ئایار 25, 2020

زۆرترین بینراو كۆمه‌ڵایه‌تی

Error: No articles to display

پشتێنەی هەژاری بە چواردەوری شاری مەریواندا

و: د. ڕزگار ئازەوانی - هه‌ولێر

 

محەمەد 32ساڵانیەتی و لەگەڵ ژن و دوو منداڵەکەیدا لە پەڕگەیەکی چڕ و قەرەباڵغی شاری مەریواندا نیشتەجێیە؛ بە کۆڵبەرایەتی و هەزار دەرد و مەینەت ماڵەوەیان دەژێنێت؛ نە دەستەبەری (بیمە)ی هەیە ونە دەروویەک شک دەبات؛ لە شارەکانی سنووری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان، بە هەزاران کەس لە ناچاریدا کۆڵبەرایەتی دەکەن.

محەمەد، ساڵی پار لە گەڕەکی مۆسەکی شاری مەریواندا بە پەنجاملوێن تمەن خانۆچکەیەکی بۆ خۆی کڕیوە؛ ئێستاکە هەر ئەو خانووە بووەتە نەوەدملوێن؛ محەمەد گوتەنی، ئەو گەڕەکە کەوتووەتە بنی دنیایێ!نە قوتابخانەیەکی لێیە نە خەستەخانە و باخچەیەک! شوێنی ژیان نیە بەڵام چ بکەن، چاریان ناچارە!
کاکە محەمەد هەردوو منداڵەکەیانی ناردووەتە بەر خوێندن، بەڵام ناچارن هەموو رۆژێک لە گەڕەکی مۆسەکەوە بکەونە رێ و پای پیادە رێگایەکیزۆر ببڕن و ئینجا بە بێوەی سواری پاس ببن و خۆیان بگەیێننە گەڕەکی پارکی شانۆ؛ محەمەد دەبێ مانگێ ١٤٠هەزار تمەنیش بۆ خەرجی هاتوچۆی منداڵەکانی بخاتە لاوە.
کە ناوی مەریوان دێتە گۆڕێ، خەڵک بیریان دەچێتەوە بۆ لای دەریاچەی زرێبار و بازاڕە هەرازنەکەی مەرز و داهاتی گومرگ و قازانج و بازاڕی ناوماڵە (کەلوپەلی ناوماڵ) و سەیران و گەشتوگێڵ؛ بەڵام کە سەرێک بە بەشی شاربزر و دەوراوپشتی مەریواندا بکەی، ئینجا نەهامەتی و چارەی رەشت لێ بەدیار دەکەوێ.
بەری رۆژاوای شاری مەریوان کۆمەڵە گەڕەکێکی هەژاری لێ قیت کراوەتەوە؛ لە گەڕەکی پشت گۆڕەپانی یاریگاوە دەگرێتەوە هەتا دەگاتەوە گەڕەکی چوارباخ و مۆسەک و پادگان و، هەتا ئەوپەڕ گەڕەکی تەڕخاناوا و دەوراوپشتی گەراجە کۆن؛ زۆرینەی خەڵکی مەریوانیش هەر لەو گەڕەکانەدا دەژین.

