تشرینی دووەم 18, 2019

کاریگەریی هاوڕێ بۆ هاندان بەرەو دنیای خوێنــــدنەوە

هەنگاونان بۆ بەکولتوورکردنی خوێندنەوە تەنها لە یەک ڕێگەوە دەست پێ ناکات. بەڵکو ڕێگەکانی بەکولتوورکردنی خوێندنەوە لە چەندین شوێنەوە دەست پێ دەکات و دەکرێت هەمووان بەشدار بن لەم پرۆسەیەدا. کاتێک خوێندنگەکان بەشێک لەم ئەرکەیان لەئەستۆ گرت و خێزانیش هەنگاوێکی دیکە ئەم پرۆسەیەی بردە پێشەوە و کەناڵەکانی میدیاش بە جۆرێک لە جۆرەکان هاندەر بوون بۆ هاندانی تاک بۆ کتێبخوێندنەوە.

ئەوکات دەکرێت هاوڕێکانیش کاریگەریی بەرچاویان هەبێت لە پڕۆسەی بەکولتوورکردنی خوێندنەوەدا. ئەگەر هەمووان پێکەوە هەوڵ نەدەین بۆ بەکولتوورکردنی خوێندنەوە، ئەوا ڕەنگە نەتوانین بەزوویی بگەین بە ئامانجەکەمان. لەم بەشەی نووسینەکەمدا باس لە کاریگەریی هاوڕێی خوێنەر و ڕۆڵی لە بەکولتوورکردنی خوێندنەوەدا دەکەم.
یەکێکی دیکە لەو ڕێگەیانەی دەکرێت حەزی خوێندنەوە لای تاک زیاد بکات، کاریگەریی هاوڕێی خوێنەرە لەسەر هاوڕێکانی دیکەی. هاوڕێکان دەتوانن لە زۆر ڕووی ژیانەوە کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەبێت و دەکرێت ئاشنابوون بە کتێب و چاندنی حەزی خوێندنەوەش یەکێک بێت لەوانە.
پرۆسەی هاوڕێیەتی تەنها پرۆسەیەکی ڕووکەش نییە، واتە تەنها پەیوەندییەک نییە لەنێوان دوو تاکدا و لە ئاستێکی دیاریکراودا بێت، بەڵکو زۆر جار دەبێتە جۆرێک لە نزیکبوونەوەی ڕۆحی و تەواوکردنی خەونی یەکتری و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان. لەبەر گرنگی و کاریگەرییەکانی چەندین توێژەر و بیرمەند باسیان لە چەمکی هاوڕێیەتی کردووە، کە ڕەنگە ئێرە شوێنی ئەوە نەبێت سەرجەمیان بخەینە ڕوو، بەڵام یەکێک لە بۆچوونە سەرنجڕاکێشەکان ئەو بۆچوونەی جۆرجیۆ ئاگامبێنە لەبارەی هاوڕێوە و ئەو لای وایە "هاوڕێ منێکی دیکە نییە، بەڵکو جۆرێک ئەویدیکەبوونی ئیمانێنس (ناونشین)ـە بۆ بەخۆبوون، واتە بەشێکی دیکەی بوون بە خۆیە." ئەم تێکەڵبوونەی نێوان هاوڕێکان نیشانەیە لەسەر ئەوەی هاوڕێکان دەتوانن کاریگەری لەسەر یەکتری دابنێن و ڕێگەی نوێ و ئەزموونکردنی بەشی جیاوازی دیکەی ژیان، کە پێشووتر یەکێک لەو هاوڕێیانە پەییان پێ نەبردووە، پیشانی یەکتری بدەن.
ئاگامبێن لە جێگەیەکی دیکەدا دەڵێت: "هاوڕێیەتی بریتییە لە بەیەکەوە دابەشکردن (هاوبەشبوون)، کە لە پێشی هەموو جۆرە دابەشکاری و پەخشکردنێکە". کاتێک هاوڕێکان ژیان پێکەوە دابەش دەکەن، ئەمە نیشانەی ئەوەیە دەتوانن یەکتری لە زۆر لایەنی ژیان ئاگادار بکەنەوە.
