له‌دیدی سۆسیۆلۆژی، خۆشگوزه‌رانی دۆخ و ڕه‌وشێكی گونجاو و باشه. ئه‌م تێرمه له بنه‌چه‌دا ئه‌و ساته‌وه‌خته به‌كاردێ كه هه‌ندێ كار و هه‌وڵ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خۆشگوزه‌رانیی تاكه‌كه‌س یان گرووپ به پێویست له قه‌ڵه‌م بدرێت، واته ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی كه خۆشگوزه‌رانی به‌شێوه‌یه‌ك ده‌خرێته ژێر گوومانه‌وه. به‌م چه‌شنه، خۆشگوزه‌رانی ئه‌و تێرمه‌یه كه له بواری یه‌كه‌مدا و پێش هه‌ر شتێك له كایه‌ی سیاسیی به‌كارده‌هێنرێ، له بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌ی به چه‌مكی ویست و پێداویستییه‌كانه‌وه هه‌یه، چونكه به ده‌سته‌به‌ركردنی ویست و پێداویستییه‌كان ئاسته‌كانی خۆشگوزه‌رانی به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌چێت. سیاسه‌ته خۆشگوزه‌رانییه‌كان سیاستگه‌لی به‌رده‌وامن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ویست و پێداویستییه كه‌سیی یان گرووپییهكان. ئاره‌زوو و پێداویستییه گرنگه‌كان پێویستییه ژیانییه‌كان نین، به‌ڵكو پێداویستیی و ئاره‌زووی پێویسته بۆ هه‌بوونی ژیانێكی له‌بار و گونجاو له كۆمه‌ڵگادا، ئه‌مه له كاتێكدا هه‌ردوو ڕه‌وته‌كه په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌یان به یه‌كتره‌وه هه‌یه، واته تا ئاستی بژێویت باش بێت پتر له‌گه‌ڵ ئاره‌زووه‌كانی كۆمه‌ڵگا خۆت ده‌گونجێنی. ئه‌وه وێڕای ده‌سته‌به‌ركردنی لانیكهمی داهاتی پێویست بۆ خواردن و پۆشاك، شوێنی نیشته‌جێبوون، په‌روه‌رده، ته‌ندروستیی و ده‌رفه‌ته‌كانی كارێكی گونجاو. گوومانی تیا نییه كه شێوه و ڕێژه‌ی ده‌سته‌به‌ری ئه‌م ویست و ئاره‌زووانه به ئاشكرا له كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كی تر جیاوازه. له سه‌ده‌ی بیسته‌م ڕۆڵیی ده‌وڵه‌ت له ده‌سته‌به‌ركردنی ئاره‌زووه خۆشگوزه‌رانییه‌كان له كۆمه‌ڵگا پیشه‌سازییه پێشكه‌وتووه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتیی گه‌شه‌ی سه‌ند و له‌م سه‌ده‌یه‌ش زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند، به‌ڵام له ده‌یه و سه‌ده‌كانی ڕابردوو، له هه‌ندێ كۆمه‌ڵگای خۆرئاوایی و ته‌نانه‌ت ئاسیاییش به هۆی بهتایبهتییكردنی زۆری خزمه‌تگوزارییه خۆشگوزه‌رانییه‌كان، و پشتیوانیكردن له ده‌سته‌به‌ری خزمه‌تگوزاری خۆشگوزورانی به‌گوێره‌ی توانای داهات و سه‌رمایه نه‌ك به گوێره‌ی ئاره‌زوو، خزمه‌تگوزاری خۆشگوزه‌رانیی ده‌وڵه‌ت تاراده‌یه‌ك به‌ره‌و كه‌می چووه له كاتێكدا ئه‌مه مه‌ترسییه‌كه‌ی مه‌زنه بۆ سه‌ر چینی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌تی كۆمه‌ڵگا.
له‌به‌رئه‌وه پرسی خۆشگوزه‌رانی په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی به سیاسه‌ته‌وه هه‌یه، هه‌ندێ كه‌سی پێیانوایه ئه‌و پرسانه پتر له كایه‌ی سیاسهتدانانی كۆمه‌ڵایه‌تییدا هه‌یه تا له كایه‌ی كۆمه‌ڵناسی، به‌ڵام نووسه‌رانێكی وه‌ك پیته‌ر تاون سه‌ند كه سیاسه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕاسته‌وخۆ به كۆمه‌ڵناسیی ده‌به‌ستێته‌وه، به‌رده‌وام تێگه‌یشتنێكی له‌م چه‌شنه، كه كۆمه‌ڵناسیی په‌راوێز ده‌خات، تووشی شكست ده‌كات.
له به‌رهه‌مه‌كانی نووسه‌رانێكی وه‌ك تۆماس مارشاڵیش پرسی په‌یوه‌ست به خۆشگوزه‌رانی به هاووڵاتی و به‌م چه‌شنه به پرۆسه‌ی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵناسییه‌وه په‌یوه‌ست ده‌بن، چه‌ند خاڵێك له پشتیوانیكردنی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی كه دیراسه‌ی خۆشگوزه‌رانی، به‌راستی بهشـێكه له كۆمه‌ڵناسی په‌یدا ده‌بێت. له ڕوانگه‌ی مارشاڵ، مافیی خۆشگوزه‌رانی سێیه‌مین و دواین ده‌سته له‌و مافانه‌یه كه ئه‌ندامی كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌ده‌ست ده‌هێنن. ده‌سته‌ی یه‌كه‌م مافی مه‌ده‌نین، وه‌ك ئازادیی كۆمه‌ڵایه‌تی، نووسین و قسه‌كردن؛ ده‌سته‌ی دووه‌م بریتییه له مافی ده‌نگدان و هه‌وڵدان بۆ ده‌ستگه‌یشتن به پله‌وپایه‌ی سیاسی. ده‌سته‌ی سێیه‌میش بریتییه له مافی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری وه‌ك مافی خۆشگوزه‌رانی و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی. له ڕاستیدا چه‌ندان توێژینه‌وه و دیراسه‌ی قووڵ له‌باره‌ی پرسی خۆشگوزه‌رانی به هه‌موو ئاست و قهبارهكانییهوه هه‌یه، به‌ڵام له‌م ده‌رفه‌ته كورته زه‌حمه‌ته بتوانرێ كۆی ڕه‌هه‌نده‌كانی باس بكرێت.
سه‌رچاوه:
1) Edgar F. Borgatta، Rhonda J. V. Montgomery، Encyclopedia of sociology، Volume 3، Macmillan Reference USA، 2000.
2)Oxford sociology dictionary، Gordon marshall.