ئازار 21, 2019

ڕۆژهەڵات بەدەست هەژارییەوە دەنـاڵێنێت

ئەمە کورتەی ڕاپۆرتێکی ئامار و زانیارییە هەژارییە لە سێ پارێزگای کوردنشینی وڵاتی ئێرانی کە تیایدا خەڵکی بە هەژمارێکی زۆرەوە لە ژێر هێڵی هەژاریدان. ئەم ڕاپۆرت و زانیارییانە هی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی و لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە.

کرماشان، تێکەڵەیەک لە بێکاری و هەژاری:
کرماشان گەورەترین شاری کوردییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە گەورەترین ئاماری بێکاری و هەژاری تێدایە. بە پێی ئەو ئامارەی کە پەرلەمانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، زیاتر لە ٣٨١ هەزار کەسی ئەو پارێزگایە لە هەژاری ڕەها دەژین کە دەکاتە ٢٠%ی کۆی دانیشتوانی پارێزگاکە و بەمەش بە هەشتەمین پارێزگای هەژارنشینی ئێران لەقەڵەم دەدرێت.
بە پێی ئامارێکی ساڵی ٢٠١٦ی زایینی، کرماشان زۆرترین ئاماری بێکاری لە سەراسەری ئێران هەیە. ڕێژەی بێکاری لە دانیشتووانی سەرووی ١٥ ساڵی کرماشان ٧%ـە کە لەم ڕێژەیەش تەنیا ٣٥%یان خاوەن کاری خۆیانن ئەویش نەک کاری تەواو بەڵکو کاری ناتەواو یا نیمەکار. دانیشتووانی سەرووی ١٥ ساڵی کرماشان بە پێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٥، نزیکەی ملیۆنێک و ٢٤٥ هەزار کەس بووە. واتە لە هەموو پارێزگا ٢ ملیۆنییەکەی کرماشان تەنیا ٤٣٥ هەزار کەسیان کاریان هەیە کە لەم ژمارەیەش ٧١ هەزاریان کاری نیوەناتەواو و نیمەکاتییان هەیە.
بەم شێوەیە بێت دەتوانین بڵەین بەلانی کەمەوە بۆ هەر ٥ کەس لە کرماشان، یەک هەلی کار هەیە. ئەگەر نێونجی دانیشتوانی بنەماڵەداریش کە ٣.٣ کەسە بخەینە نێو ئەم حسابەمانەوە، بۆمان دەردەکەوێت لە کرماشان بۆ هەر ٣ بنەماڵە تەنیا دوو هەلی کار هەیە، ئەویش کارێک کە لەسەر حەقدەست و مووچەی فەرمانبەری دەڕوات بە ڕێوە. لە وەها دۆخێکدا، هەموو شتێک سەیر دەر دەکەوێت بەڵام بەهای سەرووی هەژاری لە کرماشان سەیر نییە، چونکە کرماشان بەردەوام لەبەر سیاسەتە خراپەکانی دەسەڵات بە درێژایی مێژوو و لە پێش ئینقیلابی گەلانی ئێرانیشەوە وەبەرچاو نەگیراوە.
ڕێژەی هەژاری لە ناوچە شارییەکانی کرماشان ٢٣%یە. نزیکەی ٩٠ هەزار بنەماڵەی شارنشین کە ٣٤٠ هەزار کەس دەگرێتەوە، لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەهادان و دۆخی ژیانیان زۆر خراپ و نالەبارە کە داهاتەکەیان بەشی بەدەستخستنی خواردنی پێویست (٢١٠٠ کالۆری لە ڕۆژێک) ناکات.
هێڵی هەژاری لە ساڵی ٢٠١٥ لە کرماشان، ٥٠٥ هەزار تمەن بووە بۆ هەر کەسێک (واتە نزیکەی ٤٥ دۆلاری ئەمریکی) و ملیۆنێک و ٣٦٥ هەزار تمەن بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسە (واتە نزیکەی ١١٠ دۆلاری ئەمریکی) هەژمار کراوە. ئەگەر ئەم ژمارانە لە چاو هەڵاوسانی مانگی گەڵاڕێزانی ٢٠١٧ بهێنینە بەرچاو، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هێڵی هەژاری لە ئێستادا دەبێت نزیکەی ٧٧٠ هەزار تمەن بۆ یەک کەس و نزیکی ٢ ملیۆن و ١٠٠ هەزار تمەن بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسە، بێت.
لەسەر بنەمای ناوەندی توێژینەوەکان، نزیکەی ٦٠%ی هەژارنشینانی شارنشینەکانی پارێزگاکە لە نێو خودی کرماشان دەژین، واتە نیزکەی ٥١ هەزار بنەماڵە بە دانیشتووانێکی ٢٨٨ هەزار کەسی کە ڕێک دەکاتە یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی شاری کرماشان. ژیانی قورس و دۆخی خراپی ژیانی ئەم بنەماڵە هەژارانە لە پەراوێژی شاری کرماشان، ڕوون و ئاشکرا و بینراوە.
نزیکەی یەک لەسەر چواری دانیشتوانی پارێزگای کرماشان، لە گوندەکانن کە لەم ژمارەیە نزیکەی سەدا نۆیان لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەهان. ژمارەی هەژارە گوندنشینەکانی کرماشان لە ١٢ هەزار بنەماڵە زیاترە کە ئەم ژمارەیەش ٤٢ هەزار کەس گریمانە دەکرێت کە دەکاتە ٩%ی دانیشتوانی گوندی.
بەهای هەژاری گوندنشینەکان بەلانی کەمەوە نیوەی هەژاری شارییە، بەڵام هۆکاری ئەم پرسە داهاتی زیاتر نییە، بەڵکو تێچوو و خەرجی کەمترە لە ناوچە گوندنشینەکان، هەروەک چۆن هێڵی هەژاری لە گوندەکانی کرماشان بەلانی کەمەوە نیوەی ناوچە شارییەکانە.
ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمان، هێڵی هەژاری لە گوندەکانی بۆ ساڵی ٢٠١٥ یە ٢٧٦ هەزار کەس بۆ کەسێک و ٧٥٠ هەزار تمەن بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسە گریمانە کردووە. ئەگەر ئەم ژمارەیە سەبارەت بە هەڵاوسانی ڕۆژ هەڵسەنگێنین، دەگەینە ئەو ئەنحامەی کە ئێستا هێڵی هەژاری گوند لە کرماشان، نزیکەی ٤٢٠ هەزار تمەنە بۆ کەسێک و ملیۆنێک و ١٤٠ هەزار تمەنە بۆ بنەماڵەیەکی ژوار کەسی.

