تشرینی دووەم 15, 2019

ئەگەر لێت بقەومێ، لەگەڵ پیاوان لێت بقەوێ

هەر لە ئەزەلەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات ژیانی مرۆڤ لێوان لێوە لە كارەسات و ڕووداوی جۆراو جۆر، جا هەندێك لەو ڕووداوانە هێندە جەرگبڕن مرۆڤ دەخەنە ژێر خەم و پەژارەیەكی قوورسەوە بە شێوەیەك هەر لە دوورەوە هەستی پێ دەكرێ، بە تایبەتی ئەو ڕووداو و لێقەوماوانەی كە لەگەڵ كەسانێك بێت بای تۆزقاڵێك ویژدانی نەبێ یان هەست بە لێپرسینەوە نەكات، بۆیە كوردەواری خۆمان بەپێی زیرەكی و ئەزموونی چەندین ساڵەی خۆیان زۆر باشیان گوتوە ئەگەر لێت بقەومێ لەگەڵ پیاوان لێت بقەومێ، بەڕاستی ئەو قسە نەستەق و پڕ لە پەند و ئامۆژگارییە زۆر مانا و وتای بەرز دەبەخشێ و هی ئەوەیە هەڵوەستەی لەسەر بكرێ و هەر وا بە ئاسانی بەسەریدا گوزەر نەكەی، چونكە هەموو مرۆڤەكان لە هەڵسوكەوت و كردار و هەڵوێستدا وەكو یەك نین و تەواو پێچەوانەن، بۆیە تۆ ئەو كاتە خەڵكی دەناسی كاتێك مامەڵەیەك یان سەفەرێكی دوور و درێژی لەگەڵدا دەكەی ئەوسا مەعدەنەكەت بۆ دەردەكەوێ كە چ جۆرە مرۆڤێكە و چی لەباردایە؟! چونكە بەڕاستی ئەوەیان سەنگی مەحەكە تاقیكردنەوەی واقیعی لەبارەوە كراوە و ئەو قسەو پەندە كوردییەش زیاتر بۆ ئەوە دەگوترێ كاتێك لەگەڵ یەكێكدا تووشی كارەساتێكی دڵتەزێنی وەك كوشتن و بڕین و مەسەلەی نامووس و كێشەیەكی خوێنداری دەبیەوە و ئەو مەسەلەیە قوربانی لێدەكەوێتەوە، ئەوسا لە چاوەڕوانی ئەوەدا دەبێ خاوەن هەق گیانی لێبووردەیی هەبێت و بتبەخشێ یان تۆڵەی خۆی بكاتەوە، یانیش لەبەرامبەر ئەو زەرەر و زیانە گیانی و دەروونیەی كە پێی گەیشتووە پارەیەكی ئەستوور وەربگرێت ئینجا وازت لێ بهێنێ، بۆیە لە هەرسێ حاڵەتەكەدا مرۆڤە ویژدان زیندووەكان دەردەكەون كە چۆن جەسوورانە دێنە پێشەوە و دەستی سوڵح و ئاشتەوایی بۆ بەرامبەرەكەیان درێژ دەكەن و بە دانیشتن و لێك تێگەیشتن كۆتایی بە هەموو گرفت و كێشەكان دەهێنن و ناهێڵن ئاگری فیتنە و ئاشووب تەشەنە بسەنێ و شیرازەی كۆمەڵگە تێك بدات لە كاتێكدا هەندێ بڕیار و یەكلاكردنەوەی مەسەلەیەكی لەو شێوەیە جەرگی دەوێ و كەسێكی خاوەن بڕیاری دەوێ، بۆیە دێینە سەر ئەسڵی مەبەست و دەڵێین مرۆڤ كاتێك لێی دەقەومێ یەكسەر تاقیبی ئەو كەسە دەكات كە لەگەڵیدا تووشی كێشەكە بوە، یان بە دوای ئەوانەدا دەگەڕێ كە لە نزیكەوە دەیناسن و كاریگەریان بەسەریەوە هەیە بۆ ئەوەی بە زوویی و ئاسانی چارەسەری كێشەكە بكەن، چونكە سروشتی كێشە و گرفت وایە تا كۆن و بێ چارەسەر بمێنێتەوە هێندە ئاڵۆزتر دەبێت و كەسانی گێرەشێوێنیش لەولا و ئەولا دەستی تێدەخەن و بە هەواو نەفسی خۆیان قسەی لەبارەوە دەكەن ئەوسا چارەسەریەكە كەمێك قوورس دەكەن، پاشانیش هەر ئەوانە خۆیان بە پیاو چاك پێشان دەدەن و دەڵێن ئێمە هیچ پەیوەندیمان بەو مەسەلەوە نیە، بۆیە زۆر گرنگە مرۆڤ لەو جۆرە حاڵەتە بەو پەڕی عەقڵ و ژیرییەوە مامەڵە بكات و بەهەرچی نرخێك بێت دۆخەكە بە كەمترین زەرەر و زیان ئاسایی بكاتەوە، چونكە ئەوەیان ئەوپەڕی زیرەكی و بلیمەتیە، ئیدی لە كۆتایی هەموو قسە و ئەگەرانەدا دەبێ بڵێین ئەگەر لێت بقەومێ، لەگەڵ پیاوان لێت بقەوێ.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler