حوزەیران 17, 2019

رێكخراوی رێنمایی كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی لایه‌نی ده‌روونی تاك و خێزان ده‌كات

یه‌كێكه‌ له‌و رێكخراوانه‌ی له‌ فه‌رمانگه‌ی رێكخراوه‌ ناحكوومیه‌كان مۆڵه‌تی كاركردنی وه‌گرتووه‌، ڕێكخراوێكی ناحكوومی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی قازانج نه‌ویسته‌، كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی لایه‌نی ده‌روونی تاك و خێزان ده‌كات.

دانا سه‌لام سه‌رۆكی ڕیكخراوی ڕێنمایی سه‌باره‌ت به‌ ئامانج له‌ دانانی ئه‌م رێكخراوه‌ گووتی:
هه‌موو كارێك به‌ ئامانجێكه‌وه‌ ده‌كرێت، ئێمه‌ش به‌ ستافێكی پسپۆڕ له‌ بواری ده‌روونناسی كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ئامانجانه‌ ده‌كه‌ین:
یه‌كه‌م/ پاراستنی تاكه‌كان: هه‌موو تاكێك پێش ئه‌وه‌ی روبه‌ڕوی هه‌ر گرفتێك ببێته‌وه‌ پێویستی به‌ پاراستن هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌رێگای بابه‌ت و خولی وشیارییه‌وه‌ كاری بۆ ده‌كه‌ین.
دووه‌م/ په‌ره‌پێدانی توانا تاكه‌كان: كاتێك مرۆڤه‌كان له‌دایك ده‌بن به‌ توانای جیاواز له‌دایك ده‌بن، رۆژگار ده‌خوازێت كه‌ په‌ره‌ به‌خۆیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ته‌ك كێشه‌ و ئاریشه‌كانی ژیان بسازێن، ئێمه‌ له‌ رێكخراوی رێنمایی ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌م په‌ره‌پێدانه‌ دروست ده‌كه‌ین.
سێیه‌م/ چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گرفته‌ ده‌روونی و خێزانییه‌كان: وه‌ك ده‌زانین ژیانی هه‌ر تاكێك یان خێزانێك به‌ ده‌یان كێشه‌ و گرفتدا تێپه‌رده‌بێـت، زۆرجار ئه‌و گرفتانه‌ شوێنه‌وارییش له‌دوای خۆیاندا به‌جێده‌هێڵن، تاك تووشی نه‌خۆشی شڵه‌ژان و نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌كه‌ن، ئێمه‌ بۆ ئه‌مه‌ش ده‌مانه‌وێت به‌شداربین له‌ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان و گرفته‌ خێزانییه‌كان.

دانا سه‌لام سه‌باره‌ت به‌ بواره‌كانی كاركردنی رێكخراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌چه‌ند خاڵێكدا بواره‌كانی خسته‌ ڕوو كه‌ بریتین له‌:
یه‌كه‌م/ بواری ده‌روونی: رێنمایی و چاره‌سه‌ری گرفته‌ ده‌روونییه‌كانی وه‌ك (خه‌مۆكی، وه‌سواسی، ڵه‌ڕاوكێ، هیستریا، یری خۆكوژی و خه‌مۆكی دوای له‌دایكبوونی منداڵ له‌ خانماندا).
دووه‌م/ بواری خێزانی: رێنماییكردن و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ و گرفته‌ خێزانییه‌كانی وه‌ك (كێشه‌ی نێوان هاوسه‌ران، چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، گومانی نێوان هاوسه‌ران، ناپاكی هاوسه‌ری، ساردی یه‌یوه‌ندی نێوان هاوسه‌ران، جیابوونه‌وه‌ی رۆحی نێوان هاوسه‌ران، هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ جیاوازییه‌كان و ساردی سێكسی).
سێیه‌م/ بواری منداڵان: چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی رووبه‌ڕوی منداڵان ده‌بێته‌وه‌ وه‌ك: (ترسان، خۆته‌ركردنی منداڵ له‌ خه‌ودا، نینۆك خواردن و په‌نجه‌ مژین، زۆر جووڵه‌یی منداڵ، كه‌م سه‌رنج و ئاگایی منداڵ، شه‌رمنی، متمانه ‌به‌خۆ نه‌بوونی منداڵ، كێشه‌ی نه‌خوێندن، تووڕه‌یی له‌ منداڵ، درۆكردن له‌ مداڵ، غیره‌ی له‌ منداڵ به‌رامبه‌ر خوشك و براكانی، كێشه‌ی خه‌وتن له‌ منداڵ).
چواره‌م/ بواری رێنمایی قوتابیان: چاره‌سه‌ركردن و رێنمایی كردنی قوتابیان بۆ ئه‌م بوارانه‌ی خواره‌وه‌: (چاره‌سه‌ری ترسان و دڵه‌راوكێ تاقیكردنه‌وه‌، چۆنییه‌تی دانانی به‌رنامه‌ی خوێندن، ته‌كنیكه‌كانی خوێندنی بابه‌ته‌كان، دانانی به‌رنامه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كات، زیادكردنی ته‌ركیز و ئاگایی قوتابی، چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی خوێندن).
پێنجه‌م/ بواری قسه‌كردنی منداڵان: چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی قسه‌كردن له‌ منداڵاندا وه‌ك (قسه‌نه‌كردنی منداڵ، زمانگیران، پیت تێكه‌ڵكردن، فسه‌ زمانی و زمان ته‌ته‌ڵه‌ كردن).
شه‌شه‌م/ كردنه‌وه‌ی خولی ده‌روونی په‌روه‌رده‌یی بۆ پسپۆڕانی بواری ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌خێوكاران و منداڵان.
جێگای باسه‌ ڕێكخراوی رێنمایی كار باره‌گای سه‌ره‌كی له‌ شاری هه‌ولێره‌ .

© 2017 Hawler