تشرینی یەکەم 17, 2019

یه‌كێك له‌ ئاسته‌نگه‌ زۆر گرنگه‌كانی ژیانی تاكه‌كان بریتییه‌ له‌ په‌سند كردنی خۆی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆ په‌سند بوون له‌لای خۆت یه‌كێكه‌ له‌ رێگرییه‌ گه‌وره‌كان به‌ڵام پێویسته‌ تاك ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و شته‌ زۆر گرنگانه‌ی‌ تاك ده‌گه‌ینێ به‌ به‌خته‌وه‌ری. هه‌موو كه‌سێك له‌ ژیاندا چه‌ند جارێك ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ دێته‌ پێش كه‌ خۆی قبوڵ بكات و فێره‌ خۆ خۆشویستن ببێت. كه‌ ده‌بێت ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ له‌ده‌ست نه‌دات. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی خۆت په‌سند (قبوڵ) بكه‌ی، پێویسته‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌ په‌یڕه‌و بكه‌ی:

یه‌كه‌م/ هاوڕێی خۆتبه‌؛ ده‌بێت چاوه‌ڕوانیت له‌خۆت زیاتر بێت نه‌وه‌ك له‌ كه‌سانی تر، هه‌وڵبده‌ وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی نزیكت مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ی ئاواش له‌گه‌ڵ خۆت مامه‌ڵه‌ بكه‌. له‌ خۆت كه‌م مه‌كه‌وه‌ چ به‌ بیركردنه‌وه‌ بێت له‌ناو مێشكت چ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانت باس له ‌خۆت بكه‌ی.
دووه‌م/ شانازی به‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانته‌وه‌ بكه‌؛ زانایان ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌ كه‌ ته‌ركیز كردن و خۆ پاڵپشتیكردن له‌سه‌ر خاڵه‌ به‌هێزه‌كان له‌ كه‌سایه‌تی خۆتدا ده‌بێته‌ هۆی به‌رگری له‌ نه‌خۆشییه‌كان. بۆ ئه‌مه‌ ده‌كرێـت هه‌ر ئێستا سێ له‌ خاڵی به‌هێزی خۆت بنووسی كه‌ له‌تۆدا هه‌یه‌ بۆ نموونه‌ (شاره‌زایی له‌ یاری شه‌تڕه‌نج، به‌هێزی له‌ جه‌سته‌ و بازوو...) بۆ ئه‌مانه‌ كه‌ له‌تۆدا هه‌یه‌، سه‌یری خۆت بكه‌ و به‌ده‌نگێكی به‌هێز بڵێ من به‌توانام. هه‌روه‌ها پاشان بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ به‌و خاڵه‌ باشه‌ی خۆت بده‌یت و ده‌ریبخه‌یت ئه‌وا بچۆ پێشبڕكێیه‌كی یاری شه‌تڕه‌نج، بۆ ئه‌وه‌ی لێزانی خۆت ده‌ربخه‌ی بۆ خۆت و ده‌وروبه‌رت.
سێیه‌م/ له‌خۆت ببووره‌ و لێبورده‌به‌ به‌رامبه‌ر به‌خۆت؛ ئه‌گه‌ر خۆت قبول ناكه‌ی، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ست په‌شیمانی ده‌كه‌ی له‌ ده‌روونت. بۆ ئه‌مه‌ش‌ ده‌بێت ده‌ست پێبكه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی خۆت ئاماده‌ بكه‌ی به‌ لێبوردنی خۆت، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ ئه‌م كاره‌ بكات. كارێكی زۆر گران نییه‌. بۆ ئه‌مه‌ نامه‌یه‌كی دانپێدانان بنووسه‌، هه‌موو خۆ سه‌رزه‌نشتكردنه‌كانی خۆتی تێدا بخه‌ ڕوو‌ زۆر به‌ راشكاوی، پاشان نامه‌كه‌ بسووتێنه‌ یان پارچه‌ پارچه‌ی بكه‌ و فڕێی بده‌. پاشان به‌خۆت بڵێ (من ئیتر خۆم سه‌رزه‌نشت ناكه‌م بۆ رابردوو) ئه‌مه‌ چه‌ند جارێك دووباره‌ بكه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌روونتدا بچه‌سپێت.
چواره‌م/ له‌گه‌ڵ خۆت باشبه‌؛ به‌شێك له‌ خه‌ڵك وا ده‌زانن و بڕوایان وایه‌ كه‌ گرنگیدان به‌خۆ جۆرێكه‌ له‌ جۆره‌كانی خۆپه‌رستی، له‌كاتێكدا گرنگی به‌خۆدان و په‌رۆشی ده‌ربڕین به‌خۆت یه‌كێكه‌ له‌ كاره‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان كه‌ ده‌بێت ئه‌نجامی بده‌یت. ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ گرنگی به‌خۆت ده‌ده‌یت ئه‌وا هه‌ست ده‌كه‌یت كه‌ مافی خۆت ده‌ده‌یت و له‌ په‌سندكردنی خۆت نزیك ده‌بیته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌وڵبده‌ ئه‌و كارانه‌ بكه‌:
1.    كاتێك دابنێ بۆخۆت كه‌ ده‌ست به‌تاڵی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هێمنی گوێ له‌خۆت بگریت.
2.    كاتێك دابنێ بۆ وه‌رزشكردن كه‌ رۆڵێكی گرنگی هه‌یه‌ له‌ ده‌ردانی هۆڕمۆنی ئه‌ندرۆفین و بۆ باشبوونی باری ده‌روونی زۆر كاریگه‌ره‌. شانازی به‌وه‌وه‌ بكه‌ كه‌ سه‌ردانی یانه‌ و هۆڵێكی وه‌رزشی ده‌كه‌یت بۆ وه‌رزشكردن.
3.    شه‌وانه‌ كاتی پێویست‌ بخه‌وه‌، كاته‌كان به‌ گوێره‌ی پێویستی جه‌سته‌ و ده‌روونت بێ، خه‌و یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ پاراستنی ته‌ندروستی جه‌سته‌یی و ده‌روونی.
پێنجه‌م/ به‌رده‌وامبه‌ له‌سه‌ر تاكید كردنه‌وه‌ له‌ ئه‌رێنی خۆت؛ به‌ چه‌ند رسته‌ و ده‌ربڕینێكی ساده‌ به‌شێوه‌ی ئێستا به‌رده‌وام تاكید له‌سه‌ر باشی و لایه‌نی ئه‌رێنی خۆت بكه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند رسته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاوێنه‌كه‌تدا بنووسه‌، هه‌موو به‌یانییه‌ك كه‌ له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستی به‌ ده‌نگێكی به‌رز بیخوێنه‌وه‌. له‌سه‌ره‌تادا تاكو لێ رادێت ره‌نگه‌ هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ی كه‌ ئه‌م رستانه‌ هیچ نین و رسته‌ی سوك و ساده‌ن، دروستبوونی ئه‌م هه‌سته‌ شتێكی ئاساییه‌. به‌ڵام به‌ تێپه‌رونی كات كاریگه‌رییه‌كانیت بۆ به‌ده‌رده‌كه‌وێت، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌كرێت سوود له‌م رستانه‌ وه‌ربگریت:
1. من فه‌رمانبه‌رێكی باشم.
2. من به‌هێزم.
3. من ئه‌فلان تۆم خۆشده‌وێ (ناوی خۆت بڵێ).

 

و: دانا سه‌‌لام ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler