تشرینی دووەم 16, 2018

خۆكوشتن هۆكار و چارسه‌ر

تاڤگه‌ قاسم – بۆكان هێرش 

 

خۆكوشتن گه‌یشتنی مرۆڤه‌ به‌ دوا ئاكامه‌كانی ژیان و نه‌دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی، فرۆید ئاوەها خۆکوشتنی‌ لێك دەدایەوە: "ئەوەی خۆی دەکوژێ، دژایەتیی خۆی دەکات."

خۆكوشتن له‌ لایه‌نی زمانه‌وانیه‌وه‌ واتە خۆله‌ناوبردن؛‌ له‌ زمانی ئینگلیزی له‌ وشه‌ی لاتینی ( Caedere ) واتا ده‌كوژێ و كوشتن و وشه‌ی (Sui) واتا خود دێت، تا له‌كۆتایی به‌شێوه‌ی گشتی مانای ( خۆكوشتن وخود كوشتن ) بگه‌ینێت. له‌ زمانای عه‌ربی (الانتحار)ی پێ ده‌گوترێ (انتحر الرجل: أی قتل نفسه‌ بوسیله‌ ما) واته‌: خۆی كوشت به‌ ئامرازێك؛‌ مانا زماناوانییه‌كه‌ی (قتل النفس) كه‌ به‌ مانای خۆكوژی دێت. له‌ زمانی كوردییشدا پێی ده‌گوترێ خۆكوشتن یان خودكوژی؛ هه‌ندێ جاریش به‌ (مردنی ده‌ستكرد ناو ده‌برێت.

حاڵه‌ته‌كانی خۆكوشتن له ‌زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكان (پێشكه‌وتوو و دواكه‌وتوو) به ‌ڕێژه‌ و جۆری جیاواز و له‌ كۆمه‌ڵگای جیاواز ده‌بینرێ؛ به‌ پێی تازه‌ترین ئاماری تاوان لە جیهان، ڕێژه‌ی خۆكوشتن له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان ڕووه‌وزیاد بوون چووه‌ و، زۆرێك له‌ توێژه‌ره‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی وده‌روونی و چالاكانی بواری مافی مرۆڤ پێیان وایه‌ ئه‌م زیادبوونه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاڵۆزیی ژیان و زۆریی پێداویستییه‌كانی؛ هه‌روه‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ی ته‌كنه‌ڵوژیا و وزیادبوونی ململانێ و گرفت وته‌نگژه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ گه‌شه‌كردنی ژیدیارانی مرۆڤایه‌تی.
به ‌واتایه‌كی تر گه‌شه‌سه‌ندنی زۆرێك له‌ بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاڵۆزییه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌ مرۆییه‌كان، گرنگیدانی زیاتر به‌ لایه‌نی ماددی و لاوازبوونی لایه‌نه‌ ڕۆحییه‌كانی تاك، هه‌روه‌ك تێكچوونه‌ خێزانییه‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ی گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك به‌زۆربه‌شوودان و بەزۆرژنپێهێنان و نزمبوونه‌وه‌ی هه‌لی كاركردن و گۆشه‌گیریی كۆمه‌ڵایه‌تی و لاساییكردنه‌وه‌ی كوێرانه‌یی دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵگاكانی تر و، ئاڵۆزی و ناهاوسه‌نگیی باری ئابووری و زیادبوونی نه‌خۆشیی ده‌روونی وه‌ك خه‌مۆكی و نامۆبوون، هۆكاری ڕاسته‌خۆ و ناڕاسته‌وخۆی بیركردنه‌وه‌ی تاكه‌ له‌ خۆكوشتن.

ڕوانگه‌ی ئایینه‌ ئاسمانییه‌كان بۆ خۆكوشتن:
هه‌ر ئایینێك بنه‌ما و هارمۆنیای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌؛ هه‌ره‌وك دید و تێڕوانینێكی جیاواز و تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌مه‌ڕ ژیان و مردن، له‌مانه‌ش خۆكوشتن. كاریگه‌ریی ئایین زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و تاكانه‌ی كۆمه‌ڵگاوه‌ به‌ده‌ر ده‌كه‌ون كه‌ زیاتر په‌یوه‌ستن به‌ بنه‌مه‌كانی ئایینه‌كه‌وه‌.
دۆرکهایم (durkheim) زانـــا و كۆمه‌ڵناسی به‌ناوبانگ، ئـــــایین به‌ قه‌ڵغان و خۆپارێزه‌ری دژ به‌ خۆكوشتن ناو بردووه‌؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی ئاینه‌یه‌كان به‌سه‌ر دیارده‌ی خۆكوشتن ڕوونتر بێته‌وه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌كورتی تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر بنه‌ماكانی سێ ئایینی هەرە گەورەی ئاسمانی؛ مووسایی (یه‌هودی) و دیان (مه‌سیحی) و ئیسلامه‌:

