حوزەیران 17, 2019

خۆبەخشی و کاری خێرخوازیی بەردەوامە

لە دوای ئەنجامدانی دەیان چالاکیی گرووپی (ھانا) بۆ کاری مرۆیی، کە لە ڕێگەی گرووپێکی خۆبەخشەوە ڕۆژانە ھاوکارییەکانیان دەگەیەننە دوورترین سنووری کوردستان و لە دەورووبەری ھەولێریش تا ئێستا زۆرترین خانەوادەی شەھید سوودمەندبوونە لە ھاوکارییەکانی ئەو گرووپە، بەرپرسی ئەو گرووپەش ڕایدەگەیەنێت، کە تەنیا ئامانجی ئێمە ئەوەیە، کە قەرزی ئەوانە بدەینەوە کە خوێنیان بەو نیشتمانە بەخشیووە، جگە لەوانەی کە ئێستا لە حاڵێکی خراپدا دەژین و بەدەم ھەژارییەوە دەناڵێنن.

سمبولی شەھیدان
(ھەندرێن عەبدولقادر)، بەرپرسی گرووپی (ھانا) بۆ کارە مرۆییەکان، لە بارەی چۆنیەتی گەڵاڵەکردنی پڕۆژەکانیان و بەتایبەت پڕۆگرامی (سیمبولی شەھیدان) بۆ (ھەولێر) گوتی: دیارە ماوەیەکی زۆر بوو ئەو پڕۆژەیەمان گەڵاڵە کردبوو، کە شەوانە میوانی ماڵێکی شەھیدبین و لە نزیکەوە ئاگاداری ژیان و گوزەرانیان بین، پاشان دەست بکەین بە پێدانی ھاوکاری بەو خانەوادانەی کە کوڕەکانیان یاخوود پیاوە جوامێرەکانیان بەو نیشتمانە بەخشیووە، تا ئێستا توانیوومانە زۆرترین خانەوادە بەسەر بکەینەوە و بانگھێشتی سەرمایەدارانیش بکەین بۆ ئەوەی چاویان لەسەر خانەوادەی شەھید بێت، چونکە ئەوان بوونەتە سیمبولی ئازایەتی و نەبەردی و لە پێناو مانەوەی ئێمەشدا خوێنی سووری خۆیان بەخشیووە.
قوتابیان بێبەش نەبوون لە کەل و پەلی خوێندن
ئەو بەرپرسەی گرووپەکە نایشارێتەوە، لە وەرزی زستان دا (قەمسەڵە) و تەواوی جل و بەرگ و کەرەستەکانی خوێندنیان گەیاندووەتە منداڵە شەھیدە و منداڵی خانەوادەی کەمدەرامەتەکان، بەتایبەت ئەوانەی کە ئەمڕۆ چاویان بڕیووەتە ھاوکارییەکانیان، وەک خۆشی دەڵێت: ئێمە بەو کارانەی کردوومانە توانیومانە تا ڕادەیەکی زۆر ھیوایەک ببەخشینەوە ئەوانەی کە لە ژیان بێ ئومێد ببوون، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە کە ئێمە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت بۆ کەمکردنەوەی خەمەکانیان.
لە گرووپەوە دەبین بە دەزگا
دیارە ئەو ماوەیەی کە ئەوان کاریان بۆ نەھێشتنی ڕێژەی ھەژاری و دەست گرتنی خانەوادەی پێشمەرگە شەھیدەکان و خەڵکی لێقەوماو کردووە، خەونەکانیان بۆ گەورەکردنی پڕۆژەکانیان گەورەتربووە، ھەربۆیە دەڵێت: کە خەونی ئێمە ئەوەیە کە لە داھاتووێکی نزیکدا گرووپەکەمان بکەین بە دەزگایەکی خێرخوازیی فراوان تا بتوانین بە لیستێک ناوی ھەموو ئەو خانەوادانە تۆمار بکەین کە ئاسۆیەک لە ئێمەدا دەبینن، ئەوکاتیش بەڵێنیان پێدەدەین کە بەردەوام بین لە پێدانەوەی ئەو قەرزەی کە ڕۆڵەکانیان بەخشیویانەتە نیشتمان.
ستافێکی خۆبەخش
(ھەندرێن عەبدولقادر)، کە لە پێشووتردا کاری ڕاگەیاندن بووە و ئێستاش بەرپرسە لەو گرووپە دەڵێت: خۆم و تەواوی ستافەکەم بە تایبەت (زینا خەلیل)، کە ڕۆڵێکی باڵای ھەیە لە گەیاندنی کارە مرۆییەکان، بەوپەڕی لەخۆبوردەییەوە لەگەڵ 100 ئەندامی دیکەی خۆبەخش چالاکییەکانمان ئەنجام دەدەین، ھیچ کاتیش پارەمان نەکردووەتە ڕێگەیەک بۆ چالاکی، چونکە ئێمە ئامانجمان دەستکەوتنی پارە نیە، بەڵکو گەیاندنی کاریی مرۆییە کە لای پەروەردگار ون نابێت.

 

شیڤان شێرزاد- هەولێر

© 2017 Hawler