کانونی دووەم 18, 2022

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

Chalak Ahmad

Chalak Ahmad

چرا شەماڵ جەلال

 

ئەگەر چاوێك بە مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بخشێنینەوە دەبینین تاکە پارتە کە تاوەکو ئیستا لەسەنگەری داکۆکیکردن لە مافە رەواکانی گەلی کورد و پاراستنی هەیمەنە و پێگەی کوردستان بە سەنگینی ماوەتەوە و، سازشی لەسەر مافەکانی خەلکی کوردستان نەکردوە، لە دوای روخانی رژیمی بەعس و بنیادناوەی عیراقی نوێ و پێك هێنانی حکومەتی تەوافقی لەو عیراقە نوێیەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە رابەرایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی سەنگەری بەدەست هێنان و پاراستنی مافە رەواکانی خەلکی کوردستانیان بەهێز کرد و دواییش بونە شورای پاراستنی ئەو مافانە، لە کاتێکدا لایەنی دیکە هەبون هێندەی لەخەمی عێراق و بەدەستهێنانی پۆست و پلەدابون لە بەغدا نیو هێندە لە خەمی بەدەست هێنان و پاراستنی دەستکەوت و مافەکانی خەلکی کوردستاندا نەبون . لەم پێشەکیەوە دەچینە سەر وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئاخۆ بۆچی گرنگە کاندیدانی پارتی دەربچن و ببنە نوێنەری خەلکی کوردستان لە بەغداد، بەشێک لە وەڵامی ئەم پرسیارە لە پیشەکی وتارەکەماندا ئاماژەی پێ دراوە بەشەکەی دیکەشی لێرەدا بە چەند خاڵێک ئاماژە پێ دەدەین :
یەكەم:
بۆیە گرنگە کاندیدانی پارتی دەربچن و بچنە بەغداد چونکە کاندیدانی پارتی پەروەردەکراوی رێبازی بارزانی و پارتین، ئەم رێبازەش شوێنکەوتوانی خۆی بەجۆرێک پەروەردە کردوە و دەکات کە هەرگیز سازش لەسەر بیروباوەڕەکانیان ناکەن، ماف و ئازادییەکان و ناسنامەی نەتەوەیی و عیززەت و کەرامەتی نەتەوەیی و پیرۆزی بست بە بستی خاکی کوردستان ئەو بنەما چەسپاوانەن کە پارتییەکان لە پێناویدا دەژین و لە پێناویدا خەباتی دورودرێژیان کردووە و دەیکەن و لە پێناویشیدا دەمرن .
دووەم :
لە دیاریکردنی کاندیدەکاندا بنەمای نەتەوەپەروەری و نیشتیمانپەروەریی کاندیدەکان لەبەرچاو گیراوە و لەو فیلتەرەش دراون کە ئاخۆ ئەم کەسانە لەبەغدا پارەو بەرتیل و رێگا و شێوازی دیکە کاریان لەسەر دەکات، وەک ئەوەی کۆمەڵێک پەرلەمانتاری خولەکانی پێشوو بەوەی ئیستاشەوە لەلایەن کوتلە و لایەنە شێعەکانەوە کڕدران و بەپارە و بەرتیل، کرانە دوژمنی سەرسەختی ماف و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و وایان لێ کرا کە لە عەرەب عەرەبتر و لە شیعە شیعەتر بن، ئەم فیلتەرە و ئەم مەرجە لای پارتییەکان لە سەرووی مەرجەکانی دیکەی دیاریکردنی کاندیدەکان بووە، چونکە لەماوەی ساڵانی رابردوودا ئازاری خیانەتی یەک لەدوای یەکی ئەو پەرلەمانتارانە و هەندێک کەسایەتی و لایەنیشمان بینی کە چ خەنجەرێکی ژەهراوییان لە پشت و سنگ و دڵی ئیرادەی کورد دا لە بەغدا و سەنگەری بەرگریی کوردیان بریندار و لاواز کرد .
سێیەم:
پارتی ڕاستە حیزبێکی دیموکراتە و زۆربەی زۆری بڕیار و رێکارە حیزبییەکانی بە شێوەی دیموکراتیانە و رای زۆرینە و کەمینە دەردەکات و سەرکردایەتیی حیزبەکەش بەو جۆرە دەکات بەڵام لەهەمان کاتدا ناوەندێتیش کار پێ دەکات، واتە لە کاتی پێویست و لە شوێنی پێویستدا بەشێوەی مەرکەزی بڕیار دەر دەکات و چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکان و پابەندبوونی ئەندام و کادران و ستافەکانی دەکات لە ناوەوەی حیزب و حکوومەت و پەرلەمان و ئۆرگانە جیاجیاکانی دیکەشدا، ئەمەش وای کردووە پارتی وەک حیزبێکی خاوەن بڕیار و توندوتۆڵ دەربکەوێت و ئەندام و ستافەکانیشی لەهەر شوێن و جێیەکی کارکردن بن بەتەواوی پابەند بن بە بڕیار و رێنماییەکانی حیزبی خۆیانەوە .
چوارەم :
پارتییەکان خاوەنی ڕابەرێکی نەتەوەیی گەورەی وەک سەرۆک مەسعود بارزانین؛ بوونی ئەم رابەرە نەتەوەییە هێزێکی رۆحی و مەعنەویی زۆر ئەدات بە پارتییەکان، ئەمەش وای کردووە کە پارتییەکان بەسەروماڵ پابەندیی رەهایان هەبێت بە رێنمایی و داواکارییەکانی سەرۆک و رێباز و ئەو بنەمایانەی کە سەرۆک دایڕشتوون بۆیان و واجبی کردووە لەسەریان، لادان لەم بنەماو رێباز و رێنماییانەی سەرۆک و رابەر لای پارتییەکان وەک کوفرێکی گەورە وایە، بۆیە پارتییەکان لەهەر شوێن بن، جێی مەترسی نین نە بۆ خاک فرۆشتن و نەبۆ خۆفرۆشی و نەبۆ سازشکردن، چونکە ئەوە سزای قورسی مەعنەوی و رۆحی و مەبدەئی و دواتریش سزای حیزبیی لەسەرە و هەر پارتییەک ئەوە بکات بەر نەفرەت دەکەوێت. ئەم هۆکارانە وا دەکات کە پێویست دەکات خەڵک دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی بدات و خۆی لە مەترسیی سەر ماف و داخوازیەکانی لە بەغدا بێخەم بکات و ئەو خەمە بخاتە ئەستۆی
نوێنەرانی پارتی لە بەغدا ..
بەغدا گۆڕەپانی جەنگی بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانە ئەم جەنگەش پێویستی بە جەنگاوەری خاوەن بیروباوەڕی نەگۆڕ و خۆنەچەمێن و خۆنەفرۆشە بۆ پارە و بەرتیلی دوژمنانی کورد ..
ئەوانەی لەخەمی بەهێزبوونی پێگەی کورددان و لەخەمی پاراستنی ماف و دەسکەوتەکانی خەڵکی کوردستاندان، دەبێت پارتییەکان بکەنە نوێنەری خۆیان تا لە بەغدا بچنە ئەو جەنگەوە و سەنگەر چۆڵ نەکەن و ژێربەژێر نەیانفرۆشن و بازرگانی بە مافەکانیانەوە نەکەن .

ئەسعەد عەدۆ

برادەرانی فێسبوکم دەزانن کاتێ کتێبێک دەخوێنمەوە بە قەڵەمی سۆر مولاحەزاتەکانی خۆم تۆمار دەکەم و لەئەنجامدا دەبێتە بابەتێک بۆ رۆژنامە یان بۆ نووسەر دەینێرم ماوەیەکی دوورودرێژە باوکردنەوەی بیرەوەریەکان بوەتە مۆدێل ، بەڵام بەداخەوە بیرەوەریەکانی ئێستا بۆن خوێنی لێدێت ! هێندە زانیاری ئابڕووبەری تێدایە کە مرۆڤ مەندەهۆش دەکات !
ئێمەی خوێنەر هەردەم بە شەوقەوە چاودێری کتێبخانەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین خولیای خۆمان بۆ خوێندنەوە دامرکێنین ئەو کتێبەی هێژا مسعود بارزانی (بارزانی وبزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەرگی چوارەم ۱۹۷٥-۱۹۹۰ شۆڕشی گوڵان) بەندەی گەڕاندەوە بۆ دونیای ئەفسوناوی رەسەنایەتی و خاڵبەندکردنی بابەتە نهێنی و نەبیسراوەکانی مێژووی ئەو شۆڕشە کە توانی تۆزوغوباری نسکۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلولی لەسەر شانی نەتەوەی کورد داتەکاند !
خوێنەری خۆم دڵنیان کە بەندە لە ئایاری ۱۹۹۳ وە ، تا ئێستا پابەندم بە تۆمارکردن و نووسینەوەی ووردەکاری بەردەوامبوونی شۆڕش ، بەڵام هەر نیگەرانیشم نەوەک لەکارەکەمدا کەمتەرخەم بووبم ! هەرچەندە بۆ ئەو مەبەستە هەورازو نشێوی کوردستان گەڕاوم بەشوێنانەداچووم کە دوێنێ خەباتگێڕەکانی پارتی و بارزانی هەوری تاری ئاسمانی کوردستانیان دڕ دەدا ! بۆ ئەوەی بگەینە ئەوڕۆی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان .
ئەوەی منو خەڵکی دیکەش پەی بەو مێژووە نەبردوە ئەوەتە سەرقافڵەی مێژووەکە (مسعودی هێژا) لەو دڵەڕاوکێیە دەربازمان دەکات و بەنێو ووردەکاری و کونوکەلەبەری ئەو مێژووە ئاشنامان دەکات .. زۆر شتی نوێم کەوتە بەرچاوان ، ئەو پرسیارانەی دوێنێم هەمووی وەڵام درایەوە ، لەمەودوا نۆرەی قوتابیانی زیرەکەکانن نامەو ئوتروحە لەسەر کتێبەکە بنووسن .
دوابەدوای خوێندنەوەم بۆ گشت بەشەکانی ئەم کتێبە بۆ خودی خۆم لەدوو شوێندا بە گریانەوە ئەو لاپەڕانەم تەڕ کردوەو تا ئێستایش کاری کردۆتە سەر ناخ و دەروونم بۆیە حەزدەکەم خوێنەری خۆم و
برادەرانم لەفێسبوک بەشداریم بکەن :
کاک مسعود بارزانی لە بەرگی سێیەمدا بەشی دووەم لەلاپەڕە(۲٥٥) باس لە رۆژانی نەساغی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی دەکات کە چۆن لەنۆبەتی خۆیدا بۆ ئامادەکردنی خواردنی ئەورۆژە چۆن بەهۆی گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی چێشتەکەی لەسەر ئاگر سووتاوە ! بەهەرشێوەیەک بێت جەنابی هەوڵدەدات ئەو بەشەی سووتاوە فڕێبدات بەڵام بەداخەوە کاتێ خۆی کەوچکێک دەخوات هێڵنجی دێتێ بۆیە بە جەنابی باوکی دەڵێ نەکەی بیخۆیت چونکە سووتاوە ، هەر ئێستا نان وماستێکت بۆ ئامادە دەکەم !
جەنابی بارزانیش بێ ئەوەی سەرکۆنەی نانەکە بکات بەگاڵتەوە بۆ دڵخۆشی کاک مسعود دەفەرمووێ ئەرێوەڵا خێرت دەگاتێ ! ڕۆڵە ئەگەر بۆم بێنی ،
کاک مسعود لە ماجەڕای ئەوکاتدا دەڵێ : چارەنووسم وابوو بەشم لە باوکم وەک بەشی کوڕانی تر نەبێ لەباوکیان ، من منداڵێکی شیرەخۆرە بووم کە ئەو بەگەشتێکی درێژی دوازدە ساڵی بەجێی هێشتین و بەوە حوکمی ئەوەم بەسەردا درا کە وەک کوڕانی تر نەم ، بەدرێژی ماوەی منداڵیم باسیم دەبیست و هیچم لەخۆی نەدەبیست بەشم لێی لەوسەردەمە لەوێنەیەکی کاڵی خۆرەتاوی ڕۆژەکی بەولاوە نەبوە ...... دوورنیە خەڵکانێک هەبن درک بەو هەستە زێدە کاریکەرە نەکات و بەسەریدا تێپەڕێ بەڵام ئێمەمانان واتە موریدانی رێباز بەم حاڵەتانە دەگەنە حاڵی حاڵگرتن !
ئەوەتە لە بەشی دووەمی بەرگی چوارەمدا لە لاپەڕە(۱٤٤) بەنووسینی یاداشتی ڕۆژانەی خۆیدا لە ۱/۲/۱۹۸۷ دیمەنێکی بەزێدە تراژیدیا و هەستێکی بوڕکانی بۆ کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دەردەبڕێ کە مەحاڵە مرۆڤ خۆی لەبەر ڕاگرێ کاتێ دەڵێ : زۆر بەداخەوە برا گیان
خۆزگە من لەشوێنی تۆ بام
بە قەزاوقەدەری خودای گەورە رازیم ، بەڵام ئەدی
بەڵێنمان نەدابوو یەکتر جێ نەهێلین ؟
دڵنیام بەدەستی خۆت نەبووە ، ئەگین جێت نەدەهێشتم
سەرلەوێ زامەکانمان کولانەوە (ئەدی بەڵێنمان نەدابوو) جارێکی تر لەخەم وئازارەکانمان دەپەڕینەوە برام ، دیارە باوکت بیرت دەکات ، بە دڵنیاییەوە ئیشی پێتە بەڵام ئێمە زیاتر پێویستیمان بە تۆ هەبوو
....... هتد
هەرکاتێک بیر لە ووشەو پەیڤەکانی کاک مسعود بارزانی بۆ کاک ئیدریسی جوانەمەرگ دەکەمەوە کە تا ئێستا لەبۆنەکاندا رەنگ دەداتەوە ئەو ئازارە دژوارە لەمناخی جەنابیدا درێژەی هەیە بۆیە ماوەیەک بەر لە ئێستادا یاداشتەکەی قفڵکرد کاتێ فەرمووی : ئەگەر گوڵەیەک بۆ سینگی کوڕانی ئیدریسی برام هات ، دڵنیام کوڕەکانی من بە سینگی خۆیان دەیقۆزنەوە ، بەپێچەوانەش هەر ڕاستە !
ساو لە گشت شەهیدانی کوردو کوردستان لەسەروویانەوە سەرۆکی هەمیشەیی کورد بارزانی مستەفاو ئیدریسی هەمیشە لەیاد.

عومەر چنگیانی

 

چەمکی ڕاوێژ لە ئیسامدا نە جێگای گومانە و نە جێگای پرسیار! ئیتر وەک فەرمانی خوا بۆ خودی کەسایەتی یەکەمی ئایینەکە محەمەد - دروود و ساوی خوای لەسەر بێت - سەیری بکەین، یان وەک ئاکارێک کە لە هەموو کردەوەکانی یاراندا خوایان لێ ڕازی بێت، ڕەنگی دابووە و بە دەیان فەرموودەی دروست لەبارەیەوە هاتووە، لە ژوور هەمووشیانەوە لە سی جزمەی قورئاندا، کە سەدوچواردە سوورەتە، لە سەرەتاکانی جزمی بیستوپێنجەمدا سوورەتێک هەیە بە نێوی (شوری) کە سورەتەکە مەکیە و پەنجاوسێ ئایەتە؛ جا لەم سەروبەندی سەرقاڵی بە هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستانیشدا، پێم باشە گوڵخەرمانی ئیمڕۆم تەرخان بکەم بۆ ئەو بابەتەی کردوومەتە سەر دێڕ و بیخەمە بەردیدی ئێوەی بەڕێز.
بۆ زەنگینترکردنی بابەتەکە، کنە و پشکنینی بابەتی دیکەم دەکرد؛
کەوتمە سەر نووسینێکی چڕوپڕ لە زانست لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(الوکە)دا، لە ژێر سەردێڕی (الشوری فی الاسلام بین النظریة والتطبیق)، شورا لە ئیسامدا لە نێوان هزر و بیر و جێبەجێکردندا، کە لە بەرای گ چتێک، باسی دوو جێگا دەکات کە قورئان بە بایەخەوە لە پرس و راوێژ دەدودێ؛ بۆئەوەی بابەتەکە
درێژ نەبێتەوە هەر ئەو دوو شوێنە دێنمەوە بیری ئێوەی بەڕێز.
یەکەم/ لە سەدوپەنجاونۆهەمین ئایەتی سوورەتی (ئالی عیمران)دا ڕووی گوتار دەکاتە پەیامگەیێنەکەی ئیسام محەمەد دروود و ساوی خوای لەسەر بێت و پێی دەڵی: (لە میهرەبانیی ئەڵا گیانەوە بوو کە وای لە تۆ کرد، نەرم بیت دەرهەق بەو خەڵکە، گەربوایە و تووڕەیەکی دڵڕەق بوویتایە، لەباتی ئەوەی نزیک ببنە لێت، دوور دەکەونەوە؛ لێیان ببوورە و چاوپۆشییان لێ بکە؛ لە خوا گیان داوای لێبوردنیان بۆ بکە و، لە ئیش و کارەکانتدا ڕاوێژیان پێ بکە؛ گەر خۆت یەکا کردەوە بۆ بڕیارێک و جێبەجێکردنی کارێک، پشت بە خوا ببەسە؛ بە ڕاستی، ئەڵا گیان ئەوانەی خۆش دەوێ، کە بە ڕاستی پشتی پێ دەبەسن.)
بۆ تێگەیشتن لە ئایەتەکە، کە دەگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەکانی تەفسیر
و فەرموودە و شیرە، دەزانین ئەم ئایەتە، دوای شەڕی ئوحود دابەزی کە لە ناوەند، یان حەوتی مانگی شەوالی سێهەم ساڵی کۆچیدا هەڵگیرسا و، ڕاوێژی هەندێک لە یاران دەرنجامی باشی لێ نەکەوتەوە! کەچی هێشتا هەر ڕاوێژکردنەکە بە گرنگ دەزانێت و فەرمانی پێ دەدات کە لێیان ببوورێ و پرس و ڕاوێژیان پێ بکات.
دووەم/ لە سیوهەشتەمین ئایەتی سوورەتی (شوری)دا دەفەرمێت: (ئەوکەسانەی بە دەم بانگی پەروەرێنی خۆیانەوە هاتوونە و، رێکوپێک نوێژ دەکەن و کاروباری ناویان لەسەر بنەمای ڕاویژکردنە بە یەکتری و لەو بەخشش و سامان و بژێویانەی وێم داون لەڕێی خوادا خەرجی دەکەن.) ئەوەی لە ئایەتەکە ورد ببێتەوە لەوە تێدەگات کە خوا گیان وەک ڕەوشت و ئاکارێکی بەرزی بڕواداران باسی پرس و ڕاوێژ دەکات و ئاستەکەیشی وەک نوێژ و خێرکردن وایە و دەبێ ئەرکە جێبەجێ بکرێت.
دواوشەیش، وەک لە سەرەتاوە گوتم نەمویست بابەتەکە درێژ بکەمەوە دەنا سەدان نموونەی ڕەنگدانەوەی ڕاوێژمان لە بەر دەستدا هەیە لە مێژووە پڕ لەسەروەریەکەی ئیسامەوە.

ھاودەنگ فاروق

 

ئێمە لە ســـەرەتای بانگەشـــەی هەڵبژاردندا، وەک پابەندبوونمان بە مێژووی حزبەکەمان و فەرهەنگی پارتی و بنەماکانی ڕێبازی بارزانی ، دانەبەزیوینەتە ئاستی هاژوهوژی بانگەشەکارانی هەگبەبەتاڵ و ئەوانەی هیچ ناکەن، تەنیا قسە دەکەن و دارێکیان بۆ ئەم نیشتمانە نەخستۆتە سەر بەردێک.
پارتـــی بەرەو مەودایەكی دوورتر هەنگاو دەنێ، مەزنتر بیر لە ئەزموونی هەرێمی کوردســـتان دەکاتەوە، بە ئیرادەیەكی پڕ لە پشـــوودرێژییەوە، داکۆکی لە خواســـتی ڕەوای میڵەتێـــک دەکات لە بەغدا، بۆیە بەرنامەی بانگەشـــەمان ئارام و ســـەنگینە، پشتمان بە خودا وخەڵکی خۆمان بەســـتووە و ڕوومان لە بەغدایە، لە بەغدا دەبین بۆ یەکڕیزیی کورد و ڕاستکردنەوەی ڕەوتی حکومڕانی لە عێراقدا.
ئێمە داوای میســـاقی شـــەرەفی کوردایەتی دەكەین، ئەوان ڕوویان لە ئێمەیە و بە ناڕەوا پەلامارمان دەدەن، ئاخر خەزێنەی پڕ لە کار و خزمەتەکانی پارتی هیچ دەرفەتی بۆ نەهێشتووینەتەوە، وەڵامی چەواشەکارییەکان بدەینەوە.
پارتی بەڵێنەکانی لە ڕووناکیدا جێبەجێ دەکات، ئەوانیش دوای هەڵبژاردن بەڵێنەکانیان حەواڵەی تاریکایی دەکەن.
بۆیە نوێنەرەكانی پارتی سەریان وەک دارچنار بڵند و ئیڕادەشیان چیای سەفینە، لەڕوانگەی هێزەوە دەدوێن و لەبەغـــدا ناپاڕێنەوە، قوتابییەكانی بارزانی، پەرلەمانی بەغدا دەكەنە ســـەنگەری بەرگری لەمافەكانی كورد، پرۆژە و کارو ئاوەدانییەكانی پارتی، باشترین گەواهیدانن بۆ پشوودرێژی و گەورەیی خەیاڵدانی پارتی، كێشەی كورد ئاڵۆز و گەورەیە، ئەركی كردنەوەی گرێ گەورەكان، بە حزبە گەورەكەی كوردستان بسپێرن، پارتی تاكە
حزبە، هەموو ئاستەنگەكانی حەفتا ساڵی مێژووی كوردی بەدەستكەوت كۆتایی هێناوە. بوومەلەرزە گەورەكانی ناوچەكە، پارتییان كردۆتە هەڵەمووتێكی ســـەخت، پارتی لە ئاســـتی تەحەداكانی ناوچەكەدایە، تاكە دەماری تەحەدایە لە جەستەی نەتەوەی كورددا.

عارف ڕوشدی

 

لە هەڵبژاردنەکاندا وەک مافێکی یاساییی لایەنە بەشداربووەکان دەست بە سازدانی کەمپەین و ریکلام دەکەن بۆ پێناسەکردنی دەستکەوتی بەدیهاتوو و خواست و پلانی داهاتوویان، مافی خۆیانە ئازادانە پرۆسەی ئەو بازرکردنە بەڕێوەی ببەن، بەڵام ئەوەی زانراو و باوە لە وڵاتان و کومەڵگا پێشکەوتووەکاندا، ئەو حزبانەی (هەگبەیان پڕە لە کردەوەی باش و بەسوود) باسی سیاسەتی بەرهەمداری ئەرێنی و دەستکەوتە بەدیهاتووەکانیان دەکەن، شانبەشانی خستنەڕووی هێڵەگشتییەکانی پلانی داهاتوویان و لەو سونگەیەوە داوا لە دەنگدەران دەکەن دەنگیان پێ بدەن بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکە نوێیەکانیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن، بەپێچەوانەوە (لایەنە هیچ لەبارنەبووەکان و خاوەنی هەگبەی بەتاڵ)، پەنا دەبەنە بەر خوڵقاندنی کەشێکی شڵەژاو و هەڵبەستنی بوختان، ناوزڕاندن و بەکارهێنانی زمانی زبر بەرامبەر رکابەرەکانیان. ئەگەر ئەم کردەوەیەیان واتایەکی بۆی هەبێت تەنها ئەوەیە (لەوپەڕی لاوازیدان) و توانایان نییە ئەرکدار بکرێن، بۆیە بەو ئاستە نزم و بێزارکەرە هەوڵی تێکدانی دەروونی کۆمەڵانی خەڵک دەدەن بەمەبەستی دوورخستنەوەیان لە بەشداربوونێکی کارای پرۆسەی هەڵبژاردن و زەمینەخۆشکردن بۆ (گزیکردن)، ئەوەی ئێستا لە لایەن حزبێکی دیاریکراوی هەرێمی کوردوستان دەکرێت دژی پارتی دیموکراتی کوردوستان دەچێتە ئەو خانەیەوە (خانەی لاوازی و هیچ لەبارنەبوون). پارتی خاوەن هزر و دیدێکی روونی کارکردنە لە پێناوی سەرخستنی (پرسێکی نەتەوەیی نیشتیمانی) بەو پڕوپاگندەی دوور لە هەر ئێتیکێکی دیموکراسی. ڕکابەری شەرەفمەندانە هەڵناچێت و بەردەوام دەبێت لە سەر ریتمی مەدەنیانەی کەمپەینەکەی و هانی هەمو لایەک دەدات لە ئاستێکی شیاوی بانگەشەدابن و زەمینەسازی بکەن بۆ کاری پێکەوەیی لە بەغدا لە پێناوی چەسپاندنی مافە (سیاسی، دارایی و ئیدارییە دەستوورییەکانمان) .

مەشخەڵ كەوڵۆسی

 

