تشرینی یەکەم 16, 2018

بەدەر لە باسە پڕ لە حیكمەت و زانست و پەندەكانی نێو چیرۆكی "یوسف" پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – كە لە نێو سورەتێكی تایبەتی سەد و یانزە ئایەتیدا لە قورئاندا هاتووە، یەكێ تر لەو بیست و پێنج پێغەمبەرانەی لە قورئاندا ناویان هاتووە(1)، موسایە و هەر جارەی بەشێوەیەكی پڕ لە موجیزەی قورئانی لاپەڕەیەكی لێوان لێو لە وانە هەڵدەداتەوە و دەیخاتە بەردەمی هۆشمەندان تا بۆخۆیان سوودی لێبكەن و بەخەڵكیشی بگەیێنن، لە چل و شەش هەمین ئایەت و بە دواتری سورەتی"زوخرف" دا باسمان لەلایەنێكی سەیری دروستكردنی"دیكتاتۆر" بۆ دەكات كە چۆن لە زۆر كاتی مێژووی مرۆڤایەتیدا مرۆڤەكان خۆیان كەڵەگا و ستەمكار و ئاغا و چەوسێنەرەوە دروست دەكەن!
با پێكەوە بچینە خزمەت كەمێكی ئەو كۆپلە ئایەتە كە دەفەرموێت:
 "بەڕاستی ئێمە موسامان بە پاڵپشتی لێكردنەوە بە هۆی چەندین نیشانەی گەورەیی دەسەڵاتمانەوە نارد بۆلای فیرعەون و دەوروبەر و پشتیوان لێكەرانی(2) و پێی گوتن بەڕاستی من نێررا و پەیامگەیێنی پەروەرینی هەموو جیهانم * كەچی كە بە پاڵپشتی نیشانەكانمانەوە چووە لایان، بینی گاڵتەیان لێدێ و پێدەكەنین * ئێمە هیچ نیشانەیەكمان وەبەر چاو نەدەخستن كە لەوەی پێشتر گەورەتر و پڕ وانە ترنەبوایە، سزامان پێدەچەشتن سا بەڵكو بگەڕێنەوە و وانەی پێویست وەربگرن * دەیشیان گوت: ئەی جادووگەر دەی نزات بێ بۆلای پەروەرینت و ئەوەی لێی چاوەڕوان دەكەیت با بینێرێ، لە دژمان وە پاڕێ، خۆ ئێمە هاین لەسەر هەق و ڕاستی و ڕێگامان گم نەكردووە * كە سزامان وەسەردا دەبارانن و دەكەوتنە پاڕانەوە و لاڵاندنەوە و سزاكەمان لەسەر سووك دەكردن و پەردەی تەم و خەم و ئازارمان لەسەر لا دەبردن، دەتبینی كوتوپڕ كتومت وەك نەبایان دیبێ و نەبۆران هەمووسۆزیی و پەیمانێكیان هەڵدەوەشاندەوە و دەكەوتنەوە سەرپێچی * فیرعەونیش بانگی لە خەڵكەكەی كرد و وتی: ئەی قەومەل و خزمیەلی من . دەستەڵات و موڵكایەتی میسر هی من نییە؟ ئەم حەمكە دەریا یە لەبن مندا ناڕوات؟ ئەرێ ئێوە نابینن ؟ – واتە منم خوا تان - * یان من باشتر نیم لەم پیاوە دەربەدەركراوە چەوساوەیەی زمانیشی هێند ساف نییە مەگەر بە زۆر بتوانێ قسە بكات ؟ * ئەگەر ئەم پیاوە شتێكە ئەی بۆ هەندێ زەنگە و بازنی زێڕی پێوە نییە؟، یان فریشتەی لەتەكدا نین ؟ - ئەمە پێوەرەكەی بوو –"
بەم شێوە لەكاتێكدا موسا بە زمانی عەقڵ و مەنتیق دەدوێ، فیعەون خەڵكەكە چەواشە داەكات و بە زمانی گاڵتە كردن و شێوازی لەخۆبایی بوون دەدوێ، كە وا چاوەڕوان دەكرا لێرەدا خەڵكەكە گوێڕایەڵی زمانی عەقڵ بن، لایەك لەبەر پایە و لەبەر پارە لایەكیش لە ترسی ئەو زۆردارە لایەنگیری فیرعەون بوون . خوا دەفەرمێت:
"فیرعەون خەڵكەكەی بە بێ بەهاو بێ ڕێز و بێ كەسایەتی تەماشاكرد و بایەخی پێنەدان، كەچی ئەو خەڵكەیش هەر بەگوێیان كرد".
كەوابوو ئاوا دیكتاتۆر دروست دەكرێت و دروست دەبێت .

پەراوێزەكان:
(1)(لەگەڵ ئەوەی كە پێغەمبەرگەل – دروود و سڵاوی خوای گەورە لەسەر سەرجەمیان بێت - زۆربوون و لە ئەژمار نەهاتوون، وەلێ لە قورئاندا ناوی بیست و پێنج دانەیان هاتووە، لەم پەراوێزەدا بە پێی دوور و نزیكی كاتی هاتنەكانیان ژمارەی ناوبردنەكانیان لە قورئاندا دەخەمە بەردیدی ئێوەی بەڕێز كە هەر ئەو ڕێژەی ناوبردنانەیشیان جێگای هەڵوەستە كردن و وانە لێ وەرگرتنە:
1/ "ئادەم" بیست و پێنج جار . 2/ "ئیدریس" دوو جار . 3/ "نووح" چل و سێ جار . 4/ "هوود" دە جار . 5/ "صالح" نۆ جار . 6/ "ئیبراهیم" شەست و نۆ جار . 7/ "لووت" بیست و حەوت جار . 8/ "ئیسماعیل" دوانزە جار . 9/ "ئیسحاق" هەڤدە جار . 10/ یەعقوب شانزە جار . 11/ یوسف بیست و حەوت جار . 12/ ئەیوب چوار جار . 13/ زولكیفل دوو جار . 14/ "یونس" چوار جار . 15/ "شوعەیب" یانزە جار . 16/ "موسا" سەد و سی و شەش جار . 17/ "هاروون" نۆزدە جار . 18/ "داود" شانزە جار . 19/ "سلێمان" هەڤدە جار . 20/ "ئیلیاس" دوو جار . 21/ "ئیلیەسەع" دوو جار . 22/ "زەكەریا" حەوت جار . 23/ "یەحیا" پێنج جار . 24/ "عیسا" بیست و پێنج جار . 25/ "محەممەد" چوار جار).
(2) لەگەڵ ئەوەی دەستەواژەی "فیرعەون" بۆ هەرەمی سەر دەسەڵاتی ئەوكات و پێشتر و دواتری میسر بەكارهاتووە، وەك سولتان و پاشا و سەرۆككۆمارو ئەمیر و خەلیفە و ...هتد، وەلێ لە قورئاندا تایبەتە بەو كەسەی لەسەردەمی موسادا خۆسەپێنی سەر دەسەڵاتی میسر بووە، تووت عونخ ئاموون بێت یان كەسێكی تربووبێت).

 

عومەری چنگیانی

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.