1- دیانەتی جوولەکە وخۆكوشتن:
وه‌ك (ڤێركۆس، 2000) ئاماژه‌ی پێ ده‌كات دینی جوولەکە خۆكوشتنی سه‌رزنشت كردووه‌، هه‌روه‌ك ئه‌نسكلۆپیدیا ئاماژه‌ی پێ كردووه‌ كه‌ یاسای ئایینی یه‌هوودی خۆكوشتنی حه‌رام كردووه‌ و به ‌بۆچوونی ( الدباغ، 1983 ) ئایینی یه‌هودی له‌ڕووی شه‌رعییه‌وه‌ خۆكوشتنی قه‌ده‌غه‌ نه‌كردبوو، به‌ڵام ڕێژه‌ی خۆكوشتن له‌ ئایینی یه‌هودی له‌چاو مه‌سیحیه‌كان كه‌متر بووه‌، چونكه‌ یه‌هودیه‌كان زیاتر په‌یوه‌ندی توندی كۆمه‌ڵایه‌تییان به‌ ئایینه‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌بووه‌، هه‌روه‌ك زیاتر پابه‌ندبوون به‌ ڕێنمایی و بنه‌ماكانی ئایینەکەیانەوە، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ كه‌ یه‌هودییه‌كان حاڵه‌تی خۆكوشتنیان نه‌بووبێ به‌ درێژایی مێژوو، هه‌روه‌ك له‌ سه‌رده‌می حوكمی نازیه‌كاندا بینرا كه‌ خۆكوشتنی به‌كۆمه‌ڵیش له‌نێو یه‌هودییه‌كان..
2- ئایینی مه‌سیحیه‌ت:
ئایینی مه‌سیحی هەر له‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌رهه‌ڵدان و بڵابوونه‌وه‌یدا گرنگیەکی تایبه‌تی به‌ خودكوشتن داوە، بەڵام به ‌شێوه‌یەكی ئاشكرا ئینجیل ته‌حریمی نه‌كرد. هه‌رچه‌نده‌ چوار ئینجله‌كانی ( مه‌تا، یوحەنا، مەرقوس، لۆقا) باسی خودكوشتن نه‌كراوه‌، به‌ڵام كاتێ قوتابەیەکی حه‌زره‌تی مه‌سیح واتە "یه‌هودای ئه‌سخه‌ریۆته‌" دوای ئه‌وه‌ی ( حه‌زره‌تی مه‌سیحی ته‌سلیم به‌ یه‌هود كرد بۆ دادگاییكردنی وله‌خاچدانی به‌رامبه‌ر به‌ 30 پارچه‌ زیو) خیانه‌تی له‌ مه‌سیح كرد، خۆی كوشت (ئینجیلی مەتا، كتابی پیرۆز). جێ ئاماژه‌ بۆ كردنه‌ كه‌ له ‌سه‌ره‌تاكانی مه‌سیحیه‌ت خۆكوشتن حەرام نه‌بوو چونكه‌ په‌یوه‌ست و گرێدراو بوو به ‌(نەمری)ـەوە؛ زۆرێك له‌ پیاوه‌ ئایینی مه‌سیحیه‌ یه‌كه‌مینه‌كان پێیان وابوو كه‌له‌ خاچدانی حه‌زره‌تی مه‌سیح جۆرێك بوو له‌ خۆكوشتن به‌ڵام بۆگه‌یشتن به ‌(نەمری) و پاش ئه‌وه‌ی ئایینی مه‌سیحی له‌ زۆربه‌ی زۆری ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆمانی بڵاو بۆوه‌، بۆچوون و تێڕوانینی تایبه‌ت به‌ كاریگه‌ریی خۆكوشتن كه‌متر بۆوه‌، بوو به‌ تاوانێكی ئایینی گه‌وره‌ ومه‌حروم وقه‌ده‌غه‌ كرا. وئه‌م هه‌نگاوه‌ش به‌ده‌ستی (قه‌شه‌ ئۆگستین ) له‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی 5ی زایینی بوو، كاتێك هه‌ڵمه‌تی (پیر ئۆگستین) كاریگه‌ری زۆریكرده‌ سه‌ر یاساكانی كڵێسه‌كانه‌وه‌، و یه‌كه‌م (مه‌سیحی)ـەک بوو كه‌ له‌ كتێبی (شاری خوا)کەی خۆیدا به ‌توندی سه‌رزه‌نشتی خۆكوشتنی كرد..
دوای ئه‌م سه‌رده‌مه‌، واتە له‌ سه‌رده‌می ناوه‌ڕستدا كڵێسه‌ هه‌ڵوێستی توندی به‌رامبه‌ر خۆكوشتن وه‌رگرت، و تێڕوانینیان وابوو كه‌ هه‌ر كه‌سێ خۆی بكوژێت ئه‌وا به ‌تاوانی كوشتنی كه‌سێك به‌ ئه‌نقه‌ست تاوانباره‌ كه‌ ئه‌مه‌ش كاری شه‌یتانیه‌ و، ده‌ستكاریکردنی نیعمه‌ته‌كانی خوایه‌؛ کڵێساش ناشتنی ته‌رمی ئه‌و كه‌سانه‌ی قەدەغە کرد كه‌ خۆیان ده‌كوشت.

