تشرینی یەکەم 20, 2018

نامەیەكی كراوە بۆ خاوەن گۆشەی دەردە دڵ

هەركە هەواڵی نەخۆشكەوتنی براو هاوكاری ئازیزم شێرزاد (عەبدوالڕەحمان) م بیست كە لە دەرەوەی وڵات نەشتگەری بۆ كراوە پڕ بەدڵ خەمباری كردم و لە خودای دڵۆڤان تكاكارم بە تەندروستیەكی باشترلە جاران بە ڕووی ژیاندا ئاسوودەتر بێت و بە گەرانەوەشی دڵخۆش بووم.
ناسینی من و ئەو بەڕێزە بۆ ساڵانی 1979-1980 دەگەڕێتەوە. ئەوكات بەرێزیان لە كتێبخانەی گشتیی هەولێر فەرمانبەر بوو، منیش ئەو كات خوێنەرێكی عاشق بەخوێندنەوەی كتێب بووم و هاتوچۆی ئەو كتێبخانەم دەكرد و دەمخوێندەو ناو ناوەش شیعرم دەنووسی و بڵاوم دەكردەوە. ئاشنایەتیی و برادەرەیەتیمان هەر لەوساڵانەدا دەست پێكرد. ئەوكات گەنجێكی جوان و قسەخۆش و بەڕێز بوو، نەك تەنیا لەگەڵ من رێزی لە هەموو كەسێك دەگرت. بیریشمان نەچێت دەنگێكی خۆشیشی هەبوو. خاوەن گۆرانیی ( لیمۆ، نەجیبە) ساڵانی هەشتایەكان بە گۆرانیی ڕەسەن هەژمار دەكرێت، بەڵام ئەو زیاترخوڵیای كاری رۆژنامەوانی بوو، بابەتی ئەدەبیشی دەنووسی ولە بواری نووسین جێی پەنجەی دیاربوو، بابەتەكە زیاتر هەڵدەگرێت بۆ جارێكیتر جێی دێڵم. ئەوەی مەبەستمە بیدركێنم مرۆڤێكی پاكوبێگەردو ڕۆحسووك بوو. قەڵەمێكی بەبڕشت و پڕ لە داهێنان بوو. زۆرجار ئەوكات دەردەدڵی خۆی بۆ دەكردمەوە، ساڵان هات و ساڵ تێپەڕی زیاتر قەڵەمەكەی گەشەی كرد، لەبواری رۆژنامەنووسیدا. جێگای رێزە بۆ مێژوو ئەمەش دەدركێنم و خۆشم بە قەرزاری دەزانم، ئەوكات سەرنووسەری گۆڤاری هەرێمی كوردستان بوو كە شیعرم ڕەوانە دەكرد بۆ ئەم گۆڤارە بە ستافی گۆڤارەكەی دەگوت: كوڕینە نابێت شیعری خالید كۆچەر ڕابگیریێت. ئەو شاعیرێكی كۆن و بەئەزموون و رۆمانسییەو هەقی بەسەرمانە و هەر لە هەمان هەفتەدا بڵاوی دەكردەوە، لەم ساڵانەی دواییدا گۆشەیەكی جوانی هەبوو لەم رۆژنامەیەدا بە ناوی (دەردە دڵ) ئەوەی دەردە دڵی خوێندبێتەوە ئەوسا دەزانێت بنووسی، ئەم گۆشەیە چەند لەخەمی خەڵك بووە، لەهەر شوێنێك دڕكێك بەپێی كەسێدا چووبێت ئازارەكەی لای ئەو بووە. لە هەر شوێنێك هەژارێك، داماوێك، نەخۆشێك، هەتیوێك، بێوەژنێك، كەمئەندامێك، كرێكارێك، دایكە شەهیدێك و باوكە هاواریان لێ هەستابێت ئەو بەخامەكەی ئازارەكەی ڕەنگرێژ دەكرد بە ئیلهامی پێنووسەكەی بۆ بەردەم بەرپرسان، كەواتە ئەو لەخەمی خەڵك بوو، بۆ خەمی خەڵك دەژیا، هەر ئەو خەمەش ئازارەكانی قووڵتر دەكرد ئەوەندە بیری دەكردەوە گومانێك لە سەری كراو و نەشتەرگەریی بۆ كرا، براو هاوڕێی ئازیزم دڵنیام تۆ بەهێزی بە هێزیش دەمینێیتەوە، چاك دەبیتەوە، هەڵدەستیتەوە، زۆرن ئەوانەی لەخەمی خەڵكدان و یاخود گۆشەگیری خەمن، منیش ساڵانێكە هەمان ئازاری تۆم هەیە و بە دەردی دەردەدڵ دەناڵێنم لە ژێر چاودێری پسپۆڕی نوژداری نەخۆشیی دڵم، بەڵام برای ئازیزم قەدەری خودا ئەو قەدەرەیە ئەوەی دەمانكوژێت دەردی ئەجەلە نەك نەخۆشی.
جارێكی تر پێتی دەڵێم: تۆ بەهێزی، تۆ پاكی، چاك دەبییتەوە، لە بڕی چەند وشەیەكی تر چەپكێ گوڵ لە گوڵدانی باخچەی شاعیران پێشكێشت بێت، ئازیزانت چاوەڕێی گۆشەكەتن و هاوكارانت

پێویستیان بە ئەزموون و ڕێنمایی بەڕێزتانە و هەر شادو سەركەتوو بیت بەڕێزم .

 

خالید كۆچەر

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.