کانونی یەکەم 13, 2019

بۆ گەشتی بۆشایی ئاسمان ژنان لە پیاوان سەرکەوتووترن

دەیان ساڵە دامەزراوەی ئاسمانگەڕی ئەمریکی "ناسا" دەستەی ئاسمانگەڕان پێکدێنێت و بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە پیاوان دەبەستێت، بە پێی داتاکان تەنیا 11% ئەم دەستانە ژنان بوون. لە کاتێکدا، بە گوێرەی توێژینەوەیەک کە ناشناڵ جیۆگرافیک بڵاوی کردۆتەوە، بۆ گەشتە فەزاییە درێژمەوداکان، ژنان لە پیاوان بە تواناتر و لێهاتووترن. ئەمینداری مۆزەخانەی نیشتمانیی بۆ فڕۆکەوانی و فەزاناسی، مارگرێت ویتکامپ ڕایگەیاند ''ناسا ژنان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان ناکات، لە کاتێکدا ئەمان بۆ ئەو جۆرە گەشتانە لە پیاوان باشترین''. ئەمەیش هۆکاری هەمەجۆری هەیە، لەوانە: بچووکیی قەبارەی ژنان بەراورد بە پیاوان، هەندێ سیفەتی جەستەیی لە ژناندا هەن کە کەمتر تووشی کێشەکانی گەشتە ئاسمانییەکان دێن، ژنان حەوسەڵەی مانەوەی زیاتریان لە گەشتەکاندا هەیە.
بەڕێوەبەری پێشووی پرۆگرامی ناسا "واین هیڵ" ڕایگەیاند، کێشی لەش ڕۆڵێکی گرنگ لە فەزادا دەگێڕێت، هەتا کێشی کەشتییەوانەکان زیاتر بێت ئەوا پێویستی بە سووتەمەنی و وزەی زیاترە، بەو هۆیەی کە ژنان کێشیان کەمترە، بڕێکی کەمتری سووتەمەنییان پێویستە، بڕێکی کەمتری هۆراک و ئۆکسجین و سەرجەم کەلوپەلەکانی تریان پێویستە. وەک دەرکەوتووە، پیاوان 15-25% لە ژنان زیاتر پێویستیان بەم پێداویستییانە هەیە.
دەربارەی گونجانی لەشی ئافرەتانیش لەگەڵ بۆشایی ئاسماندا، توێژینەوە پزیشکییەکانی ناسا دەریانخستووە کە چەند سیفەتێکی فیسیۆلۆژی لە ژناندا هەن بۆ گەشتی ئاسمانی باشترن، لەوانە تووشبوونی بە بڕێکی بەرزی تیشکدانەوە (کە مەترسی شێرپەنجەی لەگەڵدایە)، سستییوەڵامدانەی دەزگای بەرگریی، گۆڕانی شلەمەنییەکان لە جەستەدا، گۆڕانی خێرایی شێوازی وەڵامدانەوە ژێنەتیکییەکان و کەمبوونەوەی توانای بینینی مرۆڤ کە ئەمەیان تا ئێستا نازانرێت بەهۆی چییەوەیە. لە زۆربەی ئەم گرفتانەدا لەشی ئافرەتان گونجاوترن. بۆ نموونە زۆربەی پیاوان تووشی کێشەی کەمبینی دێن، بەڵام ئەم گرفتە لای ژنان کەمترە.
جگە لە لایەنە دارایی و فیسیۆلۆژییەکان، زۆربەی توێژینەوەکان دەربارەی ڕادەی سەرکەوتن و شکستی هەردوو ڕەگەزەکە لە ناوچە بیابانییەکان و گەشتەکان بەرەو جەمسەری باشوور، دەریدەخەن پیاوان لە گەشتە کورتخایەنەکاندا کە ئامانجی دیاریکراویان هەیە باشترن، بەڵام لە گەشتە درێژەکاندا ژنان سەرکەوتووترن.
هێشتا بە وردی نازانرێت گەر تەواوی تاقمی گەشتێکی ئاسمانی لە ژنان پێکهاتبێ، چۆن دەبێت و چۆن لە ڕووبەرێکی بەرتەسکی کەشتییەکدا بۆ ماوەی چەندین مانگ یان چەندین ساڵ دەژین، بەڵام داتاکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە ڕەنگە تیمە تێکەڵەکان لە هەردوو ڕەگەزەکە، سەرکەوتووتر و باشتربن.
سەرچاوە:
arabic.euronews.com

© 2017 Hawler