ئایار 21, 2019

زۆرترین بینراو دیمانه‌

Error: No articles to display

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق: ئەگەر دەستكاری بوودجە نەكرێت بەو شێوەی كە هەیە زۆر زەحمەتە تێپـــەڕێندرێت

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ "هەولێر" دەڵێ، دوای پشووی سەری ساڵ گەڕێكی دیكەی دانوستاندن لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجە لەنێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزارەتی دارایی بەرێوە دەچێت، لەگەڵ ئەوەی هەموو كاتێك هاتنی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا پێویستە و سوودی هەیە، بەتایبەتی ئێستا كە گفتوگۆ لەسەر بوودجە دەكەین، بۆیە ئەگەر پێش 8/1 كە دانیشتنەكانی پەرلەمان ئەو كاتە دەست پێ دەكەنەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ بوودجە دەكرێت، ئەگەر شاندێكی هەرێمی كوردستان بێتە بەغدا لەگەڵ ئێمە دابنیشن، هەڵوێستێكی باشترمان دەبێت و دەتوانین لەو سیناریۆیانەی كە دانراون بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بوودجە ڕێككەوتن لەسەر یەكێكیان بكەین و خۆشمان و حكوومەتی عێراق لەو كێشەیە ڕزگار بكەین.

لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی، پێویستی عێراق بۆ ساڵی 2019 بە 105 ترلیۆن و 569 ملیار و 676 ملیۆن و 870 هەزار دیناری عێراقی خەمڵێندراوە، ئەمەش بە دیاریكردنی رێژەی هەناردەكردنی نەوت بە 3 ملیۆن و 880 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
لەكاتێكدا خەرجییە سیادییەكان بۆ ساڵی 2019 بە 128 ترلیۆن و 443 ملیار و 52 ملیۆن و 427 هەزار دینار خەمڵێندراوە، كورتهێنانیش بە 22 ترلیۆن و 873 ملیار و 365 ملیۆن و 557 هەزار دینار دیاریكراوە، بەو ئامانجەی بتوانرێت لەڕێگەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، یانیش زیادكردنی رێژەی بەرهەمهێنانی رۆژانە و هەروەها قەرزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، ئەو كورتهێنانە چارەسەر بكرێت.

لەسەر بوودجە پەرلەمان و حكوومەت گفتوگۆ دەكەنەوە
دوای پشووی سەری ساڵ گەڕێكی دیكەی دانوستاندن لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجە لەنێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق بەرێوە دەچێت.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:" یاسای بوودجەی 2019 كە هاتە پەرلەمان، ئەو یاسایە هیچ جیاوازیەكی نەبوو لەگەڵ یاسای بوودجەی 2018، حكوومەتی پێشوو لەدوا رۆژەكانی تەمەنی خۆیدا ئەم بوودجەی رەوانەی پەرلەمان كرد، حكوومەتی تازە ڕای لەسەر ئەو بوودجەیە نەبوو، چونكە هەر حكوومەتێك بەرنامەی خۆی هەیە و پێویستە بەرنامەی كاری حكوومەت ڕەنگ بداتەوە لە یاسای بوودجەدا، بۆیە بڕیاردرا كە بوودجە بگەڕێندرێتەوە حكوومەتی نوێ، بۆ ئەوەی دەستكاری بكات و پاشان ڕەوانەی پەرلەمان بكرێتەوە، بەڵام حكوومەتی نوێ رایگەیاند، بۆ ئەوەی سوود لە كات وەربگرین، كە كاتێكی كەمان لەبەر دەستە، لە جیاتی ئەوەی بگەڕێتەوە، لیژنەیەك لە وەزارەتی دارایی پێكبهێندرێت و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبێتەوە، بۆ ئەوەی بە پرۆژە یاسای بوودجەدا بچنەوە، تێبینییەكانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی ئێمە وەكو حكوومەت بتوانین تێبینییەكان چاك بكەینەوە، ئەوە بوو ئەو لیژنەیە دەست بەكار بوو و چەند كۆبوونەوەیەكیان كرد و 54 تێبینیان لەسەر كۆی یاسای بوودجەكەدا، لەو ڕێژەیە 10 تێبینی تایبەت بوون بە هەرێمی كوردستانەوە، كە ئەو تێبینیانە دران، بۆ ئەوە بوو حكوومەت كەموكورتییەكانی ناو بوودجە چاك بكاتەوە و پاشان رەوانەی پەرلەمان بكات، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، ئەوە بوو كە چوو بۆ حكوومەت و هاتەوە بۆ پەرلەمان تەماشامان كرد ئەو تێبینیانەی كە پێویست بوون وەربگیرێن و دەستكاری بوودجە بكرێت، تێبینییەكان زۆر بە كەمی وەرگیرا بوون، بۆیە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاساكە كرا، خوێندنەوەی دووەم دەستی پێ كردووە، بەڵام خوێندنەوەی دووەم چەند دانیشتنێكی دەوێت، چونكە پێویستە ئەندامانی پەرلەمان ڕای خۆیان لەسەر بدەن، لە خوێندنەوەی رۆژی دوو شەممە ژمارەیەك پەرلەمانتار ڕای خۆیان دا و ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی خوێندرایەوە، لە ساڵی نوێ و لە 8ی مانگی یەك پەرلەمان جارێكی دیكە كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی كۆی پەرلەمانتاران ڕای خۆیان لەسەر پرۆژە یاساكە بدەن، ئەو كاتە ئەو ڕا و تێبینیانە دەچنەوە لیژنەی دارایی، لیژنەی دارایی كار دەكات، بۆ ئەوەی ئەو تێبینیانەی ئەندامانی پەرلەمان و تێبینییەكانی خۆشیان وەكو لیژنەی دارایی بە هەند وەربگرن، ئەو لیژنەی هاوبەشەی كە پێكهێنراو دەتوانێت دەستكاری بوودجە بكات و تێبینییەكان وەربگیرێت، چونكە ئەگەر دەستكاری بوودجە نەكرێت بەو شێوەیە زۆر زەحمەتە بوودجە تێپەڕێندرێت، لەبەر ئەوەی هەم ئێمەی كورد تێبینیمان لەسەر بوودجە هەیە، هەمیش زۆربەی فراكسیۆنەكانی شیعە و سوننە تێبینیان هەیە، بۆیە پێویست دەكات ئەو لیژنەی هاوبەشەی كە لە حكوومەت و پەرلەمان پێكهاتووە پێداچوونەوەیەكی تەواو بە پرۆژە یاسای بوودجەدا بكات، 8/1 كە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەست پێ دەكەنەوە، دووبارە دەست دەكەین بە خوێندنەوەی دووەم و وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی ئەندامانی پەرلەمان لەسەر بوودجە.
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان 95% مسۆگەر كراوە
جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەوەشی گوت:" ئەگەر هەموو تێبینی و داواكارییەكانی كورد جێبەجێ نەكرێن، بەڵام كار لەسەر ئەوە دەكەین كە زۆرترین داواكارییەكانی ئێمە جێبەجێ بكرێن، یەكێك لەوانە دیاریكردنی ڕێژەكەیە ئەگەر ڕێژەكە زیاد نەكرا، ئێمە دەتوانین لە شوێنی دیكەوە هەوڵ بدەین ئەو پارەی كە تەرخان دەكرێت زیاد بكرێت، بۆ نموونە ئەگەر مووچەی پێشمەرگە بخرێتە سەر وەزارەتی بەرگری، مووچەی شەهیدان بخرێتە سەر دەزگای شەهیدانی عێراق، لە قەرزەكان بەشی هەرێمی كوردستان بدرێت، ئەگەر ئەوە بكرێت بوودجەی كوردستان زۆر زیاد دەكرێت و دەتوانین سوودی لێ وەربگرین، بۆیە ئێمە كار لەسەر ئەوە دەكەین كە ئەوەندەی بكرێت ڕێژەی بوودجەی كوردستان زیاد بكەین، ئەگەرنا بابەتی مووچەی فەرمانبەران 95% مسۆگەر كراوە و لەسەر حكوومەت فەرز كراوە كە مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان ڕەوانە بكات.

