ئایار 21, 2019

له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماره‌كانی جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران به‌رزده‌بێته‌وه‌

دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان ئاماری ھاوسەرگیری و جیابوونەوەی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکەی دادگاکە، جیابوونەوە لە پارێزگای سلێمانی ساڵی ٢٠١٨ سێ ھێندەی ساڵی ٢٠١٧ زیادی کردوو.

بەپێی ئامارەکەی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان، ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە لە پارێزگای ھەولێر لە ساڵی ٢٠١٧دا دوو ھەزار و ٩٨٥ حاڵەت بووە، لە ساڵی ٢٠١٨دا بووە بە سێ ھەزار و ٥٩٨ حاڵەت و بەمەش ٦١٣ حاڵەت زیادی کردووە.
ھەر بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی ٢٠١٧ و لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا، دەووبەری ھەزار و ٣٦٠ حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨دا ڕێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ڕێژەکە بووە بە چوار ھەزار و ٨٥ حاڵەت و دوو ھەزار ٧٢٥ حاڵەت زیادی کردووە، لە پارێزگای دھۆکیش لە ساڵی ٢٠١٧دا ھەزار و ٣٨٤ حاڵەت بووە و لە ساڵی ٢٠١٨دا بووە بە ھەزار و ٥٠٩ حاڵەت، بەمەش ١٢٥ حاڵەت زیادی کردووە.
لە ئامارەکەی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان رێژەی ھاوسەرگیری و ڕەزامەندی بۆ ھێنانی ژنی دووەم لە ساڵی ٢٠١٨دا بەم شێوەیە بووە، ھاوسەرگیری لە پارێزگای ھەولێر ١٥ ھەزار و ٢٥ بووە، دەربارەی بە ڕێپێدان بە ژنھێنانی دووەم ٣٦ حاڵەت بووە، لە سلێمانی رێژەی ھاوسەرگیری ١٣ ھەزار و ٨٣٦ بووە، ڕێژەی ڕێپێدان بە ژنھێنانی دووەم ٤٨ حاڵەت بووە، لە پارێزگای دھۆکیش ھاوسەرگیری ١٠ و ٩٠٢ بووە، ڕێپێدان بۆ ژنھێنانی دووەم ٨٩ حاڵەت بووە.

© 2017 Hawler