بەحوكمی ئەوەی پارتی هێزی ژمارە یەكی كوردستان و گەورەترین حیزبی هەرێمی كوردستان و بگرە كوردستانی گەورەیشە، هەموو هاووڵاتییان چاوەڕوانییان لێی هەیە، هەیە نازیشی بەسەریەوە هەیە، هەیە دژایەتی دەكات، بەڵام چاوەروانی ئەوەی هەیە پارتی لەسۆنگەی هاووڵاتیی بوون و كوردبوونییەوە مافەكانی بۆ دابین بكات.
بەكورتی پارتی ئیستا نەك هەر حیزبی شارە، بەڵكو حیزبی فەرمانڕەوای فیعلییە و، پێویستە دید و تێڕوانین و بیركردنەوەی لەئاستی ئەو قۆناغەدابێت كە قەبارەكەی بۆی دروستكردووە. بەم پێودانگە، پارتی دەبێت سپۆنسەری هەمووان بێت، لەوپەڕی ئیسلامی بۆ ئەوپەڕی عەلمانی، . پارتی دەبێت، حوكمڕانی هەمووان بكات، پارێزگاری مافی هەمووان بكات، ژیان و كەرامەت و بەرژەوەندی هەمووان بپارێزێت، پارتی خۆیشی لەم ڕاستییە گەیشتووە، بۆیە وێڕای ئەوەی هەندێ ئاستەنگی ڕۆژانە دێتە پێش، بەڵام دەبینین لەكاتە هەستیارو گرنگەكاندا، پارتی دەیەوێت وەك فەرمانڕەوا دەربكەوێت.
نەك وەك حیزبێكی بچوكی سەردەمی شاخ. پارتی دەیەوێت ماستەرپلانی كوردایەتی بەتێگەیشتنی خۆی پیشانی هەمووان بدات.
هەر بۆیە دەبینین لەكاتە چارەنوسسازەكاندا (بۆ نمونە وەك كاتەكانی دامەزراندنی كابینەكانی حكومەت) لەپرۆسەی دانوستاندا، مامەڵە لەگەڵ هەموو حیزبەكاندا دەكات، ئەوەش دیارە سەرباری ڕووە یاساییەكەی كە پێویستە هەر پرۆسەیەكی دامەزراندنی حكومەتێكی شەرعی پیایدا تێپەڕێت، دەرفەتێكیشە بۆ ئەوەی پارتی ئەو وێنەیە لەزیهنی خەڵكدا بەرجەستە بكات كە ئەو گەورەتر لە ململانێی بچوكی سیاسی بیردەكاتەوەو هەنگاو دەنێت.
تا ئێرە بەرپرسیارێتی سروشتی پارتییە و نابێت خۆی لێ بدزێتەوە، سروشتی حوكمڕانی هەروایە و پارتی ئەگەر بیەوێت زیاتر لە لوتكەدا بمێنێتەوە، پێویستە مافی هەمووان بدات و چاوەڕوانییەكانیان تێر بكات.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، تێگەیشتنی بەرانبەرەكانی پارتییە بەرانبەر ئەو بەرپرسیارێتییەی پارتی، بەجۆرێك حیزبەكانی تر، بەتایبەتی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەدووفاقییەتێكی سەیرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پێگەیەی پارتی دەكەن.
لەم ماوەیەدا لەوەڵامی كوڕی سەرۆكی یەكێك لەحیزبە ئۆپۆزسیۆنەكاندا، بەرپرسێكی گۆڕان دەڵێت: بێدەنگبە! ناچارمان مەكە دەنگی باوكت بڵاو بكەینەوە كە دەپاڕێتەوە پارتی بەشداری حكومەتتان پێ بكات!.
ئەم دوو فاقیەتە تاسەر ئێسقان كارەساتە بۆ فەرهەنگی كۆمەڵایەتی و سیاسی كورد، بەڕاستی بۆچی پاڕانەوە لەپارتی بۆ هەندێك نیعەمەتەو بۆ هەندێك نیقەمەتە؟ بۆچی ئەگەر ئێوەی ئۆپۆزسیۆن لەپارتی بپاڕێنەوە ناوی دەنێن سیاسەتكردن. بەڵام ئەگەر كەسێكی تر، مەرحەبایەكی پارتی بكات، دەبێتە ئامانجی ماكینەی زەبەلاحی ئیرهابی فیكری كە ئێوە گەرمتان كردووە؟ بۆچی ئێوە لە تەلەفزیۆن بەئاشكرا بڵێن: چاوەروانین پارتی سڵاوێكمان لێ بكات! بەحیكمەت و سیاسەتكردن بەئەندام و لایەنگرانتانی دەفرۆشنەوە. بەڵام ئەگەر هاوكێشەكە پێچەوانە بێت و پارتی بەخۆی بچێت سڵاو لە كەسێك بكات، ئێوە قیامەت هەڵدەستێنن و كەسەكە دەكەنە خۆراكی ماكینەی ئیرهابی فیكری؟.
ئەم دوو فاقیەتە لەمامەڵەكردن لەگەڵ پارتی پێویستە كۆتایی بێت.
چونكە پێگەی یاسایی و سیاسی پارتی لە ئیستادا وایە كە هەمووان بەریەككەوتنیان لەگەڵی دەبێت. نەئێوەی چاوەڕوانی سڵاو سیاسەت دەكەن و نەئێمەش خیانەت دەكەین كە بەریەككەوتنمان لەگەڵ پارتی دەبێت.

بێستون مسعود ساڵەیی

 