ژین لە (شاربزران)ـدا
لە شێوەزاری هەولێریدا بەو بەشەی شار وا دەکەوێتە پەڕی شارەوە و شێوەی شاری پێوە نامێنێ، دەڵێن شاربرز؛ ئەو خەڵکەشی لە شاربزراندا دەژین هێژن: شاربزرنیش یاخود پەڕنیش.
بە گوێرەی ئاماری سەربەڕێوەبەرایەتیی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی پارێزگای کوردستانی ئێران، کوردستانی ئێران ٥١ گەڕەکی شاربزری لێیە؛ ئەو ٥١ گەڕەکە نزیکەی ٢٤٠هەزار کەسیان لێ دەژین. شاری سنە و شاری مەریوان، لە هەموو شارەکانی دیکەی پارێزگای کوردستان، گەڕەکی شاربزر و خەڵکی پەڕنیشیان زیاترە.
ژیانی شاربزران، لە هەموو شوێنێکی دنیا کێشە و گیروگرفتی خۆی هەر هەیە بەڵام ئەوەی مەریوان هەر زۆر ناخۆشترە؛ ئەو گەڕەکە شاربژارنەی مەریوان وا هەڵکەوتوونە کە لە هیچ لایەکەوە رێگاوبان و جادەیەکی وایان بۆ رانەکیشراوە بیانداتەوە دەم ناوشاری مەریوانەوە؛ خزمەتگوزارییش ئەوە هیچ باسی مەکە.
زۆربەی ئەو گەڕەکانەی مەریوان بە قەدپاڵ و بنارێکی زۆر لێژەوە دروست کراون و ئەوەندەش تێک چڕژاون، شوێنێکی وای لێ نەماوە بکرێتە جێگای پارک و سەیران و دووکان و بازاڕێکی گەورە و شوێنی حەوانەوە و پشوو؛ ئەوە پێداویستیەکی پێویست بێ ناچارە هەرچۆنێک بووە خۆی بگەیێنێتە ناوشار؛ زۆربەیشیان هەر بە دەسگێڕی و کۆڵبەری و کرێکاری و کاری خۆخەڵەتێنەی بێبەرهەمەوە خەریکن. زۆربەی ئەو کەسانەیشی لەو گەڕەکانەدا نیشتەجێن، خەڵکی گوندی کۆماسی و ژاوەرۆ و قەلاتەرزان و دەشت و دۆڵەکانی ناوچەی مەریوانن.
منداڵە هەژار بە چ حاڵەحاڵێک، هیلاک و ماندوو خۆیان دەگەیێننە قوتابخانە و، شەکەت و وەڵەکەت دەگەڕێنەوە ماڵێ!
لەبەرئەوەی رێگاوبانێکی وای بۆ نەچووە، زبڵ‌کۆوەکەریشیان بۆ ناچێت؛ خەڵکەکە ناچارن ئەوەندەی پێیان بکرێ بە دەستی خۆیان زبڵوزاڵی خۆیان هەتا نزیک شار ببەن و بیخەنە زبڵدانێکەوە!
شارێکی دەوڵەمەند، خەڵکێکی هەژار؛ کۆڵبەر مەگەر چەند ساڵ ئەو کارە تاقەتپڕووکێنەی پێ دەکرێ؟ کێ ناڵێ ئاخری لەو شاخ و داخەدا نابێتە نێچیری دەستی سنوورەوانێک؟ ئەگەر فیشەکی نەبووە قسمەت، کێ دەڵی سەرماوسۆڵ و پێخلیسک نایباتەوە؟

هەژاری و چارەڕەشی
تلیاک و بەنگەمەنی، دەردی سەر دەردانە؛ باوک و دایک سەرەڕای خەمی هەژاری، لە ترسی تلیاک و مادەی بێهۆشکەردا نازانن چ بکەن؛ دایمە دڵیان لە مشتیاندایە نەکا جگەرگۆشەیەکیان بە داوی تلیاکەوە ببێت.
چەقۆکێشی و خوێڕیایەتی و گەلەکۆمە و شەڕەکۆڵان، ئەوەندەی ژیانی ئەو گەڕەکانەی بەزەحمەت خستووە. گەنج ئەو گەڕەکانە زۆربەیان لە بێکاریدا درژەی شەڕیان دێ و، لە بەدبەختیی خۆیاندا هەڵدەگژێن بە یەکتردا. کە رێکخراوێکی مەدەنی نەبێ هەتا ئەو گەنجانە پەروەردە بکات و رێگای ژین و ئازادییان پێ نیشان بدات، ئەو فەرق‌وجیاوازیخستن و سەرکوت و هەژاریە، تووشی هەزار دەردی دیکەشیان دەکات؛ یان دەیانکاتە خوێڕی و لاسار و، سەریان لێ دەشێوێنێت، یان بەنگەمەنی و تلیاک سەریان پێ شۆڕەوە دەکات.

 

© 2017 Hawler