تشرینی دووەم 16, 2018

توێژەرانی كۆمەڵایەتی لـــە قوتابخانە ناحكومییەكان لە نەهامــەتی دەژێن

كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان به‌ فه‌رمی داوا له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌كات به‌جدی كار بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ په‌روه‌رده‌یی،ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بكات كه‌ له‌ قوتابخانه‌ ناحكوومییه‌كاندا بوونی هه‌یه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی به‌ فعلی وجودیان هه‌بێت و له‌ناو ئه‌و قوتابخانانه‌دا كار بكه‌ن، چونكه‌ به‌شێك له‌قوتابخانه‌ و دایه‌نگه‌كان ته‌نیا به‌ناو توێژه‌ر بوونی هه‌یه‌ و ده‌وامی پێناكه‌ن.

_ قوتابخانه‌ ناحكومییه‌كان ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ سه‌باره‌ت به‌ توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی پێشێل ده‌كات
توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی بە یەكێك لە توێژە هەرە دیار و گرنگەكانیی كۆمەڵگا و پرۆسەی پەروەردە لە قەڵەم دەدەرێن كە ڕۆڵێكی باڵا و دیار دەگێڕن لە بەرەوپێشبردنی باری پەروەردەیی و دەروونی و كۆمەڵایەتیی قوتابیان و تا ئێستاش توانیویانە بەروونی ئەو پەیامە بخەنەڕوو لە زۆربەی قوتابخانە حكومییەكان، ڕۆژ بەرۆژ لەگەڵ پێشكەوتن و بەره‌وپێشبردنی ئاستی هووشیاری تاكی كوردی ئاستی بایەخەكانیی ئەو توێژەش زیاتر بەدەردەكەوێت و دایبابەكان زیاتر بایەخی پێ دەدەن و منداڵەكانیان لەو قوتابخانە حكومی و ناحكومییانە دادەنێن كە توێژەری كۆمەڵایەتیی و دەروونی لێیە، واتە ئێستا هەر سیستەم و شێوازی فێربوون بۆ دایباب گرنگ نییە، بەڵكو هەبوونی توێژەریش گرنگە و بایەخی پێ دەدەن.
نزیكەی دەیەیەكە قوتابخانەی ناحكومی و ئەهلی لە كوردستان سەریهەڵداوە بەشێوەیەكی بەربڵاو و توانیویانە ببنە جێی سەرەنجی كەسوكاری قوتابیان و شێوازێكی جیاوازتر بۆ پەروەردەكردن بخەنە ڕوو، هەر بۆیە بایەخ بە كۆمەڵێ پانتایی دەدەن كە دەكرێ ئەو پانتاییانە بۆ هەر دایبابێك گرنگ و پڕبایەخ بێت.
یەكێك لەو پانتاییانەیی كە بۆ دایباب لە قوتابخان ناحكومیییەكان گرنگە و بایەخی پێدەدەن ئەویش توێژەری كۆمەڵایەتیی و دەروونییە، هەرچەندە هێشتا ئاستی هوشیاری كۆمەڵایەتیی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی باسی ڕێژە و ژمارەی توێژەران بكرێت لەو قوتابخانانە، چونكە بە پێی ستانداردە جیهانییەكان و بەگوێرەیی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەیی هەرێم دەبێت بۆ هەر ١٥٠ قوتابییەك دەبێ توێژەرێكی كۆمەڵایەتی و دەروونی لە قوتابخانە ناحكومییەكان تایبەتمەند بكرێت و كێشە دەروونیی و كۆمەڵایەتیی و پەروەردەییەكانی ئەو ١٥٠ قوتابییە چارەسەر بكات، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت لە قوتابخانە ناحكومییەكان ڕەچاوی هەبوونی توێژەران كراوە، بەڵام ڕەچاوی ڕێژەیی توێژەری پێویست لەو قوتابخانانە نەكراوە و هیچ قوتابخانەیەكی ناحكومیی نییە ڕەچاوی ئەو ستاندارە جیهانیی و بڕیارەیی وەزارەتی پەروەردەی كردبێت كە بۆ هەر ١٥٠ قوتابییەك توێژەرێكی دەستەبەركردبێ، تەنیا ئەو قوتابخانە نەبێت كە هێشتا ڕێژەیی قوتابیی نەگەیشتووەتە ١٥٠ یان لەو نزیكانەیە.
به‌پێی دواین زانیاری كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نزیكه‌ی 5هه‌زار قوتابی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی تێدا نییه‌، ئه‌مه‌ش به‌ گه‌وره‌ترین ئاریشه‌ی به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێربوون داده‌ندرێت. زانیارییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ته‌نیا كه‌ كه‌متر له‌ 2هه‌زار قوتابخانه‌ توێژه‌ری تێدایه‌، ئه‌ویش به‌ڕێژه‌یه‌كه‌ كه‌ ناتواندرێت به‌م ڕێژه‌ كه‌مه‌ پێداویستییه‌كانی قوتابیانی قوتابخانه‌كان پڕبكاته‌وه‌، چونكه‌ ستاندردی جیهانی بۆ 150 قوتابی پێویستی به‌ یه‌ك توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یان ده‌روونی هه‌یه‌.
دانا سەلام بەرێوەبەری هۆبەیی توێژەران لە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەیی هەولێر بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند كە وەزارەتی پەروەردەیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری تایبەتی هەیە بۆ قوتابخانە ناحكومییەكان سەبارەت بە دانانی هەر توێژەرێك بۆ ١٥٠ قوتابی و دەبێت هەموو قوتابخانەیەكی ناحكومی ڕەچاوی ئەو بڕیارە بكات، بەڵام ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند كە تاكو ئێستا نەتوانراوە ئەو قوتابخانانە ناچار بكرێن بە دانانی ئەو ڕێژەیە، چونكە ئەوە پەیوەندی به‌ سەرپەرشتیارانەوە هەیە بەتایبەت سەرپەرشتیاری توێژەریی و كارگێڕیی و بە پلەی دووەمیش بەرێوەبەرایەتییەكەمان ستافی تەواو و پێویستی نییە بۆ چاودێری و بەدواداچوونی ئەو پرسە.
لە لایەكی ترەوە هەم لە نێو بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەیی هەولێر و هەم لە نێو دیوانی وەزارەتی پەروەردە سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەرایەتی قوتابخانە و پەیمانگە و باخچەیی ساوایانی ناحكومی هەیە، بەڵام وەك دەردەكەوێ هەردوو بەرێوەبەرایەتییەكە نەیانتوانیوە فشار لەسەر قوتابخانە ناحكومییەكان بكەن بۆ ئەوەی ئەو بڕیارەی خۆیان جێبەجێ بكەن كە هەر ١٥٠ قوتابییەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی هەبێت.
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە و بەرێوەبەری بەرێوەبەرایه‌تی توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی لە نێو پاشكۆی وەزارەتی پەروەردە بە ڕۆژنامەی هەولێری ڕاگەیاند كە بە پێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی پەروەردە لەسەر قوتابخانە ناحكومییەكان پێویستە هەر ١٥٠ قوتابییەك توێژەرێكی بۆ دابنرێت، سیوەیلی ئەوەشی ڕاگەیاندكە پاش بەدواداچوونی بەرێوەبەرایەتیی توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی بۆیان دەركەوتووە كە بەشێك لە ئیدارەیی قوتابخانە و پەیمانگە ناحكومییەكان ئەو ڕێنماییەیان وەك پێویست جێبەجێنەكردووە، هەرچەندە بەشێك لەو قوتابخانانە ڕێنماییەكەیان وەرگرتووە بەڵام كاری دیكەیان بەو توێژەرانە سپاردووە.
له‌ به‌رانبه‌ریشدا كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان به‌ فه‌رمی داوا له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌كات به‌جدی كار بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ په‌روه‌رده‌یی،ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ بكات كه‌ له‌ قوتابخانه‌ ناحكوومییه‌كاندا بوونی هه‌یه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویسته‌ توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی به‌ فعلی وجودیان هه‌بێت و له‌ناو ئه‌و قوتابخانانه‌دا كار بكه‌ن، چونكه‌ به‌شێك له‌قوتابخانه‌ و دایه‌نگه‌كان ته‌نیا به‌ناو توێژه‌ر بوونی هه‌یه‌ و ده‌وامی پێناكه‌ن.
ئاشكرایە كێشەی سەرەكیی توێژەران لە قوتابخانە و پەیمانگا ناحكومییەكان هەر ئەمەیە، یەكێك لە توێژەرانی قوتابخانە ناحكومییەكان كە نەیویست ناوی بدركێنێت لەبەردروستنەبوونی كێشە بە هەولێری ڕاگەیاند كە لە قوتابخانەكەیان جگە لە كاری توێژەران هەندێجار وانەشیان پێ دەوترێتەوە و تەنانەت كاری ئیداریشیان پێ دەكەن، و ناشتوانن بەهیچ جۆرێك نارەزایی دەرببڕن چونكە یەكسەر لە پیشەكەیان دەردەكرێن.
بەرێوەبەری توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی ئەوەشی بۆ هەولێر دووپاتكردەوە كە ماوەیەك لەمەوپێش یاداشتێكیان داوەتە وەزیری پەروەرده‌ كە توێژەرانی ئەو پەیمانگە و قوتابخانە ناحومییەكان وەك توێژەرانی سەر بە وەزارەت هەمان ئەو ڕێنماییانە بیانگرێتەوە كە لە وەزارەتی پەروەدەوە دەردەچن و ئەو توێژەرانەش بەشداری خوول و چالاكییەكانیی تایبەت بە توێژەران بكەن.
ئەو بەرێوەبەرایەتییە مافی بەدواداچوونی كەمی ڕێژەیی توێژەری لە قوتابخانە ناحومییەكانیی نییە بۆ ئەوەیی بتوانن ئەو كێشە پەروەردەییە چارەسەر بكەن، بەڵام سیوەیلی ڕایگەیاند كە وەزیری پەروەردە ئەو مافەی بەشێوەیەكی یاسایی پێداون كە ئەوانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی خوێندنی ناحكومی بەدواداچوون بكەن و ئەو كێشە چارەسەر بكەن، بۆیه‌ بڕیارە بەم نزیكانە كۆبوونەوەیەكی هاوبەش بكەن لەمبارەیەوە بڕیاری هاوبەش و چارەنووسساز بدەن.
توێژەرانی كۆمەڵایەتی و دەروونی هەنوكە لە نێو قوتابخانە حكومی و ناحكومییەكان ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە چارەسەركردنی پرسە كۆمەڵایەتیی و دەروونییەكان، هه‌رچه‌نده‌ وەزارەتی پەروەردە هێشتا كێشەكانیانی چارەسەر نەكردوووە و توێژەرانی قوتابخانە ناحكومییەكان یشگلەیی ئەوە لە وەزارەتی پەروەردە دەكەن كە تا ئێستا خۆیان بە ساحێبی ئەو توێژە نەزانیوە و هەر لێشیان نەپێچراوەتەوە بۆ ئەوەی لە كێشە و دەردەسەرییەكانیان تێبگەن، چونكە بەوتەی خۆیان قوتابخانە هەیە نزیكەی ١٥٠٠ قوتابی هەیە كەچی تەنیا یەك توێژەری تیایە و وەزارەتیش تا هه‌نوكه‌ هیچ جۆره‌ سزایه‌كی ئه‌و قوتابخانانه‌‌‌ی نه‌داوه‌.

 

 

 

 

 

© 2017 Hawler