حوزەیران 01, 2020

زۆرترین بینراو كۆمه‌ڵایه‌تی

Error: No articles to display

بۆچی هەندێ كەس لە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل دەترسن؟

بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە ئەمڕۆ ئۆتۆمبیل بۆتە پێویستیەكی هەرە گرینگ و بەرچاو لە ژیانی هەموو مرۆڤێكدا بە نێر و مێیەوە، بۆیە دەبینین هیچ كارێك بەبێ ئەو پێویستیە گرینگ و بەرچاوە ناڕوات بەڕێوە و كەموكووڕیی تێدەكەوێت.

باشترین بەڵگە و گەواهیش بۆ ئەو قسەیە ئەوەیە كە ڕۆژانە دەبینین جادە و شەقامەكانی شار لەبەر زۆریی ئۆتۆمبیلەكان جمەیان دێن و زۆر جار بەوهۆیەوە خنكانی هاتووچۆ ڕوو دەدەن خۆ ئەگەر سەرێكیش بە پێشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبیلەكانیش بكەین بە هەمان شێوە دەبینین ڕێ بە ڕێ ناكەوێ كە ڕۆژانە ئۆتۆمبیلێكی یەكجار زۆر بە شاحینەوە دەگەن، بەڵام داخەكەم لە پاڵ هەموو ئەوانەوە دەبینین هەندێك لە مرۆڤەكان بە پێچەوانەی گشتی شوفێرەكان ترسێكی زۆریان لە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل هەیە تەنانەت ناوێرن بچنە ئەو شوێنەی كە خەڵكی لێوە فێری لێخوڕین دەكەن، دەبێ بپرسین ئاخۆ ئەو تەرزە مرۆڤانە لە پای چی ئەو ترس و بێمەیان لەلا دروست بووە و ناتوانن ئەو تەلیسمە لە ناخی خۆیان بشكێنن و بێنەو مەیدان و خۆیان بكەنە باشترین شوفێر و ئەوانیش ئۆتۆمبیلەكانیان بە جوانترین شێوە لێبخوڕن، هەر بۆ ئەو مەبەستە ڕای هەندێك لە هاووڵاتیانمان وەرگرت دیار بوو هەریەكەیان بە جۆرێك گوزارشتیان لەو پرسە هەستیارە دەكرد، سەرەتا هاووڵاتی و ڕاگەیانكاری وەرزشی حاجی (عیماد قادر) كە تەمەنی لە سەرووی 50 ساڵیدایە و یەكێكە لەو كەسانەی ناتوانێ بۆ چەند مەترێك ئۆتۆمبیل لێبخوڕێ، بەڵكو لە جیاتی ئەو هاوژینەكەی بەو ئەركە هەڵدەستێ و لە ڕێگای ئۆتۆمبیلە تایبەتیەكەیانەوە كار و باری ماڵەوە هەڵدەسووڕێنێ، بۆیە لەمبارەیەوە دەڵێ:
خۆشم نازانم ئەو ترسەم بۆ لا دروست بووە و هەر لە سەرەتاوە هەموو ئیشوكارەكانم بە پایسكیل و ماتوڕسكیل ڕاهی كردوە، خۆشم پێم خۆش بوو ببمە باشترین شوفێر، بەڵام تازە ئەستەمە بتوانم بە كاری لێخوڕینی ئۆتۆمبیل هەڵبستم، چونكە تەمەنم هەڵكشاوە و لێخوڕینیش لەو جەنجاڵی شەقام و جادەكاندا ئەوپەڕی زیرەكی و لێزانی و حەوسەڵەی دەوێ، بۆیە زگیشم بە خۆم ناسووتێ، چونكە هاوتای من زۆرن كە بەهۆی هۆكاری جیاوازەوە ناوێرن خۆیان لە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بدەن، هەروەها هاووڵاتیەكی دیكە بەناوی (سروود حوسێن دزەیی) ناسراو بە (سوورە) بۆ ئەو پرسە دەڵێ:
زۆر ڕاستە هەندێك لە هاووڵاتیان ناوێرن خۆیان لە كاری لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بدەن، ئەوەش مەرچ نیە تەنیا مەسەلە ترسەكە بێ، بەڵكو هاووڵاتی وا هەیە لە ناخەوە حەز ناكات ئەو بەرپرسیەتە گەورەیە بگرێتە ئەستۆی خۆی و پێی وایە نابێ هەموو كەس شوێر بێ، بەڵكو حەز بەوە دەكات هەموو ئیشو كارەكانی ڕۆژانەی خۆی بە تاكسی و هۆیەكانی دیكەی هاتوچۆ ڕاهی بكات، بەداخەوە دەڵێین ماڵی وا هەیە هەموو ئەندامانی خێزانەكەیان شوفێر و ئۆتۆمبیلیان هەیە و لەبەر ماڵەكانیان جێگا نیە لێی ڕابگرن ئەوەش جۆرە گرفتێك بۆ دەر و دراوسێكان پەیدا دەكا و زۆر جاریش شەڕ و ئاشووب لەسەر ئەوە ڕووی داوە، لەلایەكی دیكەوە هاووڵاتی (هۆشمەند حەسەن ) ڕایەكی جیاوازی دیكەی بۆ ئەو مەسەلەیە هەیە و دەڵێ:
ئەوانەی بە گەورەیی فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبیل دەبن هەمیشە ترسێكیان لە دڵدا هەیە، بەڵام هی واش هەیە لەگەڵ فێربوونی لێخوڕین ئەو ترسەی هەر لەگەڵدایە و لە كۆڵیان نابێتەوە، بۆیە دەبێ مرۆڤ ئیرادەی بەهێز بێ و ترس و بیم لە دڵی خۆی دەربكات و كۆنتڕۆڵی بار و دۆخەكە بكات، دوا جار هاووڵاتی (زۆزگ حوسێن باداوەیی) سەبارەت بەو كەسانەی ترسیان لە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل هەیە دەڵێ: هەندێك لەوانەی كە خۆیان لە لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بە دوور دەگرن پتر ئەوانەن كە خۆیان خۆش دەوێ و نایانەوێ تووشی ڕووداوی نەخوازراو ببن و تووشی مردن ببنەوە نازانن ئەگەر بە كارەسات و ڕووداوی ئۆتۆمبیلیش نەبێ هەر دەمرن و كۆتایی بە ژیانیان دێ، بەدەر لەوانە ئەمڕۆ ئۆتۆمبیل بۆتە پێویستیەكی یەكجار گرینگ و كەم كەس دەتوانێ دەسبەرداری بێ.

 

© 2017 Hawler