تشرینی یەکەم 14, 2019

گەشتێک بۆ شوێنه‌واری مێژوویی نیكرۆپۆلس له‌ گوندی دارا

شوێنه‌واری مێژوویی نیكرۆپۆلس له‌ گوندی دارا، یه‌كێكه‌ له‌ شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌ گرنگه‌كانی باكوری كوردستان و به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان ئه‌م شونه‌ێنه‌وار شارێكی سه‌ربازی گه‌وره‌ بووه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكوری وڵاتی میزپۆتامیا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڕۆمی خۆرهه‌ڵاتی بیزه‌نتینییه‌وه‌ دروست كراوه‌. به‌پێی سه‌رچاوه‌ مێژوویه‌كان قه‌لاكه‌ سنووری نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی ساسانی و بیزه‌نتی بووه‌ و له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌ خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی ستراتیژی بووه‌. له‌ دوای شكستی بزه‌نتینییه‌كان له‌ شه‌ڕی ئاناستازی له‌ گه‌ڵ ساسانییه‌كان له‌ ساڵی (502-506) ی زاینی ئاناستاسیۆسی پاشای بزه‌نتینییه‌كان بڕیار ده‌دات گوندی دارا نوێ بكاته‌وه‌و و هاوكات قه‌ڵایه‌كیشی له‌سه‌ر دروست بكات. چونكه‌ دارا له‌ سنووری ساسانیه‌كانه‌وه‌ ته‌نها پێنج كیلۆمه‌تر دوور بووه‌ و له‌ شاری نسیبینیشه‌وه‌ 18 كیلۆمه‌تر دووه‌، كه‌ له‌وكاته‌دا له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ساسانییه‌كاندا بووه‌. پاشان له‌لایه‌ن چه‌ند فه‌رمانڕه‌وایه‌كی تره‌وه‌ به‌رزی دیواری قه‌ڵاكه‌ گه‌یشتۆته‌ بیست مه‌تر.
دارا له‌ شه‌ڕه‌كاندا خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی بووه‌ و ئه‌م شوێنه‌واره‌ له‌ ساڵی 574 ی زاینیدا له‌لایه‌ن ئه‌نه‌وشیراونی فارسه‌وه‌ داگیر كراوه‌ و خه‌م كه‌سه‌ری ئه‌م داگیركردنه‌ به‌ جۆرێك كاری له‌ جوستینی دووه‌م پاشای بزه‌نتینی كردووه‌ كه‌ ناچار به‌ ده‌ست له‌ كاركێشه‌وه‌ بێت.
شوێنه‌واری دارا ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی و شتی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ به‌ڵام وه‌كو پێویست ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌ و تاڕاده‌یه‌كیش به‌ فه‌رامۆشی سپێردراوه‌. ئه‌م شوێنه‌واره‌ له‌ شارێكی گه‌وره‌ پێكهاتووه‌ كه‌ ژێر شاخدا دروست كراوه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی خاوه‌نی قه‌ڵایه‌كی پته‌وه‌ و كه‌ به‌شێكی ئێستا داڕوخاوه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی چه‌ندین كۆشك و پردی به‌ردین. هاوكات به‌هۆی ئه‌و پێگه‌ سه‌ربازییه‌ی ئه‌م شوێنه‌واره‌ هه‌یبووه‌ خاوه‌نی یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رسوڕهێنه‌ر ترین زیندانه‌كانه‌. زیندانه‌كه‌ به‌ جۆرێك نزیكه‌ی ده‌ مه‌تر له‌ ژێر زه‌ویدایه‌ و جۆرێك دروست كراوه‌ كه‌ له‌ چله‌ی هاوینیشدا خاوه‌نی فێنكایی و شێیه‌كی زۆره‌. هه‌روه‌ها جێگای زیاتر له‌ 200 به‌ندراوه‌ ده‌بێته‌وه‌ و چه‌ند كڵاورۆژنه‌یه‌كی بچووك هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی رووناكی و هه‌وا گۆڕكێ‌. هه‌نووكه‌ش زیندانه‌كه‌ وه‌كو به‌شه‌كانی تری شوێنه‌واره‌كه‌ فه‌رامۆش كراوه‌ و نه‌توانراوه‌ خاویچنی پێویستی بۆ دابین بكرێت.