لە ورمێ لە ٥ کەس یەکێک برسیەتی
پارێزگای ورمێ یەکێک لە حەوت پارێزگای هەژارنشینی ئێرانە و بە پێی ئەو ئامارانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمانی کۆماری ئیلاسمی بڵاوی کردووەتەوە، لە هەر ٥ شارۆمەندی ئەو پارێزگایە کەسێک برسییە.
زیاتر لە ١٧٥ هەزار بنەماڵەی هەژار کە دەکاتە حەشیمەتێکی سەرووی ٦٤٣ هەزار کەسی لەو پارێزگایەدا لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. بەو واتایەی کە داهاتەکەیان ناگاتە ئەو ڕێژەیە کە بتوانن بە پێی پێویست خواردن بۆ ڕۆژێکییان دابین بکەن. زیاتر لە ٨٥ لەسەدی هەژارەکانی ورمێ لە ناوچە شارییەکاندا دەژین و بە پێی هەڵسەنگاندنی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمان حەشیمەتی هەژارەکانی نێو ئەو پارێزگایە زیاتر لە ٥٤٧ هەزار کەسە، ئەگەر ئەو ڕیژەیە دابەشی کۆی گشتی حەشیمەتی ئەو شارە بکەین دەگەین بەو ئەنجامە کە لە هەر چوار کەسی نیشتەجێی شارەکان کەسێک لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەها دا دەژی.
لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، هێڵی هەژاری لە ناوچە شارییەکاندا ٤١٠ هەزار تمەن بۆ هەر کەسێک و میلیۆنێک و سەد هەزار بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی بوو. ئەگەر ئەو ژمارەیە جارانی ڕێژەی هەڵاوسانی مانگی خەزەڵوەڕی ساڵی ٢٠١٧ بکەین دەگەین بەو ئەنجامە کە هێڵێ هەژاری لە ناوچە شارییەکانی ورمێ زیاتر لە ٦٠٠ هەزار تمەن بۆ هەر کەسێک و زۆرتر لە میلیۆنێک و ٦٣٠ هەزار تمەنە بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسی. بە واتایەکی دیکە ٥٠٠ هەزار تمەن زۆرتر لە لانیکەمی موچەی مانگانەی کرێکارێک کە بۆ ساڵی ٢٠١٧ لەبەر چاو گیراوە.
٢٦ هەزار بنەماڵەی گووندەکانی ورمێ کە دەکاتە ٩ لەسەدی حەشیمەتی گشتی دێهاتەکان لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەهادا دەژین. هێڵی هەژاری لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ بنەماڵەیەکی چوار کەسە ٤٩٢ هەزار تمەن بوو کە ئەگەر ئەو ڕێژەیە جارانی هەڵاوسانی " ١.٥٥٢" بکەین هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵەیەکی گوندی لە ورمێ لە مانگی خەزەڵوەردا زیاتر لە ٩١٩ هەزار تمەنە لە مانگێکدا.

