ڕابەری مامۆستا، و سێیەمیانیش كتێبی چالاكییەكانی قوتابییە. هەردوو كتێبی یەكەم و دووەم بنەمایەكی سەرەكین لە وانەوتنەوەی نێو پۆلدا، بەڵام ئەوەی سێیەم بۆ كارامەیی قوتابییە كە نێوان لە قوتابخانەو ماڵدا بەكاردێنێت. ئەم پۆلین كردنەیش ئەركی خێزان بە جوانی دەستنیشان دەكات كە سەرەڕای ئەركی پەروەردەییەوە، لەڕووی فێركردنیشەوە بەدواداچوونی كاری منداڵەكەی دەكات بە تایبەتی ئەوەی پێوەندی بە كتێبی سێیەمەوە هەیە.
سێیەم: بەپێی ڕێككەوتنێكی هاوبەشەوە، كە لە نێوان قوتابخانەو خێزاندا دەكرێت، بە تایبەتی ئەگەر یەك دەوامی و پێداویستییەكانی دیكەی خوێندن لە قوتابخانە فەراهەم نەكرابن، یانیش ڕەفتارو هەڵسوكەوتی قوتابی لە ماڵەوە ئاسایی و لەبارنەبێت، بۆ نمونە كاتێكی زۆر لەدەرەوەی ماڵەوە بگوزەرێنێت یانیش ماوەیەكی ڕادەبەدەر خەریكی یاری ئەتاری و تەماشاكردنی تەلەفزیۆن بێت.. بۆ چارەسەركردنی ئەم جۆرە حاڵەتانە دەكرێت بە ڕێككەوتن لە نێوان خێزان و قوتابخانەدا، ئەركی زیاتر بەو قوتابییە بسپێردرێت و بەدواداچوونی بەردەوامیشیان بۆ حاڵەتەكە هەبێت. لەم ڕووەوە ماندووكردنی قوتابی و هەندێك لە بارگرانی خێزان دەبێتە ڕێگەچارەیەكی گونجاو بۆ پاراستنی تەندروستی قوتابی و لە هەمان كاتیشدا ڕاستكردنەوەی هەڵسوكەوتی لەنێو ماڵدا...
 بۆ زیاتر ڕێكخستنی كارەكان لەنێوان قوتابخانە و خێزاندا و دەستنیشانكردنی ئەركەكانیان، وا بە باش دەزانین كە هەندێك ڕێنمایی و ڕوونكردنەوەی پێویست لە لاپەرەیەكی هەر كتێبێكی خوێندندا تۆمار بكرێن، بۆ ئەوەی هەردوو لایەن بە وردی ئەركەكانیان بزانن. لەبارەی بازنەی یەكەمی قۆناغی بنەڕەتییەوەیش ئەگەر دەفتەرێكی بچووكی تایبەت بە پێوەندییەكانی هەردوو لایەن لە نێو هەگبەی قوتابیدا هەبێت بۆ ئەوەی ڕۆژانە یانیش بەپێی پێویست تێبینی و بۆچوونەكانیان تێدا تۆمار بكەن و لەنێوانیاندا ببێتە پۆستەیەكی پەیامداری لێكتێگەیشتنی خێزان و قوتابخانەو پێگەیشتنی قوتابی...
*ڕاوێژكاری پەروەردەیی

© 2017 Hawler