هه‌ر له‌ شوێنه‌واره‌كه‌دا بازاڕ و دووكان به‌دی ده‌كرێت و په‌رستگا و شوێنێكی تایبه‌تیش بۆ دادوه‌ر هه‌بووه‌ كه‌ له‌ 22 ژوور پێكهاتووه‌. به‌هۆی فراوانی ئه‌م گونده‌وه‌ زۆر كه‌س به‌ گوند ناوی نابه‌ن و ناوی شاریان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌ به‌شێكی تری ئه‌م گونده‌دا شوێنێك هه‌بووه‌ كه‌ ئاوی تێدا پاڵێوراوه‌ و دواتر بۆ خواردنه‌وه‌ به‌كار هێنراوه‌.
وه‌كو پێشووتر ئاماژه‌ی بۆ كرا تاڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌ست به‌ په‌راوێزخستنی ئه‌م شوێنه‌واره‌ گرنگه‌ ده‌كرێت و به‌پێی گوته‌ی دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ شوێنه‌واره‌كه‌ ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌ ساغكردنه‌وه‌ی مێژووی كورد و فه‌رامانڕه‌وایی كورد له‌و ناوچانه‌دا. ئه‌م شوێنه‌واره‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1984 دا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌های شوێنه‌واری ناوچه‌كه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و دواتر له‌ ساڵی 2007دا دارێكی تر كه‌وتۆته‌وه‌ به‌ر باس و پاشانیش له‌ 2009دا دیسان كاری كنه‌وپشكنین له‌ به‌شێكی كه‌می شوێنه‌واره‌كه‌ ئه‌نجام دراوه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت و ڕێبه‌رانی شوێنه‌واره‌كه‌ ده‌یخه‌نه‌ڕوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و چڕوپڕ له‌سه‌ر شوێنه‌واره‌كه‌ نه‌كراوه‌.‌
ئه‌گه‌رچی له‌ زۆرێك له‌ سه‌رچاوه‌ شوێنه‌وارییه‌كاندا شوێنه‌واری نیكرۆپۆلس له‌ گوندی دارا ناودێر كراوه‌، به‌ڵام وه‌كو موراد بولیه‌م ده‌ڵێت: ئێره‌ گوند نییه‌، به‌ڵكو شارێكه‌ و ئه‌وه‌ی تا ئێستا ده‌ركه‌وتووه‌ و له‌ به‌رچاوی هه‌مواندایه‌ ته‌نها 20% شوێنه‌واره‌كه‌یه‌. موراد كه‌ گه‌نجێكی خۆبه‌شه‌ و رێنومایی گه‌شتیارانی ناوچه‌كه‌ ده‌كات باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ناوی دارا بۆ له‌ناوی داریۆشی ساسانییه‌وه‌ هاتووه‌، چونكه‌ ماوه‌یه‌ك له‌م چاوه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌. له‌باره‌ی گه‌وره‌یی شوێنه‌واره‌كه‌شه‌وه‌ گوتی: تا ئێستا ته‌نها 20% شوێنه‌واره‌كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ و 80%ی له‌ژێر خۆڵا و به‌رددایه‌ و كنه‌وپشكنینی بۆ نه‌كراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ دارا شارێكی شوێنه‌وارییه‌ نه‌ك گوندێكی بچكۆله‌ بێت. باسی له‌وشه‌ كرد كه‌ بایه‌خی ئه‌م شوێنه‌واره‌ هیچ كه‌متر نییه‌ له‌ حه‌سكیف، به‌ڵام په‌راوێزخراوه‌ و وه‌كو پێویست له‌ رێبه‌ری گه‌شتیارییدا نه‌ناسێنراوه‌.

© 2017 Hawler