دوای بڕیاردان لەسەر ریفراندۆم، ڕۆژەکانمان دەژمارد بۆ گەیشتن بە ۲٥/ ۹.
ئەو شەوە جلی کوردیمان ئامادە کردبوو تاکو به جوانترین جلوبەرگەوە بەرەو سندووقی ڕاپرسیەکە بڕۆین.
ئەو شەوە جەژنێکی حەقیقی بوو، جەژنی نەتەوەیەکی ژێردەست و ستەملێکراو کە وەکو هەر گەلێکی دیکەی سەر گۆی زەوی دەیوست ئازادو سەربەخۆ بێت..
ئەو شەوە بڵندگۆی مزگەوتەکان دەنگی دەگەیشتە کەشکەڵانی ئاسمان، خودا گوێی لە نزاو پاڕانەوەی پیاوە ئایینیەکانمان بوو..
ئەو شەوە، شەوێک بوو هێندەی بەیانییەکەی دڵخۆشکەر بوو، چونکە دەمانزانی سبەی چیمان دەوێ و قەڵەمەکان چی دەنووسن، (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان )
بەرەبەیان خەڵک خەوی لێ نەدەکەوت، هەمووان چاوەڕێ ی دەرکەوتن و هاتنی خۆری دەکرد، چاوەڕێ ی بەیانیێکی جیاواز لە دوێنێ و ڕۆژێکی نوێت رمان دەکرد، رۆژی ۹/۲٥ رۆژێکی مێژوویی و پر لە شانازی بوو بۆ ئازادیخوازان و سەربەخۆخوازان، ڕۆژێک بوو جیاواز لە هەموو ڕۆژەکانی تەمەنم، ئەو ڕۆژە بوو کە هیچ خۆشییەک نەدەگەیشت بەو ڕۆژە.
خەباتی چەند ساڵەی بابوباپیرانمان، پێشمەرگەی قارەمان و خوێنی شەهیدانمان بە درێژایی مێژوو بۆ گەیشتن بە رۆژە بوو کە تێیدا بە دەنگی بەرز هاوار بکەین بەڵێ بە سەربەخۆیی.
میڵەتێک هەموو مێژووەکەی بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و ئازادبوون لە ژێردەستی و چەوسانەوە بێت، گومان لەوەدا نیە تەنها سەربەخۆیی هەڵدەبژێرێت و دەنگی بەڵێی بۆ دەدات. دروستکردنی مێژووی هەر گەلێک خودی گەل دروستی دەکات و چاوەڕێی دەستی هیچ زلهێز و لایەنێک ناکات کە لە دەرەوەی خۆی دەرفەت و بریاری بۆ بنەخشێنن، گەلی هەمیشە زیندوو دەستەوەستان ناوەستێت و هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی دەدات.
گەنج و لاوەکانی ئەمڕۆمان نەخش و ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە پرسی ریفراندۆمدا، ئەو گەنجانەی لە مێژووە تاڵەکانی گەلەکەمان نەژیاون و بە چاوی خۆیان کاراسات و نەهامەتیەکانی کوردیان نەبینی، بەڵام پیرۆزترین شانازییان بەرکەوت کە بە نووکە قەڵەمەکانیان ڕێزیان لە خەبات و تێکۆشانی بابوباپیران و قارەمانانی نیشتمانەکەیان گرت و دەنگی بەڵێ سەربەخۆییان هەڵبژارد.
بە بەڵێی سەربەخۆیی نیشانی جیهانیاندا کورد
نەتەوەیێکی زندووەو مافیەتی وەک هەر گەلێکی تر سەربەست و ڕزگار بێت، داوایان کرد کوردیش وەک گەلان خاوەنی بڕیارو چوارچێوەی خۆی بێت و ئەو مافە خواداییە و ئاینییەی هەیەتی بۆی بگەڕێتەوە...
ریفراندۆم ڕۆژی دروێنەی خەبات و قوربانیدانەکانی
ئێمەی کورد بوو، بۆ ئەم ڕێگایە بە هەزاران گەنج و لاو و ئافرەت و باوک و دایکان گیانیان فیدای نیشتمان کردووە.
زۆر کەس و لایەن هەوڵیان دا لە جیاتی بەڵێ نەخێر بگوترێت، زۆر لایەن ڕێگرییان دەکرد و داوای ئەنجام نەدانیان دەکرد، بەڵام ئێرادەی گەل هێندە بەهێز بوو بە تامەزرۆوە چاوەڕێی ڕۆژی ریفراندۆمیان دەکرد، سەرۆک بارزانی ئاڵاهەڵگری پرسی ریفراندۆم لە وتارێکی لە شاری ئامێدی خۆشەویست رووی کردە جیهان و پێیگوتن ئەوانەی ڕێز لە خواست و داواو بڕیاری ئێمە ناگرن، ئێمەش هیچ حسابێکیان بۆ ناکەین، ئەم وتەیەی جەنابی سەرۆک بارزانی دونیای هەژاند و بڕیاری کوردی دا بە گوێی ستەمکار و زلهێزانی جیهاندا کە کورد خۆ ناچەمێنێت ..
جەماوەر بە تامەزرییەوە گوێی لە وتەکانی سەرۆک بارزانی دەگرت، لە هەر جێگاو شوێنێک بارزانی وتاری هەبووایە، خەڵک خۆی دەگایندە ئەو جێگایەو بەڵێنیان دووبارە دەکردەوە کە لە بەڵێ بترازێ هیچی تریان ناوێ، گەنج و پیرو کچانمان بە بیستنی وتارو وتەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی زیاتر ورەبەرز و باوەر بەخۆبوونیان لا دروست دەبوو، وتەکانی بارزانی پڕ بوون لە ئیرادە و متمانەبەخۆبوون.
ریفراندۆم چوارپارچەی کوردستانی یەک خست و بە هێز و بیروباوەڕی کوردانەیان خۆزگەیان بۆ دەنگدان دەخواست و (بەڵێ) بە سندووقەکانی ریفراندۆمدا بنەخشێنن، لە شارو دێهاتەکانی کوردستانی چوارپارچەدا جەژن و ڕازاندنەوه و خۆشی بوو.
شازدەی ئۆکتۆبەر خیانەتێکی گەورەبوو کە لەمێژوو و جوگرافیای کورد کرا بەو خیانەتە نیوەی خاکیان لەدەست داین، جارێکی تر خاکەکەمان درا بە دەستی دوژمن و، ناحەزانی کورد و دەستیان بەسەردا گرت، جارێکی تر شاڵاوی بەعەرەبکردن و داگیکردنی گوند و زەویوزاری کوردان دەستی پێ کردەوە و خەڵکی ناوچەکەیان ئاوارەو دەربەدەر کرد.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە پڕشکۆیەی ریفراندۆم دەکەینەوە بەرەو ڕووی هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز بووینەتەوە، پێویستە جارێکی تر بوونی خۆمان و بەهێزیی خۆمان بسەلمێنینەوە و بە بەشداریمان لە هەڵبژاردندا پێگەی کورد بەهێزتر بکەین و کار بۆ گەڕانەوەی ئەو هێزو دەسەڵاتانەمان بکەین کە پێش مێژووە ڕەشەکەی شازدەی ئۆکتۆبەر خاوەنی بووین.

نیان ئەحمەد

 

