کانونی یەکەم 13, 2019

ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریی ته‌مه‌نێكی هه‌ستیاره‌، له‌نێوان كۆتایی ته‌مه‌نی منداڵی و سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی پێگه‌یشتندایه‌، قۆناغێكی خێرای گه‌شه‌كردن و گۆڕانه‌ بایۆلۆژیی و عه‌قڵی و ده‌روونییه‌كانه‌. ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریی ته‌مه‌نێكی پڕ وزه‌ و هه‌ڵچوونه‌، ته‌مه‌نی په‌سه‌ندكردنی خێرا و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی خێرایه‌، له‌مه‌یش زیاتر ته‌مه‌نی سه‌لماندنی كه‌سایه‌تییه‌ و گه‌ڕانه‌ به‌دوای سه‌ربه‌خۆیدا.

ده‌روونناسێك ده‌ڵێت ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریی ته‌مه‌نی "زریان"ـه‌، گه‌رده‌لولێكی كتوپڕ ڕووده‌دات و برسكه‌ و چه‌خماخه‌كانی ده‌نێرێت و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هێور ده‌بێته‌وه‌. به‌م پێیه‌ بێت هیچ شتێك بۆ هه‌رزه‌كار جێگیر نییه‌ و به‌ ئاسانی حوكم و بڕیاره‌كانی ده‌وروبه‌ر تێری ناكه‌ن، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت خۆی ده‌ست له‌ شته‌كان بكات و تاقییان بكاته‌وه‌ و ئه‌زموونیان بكات. ڕاسته‌ زوو ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌فسونی شته‌كانی ده‌وروبه‌ر و زمان و به‌ڵێن و مژده‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ ته‌نیا كاتییه‌ و ده‌شێت ئه‌فسونی شتێكی تر له‌ولاتره‌وه‌ هه‌ڵیبگێڕێته‌وه‌. ئایا ئه‌م دۆخه‌ دۆخێكی ئه‌رێنییه‌ یان نه‌رێنی؟ به‌شێكی زۆری تێڕوانینه‌ میللی و بگره‌ تێڕوانینه‌ ده‌روونییه‌كانیش پێیان وایه‌ ئه‌م قۆناغی قۆناغی "هه‌ڵه‌" و "لاساری" و "سه‌ركێشی"ـیه‌، بۆیه‌ ده‌بێت زۆر ئاگادارییان بین و چاودێریی وردیان بكه‌ین، واته‌ كۆنترۆڵیان بكه‌ین. به‌ڵام ئه‌م بۆچوونه‌ زۆر گونجاو نییه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وا باشتره‌ لێپرسراوانی هه‌رزه‌كاران ئاگاداری منداڵه‌كانیان بن و نه‌هێلن به‌ ئاراسته‌ی نه‌گونجاودا بڕۆن، به‌ڵام ئه‌مه‌ واتای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی ڕه‌ت بكه‌ینه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت له‌ سروشتی ئه‌م ته‌مه‌نه‌دا به‌ دوای وزه‌ی زۆر ئه‌رێنیدا گه‌ڕێین كه‌ ڕێك له‌ نه‌رێنیبوونه‌كه‌یه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌م ته‌مه‌نه‌ ته‌مه‌نی دووره‌په‌رێزی و تووڕه‌بوون و ده‌ستبردنه‌ بۆ حه‌رامه‌كان، ئه‌گه‌ر به‌ ئاشكرایش نه‌بێت ئه‌وا به‌ نهێنییی، واته‌ جۆرێك له‌ یاخیبوون له‌ ڕۆحی هه‌رزه‌كاردا هه‌یه‌ كه‌ وای لێده‌كات له‌ زۆر شت یاخیی ببێت به‌تایبه‌ت له‌

هه‌رشتێك جۆرێك له‌ دیسپلینی تێدا بێ، بۆ نموونه‌ قوتابخانه‌. هه‌ر شتێك جۆرێك له‌ نه‌زم و ڕێكی و یاسا و پیرۆزی تێدا بێ هه‌رزه‌كار ده‌یه‌وێت پێچه‌وانه‌كه‌ی ئه‌زموون بكات، كه‌واته‌ هیچ شتێك له‌و ته‌مه‌نه‌دا به‌ ته‌واوی جێگیر نییه‌. ئه‌وه‌ی هه‌رزه‌كار بڕوای به‌ جێگیریی شته‌كان نییه‌، مانای وایه‌ نه‌ ئایین و نه‌ نه‌ریت و نه‌ یاسایش موقه‌ده‌س و ئه‌به‌دی نین، كه‌واته‌ گۆڕان له‌ بیروباوه‌ڕه‌كه‌یدا زۆر زه‌حمه‌ت نییه‌، گه‌ر وابێ پێویسته‌ هه‌لومه‌رج و بارودۆخه‌كه‌ به‌و جۆره‌ بڕه‌خسێنین كه‌ هه‌رزه‌كار پارێزگاری له‌م هێزه‌ ڕادیكاڵ و ڕه‌تكه‌ره‌وه‌یه‌ی خۆی بكات به‌ بێ ئه‌وه‌ی بگاته‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌یه‌كی وێرانكه‌ر كه‌ دیسانیش بچێته‌وه‌ خزمه‌تی بۆچوونه‌ كۆن و نه‌ریتییه‌كان. له‌ كولتووردا هه‌میشه‌ هێزه‌ نه‌فیكه‌ره‌كه‌ی هه‌رزه‌كار ده‌كوژرێت و دیوه‌ ئه‌رێنی و ده‌سته‌مۆكه‌یشی پێشوازیی لێ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ی ده‌بێت له‌ هه‌رزه‌كاردا بپارێزرێت هێزه‌ نه‌فیكه‌ر و نه‌سه‌لمێنه‌ره‌كه‌یه‌تی، نه‌ك دیوه‌ ملكه‌چ و ده‌سته‌مۆكه‌ی. ئه‌م توخمه‌ نه‌رێنییه‌ی هه‌رزه‌كار ئه‌شێت له‌ دواتردا ببێته‌ مایه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و مۆرك و شه‌قڵ و خه‌سڵه‌تانه‌ی كه‌ هێزه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك ئایین، نه‌ریت، ئابووری، ئایدیۆلۆژیا به‌ كه‌سایه‌تی مرۆڤیان به‌خشیوه‌. ئه‌گه‌ر هه‌رزه‌كار له‌و ته‌مه‌نه‌دا له‌ هه‌موو شتێك یاخییه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه "بێ مێشك" و "بێڕێز" و "هه‌ڵه‌شه‌"یه‌، به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌مه‌ ببێته‌ ناوك و هه‌وێنی به‌رهه‌مهێنانی كه‌سایه‌تییه‌كی پڕ گومان و ناڕازی له‌ دۆخی باو و بڕیاره‌ پێشوه‌خته‌كان، به‌م پێیه‌ گه‌ڕانی هه‌رزه‌كار به‌ دوایی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌لماندنی خۆیدا نابێت له‌ قۆناغی دواتردا ده‌سته‌مۆ بكرێته‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی لێ وه‌ربگیرێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت وا بكه‌ین چۆن مرۆڤ بۆ هه‌میشه‌ هه‌ست به‌م سه‌ربه‌خۆییه‌ له‌ باوه‌ڕ و بڕیار و ڕه‌فتاریدا بكات. له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌یه‌‌ كه‌ تاكێكی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن بڕیار دروست ده‌بێت.  

© 2017 Hawler