کانونی دووەم 18, 2019

ئەگەر لەكەش و هەوا (تەم) ڕوویدا چۆن مامەڵە بكەین؟

هەموو جارێك لە وەرزی سەختی زستاندا جگە لە سارد و سەرما و باران بەفر و شەختە هەندێ جار كەشو هەوا دەبێتە (تەم) بە شێوەیەك لە دووری چەند مەترێك چاو چاو نابینێ، جا لەو كات و ساتەدا ئەگەری ڕووداوی هاتوچۆ و حاڵەتی چاوەڕواننەكراو دێنە پێشەوە كە زەرەر و زیانێكی زۆر بە خودی مرۆڤ دەگەیەنن.

بۆیە دەبێ بزانین لەو جۆرە كەش و هەوا نالەبارە چۆن هەڵسوكەوت بكەین و زەرەر و زیانەكان كەم بكەینەوە، بە تایبەتی ئەوانەی خاوەن ئیش و كارن و لەو كەش و هەوایە بە ناچاری ئۆتۆمبیل لێدەخوڕن، بۆیە هەموو جارێك بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی كوردستان چەندین ڕێنمایی بە سوود پێشكەشی هاووڵاتیان دەكەن.
بۆ ئەوەی هەموو لایەك پەیڕەوی بكات و لە كارەساتی جەرگبڕ بە دوور بێت كە یەكەمیان ئەوەیە دەبێ شوفێرەكان لەو كەش و هەوایە لایتی نزم بەكار بهێنن بۆ ئەوەی كاردانەوەی خراپ و نێگەتیفی لێ نەكەوێتەوە بۆ كەسی بەرامبەر، چونكە بەداخەوە هەندێك لە شوفێران بە نەشارەزایی فول لایت بەكار دێنن و بێ ئاگان لەوەی كە ئەو جۆرە مامەڵەكردنە كاریگەری خراپ بەجێ دەهێڵێ و كەسی بەرامبەر تووشی جۆرێك لە شڵەژان دەكات، هەروەها دەبێ شوفێر ئاگەداری ئەوە بێت كە جامی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەكەی هەمیشە بە خاوێنی بهێڵێتەوە و گەرمی هەڵبكات و لە كاتی لێخووڕینیش بە هێواشی ڕێ بكات و مەودایەك لە نێو خۆیی و ئۆتۆمبیلەی پێشی بەجێ بهێڵێ.
چونكە لەو كەش و هەوایە مەوای بینین بچووك دەبێتەوە مرۆڤ تەنیا دوو تا سێ مەترێك پێشە خۆی دەبینێ، هەروەها دەبێ شوفێر بە وریایی ئۆتۆمبیلەكەی لێ بخوڕێ و هەوڵی ئەوە نەدات بە پێش ئۆتۆمبیلی پێشەخۆی بكەوێ، چونكە حاڵەتی كەش و هەواكە تەواو نا ئاساییە، جگە لەوەی نابێ لە ناوەڕاستی شەقامەكە بوەستی نەبادا ئۆتۆمبیلی دیكە خۆت بێدا بكێشێ و تووشی كارەساتت بكات، دیارە زۆر ڕێنمایی دیكەی بەسوود هەیە كە دەكرێ شوفێرەكان و هاووڵاتی ئاسایی پەیڕەوی بكات تا كەش و هەواكە ئاسایی دەبێتەوە و دێتە دۆخی ئاسایی خۆیی.

© 2017 Hawler