ئاب 11, 2020

جەژن و خۆشی و بن لەیلوكانی جارانی هەولێر

لە جەژندا گەلێك دیمەنی جوان و سەرنج ڕاكێش هەن كە خۆشی و شادی و بەختەوەری بە دەروونی مرۆڤ دەبەخشن،بۆیە مرۆڤ هەر حەز دەكات هەموو كات و ساتێكی هەر جەژن و خۆشی بێت بە تایبەتی توێژی منداڵان و مێرد منداڵان و هەتا گەورەكانیش، بەڵام جەژنی جاران بە بەراورد لەگەڵ ئێستادا لە زۆر ڕووە وە جیاوازییەكی زۆری هەیە، جاران دنیا وەك ئێستا پێشكەوتوو نەبوو خەڵكەكەش هەژار بوون و هیچی وایان نەبوو بیخۆن كەچی خەڵكان بە تێكرا دەروونیان ئاسوودەتر بوو،خەمیان لە هیچ نەدەخوارد، چونكە خۆشی و شادی و لێبووردەیی و پێكەوە ژیان لە ئێستادا باشتر بووبە جۆرێك تامیان لە جەژن و خۆشیەكانی جەژن دەكرد مرۆڤەكان هەر قەستیان دەكرد ئەو ڕۆژانە هەر بەردەوام بن و كۆتاییان نەیەت، بە تایبەتیش كە بەیانی جەژنەكە دوای نوێژی جەژن و چێشتی بەیانی و نان خواردن پارەی جەژنانەیان وەردەگرت ئیدی خەندە و پێكەنین دەبوە میوانی ڕووخسار و لێوەكانیان تەواو سەربەست دەبوون لە دەربڕینی خۆشی و شادییەكانیان، هەر بۆیە كەسە دنیا دیدە و بەتەمەنەكانی شاری هەولێر باشیان لەبیرە كە جاران منداڵ و مێرد منداڵان لە ڕۆژانی جەژن و بۆنەكاندا بۆ كات بەسەر بردن و خۆشی جەژنە ڕوویان لەو شوێنە دەكرد كە پێیان دەگوت بن لەیلوكان، ئەو كات شاری هەولێر هێندە جەنجاڵ و قەرەباڵغ نەبوو جا ئەوانەی ئەو كارەیان دەكرد زووتر و پێش هاتنی جەژن بە چەند ڕۆژێك خۆیان ئامادە دەكرد و لەیلوك و چەرخ و فەلەكەكەیان بە باشی تووند و تۆڵ دەكرد تا بە جوانی كاری خۆی بكات و بەو جەژن و خۆشیە منداڵان تووشی كێشە و گرفتی ترسناك نەبنەوە، ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە دواوە ئەوا دێتەوە بیرمان جاران بن لەیلوكانی گەورە هەبوو كە لە نزیك چایخانەی ئێستای مەچكۆ بوو كە منداڵان لەڕۆژانی جەژندا بە لێشاو ڕوویان تێدەكرد، دواتر گواسترایەوە نێوان ئێستای نافوورەی نیشتمان و قەڵات كە دەكاتە نزیك باغی شار، بەڵام هەركە شاری هەولێر كەمێك فراوان بوو ئیدی جارێكی دیكە ئەو بن لەیلوكانە گواسترایەوە تەنیشت گۆڕستانی گەورە كە بە گۆڕستانی چراغ ناو دەبرێت، تا وایلێهات لە هەر گەڕەكێكی شار بن لەیلوكان دانرا و منداڵان باوەشی میهرەبانیان پێدا كرد، لەهەمووشی بەرچاوتر ژمارەیەك كەسی دیكە ئەو دەرفەتەیان دەقۆستەوە تا باشترین كاسبی بكەن ئەویش بە كەر و عارەبانە خەڵكیان دەگواستەوە بن لەیلوكان و بە پێچەوانەوەش خەڵكیان لە بن لەیلوكان دەهێنایەوە ماڵەوە جا بەدەم ڕێگاوە دەستیان بە بە چەپڵە ڕێزان و گۆرانی گوتن دەكرد هەر مەپرسە، ئەو كات هەموو منداڵان هەركە پارەی جەژنانەیان وەردەگرت یەكسەر دەبونە میوانی بن لەیلوكان و بێ ئەو شوێنە تۆزقاڵێك هەڵیان نەدەكرد، هەر لە جەژنەدا بازاڕی وێنەگرە فۆتۆگرافیەكانیش جمەیان دەهات كە لەو ڕۆژەدا بازاڕیان بە تەواوی دەجووڵایەوە و زۆرترین وێنەیان بۆ خەڵكی دەگرت، هەتا هەندێكیان وێنەی كەسایەتیە دیارەكانیان لە دار دروست دەكرد و بە شێوەیەكی جوان ڕەنگیان دەكرد و منداڵانیش لە تەنیشتیەوە وێنەكەیان دەگرت و زۆر هەوەستیان بەو كارە دەهات، كەسە دنیا دیدەكان باس لەو دیمەنەش دەكەن كە هەندێك گۆرانی بێژی میللی هەبوون وەك (پیرداودە كۆر) بە پارە گۆرانی بۆ خەڵكەكە دەگوت و تەپڵی لێدەدا و بەزمی جەژن و خۆشیەكەی بە تاموچێژتر دەكرد و خەڵكەكەش لەدوویان دەگووتەوە و لەولاشەوە بەزمی شایی و هەڵپەڕكێی كوردەوارییان دادەبەست، هەندێكی دیكە لە منداڵان لە ڕۆژانی جەژندا دەچوونە سینەماكانی شاری هەولێری وەك سەلاحەددین و حەمرا تێر سەیری فیلمی هیندی و عەرەبی و عەسابەیان دەكرد و تا نیوەڕۆ كاتێكی خۆشیان بەسەر دەبرد،ئینجا بەرەو ماڵ دەگەڕانەوە بۆ ڕۆژی دوایش بە هەمان شێوە، هەندێكی دیكەش بە كڕین و ڕاكێشانی یانەسیب خەریك دەبوون، جا خاوەنی یانەسیبەكە چەندین بووكە شووشە و مەلاعیبی منداڵانەی لەدەوری خۆی كۆ دەكردەوە و بلیتەكەی لەناو جۆڕكێكەوە ڕادەكێشا و لە كاتی ڕاكێشانەكەش پڕ بە دەمی هاواری دەكرد و دەیگووت یانەسیب ڕزق و نسیب، بۆیە زۆر جار كەس هیچی بۆ دەرنەدەچوو، جاری واش هەبوو خەڵكەكە تاك تاكە شتێكی لە بووكە شووشە بۆ دەردەچوو لە خۆشیاندا شاگەشە دەبوو وای دەزانی ئەو دنیایە هەمووی هی ئەوە.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler