ئەم پەڕەیە چاپ بکە

گرنگی وەرزشکردن بۆ منداڵان و یارمەتیدانیان لەخوێندندا

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

 

ئامارە جیهانیەکان نیشانیدەدەن منداڵان لەسەرانسەری جیهاندا لەڕووی وەرزشکردنەوە لاوازن، ڕاهێنان و جوڵەی پێویستیان کەمە و بەبەراوورد بەڕابردوو کەمتر لەش ڕێکن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) زۆر گرنگە بایەخ بەڕاهێنان و وەرزشکردن بدرێ لەقۆناغەکانی منداڵیدا، وە پێویستە بەتەکنیکی جۆراوجۆر و چالاکی دڵگیر و خۆش هانی منداڵان بدرێت ڕۆژانە لەکاتی دەوامی خوێندنیاندا وەرزشی پێویست ئەنجامبدەن.
زۆر لەزانایان و پسپۆڕانی بواری منداڵان لەو باوەڕەدان کە پێویستە چالاکیە فیزیکیەکان لەسەرەتایەکانی زۆر منداڵیەوە ئەنجامبدرێن، وە دایەنگاییەکان یەکێکن لەو شوێنە گرنگانەی دەستپێکی چالاکیە فیزیکیەکانی منداڵان دروستدەکەن.
دایەنگایەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو لەڕێگای پرۆگرام و چالاکی جۆراوجۆرەوە هانی منداڵان دەدەن ڕاهێنانە وەرزشیەکان بکەن، وەرزش و فێربوون بەیەکەوە ئەنجامدەدرێن.
لاوازی ڕاهێنان و مەشقی وەرزشی فاکتەرێکی گەورەی خراپی تەندروستی و قەڵەویە، هەروەها پەیوەستیشی هەیە لەگەڵ حاڵەتە سۆزداریەکان و، چالاکی مێشکی و، ئاسودەیی دەروونی.
پسپۆڕانی بواری منداڵان دەڵێن، ئەگەر منداڵ گەیشتە تەمەنی گوێگری و توانای لەشی پتەوی نەبوو، بۆ نمونە نەتوانن بۆ خۆیان بچنە سەر کورسی و، قەڵەم بگرن ئەوا کاریگەری گەورەی دەبێ لەسەر تەمەنی چونە ناو قوتابخانە و دواتریش.

وەرزش و فێربوون:
گرنگیدان بەچالاکیە فیزیکیەکان دەبێ لەڕێگای بەرنامەی جوان و سەرنجڕاکێشەوە بێ بۆ ئەوەی منداڵان ئارەزووی ئەنجامدانی بکەن، واتە بۆ منداڵان دەبێ گاڵتە و خۆشی تێدابێ.
(فلۆ هۆڵمس) مامۆستای وەرزش لەقوتابخانەی سەرەتایی لەبەریتانیا ئاماژەی بەوەداوە پێویستە دڵنیابین لەوەی کە چالاکیە فیزیکیەکان بۆ منداڵان سەرنجڕاکێش و خۆش و گاڵتەئامێزن تاوەکو تامەزرۆی بن. هەروەها گوتیشی، ئێمە دەمانەوێ توانا فیزیکیەکان باشتربکەین، وە لەگەڵ ئەو هەنگاوەدا بەهەمان ئاڕاستەش توانا پاڵنەرییەکان و، متمانەبەخۆبوونیان گرنگی پێدەدەین.
لەڕێگای چالاکیە وەرزشیەکانەوە منداڵان دەتوانن سەربەخۆیی زیاتر لە ئەرکەکانی ڕۆژانەیاندا وەربگرن، هەر لەخواردنی ژەمەکان بۆ خۆیان، یارییەکان و، هەر ئیشێک کەبیانەوێ بیکەن پێویستە بتوانن بۆ خۆیان ئەنجامیدەن.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی تەندروستی منداڵانەوە دەڵێ، منداڵان دەبێ ڕۆژانە سەعاتێک ڕاهێنان بکەن بۆ ئەوەی تەندروست بن، لەنەبوونی ڕاهێنانی پێویستدا تەندروستی منداڵان، مێشکیان و گەشە و توانا کۆمەڵایەتیەکان تێکدەچێ، وە ئەگەر بێتو چالاکیە فیزیکیەکان بەپێی پێویست ئەنجامنەدرێن ئەوا گیروگرفتی گەورەی گەردوونی لەوڵاتە هەژار و هەروەها دەوڵەمەندەکاندا سەرهەڵدەدەن.
ئەو شتانەی بەڕاهێنان دادەنرێن کامانەن؟
بەپێی ڕاپۆرتەکە هەر شتێک لێدانی دڵ خێراتربکات و هەناسە قورستربکات بەجوڵە و چالاکی فیزیکی، ڕاهێنان دادەنرێ بۆ نمونە ڕاکردن، پاسکیل سواری، مەلەکردن، تۆپی پێ، بازدان، جیمناستیک و شتەکانی دیکەش.
بەپێی داتا جیهانیەکان منداڵان لەنێوان تەمەنی (٥) ساڵی هەتا (١٨) ساڵی پێویستە ڕۆژانە یەک سەعات ڕاهێنان کردن ئەنجامدەن.