هەڵبژاردن مێژوویەکی دوورو درێژی هەیە لە پێش زاینییەوە، لەگەڵ چەمکی دیموکراسیەت و هەوڵدان بۆ دروستبوونی دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی لە سەردەمی ئەفلاتوون وسوقراتەوە لە ئەغریق و یونان و کۆن هەڵبژاردن هەبووە، بەڵام جیاوازتر لە هەڵبژاردنەکانی سەدەکانی حەڤدە و هەژدە و ...... تا دەگاتە ئێستە، هەڵبژاردن لەو سەردەمە تەنها بۆ خەڵکی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو چینەبەرزەکان و ڕۆشنبیران دەیانتوانی بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا بکەن، بەڵام ئافرەت و خەڵکی هەژار و کۆیلەکان و ڕەشپێستەکان بۆیان نەبوو بەشدار بن، هەڵبژاردن لەو سەردەمە گرنگ بوو بۆ ئەوەی بتوانن ئەنجومەنی دەسەڵاتدار و بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێک بهێنن و بڕیاری فراوانکردنی قەڵەمڕەوی سنوورەکانیان بدەن، پاش پێشکەوتن و دیموکراسیەت و بیرکردنەوەی خەڵک و ڕۆشنبیران گۆڕانکاریی بەسەردا هات تا شۆڕشی فەرەنسا و وڵاتانی ئەورووپا و شۆڕشەکانی سۆڤیەتی پێشوو، پاشان ژنانی فیمینسێت بەتوندی بەگژ ئەو بڕیارانە چونەوە کە دەیانگوت نابێت ئافرەتان بەشداری لەهەڵبژاردنەکاندا بکەن. ئافرەتە فیمینستەکان خۆپێشاندانیان لە چەند وڵاتێکی ئەورووپا دەست پێ کرد داوای مافی یەکسانییان دەکرد لە هەڵبژاردنەکاندا دەیانگوت ئێمەش مافمان هەیە لە هەڵبژاردنەکان بەشدار بین و نوێنەرمان هەبێت و نێرینەو مێینە پێکهاتەی کۆمەڵگان بەبێ جیاوازی، خۆپیشاندانی ژنە فمینیستەکان هەموو ئەورووپای گرتەوە تا توانیان گۆڕانکاری لە بڕیارەکانی پەرلەمانی ئەورووپا دروست بکەن ئافرەتانیش وەکو پیاو نوێنەریان هەبێت و مافی دەنگدانیشیان هەبێت.
چەمکی دیموکراسیەت لەم ناوچەیە بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات شتێکی تازەیە بۆ چەند
دەیەک دەگەڕێتەوە. دیموکراسی، لەو وڵاتانەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتیان تێدا باڵادەستە نییە، تەنها بەناو لە دروشمەکاندا بەکاری دەهێنن، خۆی لە ئەزەلدا دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی بۆ گەلان دروشمێکی ناڕاست و بەرجەستە نەکراوە، تەنها بۆ مەزاج و جوانکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵێنجراوە بۆ هەڵخەڵەتاندنی ئازادیخوازان و ڕای گشتییە، ئەگەرنا بینیمان مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادی بۆ گەلان بۆ نەتەوەی کورد چەند ناڕاست و دروشمی گاڵتەجاڕی بوو لە هەگبەی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ڕیفراندۆمەکانی ۲۰۱۷ لە سەدەی بیست و یەک لە کوردستان و کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا هەموو ئەو دروشمانەی هەڵتەکاند کە چەند ساڵە بانگیان بەگوێماندا دەدا. بەهەرحاڵ ئەمەوێت بچمە سەر باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بەشداریی کورد لەم هەڵبژاردنە لە کوردستان؛ حزبەکانی کوردستان بە حزبی نەتەوەیی و عیلمانی و ئیسلامی پێشبڕکێیانە بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق،، بێگومان بانگەشە و کارنامەی پەرلەمانی عێراق زۆر جیاوازە لە بانگەشە و کارنامەی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام تێبینی بانگەشەی حزبە ئیسلامییەکان و ئۆپۆزسیۆن ئەوانی دیکە دەکەم، لەوە ناچێت بۆ پەرلەمانی عێراق بێت، هەر هەموویان خەریکی ناشیرینکردنی پیرۆزییەکان و دەستکەوتەکانی کوردستانن، کەسیان باسی ئەو هەموو غەدر و ناعەدالەتییەی عێراق ناکات بەرامبەر بەهەرێمی کوردستانیان کردوە؛ باسی کارنامەی حیزبەکەیان ناکەن لە عێراق چی بکەن و چۆن داوای مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەو حیزبانە نایەوێت باسی ئەو پێشێلکارییانەی عێراق بکەن کە چەند ساڵە خەڵکی کوردستان پێوەی دەناڵێنن، ئەو حزبانە باسی بڕینی بوجە و مووچە و پارەی جووتیاران و مادەی ۱٤۰ی ناوچەکوردستانییەکان ناکەن، ئەو حزبانە نایانەوێت باسی قەرەبووکردنەوەی ئەنفالکراوان و هەڵەبجە و گەرمیان و بادینان و زیندانیی سیاسی بکەن و زۆر شتی دیکە، هەر هەموو بەرنامەکانیان لەسەر پارتی چڕ کردوەتەوە تەشهیرکردن و ناشیرینکردنی دەستەکەوتەکانی حکوومەتی هەرێم و بەلاڕێدابردنی ئەندامان و لایەنگرانیان بە سڕینەوەی هەستی نەتەوایەتی و خۆشەویستی بۆ خاک و ئاڵا پیرۆزیەکانی کوردستان، باش دەزانن پارتی حیزبێکی نێودەوڵەتییە خاوەنی بڕیار و دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکانە؛ پارتی کوردستانی خستە سەر نەخشەی ئابووری و سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان، پارتی خۆی سەرقاڵ ناکات بە قسەی پروچوچ و ناتەندروستی سیاسی، بەڵام حیزبەکانی تر لەسەر حسابی پارتی دەنگ بۆ ئەو کاندیدانە کۆ دەکەنەوە کە داوا لە عێراق دەکەن بوجە و مووچەی خەڵکی کوردستان ببڕن، داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم دەکەن، داوای حەشدی شەعبی دەکەن بهێنرێنە کوردستان. باشە ئەو خەڵکە بۆ بیر ناکەنەوە چەند ساڵە ئەوانە چییان بۆ کوردستان و خودی حزبەکەیان کردووە تا جارێکی تر دەنگیان پێبدەنەوە؟ کەواتە لە کوردستان نە دیموکراسی هەیە نە بیرکردنەوەی ئازادیی تاک هەیە نە سەربەخۆیی لەسەر بڕیاردان هەیە.

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

 