3 – ئایینی ئیسلام:
ئایینی ئیسلام له‌ كۆمه‌ڵگا و ساته‌وه‌ختێك به‌ده‌ر كه‌وت كه‌ زۆرترین جۆری تاوان و گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی لە دنیادا بوو؛ ئیسلام هه‌وڵی ته‌حریمكردنی زۆرێك له‌ كارو ڕه‌فتاریدا كه‌ جاران ده‌کرا؛ له‌وانه‌ش خۆكوشتن یان هه‌وڵدان بۆ خۆكوشتن؛ لهو‌ ئایه‌تانه‌ی كه‌ گوناح و تاوانی خۆكوشتن ده‌سەلمێنێ (ولاتقتلوا أنفسكم، أن الله كان بكم ڕحیما) سووره‌تی نسا‌، ئایه‌تی 29. هه‌روه‌ك فه‌رمووده‌كانی پێغمبه‌ر ( د.خ) جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامی خۆكوشتن ده‌كاته‌وه‌ وه‌ك له‌ (من قتل نفسه بشی،‌ عژبه به یوم القیامه‌).
كه‌واته‌ ئایینی ئیسلام له‌ ڕێگه‌ی ئایه‌تی قورئانی و فه‌رمووده‌ی پێغەمبه‌رەوە جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر گه‌وره‌یی تاوانی خۆكوشتن و ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی حەرام و قه‌ده‌غه‌ كردووه‌، به‌ڵام به‌ جیاوازی نێوان ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌وڵی خۆكوشتن ده‌دات و سه‌ر ناكه‌وێت و په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌ و تۆبه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ تاوانی خۆكوشن دەکا و پێی دەمرێت.

هۆكاره‌كانی پاڵنه‌ری خۆكوشتن:
1-هۆكاری ده‌روونی: ده‌روونزانه‌كان بڕوایان وایه‌ كۆمه‌ڵێك گرفتی ده‌روونی وا له‌ مرۆڤ ده‌كات په‌نا بباته‌ به‌ر خۆكوشتن، بۆ نمونه‌ فڕۆید ده‌ڵێت له‌ ئه‌نجامی زاڵبوونی (الانا العلیا- منی باڵا) به‌ شێوه‌یه‌كی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر به‌ سه‌ر (هو-ئه‌و) وا له‌ مرۆڤ ده‌كات هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌كی بچوك به‌ تاوان بزانێ، به‌رده‌وامی و دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵانه‌ وای لێ ده‌كات توشی خه‌م ببێت و ناچاری بكات په‌نا بباته‌ به‌ر خۆكوشتن بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ گوناهه‌كانی پاك بكاته‌وه‌.
2-هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی: بێگومان هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ڕۆڵێكی سه‌ره‌كییان هه‌یه‌ بۆ سه‌ر هه‌ڵدانی دیارده‌ی خۆكوشتن، چونكه‌ مرۆڤ بونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی له‌ ئه‌نجامی كارلێككردنی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر ده‌بێت، بۆیه‌ لێكترازانی خێزان و نه‌مانی په‌یوندییه‌ ڕۆحییه‌كان له‌ نێوانیاندا، هۆكارێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ هه‌ست به‌ نامۆیی و گۆشه‌گیری بكات، له‌دوایشدا دوور نیه‌ په‌نابباته‌ به‌ر خۆكوشتن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م بارودۆخه‌ ڕزگاری ببێت.
3-هۆكاری ئابووری: هه‌ژاری، بێكاری به‌ربڵاو و بێهیوایی نزمی ئاستی داهات و ده‌رامه‌تی تاكه‌ كه‌س كه‌ كاریگه‌ری به‌هێزی هه‌یه‌ له‌ دروستكردنی ئاره‌زوو و حه‌زی خۆكوژی یان زۆر جار ئیفلاسكردنی هه‌ندێك كه‌س ده‌بێته‌ هۆی خۆكوشتنیان.
4- نه‌خۆشی یه‌ درێژخایه‌نه‌كان: تووشبونی تاك به‌ نه‌خۆشی یه‌ درێژخایه‌نه‌كان شوێنه‌واری سلبی له‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگا به‌ جێ ده‌هێڵێ له‌ ئه‌نجامی هه‌ستكردنی تاك به‌بێ توانایی، زۆر جاریش ئه‌م نه‌خۆشیه‌ پاڵ به‌ تاكه‌وه‌ ده‌نێن بۆ كۆتایی هێنان به‌ ژیانیان و داواكردنی به‌ ئاشكرایی هه‌رچی زووتری مردن و ڕزگاری بونیه‌تی و زۆرێك له‌ مرۆڤ پێیان وایه‌ ئه‌مجۆره‌ نه‌خۆشیانه‌ خۆكوشتنێكی هێواشه‌.

