ئەم پەڕەیە چاپ بکە

کێشەی گوناهـ و لێخۆشبوون

فیلمەکە موتاڵای لاهوتییانە ناکات و پێچداچوونەوەی مێژووییش بۆ ڤاتیکان ناکات، بەڵکو هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بە سیمبولکردنەوەی دوو کەسایەتی مرۆییانە پیشان بدات. بیندیکتۆس، کە جۆرزیڤ ڕاتزنگەر ناوە ئەسڵییەکەیەتی، لەهەموو ژەمە خواردنێکدا فانتا دەخواتەوە، ئەگەرچی هەمیشە داوای دروستکردنی چێشتە تەقلیدییە ئەڵمانییەکانی دایکی دەکات. هیچ شتێک دەربارەی منداڵێتییەکەی نازانین، ئەو کەسێکی داخراوە و حەزی بە خوێندنەوەیە. بە سرتە و چپەچپدا تێگەین کە لە گەنجیدا تۆزێ گومانی پشتیوانیکردنی لە نازیزمی لەسەر بووە.

لە دیوەکەی ترەوە، فرەنسیس سواری سەیارەی گرانبەها نابێت و فڕۆکەی تایبەت بە خۆیشی نییە، پێڵاوی سوور لە پێناکات و عەسای ئاڵتوونی بەدەستەوە ناگرێت؛ کاتێک برسێتی زۆری بۆ دێنێ، لە یەکێ لە کۆشکەکانی شار پیتزایەک دەکرێ.
بینیدیکتۆس پیانۆژەنێکی بەتوانای مۆسیقا کلاسیکییەکانی مۆزارتە، فرەنسیسیش سەماکارێکی لێزانی تانگۆیە؛ لە فیلمەکەیشدا ئاوازی گۆرانی Dancing Queen ی تیپی ABBA دێتە گوێ. بیندیکتۆس پتر حەزی لە تەنیاییە و کەمدووە، فرەنسیس هاندەری یانەی تۆپی پێی سان لۆرینزۆی ئەرژەنتینییە. لە سەرەتای فیلمەکەدا خەریکی ئامۆژگاریکردنی نوێژخوێنانە لە حەوشەی کەنیسەیەکدا کە لەژێر نۆزەنکردنەوەدایە.
سەرەڕای جیاوازییەکانی ئەم دوو پیاوە ئایینییە، فیلمەکە هاوڕێیەتی نێوانیشیانی دەرخستووە، پیشانی داوە کە چۆن گفتوگۆیەکی تێروتەسەل، کە لە فیلمەکەدا دوو سەعات دەخایەنێت، لەنێوانیاندا دروست دەبێت.
دوای مرۆنی پاپا یوحەننا پۆڵسی دووەم لە ساڵی 2005دا، کاردیناڵی ئەڵمانی ڕاتزنگەر بۆ سەر کوروسی پەیامبەرێتی هەڵبژێردرا؛ لە دەنگدانی کاردیناڵەکاندا، قەشە ئەرژەنتینییەکە "بیرگیلۆ" نزیکترین کێبەرکێکاری بوو. دوای ساڵانێک، کاتێک بیرگیلۆ بڕیاری دا وەک هەر کاردیناڵێکی دیکە کە دەگەنە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵان، خانەنشین ببێت، لە فیلمەکەدا بیندیکتۆس هەست بە سووکایەتی دەکات، چونکە وا هەست دەکەن کشانەوەی کێبەرکێکارەکەی لە ئەرکەکەی، ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆیە لە سیاسەتەکانی.
بەلای پاپا ئەڵمانییەکەوە، تەنانەت "پێڵاوی کاردیناڵ"ـی لاتینییش لە وەختی خۆیدا ڕەخنەیەکی بووە لە میتۆدی ڤاتیکان، هەلبەت بیندیکتۆس بە کەشخەیەتی و حەزی خۆڕێکخستن و کەلوپەلی جوانکاری گرانبەها و پپێڵاوی سووری چەرم ناسراو، لە کاتێکدا کە راگەیاندن هێشتایش باس لە پێڵاوەکانی کۆنەکانی فرەنسیس دەکات تەنانەت دوای هەڵبژاردنیشی.