٣٠٠ هەزار کەس لە لۆرستان لە ژێر هێڵی هەژارین:
ناوەندی ئاماری پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کردووە زیاتر لە ٧٥ هەزار بنەماڵەی هەژار لە پارێزگای لۆرستان زۆر بە تاڵی ژیانیان بەڕێوە دەچێت، بێ ئەوەی کە بتوانن پێویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیشیان دابین بکەن. بە پێی زانیارییەکان، ٣٠٠ هەزار کەس لە لۆرستان لە ژێر هێڵی هەژاریدان و تووشی برسیەتی تەواو بوونەتەوە و ناتوانن ٢١٠٠ کالۆری خۆراکی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن.
ئاماری هەلی کار لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینی دەری دەخات کە نرخی بێکاری لە لۆرستان زیاتر لە نێونجی ئێرانە و نرخی بەشداری ئابووری نزمترە لە ئاستی هەموو پارێزگاکانی دیکەی ئێران. هەر ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی کە لۆرستان یەکێک لەو پارێزگایانە بێت کە نزمترین ئاستی کاری لە چاو پارێزگاکانی دیکەی هەیە. لە ساڵی ٢٠١٦ تەنیا ٣٤ لەسەدی دانشتووانی سەرووی ١٥ ساڵی لۆرستان خاوەن هەلی کار بوونە. زیاتر لە ٤٥٠ هەزار کەسیش کارەکانیان کاری تەواوکات نەبووە، واتە نیوەناچڵ بووە.
لە وەها دۆخێکی خراپی ئابووری، کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبێتە شتێکی ئاساییە کە ڕەگ و ڕیشەکەشی لە بەرزی و نزمی ئابووری و خراپی بەڕێوەبەردنی وڵاتە لە نیو سەدەی ڕابردوو.
بە پێی ئامارەکانی ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران نیشاندەری ئەوەیە کە یەک لەسەر پێنجی بنەماڵە شارییەکانی پارێزگای لۆرستان لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەهاوە دەژین. واتە زیاتر لە ٦٠ هەزار بنەماڵە کە زیاتر لە ٢٣٧ هەزار کەس دەبن لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەهادا دەژین.
هێڵی هەژاری لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، بۆ ناوچەی شارنشینی لۆرستان ٤١٠ هەزار تمەن بۆ یەک کەس و ملیۆنێک و ١١٠ هەزار تمەن بۆ هەر بنەماڵەیەکی چوار کەسە دیاری کراوە. ئەگەر ئەم ژمارانە لەسەر بنەمای هەڵاوسانی پارێزگایی لە گەڵاڕێزانی ٢٠١٧ی زایینی بەراوردی بکەین، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هێڵی هەژاری لەو ڕێکەوتە، لە ناوچەی شاریی پارێزگای لۆرستان بەلانی کەمەوە ٦٥٠ هەزار تمەنە بۆ یەک کەس و ملیۆنێک و ٧٥٠ هەزار تمەنە بۆ هەر بنەماڵەیەکی چوار کەسی. زۆرینەی دانیشتوانی لۆرستان بێبەشن لە ٦٠٠ هەزار تمەن کە لە سەرووی مووچە و دەستحەقی ساڵێکە.
لێکدانەوەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران نیشاندەری ئەوەیە کە لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، هێڵی هەژاری لە ناوچە گوندەکییەکانی لۆرستان ٢٣٥ هەزار تمەن بۆ کەسێک و ٦٣١ هەزار تمەن بۆ بنەماڵەیەکی سێ کەسییە. لەسەر ئەم بنەمایە نزیکەی ١٠%ی دانیشتووانی گوندەکانی ئەم پارێزگایە کە نزیکەی ٦٠ هەزار کەس لەخۆ دەگرێت، لە ژێر هێڵی هەژاری ڕەهادایە.
ئەگەر ئەم ئامارانە لەگەڵ هەڵاوسانی ئەورۆ بەراوردیان بکەین، دەبینین بۆ هەر کەسێک ٣٧٠ هەزار تمەن و بۆ هەر بنەماڵەیەکی ٣ کەسە نزیکەی ملیۆنێک تمەن داهات بەر دەکەوێت.
سەرچاوە:
ماڵپەڕی ئێران وایر

 

© 2017 Hawler