تشرینی دووەم 16, 2018

بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە مەخموور: جموجۆڵی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان زیادیكردووە

كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مەخموور لە دیدارێكدا لەگەڵ "هەولێر" ڕایگەیاند، جموجۆڵی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان، بەتایبەتی لە سنووری مەخموور زیادیكردووە، ئەوەش هەموو هۆكارەكەی بۆ نەمانی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە، باشترین چارەسەر بۆ مەخموور و ناوچەكانی دیكە ئەوەیە كە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەگەر ئەو ماددەیە جێبەجێ كرا، ئەو كێشانە بەخۆی چارەسەر دەبن.

جموجۆڵی داعش لە ناوچە كوردستانییەكان زیادیكردووە
بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە مەخموور دەڵێ، چەكدارانی داعش جموجۆڵیان لە هەندێك ناوچەی مەخموور هەیە، بەم دواییانەش جموجۆڵەكانیان زیادیكردووە و شەوانە دەچنە سەر گوندەكانی ئەو ناوچانە، ئەو شوێنانەی كە پێشتر پێشمەرگەی لێ بوو، ئێستا حەشدی شەعبی لەو شوێنانەیە و داعش بە كەیفی خۆی لەو شوێنانە دەسووڕێنەوە و جموجۆڵیان زیاد كردووە، ناو بەناو كاری تیرۆریستیش ئەنجام دەدەن، ئەوەش هەموو هۆكارەكەی بۆ نەمانی پێشمەرگە لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە، چونكە هەر شوێنێك پێشمەرگەی لێ بێت جموجۆلی داعشی لێ نیە، ئەوەی دیكەش ئەو كێشە سیاسییانەی كە لە عێراق هەن و تا ئێستا چارەسەر نەكراون دەگەڕێتەوە، تا كێشە سیاسییەكان چارەسەر نەكرێن، داعش لەو ناوچانە دەبێت و رۆژ بۆ رۆژیش جموجۆڵیان زیاتر دەبێت.

باشترین چارەسەر بۆ ناوچە كوردستانییەكان جێبەجێ كردنی ماددەی 140
كرمانج عەبدوڵڵا، رایگەیاند:" باشترین چارەسەر بۆ مەخموور و ناوچەكانی دیكە ئەوەیە كە ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن چارە بكرێن، چونكە ئەگەر ماددەی 140 جێبەجێ كرا، ئەو كێشانە بەخۆی چارەسەر دەبن.

پارتی دەیەوێت بە هێزەوە لە بەغدا بێت
لە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش ئێمە هەر پێمان وابوو، ئێستاش هەمان ڕامان هەیە، مادەم لە چوارچێوەی عێراقداین، دەبێت پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق ئاسایی بن، كێشەكان چارەسەر بكرێن، هەر دوولا ئاسوودە دەبن، لەگەڵ ئەوەی داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان داخوازی ڕەوان، پارتی دەیەوێت بەهێزەوە لە بەغدا بێت، بۆ ئەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكات.

كورد شەریكی ڕاستەقینە بێت
ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەشی گوت:" كورد لە عێراق كێشەی داواكاری سیاسی هەیە، دەیەوێت لەم وڵاتە شەریك بێت، تەوافوق، تەوازن و شەڕاكەت هەبێت، دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، نەك كورد تەنیا بەشداری پێ بكرێت و هاوبەشی ڕاستەقینە نەبێت.

پارتی ئەزموونی حكوومەتی بنكە فراوان دووبارە ناكاتەوە
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە مەخموور ئاشكرای كرد:" حكوومەتی داهاتوو حكوومەتی بنكە فراوان نابێت، بە مانای ئەوەی هێزێك تا سەعات 2 لەناو حكوومەت بێت و، پاش ئەوە هەرچی خراپە بە حكوومەت بكات، لەگەڵ ئەو كەس و لایەنانەی كە هاوپەیمانی پێك دێنێت نابێت لە نیوەی ڕێگا حكوومەت و گەلی كورد بەجێ بهێڵن، ئەو كاتەی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، توشی هێرشی داعش و حەشدی شەعبی بووین، بەداخەوە پارتی بە تەنیا مایەوە، ئەوەی بەرگری لە كوردستان كرد تەنیا پارتی بوو، بۆیە جارێكی دیكە ئەو تەجروبەیە دووبارە ناكەینەوە، دەبێت ئەو جارە تەجروبەی هاوپەیمانی بێت، پارتی هێلی سووری لەسەر هیچ لایەنێك نیە، بەڵام ئەمجارە ئەو لایەنانەی بەشداری دەكەن دەبێت حكوومەتی هاوپەیمانی بێت، بۆیە ناكرێت لە یەك كاتدا لەناو حكوومەت بێت و ئۆپۆزسیۆنیش بێت، كە لە دنیا هیچ شتێكی وا نییە".

© 2017 Hawler