عێراق لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایە
د. بەشیر حەداد، دەشڵێ:" چەند سیناریۆیەك هەن، یەكێك لە سیناریۆیەكان ئەوەیە كە هەر ڕێژەكە نەمێنێت، چونكە ڕێژەكە حاڵەتێكی دەروونی لای خەڵكانێك دروستكردووە، چونكە پارێزگاكانی شیعە و سوننە وێرانن، ئەوان دەڵێن پارە بۆ ئێمە تەرخان نەكرێت و ئەو بڕە پارەیە بۆ كوردستان تەرخان بكرێت، لەگەڵ ئەوەی كوردستان واریدادی خۆی هەیە و بارودۆخی ئەوان زۆر لە ئێمە باشترە، ئەوە كێشەیەكی زۆر بۆ ئێمە دروست دەكات، بۆیە سیناریۆیەك هەیە كە ئێمە هەر ناوی ڕێژە نەهێنین، با ڕێژەكە هەر نەمێنێت، بەڵام لە شوێنەكانی دیكە بوودجە بۆ كوردستان دابین بكرێت، بۆیە گرنگ ئەوەیە كە ئێمە بتوانین بڕە پارەیەكی باش لە عێراقەوە بێنینە كوردستان، جا بە هەر ناوێكەوە بێت، لەگەڵ ئەوەی دەبێت ئێمە ڕەچاوی باردۆخی عێراق بكەین، چونكە عێراق لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایە، لە بوودجەی 2019 نرخی یەك بەرمیل نەوت كە خەمڵێنراوە بۆ فرۆشتن بە 56 دۆلار خەمڵێنراوە، ئێستا ئەگەر تەماشا بكەین نرخی نەوت رۆژ بۆ رۆژ دادەبەزێت، ئەگەر زیاتر نرخەكە داببەزێت، دیسان كێشەیەكی زۆر گەورە بۆ بوودجەی عێراق دروست دەكات، بۆیە ناكرێت ئێمە پێداگری لەسەر هەموو داواكارییەكانی خۆمان بكەین، دەكرێت بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی دیكە باشترین سیناریۆ بۆ كوردستان هەڵبژێرین، گرنگ ئەوەیە كە ئێمە بتوانین مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بكەین، بڕە پارەیەكی باش بێنینە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی قەرزە سیادییەكانەوە و مووچەی پێشمەرگە، قەرزی جووتیارەكان وەربگرین، ئەو 317 ملیار دینارەی كە دانراوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بگرە لەو بڕە زیاتر مسۆگەر كراوە و مانگانە دەگاتە هەرێمی كوردستان، ئەگەر هەموو ئەوانەمان كرد بۆ ئەمساڵ شتێكی باشمان كردووە.

هاتنی شاندێكی هەرێم بۆ بەغدا پێویستە و سوودی دەبێت
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق زیاتر گوتی:" هەموو كاتێك هاتنی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا پێویستە و سوودی هەیە، ئێستاش لە گفتوگۆداین لەسەر بوودجە، بۆیە ئەگەر پێش 8/1 شاندێكی هەرێمی كوردستان بێتە بەغدا لەگەڵ ئێمە دابنیشن، هەڵوێستێكی باشترمان دەبێت و دەتوانین لەو سیناریۆیانەی كە دانراون بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بوودجە ڕێككەوتن لەسەر یەكێكیان بكەین و خۆشمان و حكوومەتی عێراق لەو كێشەیە ڕزگار بكەین.

دوو وەزیری دیكەی حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی متمانەیان پێدرا
نزیكەی دوو مانگە بەهۆی ناكۆكی سیاسی نەتوانراوە كابینەی چوارەم تەواوبكرێت، كێشەی شیعەكان لەسەر بەربژێری وەزیری ناوخۆ، كورد لەسەر وەزارەتی داد و سوننەش لەسەر وەزارەتی بەرگریی عێراقە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتی:" رۆژی دوو شەممە دەنگ لەسەر هەر دوو وەزارەتی پەروەردە و كۆچ و كۆچبەران درا، وەزارەتی بەرگرییش خرایە دەنگدانەوە، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا، كەواتە ئێستا سێ وەزارەت ماوەن بۆ وەزارەتی بەرگری پێویستە حكوومەت وەزیرەكەی بگۆڕێت و كەسێكی دیكە كاندید بكات، وەزارەتی ناوخۆ كە تا ئێستا فاڵح فەیازە كە سەدرییەكان دەڵێن مەحاڵە تێپەڕێندرێت، فراكسیۆنی بنیات دەڵێت، مەحاڵە بگۆڕین، ئەگەر هەر دوو لا هەر لەسەر هەڵوێستی خۆیان بەردەوام بن، ئەوە كێشەیەكی گەورە بۆ حكوومەت دروست دەكات، دەبێت ئەوانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای عێراق بكەن، گفتوگۆیەكی تێروتەسەل بكەن و لەسەر كاندیدێك بۆ وەزارەتی ناوخۆ ڕێك بكەون، وەزارەتی سێیەم وەزارەتی دادە، ڕێككەوتن لە نێوان پارتی و یەكێتی نەكراوە و هەر دوولا بە مافی خۆیان دەزانن، داوا دەكەم كە لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بگەنە ڕێككەوتن و وەزارەتی داد یەكلا بكەنەوە".

© 2017 Hawler