ئازار 22, 2019

میللەتی كورد هەمیشە شانازی بە جلی كوردیەوە دەكات

میللەتی كورد هەر لە دێر زەمانەوە خاوەن مێژوو و كلتووری تایبەت بە خۆیەتی و هیچ كات و ساتێك لەو كلتوورە زیندووە دوور نەكەوتۆتەوە و لێی لا نەداوە و هەمیشە لە بۆنە تایبەتی و گشتیەكاندا حەزیكردوە جلی كوردی بپۆشێ و خۆی بە جوانترین شێوە نمایش بكات و پێی ناخۆش بوە پشت لەو كلتوورە زیندووە بكات كە هەزاران ساڵە باب و باپیرانمان لەسەری دەڕۆن و شانازی پێوە دەكەن، ئەگەرچی بەپێی زروف و سەردەم ئەو جلە كوردیانە گۆڕانكارییان بەسەردا هاتوە و لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە جیاوازی هەبوە لە شێوازی ستایل و دوورینەوە بە جۆرێك هەر هۆز و تیرەیەكی كورد جۆرە جلێكی تایبەت بە خۆیان پۆشیوە و زۆریش شانازیان پێوە كردوە، بەڵام هیچ كاتێك لێی دانەبڕاون، بەڵام ئەوەی جێگای داخە كە بۆچی تەنیا ڕۆژێك بۆ جلی كوردی بێت؟ لە كاتێكدا جلی كوردی لە هەموو كات و سەردەمەكاندا هەمیشە بایەخ و گرنگی خۆی هەبوە و هەیە، هەر هێندە بەسە بۆ ئێمەی كورد كە میوانانی بیانی لە زۆربەی بۆنەكانی خۆیان جلی كوردی دەپۆشن و هەموو جارێكیش دەیكەنە دەستە و دیاری بۆ ئازیز و خۆشەویستانی خۆیان، ئەوە خۆی لە خۆیدا مانای گرنگی و مەزنی ئەو كلتوورە مەزنەی ئێمە دەگەیەنێت، كەچی ئێمە بەو مەزنیەوە سەیری ناكەن و مامەڵەشی لەگەڵ ناكەین! ئیدی هەق وایە كلتووری لەبەركردنی جلی كوردی وەكو جاران بێتەوە مەیدان و خەڵكە عەوامەكە وەكو جاران بایەخ و گرنگی پێ بدات، چونكە ئەو جلە بە گەواهی هەموو لایەك جوانترین ستایلی هەیە لەسەر ئاستی هەموو جیهان و ناشێ ئێمەی كورد تەنیا لە ڕۆژێكی دیاریكراودا یادی بكەینەوە و بە بەرزیەوە ڕایبگیرین؟!.

 

© 2017 Hawler