چاره‌سه‌ر:
ده‌توانرێ به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی بۆ زاڵبون به‌ سه‌ر گیروگرفته‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چه‌ندین كه‌س له‌ خۆكوشتن یان ئه‌زموون كردنی شێـتانه‌ ڕزگار بكه‌ین، له‌وانه‌...
1-نه‌هێشتنی ته‌نیایی و نامۆیی گۆشه‌گیری تاك له‌ ناو كۆمه‌ڵ ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی به‌هێز كردنی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.
2-ئاگادار كردنه‌وه‌ی كه‌سانی نزیكی بۆ ئه‌وه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ تێبینی گرفته‌كانی بكه‌ن.
3-پیاوانی ئایین له‌ ڕێگای په‌یامه‌كانیانه‌وه‌ ده‌توانن چاره‌سه‌رێكی باش بن بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌كه‌، وه‌كو به‌هێزكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروباوڕی ئایینی، چونكه‌ باوڕبوون و ترسان له‌ سزای دوارۆژ، زۆر كه‌س له‌ خۆكوشتن ڕزگار ده‌كات، تێبگه‌یه‌نرێت كه‌ كوشتنی خۆیان هیچ له‌ ژیان ناگۆرێ ته‌نها ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك خه‌میان بۆ ده‌خوات دوای له‌بیریان ده‌چنه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێ كه‌س به‌ خه‌یاڵی خۆیان به‌ خۆكوشتنیان تۆڵه‌ له‌ كه‌سانی تر ده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌تا هه‌تایه‌ تووی خه‌م و خه‌فه‌تیان ده‌كه‌ن.
4-هۆشیاركردنه‌وه‌ و زیادكردنی زانیاری خه‌ڵك كه‌ خۆكوشتن حاڵه‌تێكی ژیری نیه‌ و بۆیان ڕوون بكرێته‌وه‌ چاره‌سه‌رێكی دروستیش نیه‌ بۆ زاڵبون به‌ سه‌ر كێشه‌كان، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌
5-به‌هێزكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ خۆبوون له‌ لای تاكه‌كان، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌ست به‌ بێ توانایی ده‌كه‌ن.
6- بایه‌خدان و چاودێری كردنی خاوه‌ن هه‌وڵه‌ سه‌رنه‌گرتووه‌كانی خۆكوشتن و ئه‌و كه‌سانه‌ی مه‌یلی خۆكوژییان لا گه‌ڵاڵه‌ بووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك تۆی هیواو ئۆمێد و گه‌شبینی له‌ ناخیان بڕوێندرێ و سۆز و به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستی پێویستیان پێ بدرێ، وه‌ وا تێبگه‌یه‌نرێن كه‌وا مرۆڤی ئه‌گه‌ر خه‌م و گرفته‌كانی هه‌رچه‌ند گه‌وره‌ و دژوار بن له‌ هه‌ر ئاستێكدا بن، نابێ ئه‌و ڕاستییه‌ له‌ یاد بكات كه‌ خودایه‌كی به‌ توانا و به‌ به‌زه‌یی هه‌یه‌.
7- چاره‌سه‌ركردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازاری ئه‌و كه‌سانه‌ی توشی نه‌خۆشی درێژخایه‌ن بوون، نابێت گله‌یی و به‌زه‌ییمان به‌و كه‌سانه‌دا بێته‌وه‌، چونكه‌ زۆر جار گله‌ییكردن و به‌زه‌ییهاتنه‌وه‌ و سۆز و خۆشه‌ویستی زیاد له‌ پێویست ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزكردنی بیروباوری خۆكوشتن.
8- گرینگیدان به‌ خانه‌نشین و پیر و به‌ ساڵاچووه‌كان و زیادكردنی جێگا و ئامراز بۆ ڕابواردن و كاتبه‌سه‌ربردن و قۆستنه‌وه‌ی كاتی بێئیشیان.

سه‌رچاوه‌كان:
-دیارده‌ی خۆكوشتن له‌ نێوان هۆكار و چارسه‌ردا، یونس باویانی
-خۆكوشتن وه‌ك دیارده‌یكی ئاڵۆز و فره‌ ڕه‌هند، ڕەنج عەبدڵا سه‌عید
-دیارده‌ی خۆكوشتن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا، هه‌ورامان عەلی

© 2017 Hawler