تەمموز 16, 2019

60 خاڵ بۆ بەهێزكردنی بڕوابەخۆبوون

"60 خاڵ بۆ بەهێزكردنی بڕوابەخۆبوون" ناونیشانی كتێبێكی "لیندا فێڵد"ە، نووسەر و وەرگێڕ "فریاد بارزانی" وەریگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی كوردی. بەرهەمەكە لە 176 لاپەڕەی قەبارە مامناوەندی پێك هاتووە. ئەم كتێبە لە ساڵی 1997 لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چاپ كراوە، هەر لەوێ چەندان جار چاپ كراوەتەوە، لە هەمان ساڵدا، لە بەریتانیا و پاشانیش لە ئوسترالیا و چەند وڵاتێكی دیكە لە چاپ دراوە، چەندان جاریش بە زمانی كوردی چاپ كراوەتەوە.

متمانە بە خۆبوون یەكەمین پێداویستی ئیشە گەورەكانە، واتە هەر كات بمانەوێت كارێكی گەورە ئەنجام بدەین سەرەتا دەبێ بڕوا و متمانەی تەواومان بەخۆمان هەبێت، بڕوابەخۆبوون یەكەم هەنگاوە بۆ سەركەوتن لە ژیاندا. ڤیكتۆر هــۆگۆ( )دەڵێت: "گەر مرۆڤ بڕوای بە خۆی هەبێت، باوەڕی بە هەموو شتێكی دیكەش دەبێت.
بڕوا بەخۆ بوون واتا زاڵ بوون بەسەر هەستەكاندا، بەشێوەیەك كۆنتڕۆڵی سەرجەم بیرو هزرەكانت بكەیت و وەك پوڵایێك لەبەردەم ئاستەنگەكانی ژیاندا بوەستی و ڕێگە نەدەی هیچ خەمێك ببێتە بەربەست لەبەردەم بەدیهێنانی خەونەكانتدا و بەچاوی ئومێدەوە لە ژیان بڕوانی. بڕوابەخۆبوون، یەكێكە لە گرنگترین خاڵەكان، ئەگەر ئەم خاڵەت تێدا هەبوو، ئەوە بەدڵنیاییەوە ڕێگەكانی دیكەی سەركەوتنت بۆ ئاسان دەبێت، هەمیشە بڕوات بەوە بێت كە دەتوانیت سەر بكەویت.
دیارە گەیشتن بە هەر شتێك بە دانانی بنەمایەكی گونجاو دێتە بەرهەم، بەشێوەیەك گەر پلانێكی تۆكمە بۆ ژیانی خۆت دابنێی، هیچ ئاستەنگێك كار نەكاتە سەر ئەم بەرنامەیە و بۆ هەر كێشەیەك ڕێگەچارەیەكی گونجاو دادەرێژی و ناهێڵی كار لە ڕێچكەی ژیان بكات.
دیارە كەسی متمانە بەخۆبوو، كە دەست دەدەنە هەر كارێك زۆر بڕوایان بەسەركەوتنی خۆیان هەیە، هەمیشە بوێرانە بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەكانیان دەست بە كارەكانیان دەكەن و بەچاوی ئومێدەوە لەژیان دەڕوانن. بە گشتی دەتوانم چەند خاڵێك وەك هۆكار بۆ بەهێز بوونی هەستی بڕوابەخۆبوون ئەژمار بكەم، كە بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەكەم: بەردەوام بیركردنەوە بە شێوەیەكی باش لەبارەی خۆتەوە، كاریگەریی زۆر باشی هەیە لەسەر بەهێز بوونی هەستی بڕوابەخۆبوون.
دووەم: بە دوای خەونەكانتان بكەون و دوودڵ مەبن.
ئەگەر دەتانەوێ بەدوای كار و كاسبییەك بكەون، لەوە دڵنیا بن ئەوەی دەیكەن بە دڵتانە و حەزتان لێیە پێوەی خەریك بن. هەر كاتێك دەستتان بە كار كرد، ئیدی دوودڵ مەبن و بە هەموو تواناوە لە پێناو سەرخستنیدا تێ بكۆشن.
سێیەم: كارێكی باش یان گۆڕانكارییەكی پۆزەتیڤ بكەن.
ئەگەر دەتانەوێ كارێكی سەركەوتوو بكەن، یەكەم شت پێویستە بیرۆكەیەكی باشتان هەبێ، بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەكی باش لە ژیاندا دروست بكات.
چوارەم: چێژ لە كارەكانتان وەرگرن. ئەگەر چێژ لە كارەكەتان وەرناگرن، كاتی ئەوە هاتووە كە بیگۆڕن. لە هەر كارێكدا چ تاكەكەسی بێ یان تیمی(بەكۆمەڵ) بێ، پێویستە هەموو لە سەرەوەڕا هەتا خوارێ (لە بچووكەوە بۆ گەورە) چێژ لە كارەكانیان ببینن بۆ ئەوەی كەشێكی خۆش دروست بكەن.
پێنجەم: كەمتەرخەمی وەلانێن. بە هەرچییەكەوە سەرقاڵن تاڕادەیەك ئاساییە، بەڵام نابێ كەمتەرخەمی بێتە ناو كارەوە. خەمساردی وەڵابنێن بۆ ئەوەی هەل و دەرفەتەكانی بەردەمتان ببینن و لەدەستیان نەدەن.
شەشەم: كات بۆ بنەماڵەكەتان دابنێن. بنەماڵەكەتان بۆ گرینگ بێ و فێربن كارەكانتان دابەش بكەن، هاوكات هەقی ماڵەوەش بدەن. یەكێك لە گرینگترین كارەكان، فێربوونی هونەری سپاردنی كارەكانە بەوانی دیكەیە، لە كەسانی نێو تیمی كارەكەتان ئەوانە بدۆزنەوە كە لێیان دڵنیان، ئەوكات هەندێ لە كارەكان بەوان بسپێرن و كاتەكانی خۆتان بۆ بنەماڵەكەتان و بۆ كاری گرینگتر تەرخان بكەن.
لە دوماهیدا دەمەوێ ئەوە بلێم: زۆرن ئەوانەی خۆیان بە كەسانی سەركەوتوودا هەڵدەواسن و هەوڵدەدەن بەسوود وەرگرتن لە ناو و ناوبانگی ئەوان پارووی خۆیان چەور بكەن. ئەوەندەی دەتوانن هەرگیز مەهێڵن كەسانی ئاوا بە دەورتانەوە بن، یان بە گرینگیپێدانی ئێوە گەورە بن.
ئێوە تەنیا جارێك دەژین، بۆیە ئەوەندەی دەتوانن چێژ لەو ژیانەتان وەربگرن. لە هەڵبژاردنی كار، لە هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و چۆنیەتیی ژیان گوێ بدەنە ویستی دڵ و ئەوەی دەیكەن با بە دڵخوازی خۆتان بێ، ئەو كارەی دەیكەن لە دڵەوە بیكەن.

© 2017 Hawler