ڕاستە ئەو یەکتربینین و هاوسۆزییەی لە فیلمەکەدا دروست دەبێت، بەرەهەمی خەیاڵە، بەڵام هەوڵێکیشە بۆ گەڕان بەدوای ئەگەرەکانی هاوڕێیەتییەکی مەحاڵدا لەنێوان دوو کەسی نەیاردا، نەیار ئەگەرچی هەردووکیان بڕوایان بە هەمان بیروباوەڕیش هەیە. لە ڕێگەی ئەو پەیوەندییە مرۆییەوە کە فیلمەکە لەنێوان هەردوو کارەکتەرە سەرەکییەکەدا دروستی دەکات، مشتومڕێکی سادە و جوان لەسەر یەکێک لە کۆنترین پرسەکانی ناو ئیمانی مەسیحی دێتە گۆڕێ، ئەویش کێشەی گوناهـ و لێخۆشبوونە. لە بەردەم کامێرادا، ئەم دوو کاهینە گەورەیە نهێنیی دانپێدانان ئاڵوگۆڕ دەکەن و هەر یەکەیان ڕابردووی خۆی دەخاتە بەردەستی ئەویتریان.
سیناریستی فیلمەکە خەیاڵی عەشقێکیشی کردووە کە بیرگیلۆ لەگەڵ کچێکدا بە ناوی "ئەمالیا" هەیبووە (ئەمالیا گەورەکردنێکی درامییانەی ئەو نامەیە کە دوای هەڵبژاردنی بۆ کورسی پەیامبەری، فرەنسیس لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا ناردوویەتی بۆ کچە هاوڕێکەی و وەک دەریش دەکەوێت ئەم پەیوەندییە نابێتە دەستگیرانی و هاوسەرگیری). هەروەها وێنای پەیوەندیی ئەم پاپایە بەو دیکتاتۆرییتەی سەربازییەوە کراوە کە لە جەنگی نێوان ساڵانی 1975-1983دا ئەرژەنتینی گرتەوە و بووە مایەی فڕاندن و بێ سەروشوێنبوونی زیاتر لە 30 هەزار هاوڵاتی.
ڕۆلی بێرگیلۆ لەو قۆناغە چارەنووسسازەی ئەرژەنتیندا، هیشتایش لە وڵاتەکەی خۆیدا جێگای مشتومڕە، مشتومڕ لەنێوان ئەوانەی پێیانوایە پییلانگێڕێک بووە سەر بە دەسەڵاتە سەربازییەکانی ئەو کات، لەگەڵ ئەوانەی پێیانوایە هەرچی لەدەستهاتبێ کرددوویەتی تاوەکو کاهین و ڕەهبانەکان بەر بە چارەڕەشییەکانی جەنگ بگرن، کە ئەو کات هێشتا سەرۆکی هەرێکی رەهبانییەتی یەسوعیی وڵاتەکەی بوو.
فیلمەکە بە وردی و بنجبڕی وەڵامی پرسیارگەلێک لە مێژووی بێرگیلۆ ناداتەوە، بۆ نموونە مشتومڕە گشتییەکان لەسەر گێچەڵی سێکسی؛ ئەگەرچی بە ئاشکرا کاردیناڵە ئەرژەنتینییەکە لۆمەی پاپای کردووە بەهۆی دامەزراندنی کاهینێکی ترمەتبارەوە لە دەستوپێوەندەکانیدا. ئەم هەڵوێستە وا دەردەکەوێ ئاسایی و سادەیە، بەڵام وەک فیرناندۆ مێریلێسی دەرهێنەر، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە بەدواداچوون بۆ گەندەڵی و تەحەروش بابەتی فیلمەکەی نییە. هەندێک لە شوێنکەوتوانی ژیاننامەی پاشا بیندیکتۆسیش پێیانوایە دەبوو فیلمەکە پاپای لەوە کۆنزەرڤەتیڤانە پیشان داوە کە لە واقیعدا هەیە، چونکە ئەو کتێبگەلێکی هەیە کە ئەم وێنەیە پووچەڵ دەکەنەوە.

سەرچاوە:
https://www.bbc.com/arabic/art-and-culture-50940755