ڕاهێنان بۆچی؟
هۆکاری سەرەکی لەئەنجامدانی چالاکیە وەرزشیەکان سەرەتا بۆ تەندروستیە هەم لەئێستادا و هەروەها بۆ دواڕۆژیش.
لەماوەی مەودا کورتدا چالاکبوون مانای ئەوەیە، دڵ و سیەکان ڕێکن، ئێسک و ماسولکەکان بەهێزترن، وە مێشک تەندروستیەکی باشتری دەبێ و، کێشیش کەمتردەبێ.
دکتۆر (ڕیجینا گوزۆڵد) لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ، مێرمنداڵێکی چالاک و ڕێک وەکو پێگەیشتویەکی چالاک و ڕێک وایە. وە ئەگەر بێتو لەتەواوی تەمەندا بەچالاکی بمێنیتەوە ئەوا دەتوانرێ زۆر مەترسی نەخۆشیەکان لەخۆت دووربخەیەوە لەوانە نەخۆشیەکانی دڵ و جەڵتە و شەکرەی جۆری دوو.
هەروەها توێژەران لەتازەترین دیراسەیاندا دووپاتیانکردۆتەوە کە چالاکبوون و گرنگیدان بەڕاهێنانە وەرزشیەکان یارمەتیدەرە بۆ گەشەکردنی مێشک، وە توانای فێربوون زیاتر و ئاسانتردەکات، هەروەها توانا کۆمەڵایەتیەکانیان و، هەڵسوکەوتەکانیشیان لەنێو کۆمەڵگادا باشتردەبێ.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا منداڵان تەمبەڵن؟ دکتۆر (بوڵ) لەڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێ، نەخێر منداڵان تەمبەڵ نین، ئەوە کەمتەرخەمی و شکستی ئێمەیە بۆ پێشینەکردنی چالاکیە فیزیکیەکان لەجیهاندا.
شیاوی گوتنە، بەپێی ئامارەکانی (زە لانسێت چاێڵد ئاند ئەدۆڵسێنت هێڵس) نێوان ساڵانی (٢٠٠١ بۆ ٢٠١٦) ناچالاکی لەکوڕاندا (٧٨%) بوە و، لەکچانیشدا (٨٠%) بوە.
پسپۆڕانی بواری تەندروستی و، هەروەها پەروەردە هۆشداریدەدەن لەئەنجامنەدانی چالاکیە وەرزشیەکان بەتایبەتی بۆ منداڵان و دەرکەوتنی کاریگەرییان لەسەر بوارەکانی تەندروستی و فێربون.
دکتۆر (مارک تریمبلی) لە نەخۆشخانەی منداڵان لە ئەنستیتۆی توێژینەوە لە کەنەدا دەڵێ، شۆڕشی ئەلکترۆنی بەشێوەیەکی بنەڕەتیانە گۆڕانکاری بەسەر شێوەکانی جوڵەی خەڵکیدا هێناوە بۆ نمونە لەکوێ بژی و چۆن بژین و، فێربوون و، ئیشکردن و، یاری و گەشتکردن، وە ئامێرە ئەلکترۆنیەکان و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا بەشێوەیەکی زۆر وایکردوە خەڵکی زیاتر لەناو ماڵەکانیاندا بمێننەوە و لەسەر کورسی دابنیشن بەبەراوورد بەڕابردوو.
بەو هۆیەوە خەڵک کەمتر دەخەوێ، زیاتر دادەنیشێ، کەمتر بەپێیان دەڕوات و بەزۆری و بەبەردەوامی ئۆتۆمبیل بەکاردێنێ و کەمتر چالاکیە فیزیکیەکان ئەنجامدەدا بەبەراوورد بەدەیەکانی ڕابردوو.
پرۆفیسۆر (ڕوسێل ڤینەر) سەرۆکی کۆلێجی شاهانەی تەندروستی منداڵان دەڵێ ئەو شتانەی لەتوێژینەوەکان لەسەر کەمی جوڵەی چالاکیە وەرزشیەکان دۆزراونەتەوە جێی نیگەرانین، ئەو منداڵانەی چالاکن تەندروستیەکی باشتریان دەبێ و بەشێوەیەکی گشتی دەتوانن فێربوون و قوتابخانەش بەباشتری بەڕێبکەن.
هەروەها گوتیشی، پێویستە کاربکەین هانیانبدەین چالاکیە وەرزشیەکان بکەن، ئەو کارەیان بۆ فەراهەم بکەین هەتاوەکو ژیانێکی زیاتر چالاک و تەندروستیان هەبێ.