تشرینی یەکەم 17, 2019

كێ یەكەمین جار تەسبیحی داهێنا؟

هەر لە كۆنەوە مرۆڤ بە هەردوو ڕەگەزەكەیەوە مامەڵە و دۆستایەتی لەگەڵ تەسبیح هەبوە و بە شێوەیەكی بەردەوام بەكاری هێناوە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەكی وا هێمای بۆ ئەوە نەكردوە كە مێژووی دۆزینەوە و بەكارهێنانی تەسبیح كەی بوە و چۆن بوە.

بەڵام پێدەچی باب و باپیرانمان پێش هەزاران ساڵ بە كاریان هێنابێ، بەڵام تەسبیح لەسەرانسەری دنیا بوونی هەیە، بەڵام تا ئێستا نانرێ كێ یەكەمین جار بیری لەوە كردۆتەوە كە تەسبیح دروست بكات بەو شێوەیەی كە ئێستا هەیە، بەڵام ئەوەی وەك زانیارییەك هێمای بۆ كراوە ئەوەیە كە وڵاتی میسری عەرەبی بە گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنی تەسبیح دادەنرێت لە سەر ئاستی جیهان كە ساڵانە بە تایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا زۆرترین تەسبیح ڕەوانەی وڵاتان دەكات كە چەندین جۆری لە خۆ گرتوە و هەریەكەیان بە نرخێكی جیاواز دەفرۆشرێنەوە، بەڵام بە پێی سەرژمێرییەكان پیاوان زیاتر تەسبیح بەدەستەوە دەگرن ئەویش لەبەر كۆمەڵێك مەبەست لەوانە یەكەمیان لایەنی دینداری و خوا پەرستی بوە بەپێی ئەوەی میللەتی كورد میللەتێكی موسڵمانە و لەو ڕێگایەوە زیكر و یادی پەروەردگاری كردوە، دووەمیان كورد بۆ حیساب و كتابی ئیش و كارەكانی ڕۆژانەی خۆیدا تەسبیحی بەدەستەوە گرتوە، چونكە جاران خەڵكە عەوامەكە نەخوێندەوار بوون و زۆربەی حیساب و كتابی خۆیان لە ڕێگای ئەو تەسبیحەوە دەزانی، سێیەمیان بەكارهێنانی تەسبیح زیاتر بۆ جوانی و كات بەسەربردن و مەراق بوو، چوارەمیان میللەتی ئێمە وەك داب و نەریتێكی لەمێژینە لەبەركردن و پۆشینی جلو بەرگی كوردی بە بێ تەسبیح بە شتێكی ناتەواو نەقوستان زانیوە، چونكە ئەو دوانە هەمیشە تەواوكەری یەكدی بوونە، بە تایبەتیش كاتێك ئەو تەسبیحە جوان و بریقەدارەیان لە خەنجەرە دەبانەكەی بەر پشدێنیان دەئەڵاند، پێنجەمین خاڵیش بۆ هەڵگرتنی ئەو تەسبیحە زیاتر لێ ڕاهاتن و خوو پێوە گرتن بوە، جاران و ئێستاشی لەگەڵ دا بێ حاجیە بەڕێزەكان و ئەوانەی عومرەیان دەكرد وەك دیارییەكی بەنرخ تەسبیحیان بۆ میوان و كەسە نزیكەكانی خۆیان دەهێنایەوە، زۆران كەسیش لە ئێستادا مامەڵە و سەودا و كڕین و فرۆشتیان لەسەر ئەو تەسبیحەیە و لە نێو بازاڕی هەولێر 24 سەعاتی خوا ئەو بازاڕەیان قەرەباڵغە و جمەی دێ و خەڵكەكە لە هەموو تەمەنێكەوە كاسبی تێدا دەكەن و هەر یەكە و لەلایەك كۆمەڵێك تەسبیحی جۆرا و جۆری بەدەستەوە گرتوە و ڕێكلامی باشی و پوختی بۆ دەكات وا لە كڕیارەكان دەكات بیكڕن، لە هەمووشی بەرچاوتر تەسبیحی وا هەیە نرخێكی خەیاڵی دەكات ئیدی هەر لە 5 هەزار دینارەوە دەست پێدەكات تا 10 وەرەقە و 15 وەرەقە و بەڵكو زیاتریش هەڵدەكشێ كە مرۆڤ سەیری پێ دێ بەوەی تەسبیحێكی وا ئەو نرخە خەیالیە دەكات، چونكە زۆربەیان لە گەلێك و مادە و شتی وەك شووشە و بەرد و دار و قەزوان دروست دەكرێ جا ئەو تەسبیحانە گەلێك ناوی جیاوازیان هەیە وەك قەزوان و لاسوورە و بەرزنجە و تەیلەق و كارەبا و باغەیی و شووشەیی و چەندین جۆری دیكە، بەڵام بە گەواهی هەموو لایەك تەسبیحی قەزوان باشترینیانە و لە هەموو جیهان زۆرترین كڕیاری هەیە بەپێی ئەوەی مۆركی كوردەواری و ڕەسەنایەتی ئێمەی پێوە دیارە و كەسانی دەوڵەمەند و دەست ڕۆیشتوو بە پارەیەكی ئەستوور دەیكڕن و دەیكەنە دەست و دیاری، هەتا میوانە ئەوروپیەكانیش زۆر هەوەستیان بە تەسبیحی قەزوان دێ و دەڵێن بەڕاستی ئیوەی كورد میللەتێكی دەست ڕەنگینن و هەمیشە بایەخ و گرنگی بە كلتوور و داب و نەریتی خۆتان دەدەن، بەڵێ تەسبیحی قەزوان دەستكردی كوردەوارییە و هەر لەگەڵ پێگەیشتنی قەزوان دەچن بەرەكەی دەڕنن و دوای وشك كردنەوە ئینجا كونی تێ دەكەن و دەیهۆننەوە و دەیكەن باشترین جۆری تەسبیح ئەویش چەند جۆرێكی هەیە كە باشترین و دیاترینیان تەسبیحی قەزوانی لا ڕەشەیە كە نرخەكەی بە زیاتر لە 6 وەرەقە دەفرۆشرێ، لە دوای ئەویش تەسبیحی قەزوانی بەرزنجە و ئەبرەق دێت، تەسبیحەكانی دیكەش بریتین لە تەسبیحی كارەبایی و ئەڵمانی و كارەبایی رووسی و كارەبای پۆڵۆنی و لەوەشیاندا كارەبای ئەڵمانی باشترینیانە.

 

© 2017 Hawler