هاوڕێکان بە باسکردنی کتێب لەنێو خۆیاندا دەکرێت ببنە هاندەر بۆ خوێندنەوە و هاوکات خوێندنەوە لای یەکتری شیرین بکەن، بەو پێیەی هیچ خوێنەرێک نییە بتوانێت هەموو دیوە شاراوە و پەنهانەکانی کتێبێک ببینێت. بۆیە لە کاتی گفتوگۆکردن و باسکردندا، هەم دیوی نائاشکرا بۆ خودی خوێنەرەکە خۆی کەشف دەبێت و هەم بەرانبەرەکەش دەتوانێت دیوی دیکەی ئەو کتێبە هەست پێ بکات. واتە دەکرێت ڕوئیای ئەو بۆ ئەو بەسەرهاتە، یان ئەو باسە جۆرێکی دیکە بێت. هاوڕێیەتی مادام بریتییە لە بەیەکەوە هاوبەشبوون، ئەوا دەکرێت لە خوێندنەوەی کتێبیشدا هاوڕێکان هاوبەشی یەکتری بن.
دەمەوێت بۆ باشتر ڕوونکردنەوەی ئەم بەشەی نووسینەکەم نموونەیەک لەسەر کاریگەریی هاوڕێی خوێنەر بهێنمەوە لەسەر هاوڕێکەی دیکە. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە یەکێک لە ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا کارم دەکرد میدیاکارێکی هاوڕێیم لەو ڕێکخراوەدا کاری دەکرد و حەزی زۆری لە خوێندنەوە بوو و بەردەوام هەواڵی کتێبی نوێ لێ دەپرسیم. منیش ڕۆژێک لێم پرسی چی ئەم حەزی خوێندنەوەیەی لەلا دروست کردووە؟ ئەویش باسی لەوە کرد، کە لە یەکەم ساڵی خوێندنی زانکۆدا بووە، کە هاوڕێیەکی کۆمەڵەچیرۆکی "گەڕەکی داهۆڵەکان"ی شێرزاد حەسەنی وەکو دیاری پێشکەش کردووە، ئیتر لە خوێندنەوەی ئەو کۆمەڵەچیرۆکەوە حەزی خوێندنەوەی تێدا بزواوە و دەستی بە خوێندنەوە کردووە. ئەو هاوڕێ میدیاکارە ئەوەشی خستە ڕوو، بەر لەو کتێبە هیچ کتێبێکی دیکەی (بەدەر لە پڕۆگرامەکانی خوێندن) نەخوێندبوویەوە. لەوێوە حەزی خوێندنەوەی تێدا دروست بووە.
ڕەنگە ئەم نموونە سادەیە ئەوەمان بۆ پشتڕاست بکاتەوە، کە هاوڕێی خوێنەر دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هاوڕێکەی دیکەی هەبێت و هانی بدات بۆ خوێندنەوە و دەکرێت سەرەتاش لە بۆنەیەکدا کتێبێکی بەدیاری بۆ ببات و دواتریش هەواڵی خوێندنەوەی کتێبەکەی لێ بپرسێتەوە و پێکەوە باسی بکەن، یان کورتەیەکی بۆ باس بکات وەکو هاندان، بۆ ئەوەی ئەگەر نەشیخوێندبێتەوە بیخوێنێتەوە.
لە کۆتایی ئەم باسەدا دەمەوێت بڵێم: هەموو تاکێک دەکرێت لە ئاستی خۆیەوە کار بکات بۆ نزیکخستنەوەی تاک لە کتێب و خوێندنەوە و هەموو هەوڵێکی تاکانە هەنگاوێک لە بەکولتوورکردنی خوێندنەوە نزیکمان دەخاتەوە. هەنگاوێکیش وشیاری تاکەکانمان بەرانبەر خۆیان و کۆمەڵگەکەیان و هاوکات هەستی بەرپرسیارییش زیاتر دەکات.

 

 

© 2017 Hawler