یاسایەكی نەگۆڕ هەیە پێمان دەڵێت: لەژیانی مرۆڤایەتیدا هەرگیز مردن بەترس و فشار دوور ناكەوێتەوە كە یەخەگیری نەبێت و وازی لێبێنێ، بۆیە ئەگەر دەتەوێ سەربەرزو مەردانە بژی، ترس لەخۆت بتەكێنە و كەسی دەوروبەرت مەترسێنە.
ترس و فشار دوو حاڵەتی نەخوازراون، زۆر جار شكست و بێ ئومێدی لەناخی تاك دروست دەكەن كە سەرەنجام بابایەكی گۆشەگیرو كەسایەتیەكی لێوان لێو لە لاوازی لێ دەرچێ، ئەوەش پەیوەستە بەقۆناغە بەراییەكانی تەمەنی منداڵ.
ترس شتێكی خۆرسك نیە كە لەگەڵ مناڵ لەدایك ببێ، بەڵكو لەشتەكانی دەوروبەرییەوە فێری دەبێت ولەگەڵیدا گەورە دەبێ.
لەم ڕوانگەوە ئەركی دایك و باوك دەركەوێ بۆ ئەوەی بتوانن وشەی ترس لە فەرهەنگی هزرو زەینی منداڵ بسڕنەوە. لە چەند نموونەیەكی كراوەدا:
* كاتێك لەماڵەوە دانیشتووی، لەناكاو مشكێك، جۆرجێك یا سیسركەو مارمێلكەیەك دێتە ژوورەوە، خۆت مەشێوێنە، مەقیژێنە، هاوار مەكە، چونكە بەقیژەو هات و هاواری تۆ گەرای ترس لەدڵی مناڵەكە سەوز دەبێ كە هەرچی جارێ چاوی بەو زیندەوەرانە بكەوێ، لەجێوە بترسێ و وەكو ئەوان دەست بكاتە قیژەو هات و هاوار، بۆیە دەكرێ دایك و باوك بەبینینی ئەو دیمەنانە، خۆیان شێڵوو نەكەن، واباشە بەنەرم و نیانەوە بڵێن: ئەوانە بەهەڵە هاتوونەتە ئێرە، دەبێ دەریان بكەین تا بگەڕێن و بچنەوە شوێنی خۆیان. لێرەدا وا گونجاوە منداڵەكە ببەنە ژوورێكی ترو پێی بڵێن: تۆ لێرە مەیە دەرەوە تا ئەو زیندەوەرە بەڕێ دەكەین با جارێكی تر ڕێ هەڵە نەكات. بەمەیش دەكرێ هەر رێگەیەك بگرینە بەر بۆ ئەوەی لەو ماڵەی دەربكەین یان بیكوژین و فڕێی بدەین.
*ئەگەر زیندەوەرەكە مەترسیدار نەبوو وەكو كوڵە یا پەپوولە یا خاڵخاڵۆكە، هەمدیس دایك و باوك لەجیاتی ئەوەی بقیژێنن و هاوار بكەن، دەكرێ بەدەم زەردەخەنەیەكەوە بڵێن: وای كە ئەمانە زیندەوەری جوانن، وەلێ بەهەڵە هاتوونەتە ئێرە، وەرە ڕۆڵەگیان دەرگاكەی بۆ بكەوە، پەنجەرەكەی بۆ بخەرە سەر پشت با لێرە بڕوات و بچێتەوە ماڵی خۆی.
* یاخود كاتێك بەهەر هۆكارێكەوە كارەبای ماڵ دەبڕێ، مناڵ لەتاریكی چاو دەگێڕێ و هیچ ترس و بیمێكی لەدڵ و دەروون نیەو حاڵەتەكە بەئاسایی وەردەگرێ، بەڵام كاتێك دایكەكە لە چێشتخانە یان لەحەوشە یان لە ژوورەوە هاوار دەكاتە بەر منداڵەكە و دەڵێت: ڕۆڵەگیان مەترسێ، هیچ نیە ئێستا براكەت، خوشكەكەت، باوكت یا من دێمە لات، ئا لێرەدا مناڵ بیر دەكاتەوە كە دەبێ بترسێ و بەمجۆرە ترس دایدەگرێ و دەست دەكا بەگریان و فیغان. كەواتە ترساندنی مناڵ بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە، ئەوەتا ماوەیەكی زۆر بەشێك لەدایك و باوكان بۆ خەواندنی مناڵەكەیان یان حەز نەكردن بەچوونە دەرەوەیان، بەشتی لاوەكی دەیانترساندن، وەك: ئەگەر نەخەوی. ئەگەر بەقسەم نەكەی ئەوە بانگی دكتۆر دەكەم دەرزیت لێ بدات، یان ترساندنی بە پۆلیس: ها نەكەی بێعاری بكەی دەنە بانگی پۆلیس دەكەم بتگرێ، بەمەیش ترس دەبێتە میوانی، هەر كاتێ نەخۆش بكەوێ كە بیانەوێ بیبەنە نەخۆشخانە، لەماڵەوە چەنە دەگرێ و دەست دەكاتە گریان، یان لەدەرەوە چاوی بە پۆلیسێك دەكەوێ، دەترسێ و لەناخەوە ڕقی لێ دەبێتەوە و ئەو ترساندنە هەموو بیرو زەینی پڕ دەكات لەترس و پاشان زەندەقی لەهەموو ئەو شتانەو ئەو كەسانە دەچێ.
خراپتر لەوە ئەوەیە مناڵ بەهەندێ شت بترسێنی، وەك: ئەگەربڕۆیە دەرێ ئەوە سەگ پەلامارت دەدات و دەتگەزێ یان دەی ئێستا كاتی چوونە دەرەوە نیە ئەگەر بچیە دەرەوە دەتدزن، كاتێك منداڵ هەست ڕادەگرێ هێشتا لەدەرەوە دەنگی منداڵ دێ و چ كەس نایاندزێ، وێڕای دروستبوونی ئەو ترسەی دایك و باوك، لەهەمان كات بۆی دەردەكەوێ كە ئەوان درۆی لەگەڵ دەكەن و ئەوەش دەبێتە سەرەتای فێربوونی درۆكردن.
كاتێكیش باس لە فشارو گوشار خستنە سەر منداڵ دەكەین، ئەوەش كاریگەری خراپ دەخاتە سەر كەسایەتی، لە چەند نموونەیەكدا:
* دایك و باوك نابێ لەڕێی فشارو گوشارەوە ڕەفتاری جوان فێری ڕۆڵەكەیان بكەن لەكاتێكدا ئەگەر لەبارودۆخێكی ئارامدا پەیڕەو كرا ئەوە بێگومان ئەنجامێكی دروست و باشتری دەبێت كە باسەكە بەباشی تێبگات، نەك باسەكە ڕەت بكاتەوە، ئەوەتا زۆر جار دایك وباوك منداڵەكانیان ناچار دەكەن بەپێچەوانەی ویستی خۆیان داوایان لێ دەكەن ماچ بداتە مامی، پووری، خاڵی و ...هتد، لەكاتێكدا ئەگەر ڕەتی كردەوە ئەوە پێت دەڵێ: فشارم مەخەرە سەر، من ماچی نادەمێ و پەرچەكرداری دەبێت جا گریانبێ یا دووركەوتنەوە لەو شوێنە یان خۆشاردنەوە لەپاڵ باوكی یان دایكی. بۆیە دەكرێ ئەو شێوازە بەكار بێنی كە خودی منداڵەكە قبوڵی بكات، نەك ڕەتكردنەوەو قبوڵنەكردنی.
*منداڵ بەسروشتی خۆی حەزی لەكایەو بووكەڵەو ئەو یارییانەیە كە لەگەڵ ئەو قۆناغەی گەشەكردنیدا بگونجێ، ئەگەر زۆرت لێكردو هەڵبژاردەت نەدایە دەست و خۆت ئەو یارییانەت بۆی هەڵبژارد كە ڕەنگە بۆ مناڵێكی تر گونجاو بێت، ئەوە یەكسەر رەتی دەكاتەوەو نایەوێت، یان كە یارییەكەیان دایە دەستی، ئەوە وەك ناڕەزایی بوونێك ئەو شتە وەرناگرێ یان وەریدەگرێ و بەتوندی بەزەوی دادات.
زانستی سەردەم جەخت لەوە دەكاتەوە ئەگەر یارییەكە زۆر سادەبێ، ئەوە زۆر بەخێرایی لەپێش چاوی دەكەوێ و ئەوەندە گرنگی پێ نادات، زیاتر حەز دەكات ئەو یاریانەی بۆ بكڕن كە نەختێ لەیارییەكانی خۆی ئاڵۆزتر و پێداویستیان زۆرتربێت، كەواتە لەكاتی هەڵبژاردنی یارییەكاندا ڕای منداڵەكە سەرپشك بكە، نەك ڕای خۆت، ئەگەرنا بەتەواوی واز لەهەموو یارییەكانی دەهێنێت.
لەكۆتاییدا دەڵێین:
ئەگەر مناڵەكەت لەگەڵ دوو هێڵی تەریبی ترس و فشار پەروەردە كرد، ئەوە فێری لاوازی و دڵەڕاوكێی دەكەیت كە ئاكامەكەی كەسێكی گۆشەگیرو بێ ئیرادەی لێ دەردەچێت.

پەڕەى 10 لەکۆى 471 پەڕەدا
© 2017 Hawler