ئازار 22, 2019

پەروەردەی ژینگەیی بۆ قوتابیان

ژینگە لایەنێكی هەرە گرنگ و پڕ بایەخە لە ژیانی هەموو تاكێكدا، بە تایبەتی بۆ خودی قوتابی یەكجار پێویستە، هەر بۆیە هونەرمەندیشێوەكار و مامۆستا دارا محەمەد عەلی و ئاری ئاغۆك بە دوو قۆڵی وەك چاپی یەكەم كوڕاسێكی جوان و خنجیلانە و وێنەداریان لە چاپخانەی چوارچرا بە تیراژی 500 دانە بە چاپ گەیاندوە، هەروەك لە ناوەڕۆكی كوڕاسەكەدا بەرچاو دەكەوێ كە هەموو وێنەكان بە دەست و پەنجە زێڕینەكانی هونەرمەندیشێوەكار و مامۆستا دارا كێشراون.

بیرۆكەی بابەتەكانیش مامۆستا ئاری دایناون كە بریتیە لە چەند بابەتێكی وەك ( گلەیی دوا ڕۆژ لە دایك و باوكی، هەموو ئایینەكان داوای پاكی و ژینگەپارێزی دەكەن، بە چاندنی نەمام وڵات ڕازاوەتر دەبێت، ددان شووشتن تەندروست باشمان دەكات، نینۆك كردن نیشانەی پاك و خاوێنیە، كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك ئەرك نیە، بەڵام فڕێنەدانی ئەركە، تكایە پاشماوەكان لە ئۆتۆمبیل فڕێ مەدەن، هەموومان بەیەكەوە قوتابخانە خاوێن دەكەینەوە، دەست شووشتن دەمانپارێزێت لە نەخۆشی و میكرۆبەكان، تكایە پاشماوەی خانووبەرە لە كۆڵانان فڕێ مەدەن، نابێت لە بۆڕی شكاو ئاو بەكار بهێنین، هەمیشە سوپاسی كارمەندانی ژینگە پارێز دەكەین، بەخێوكردنی ئاژەڵ لەناو شار زیان بە ژینگە دەگەیەنێت، خۆڵ و خاشاك لە شوێنی دیاریكراو كۆدەكەینەوە و فڕێی دەدەین، نابێت لە كۆڵان ئۆتۆمبیل بشۆین، فڕێدانی پاشماوەكان بۆ شوێنی دیاریكراوە نەك شەقامەكان، ئاگركردنەوە لە شەقام و كۆڵان یان بە تەندروستی و ژینگەمان دەگەیەنێت، بەفیڕۆدانی ئاو بەفیڕۆدانی ژیانە، خواردنی سەردانەپۆشراو زیان بە تەندروستیمان دەگەیەنێت، لە كاتی دەرچوونمان لە تەوالێت دەستەكانمان دەشۆین، فڕێدانی پاشماوە بە شێوەیەكی دروست لە قوتابخانە، نینۆك نەكردن تووشی نەخۆشی و ڤایرۆسمان دەكات، زیان گەیاندن بە باڵندە زیان گەیاندنە بە ژینگە و ژیان، هەمیشە ژینگە دەپارێزم، پاراستنی ژینگە هەموومان دڵخۆش دەكات) لە بەرایی ئەو كوڕاسەدا هونەرمەندیشێوەكار و مامۆستا دارا محەمەد عەلی چەند پەیڤێكی جوان و واتاداری نووسیووە كە تیایدا دەڵێ: ئێمە لەسەر خاك و وڵاتێكی زۆر پیرۆز بەهاداردا دەژین ئەویش كوردستانە، كوردستانیش ئاوێتەی چاو و دڵمانە، بۆ پاكی و خاوێنی پێویستی بە هەمووانە، منداڵ بووم دایكم دەیگوت ڕۆڵە ئەمڕۆ نۆرەی سەرشووشتنتە واتە پاكی و خاوێنی منی دەویست، كەوابوو ئەمڕۆ نۆرەی ئێمەیە ژینگەی دایە گەورەمان كوردستان بەیەكەوە بپارێزین و بەرەو پێشەوەی ببەین، بە نووسین و ئامۆژگاری، بە ڕەنگ و بۆیە، بە شیعر و چیرۆك و شانۆ، بە كەڤاڵی جوان، بە وەرزش و سروود، بە هەموو كارێكی باڵا، لە خزمەتدا بین، ڕۆڵەی شیرینم بچێنە ئەی ئەوە نەبوو دوێنێ من و تۆ لە ڕۆژی چاندن نەمامێكمان چاند، ئەوەتا ئەمڕۆ سوود لە بەرووبوومی وەردەگرین و لەژێر سێبەریدا دەحەسێینەوە، ئازیز و بەهادارانم ئەوەیان ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی پیرۆز و گەورە و هەرە مەزنی گشتمانە، هی هەر هەموومانە، پاشان مامۆستا ئاری ئاغۆك لە پەیامی كۆتاییدا نووسیوویەتی و دەڵێ: لە ژینگەدا هەموومان یەكسانین، ئەگەر ژینگەی شار و وڵاتمان پیس بێت ئەوا زیانەكەی بۆ هەموومان وەكو یەكە گەورە و بچووك، مامۆستا و قوتابی، هەژار و دەوڵەمەند، زیانەكانی ژینگە كاریگەری بۆ هەموومان دەبێت و سوود و جوانیەكەشی بە هەمان شێوە بۆ بینینی هەموومان یەكسانە. چاپكردنی ئەو كوڕاستە كارێكی جوان و دەست پێشخەرییەكی جوامێرانەیە، بەڵام خۆزگە ناوەڕۆكەكەی وەك بەرگەكەی ڕەنگا و ڕەنگ بوایە، هەروەها تیراژەكەی زیاتر بوایە بۆ ئەوەی زۆرترین قوتابیەكی زۆر سوودی لێ ببینایە.

© 2017 Hawler