حوزەیران 23, 2018

پرسی ژن، لە دروشمەوە بۆ واقیع

چەند مانێگێک لەمەوبەر کتێبێکی نووسەری لوبنانی جومانە حەدادم خوێندەوە بەناوی "ڕەگەزی سێیەم"، ئەم کتێبە کارکردنە لەسەر جۆرێک لە مرۆڤ، یان ڕەگەزێکی مرۆڤ، کە مرۆڤێکی مرۆڤخواز بێت و بڕوای بە مرۆڤ هەبێت بەبێ ئایین و ڕەگەز و ڕەنگ و نەتەوە و زمان. مرۆڤێک مرۆڤبوونەکەی سەنتەری بڕیاردان بێت لەسەری نەک زمانەکەی، یان ئایین و ڕەگەز و نەتەوەکەی. بێگومان ئەوەی ئەم نووسەرە پێشنیاری دەکات، دەشێت خاڵێک بێت بۆ سڕینەوەی ئەو جیاکارییە ڕەگەزیانەی لە کۆنەوە لەنێو کۆمەڵگەکاندا پەرەی پێدەدرێت و بووەتە کولتوورێک لەنێو زۆرێک لە نەتەوەکاندا و زۆرێکیش لە نەتەوەکان پاش ساڵانێکی زۆر لە خەبات و تێکۆشانی مرۆڤە ئازادیخوازەکانی توانیویانە ئەو ڕوانینانە بەجێبهێڵن و ڕەتی بکەنەوە.

زیاتر لە سەدساڵ لەمەوبەر فەیلەسوفی ئەڵمانی "فریدریش نیتچە" لە کتێبی "وەها ئاخافت زەردەشت"دا بیری لە هاتنی سۆپەرمان (بەرزەمرۆڤ) کردەوە و هیوای ڕزگاری ئینسانی لەو مرۆڤەباڵایەدا بینی و پێیوابوو قەیرانەکانی سەدەی نۆزدە و پێشووتر ناتوانرێت تێپەڕێنرێت بەبێ هاتنی "بەرزەمرۆڤ". بەڵام جومانەش دوای سەدەیەک هیوای ڕزگاری مرۆڤی ئەم سەردەمە لە "ڕەگەزی سێیەم"، یان مرۆڤی مرۆڤخوازدا دەبینێتەوە. من لاموایە ئەم هەنگاوە دەشێت هەنگاوێکی بوێرانە و واقیعی بێت بۆ تێپەڕاندنی دۆخی مرۆڤ لەم قەیرانە رۆحیی و مرۆییەی لە هەموو جێیەکی جیهاندا تێیکەوتووە و هاوکات دەستکاریکردنی پرسی ژنیش بێت وەکو یەکێک لە پرسە کێشەدارەکانی ئەم سەردەمە و ڕەتکردنەوەی بە کاڵاکردنی و ژن و بەکارهێنانی ژن بێت وەکو بوویەکی نمایشی. لە لایەکی دیکەوە دەشێت ئەم هیوای ڕزگارییەی جومانە پشتی پێدەبەستێت ببێتە هۆی ڕێگەگرتن لە خوێنڕێژی و تاکڕەوی و یەکتر قەبوڵنەکردن. مرۆڤی مرۆڤخواز بە بڕوایەکی هیومانیستییەوە دەژی و درێژە بە ژیان دەدات و پرۆژەکانی خۆی دەخاتە ڕێ. هەر مرۆڤی مرۆڤخواز دژی هەموو یەکتر قەبوڵنەکردن و دژایەتییەکی ئینسانە، دژی بەکاڵاکردنی مرۆڤ و بە ئامێرکردنییەتی، ئیتر ئەو ئینسانە لە هەر جێیەکی دونیا و هەر ڕەنگێک بێت و هەر ئایین و هەر خوایەک بپەرستێ.
هەر لێرەوە لە مرۆڤی مرۆڤخوازەوە دەشێت باس لە هەشتی مارس بکەین، وەکو رۆژێک کە تەرخان کراوە بۆ گرنگیدان و بیرهێنانەوەی چەوسانەوەی ژنان. هەموو ساڵێک ڕۆژی هەشتی مارس، دەبێتە رۆژی لاوانەوە و ستایشکردنی ژن و بڵاوکردنەوەی سەدان دروشم سەبارەت بە پرسی ژن، بەڵام زۆر بەکەمی (ناڵێم هیچ) ئەم دروشمانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و لە دروشمی دەردەهێنرێن و ئەو بۆچوونانە لەسەر زەمینەی واقیع دەکرێنە پرۆژە و کاریان لەسەر دەکرێت.
بەشێک لە "خەمخۆرانی ژن"، دەست دەکەن بەلاوانەوەی ژنان و باسکردن لە نەهامەتییەکانیان، بەشێکی دیکەشیان دەکەونە ستایشکردنی ژنان و باسکردن لە قارەمانێتی ژن، وەکو بوونەوەرێکی چالاک و بیرکەرەوە. بێگومان من هەردوو جۆرەکە بە نمایش دەبینم و وەکو جۆرێک لە ساختەکاریی دێتە بەرچاوم. لەبەر ئەوەی پرسی ژن نە پێویستی بە لاوانەوەیە و نە بە ستایشکردن، بەڵکو پێویستی بە گۆڕینی ڕوانین و ئەو بڕوایانەوە هەیە کە ئێمە دەشێت بۆ وشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە کاری لەسەر بکەین.
هەشتی مارس، نابێت تەنها رۆژی بەخشینەوەی دروشم بێت، بەڵکو دەبێت ڕۆژی گۆڕانکاریی بێت لە بۆچوون و بڕوا ژەنگرتووەکانمان لەبارەی پرسی ژنەوە. هەشتی مارس دەبێتە خاڵێکی جیاکەرەوە بێت بۆ گۆڕینی ئەو ڕوانینانەی پەرە بە جیاوازی ڕەگەزی و بچووک تەماشاکردنی مێیینە دەدەن، کە ساڵانێکی زۆرە کولتوور و ئایین لە ئێمەدا چاندوویەتی و بەردەوامیش پەرەیان پێدەدات، یان هەوڵی زیندووهێشتنەوەی دەدات. بۆ ئەوەشی هەشتی مارس بەڕاستی ڕۆژی جیهانی ژن بێت، دەبێت ڕۆژی نوێبوونەوە و بەخۆداچوونەوە و رێزگرتنی ڕەگەزی بەرامبەر بێت، نەک رۆژی درۆکردنی نوێ و نمایشی ساختەکارانە و خۆپیشاندان وەکو دۆستی پرسی ژن، بەڵام لە ڕاستیشدا چەوسێنەرەوەی ئەو ڕەگەزە بین. دەشێت هەشتی مارس دەسپێکێک نەبێت بۆ دەستگرتن بەو بڕوا کۆنانەی پەرە بە جیاوازی ڕەگەزی دەدەن، دەشێت دەستپێکێک بێت بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو بڕوا کۆنانە و دروستکردنی بڕوایەکی نوێ بێت بە مرۆڤی مرۆڤخواز، مرۆڤێک کە بڕوای بە ئینسان هەبێت و دووربێت لە جیاکاریی ڕەگەزی و بڕوا بە یەکسانی تەواوی هەردوو ڕەگەز هەبێت، بە بڕوایەکی پتەوەوە نەک تەنها بە دروشم و نمایشی بێت

 

ئارام كۆشكی - سلێمانی
.   


© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.