تشرینی دووەم 12, 2019

جلی كوردی بێ كڵاو و جەمەدانی ناڕێك و نەشازە

ساڵانێكە داواكاری لەسەر جلوبەرگی كوردی لە برەودایە، بە تایبەتی ئەو كاتانەی كە بۆنە تایبەتیەكان دێنە پێشەوە، هەر بۆیە لەنێو بازاڕی قەیسەری هەولێر چەند گەنجێك كە هەمیشە جلوبەرگی كوردیان لەبەردایە و بە ڕوویەكی خۆشەوە كڵاو و جەمەدانی بە خەڵكی دەفرۆشن، لەمبارەیەوە (هیدایەت شێخانی) كە وەك خۆی دەڵێ: ئەو پیشەیەمان لە باب و باپیرانەوە بۆ ماوەتەوە كە ئەوان پتر لە 30 ساڵە ئەوە كار و پیشەیانە ئێمەش ناتوانین لێی دابڕێین و دەمانەوێ ئەو پیشەیە بە زیندوویی بمێنێتەوە و نەوە بۆ نەوە پێیەوە ئاشنا بن، هەر بۆیە یەكەمین قسەی كاكە هیدایەت ئەوەبوو كە جلی كوردی بێ كڵاو و جەمەدانی ناڕێك و نەشازە، چونكە بەداخەوە دەڵێین زۆرێك لە خەڵكی جلی كوردی دەپۆشن، بەڵام سەریان كۆتە و كڵاو و جەمەدانی لەسەر نانێن، ئەو گەنجە ئەوەشی نەشاردەوە كە ئێستا كارەكەی ئەوان بەرەو پێشەوە چووە و خەڵكی بە گشتی داواكاری لەسەر جلی كوردی زیاترە، لە هەمووشی بەرچاوتر خەڵكی بیانیش كە بەسەردان دێنە بازاڕی قەیسەری دێنە لامان و كڵاو و جەمەدانیمان لێ دەكڕن و بە خۆشحاڵیەوە وێنەی یادگاریشمان لەگەڵ دەگرن، هیدایەت شێخانی هێمای بۆ ئەوەشكرد كە چەندین جۆری كڵاو و جەمەدانی هەن كە سووری و چینین وەك سوپەر و چاو سپی و چاو ڕەش و گەلێك جۆری دیكە كە هەر تیرە و عەشیرەتێك جۆرە كڵاو و جەمەدانی تایبەت بە خۆیان لەسەر دەنێن وەك بادینی و سۆرانی و سلێمانی و دەشتی هەولێر و شەمامك و قەراج و كەندیناوە و گەرمیان، ڕاستە ئەو جەمەدانیانە لە دەرەوە دێن، بەڵام ئافرەتی كورد بەهۆی دەست ڕەنگینی خۆیەوە ڕیش و جەلە گورینگیان بە جوانترین شێوە بۆ دەكەن ئەو كارەش هێندەی دیكە جوانی بە جەمەدانیەكە دەبەخشێت، هەر لە دێژەی قسەكانیشی خۆشەویستی خۆی بۆ ئەو پیشە كوردەوارییە دووپات دەكاتەوە و دەڵێ: زۆر بەو كارە ئاسوودەم و هەست بە ئەوپەڕی ئارامی دەكەم كە هەمیشە لەگەڵ كلتووری باب و باپیرانم دەژیم و لەو ڕێگایەوەش ئاشنایەتی و دۆستایەتیم لەگەڵ خەڵكێكی یەكجار زۆر پەیدا كردوە، هەروەها دەڵێ: ئامادەین بۆ بەستانی هەموو جۆرە جەمەدانیەك بە هەموو شێوەكانیەوە لە بۆنە تایبەتی و گشتیەكاندا، چونكە جەمەدانی بەستانیش زانینی خۆی دەوێ و كارێكی هەروا ئاسان نیە

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler