تشرینی یەکەم 20, 2018

په‌یوه‌ستی و ڕۆڵه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی

چه‌مكی په‌یوه‌ستیی كۆمه‌ڵایه‌تی [ئینتیمای كۆمه‌ڵایه‌تی] یه‌كێكه‌ له‌و چه‌مكه‌ سه‌نته‌رییانه‌ی كه‌ له‌ هه‌ر شوێن و كات و سه‌رده‌مێكدا په‌یوه‌ندی تاك به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و جڤاته‌كه‌یه‌وه‌ دیاریی ده‌كات، ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ و دژ به‌ چه‌مكی "نامۆبوون"ـه‌ كه‌ واتای دووركه‌وتنه‌وه‌ و دابڕانی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ كۆمه‌ڵ و جڤاته‌كه‌ی خۆی یاخود چوون و ڕۆیشتنی به‌ره‌و جڤاتێكیتر. چ له‌ دۆخی دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ جڤات و چ له‌ دۆخی ڕۆیشتن بۆ جڤاتێكیتر ئه‌وا كه‌سه‌كه‌ ئینتیما و په‌یوه‌ستی خۆی به‌ جڤات و كۆمه‌ڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ له‌ده‌ست ده‌دات له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ه‌ی تریشه‌وه‌ به‌ ئاسانی قبووڵ ناكرێت چونكه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ڵگری داب و نه‌ریت و باوه‌ڕ و ڕه‌فتارێك بێت كه‌ له‌گه‌ڵ هی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی تر وا بۆی چووه‌ جیاوازییان هه‌یه‌، ئه‌مه‌یش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ جڤاته‌كه‌ی خۆی داببڕێت و له‌ جڤاته‌ نوێیه‌كه‌یشیدا هه‌ست به‌ كه‌لێن و گونجاوی نه‌كات، دیسان لێره‌یشدا تووشی هه‌مان دۆخی نامۆبوون ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ست به‌ غه‌ریبه‌یی و بێگانه‌بوون ده‌كات. په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان كه‌ساندا، چ له‌ ڕووی خۆشه‌ویستی و خزمایه‌تییه‌وه‌ بێت و، چ له‌ ڕووی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و پشتبه‌ستن به‌ یه‌كتر و ئاڵوگۆڕ و ته‌واوكارییه‌وه‌ بێت پێویستییه‌كی بنه‌ڕه‌تیی مرۆڤه‌. له‌م په‌یوه‌ندییه‌كه‌دایه‌ كه‌ له‌ ڕووی جه‌سته‌یی و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، ئه‌ندامه‌كانی خۆشی و شادی و غه‌م و ئازاره‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا به‌ش ده‌كه‌ن و بنه‌ما هاوبه‌شه‌كان داده‌ڕێژن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌كان بپارێزن و هاوبه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی دروست ده‌كه‌ن. له‌مه‌یشه‌وه‌ پارێزگاریی له‌و شوێن و خاك و سه‌روه‌ت و سامانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بۆیان ڕه‌خساوه‌ و ده‌توانن پێویستییه‌كانیانی پێ پڕ بكه‌نه‌وه‌ و وه‌ك نیشتمان پێناسه‌ی بكه‌ن.
به‌ گوێره‌ی ئه‌مه‌ ئینتیمای كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی دروستبوون و به‌رده‌وامبوونی كۆمه‌ڵگه‌ و پاراستنی هاوبه‌ندییه‌كه‌ی داده‌نرێت، به‌ بێ ئه‌م دۆخه‌ ده‌روونی و سۆزداییه‌ مه‌حاڵه‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك یان جڤاتێك بتوانێت پارێزگاریی له‌ گونجاوی و ته‌بایی خۆی بكات، ڕاده‌ی په‌یوه‌ستی تاكه‌كان به‌ جڤات و نیشتمانه‌كه‌یانه‌وه‌ به‌نده‌ به‌ ڕاده‌ی خۆشگوزه‌رانی و عه‌داله‌ت و پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كان و هاوسه‌نگیی له‌ دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و ساماندا، هه‌تا جڤاته‌كه‌ پێویستییه‌كانی تاكه‌كان زیاتر پڕ بكاته‌وه‌ و زیاتر عه‌داله‌ت و هاوسه‌نگیی ڕابگرێت ئه‌وا تاكه‌كان ئینتیمایان بۆ جڤاته‌كه‌یان زیاتر ده‌بێت و زیاتر پێوه‌ی په‌یوه‌ست ده‌بن. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌تا ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و ناهاوسه‌نگیی زیاتر بێت و خه‌ڵكی بێكار و بێ ده‌ستكه‌وتی مانگانه‌ بن و ئاستی بژێویان له‌ خواره‌وه‌ بێت ئه‌وا ئینتیمایان بۆ جڤاته‌كه‌یان كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و تووشی نامۆبوون و دابڕان ده‌بن، بۆیه‌ یان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ جێی بهێڵن و لێی دوور بكه‌ونه‌وه‌ و كۆچ بكه‌ن، یاخود چیتر پێوه‌ی په‌یوه‌ست نابن و سنووری حه‌رامه‌كانی ده‌شكێنن و جۆرێك له‌ به‌رگری و ڕاپه‌ڕین و ئاژاوه‌ به‌ڕوویدا ده‌نوێنن.
بۆ ئه‌وه‌ی جڤاتێك خۆی له‌ شپرزه‌یی و ئاژاوه‌ و بێ ئنتیمایی تاكه‌كانی بپارێزێت، لایه‌نیكه‌م ده‌بێت ئه‌م پێویستییانه‌ی خواره‌وه‌ بۆ تاكه‌كان دابین بكات:
1- وه‌دیهێنانی ئاره‌زوو و خواسته‌ كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ تاكه‌كه‌س خۆی به‌ ته‌نها ناتوانێت پڕیان بكاته‌وه‌.
2- كاتێك تاكه‌كان ئنتیمایان بۆ جڤاته‌كه‌یان هه‌یه‌ پێویسته‌ جڤاته‌كه‌یش قه‌بووڵی بكات و ئارامی و ئاساییش و دڵنیایی ژیانی بۆ دابین بكات.
3- ده‌كرێت ڕه‌فتاری تاكه‌كان له‌ ڕێگه‌ی كۆمه‌ڵ و جڤاته‌كه‌یانه‌وه‌ بگۆڕدرێت، هه‌ر جڤاتێك پێوه‌ر و ڕێسای و به‌های خۆی هه‌یه‌، كه‌ ده‌بێت تاكه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ده‌ستی بهێنن و به‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یه‌كی نه‌رم و نیان، نه‌ك به‌ زۆر و سه‌پاندن، بۆیان بگوازرێته‌وه‌.‌
4- بوونی میراتی كولتووری و شارستانی كه‌ تاك بتوانێت وه‌ریبگرێت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهاندا بگرێت.
5- ڕه‌خساندنی هه‌لی چالاكی و به‌رهره‌مه‌ندی و داهێنان و ده‌رفه‌تدان به‌ نواندنی چالاكیی جۆراوجۆر له‌لایه‌ن تاكه‌كانه‌وه‌، كه‌ بتوانێت له‌م بوارانه‌دا وزه‌ و تواناكانی خۆی تاقیی بكاته‌وه‌.
6- دابینكردنی پێویستییه‌ ده‌روونییه‌كان له‌ ڕووی په‌یوه‌ندییه‌كان و هه‌ستكردن به‌ ئازادی و وه‌دیهێنانی خود و ده‌رفه‌ت ڕه‌خساندن و ڕێكخستنی بواری سێكسی و كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازیی جێنده‌ری و هوڵدان بۆ دابینكردنی ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه‌ و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بۆ كوڕان و كچان و ژنان و پیاوان، تاوه‌كو په‌نا بۆ تاوانكاری نه‌به‌ن.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.