تشرینی دووەم 16, 2018

سەلام عەبدوڵا: بە نووسین، ژیان نوێ دەبێتەوە!

دیمانە: شێرزاد عەبدولڕەحمان

ساڵانێكە ڕۆحی خۆی تێكەڵ كردووە بە دنیای خاوێنی نووسین و بەدرێژایی ئەو ساڵانە، هەموو هیوا و ئاواتی لەوەدا بەرجەستەیە، بۆ نووسین بژی و وا دەڕوانێتە ژیان، كە مرۆڤ بێ نووسین لە جوانیەكی گەورە دادەبڕێت و تا ئێستاش بەردەوامە و پێشی وایە پەنجەرەیەك نیە لە نووسین جوانتر.(سەلام عەبدوڵا)، دوای ساڵانێك لە ژیانی پێشمەرگایەتی و دنیای نووسین، ئێستاش دوای تەمەنی حەفتاكان خۆی بە گەنج دەزانێت و زیاتر لە هەموو كات هیوای بە ژیان و خۆشەویستی هەیە.

• بۆچی بیرت لە (ستوونەكان) كردەوە؟
• ستووننووسین شێوازێکی باوە لە جیهانی پێشکەوتوودا و بایەخێکی زۆری پێدەدرێت و خوێنەرێکی زۆریشی هەیە و خۆشم هەمیشە چ بە زمانی عەرەبی یان سویدی ستوون دەخوێنمەوە، جا ستوونی سیاسی بێ یان کۆمەڵایەتی، ئەمەش بوو بە خولیایەک بۆم، بۆیە منیش لە نووسیندا بایەخم پێدا، چونکە ئێستا زۆربەی خەڵک ‌عەزی لە نووسینی کورتە و کاتی خوێندنەوەی نووسینی درێژی نییە.
• لە ستووندا دەتوانی بە کەمترین وشە بیروڕای خۆت دەربڕی بەڵام ئەمەش ئەزموون و سەلیقە و بەهرەی دەوێت.

• هونەری ستوونەكان لە كاری ڕۆژنامەوانی چۆن دەخوێنێتەوە؟
ئێستا هونەری ستووننووسین لە زۆربەی رۆژنامە کوردییەکانیشدا دەبینرێت و جەماوەرێکی زۆری هەیە بۆیە پێموایە تا دێت ئەو شێوازە نووسینە هەم نووسەری زۆر دەبێت و هەم خوێنەریش.
• ئایا لە ستوونەكان، دەتەوێ چی بڵێی؟
جیاوازی ستوون و نووسین لەوەدایە کە دەبێ ستوون چوارچێوەیەکی دیاری چ لە پانتایی و چ لە وشە هەبێت و پابەندی رێنماییەکانی بێت، بەڵام لە نووسینی ئاساییدا ئەو چوارچێوەیە دیاری ناکرێ و نووسەر خۆی بڕیاردەدات لە سەر کورتی و درێژی نووسینەکەی.
• جیاوازی (ستوون) و نووسینی ئاسایی لە چیدا دەبینی؟
بە نیسبەت خۆمەوە دەمەوێ چی بڵێم لە ستوونەکاندا؟ وەک دەزانن من سەرنووسەری رۆژنامەیەکی سیاسیم کە زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دیارە لەو ستوونانەدا بابەتی سیاسیی رۆژانە دەنووسم کە پەیوەستە بە رووداوەکان و جموجۆڵی سیاسی و بیروبۆچوونی حزبەوە. من لەو ستوونانەدا تەعبیر لە بیروڕای خۆم ناکەم و بیروبۆچوونی ‌حزب سەبارەت بە رووداوە سیاسییەکان دەستنیشان دەکەم.
• ئایا بیرت لەوە نەكردووەتەوە، سەرجەم بیرەوەرییەكانی ژیانت بنووسیتەوە؟
سەبارەت بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانم دیارە بیرم لێکردۆتەوە کە بینووسم، بەڵام تا ئێستا لەبەر سەرقاڵی بە کاری ترەوە ئەو مۆڵەتەم بۆ نەڕەخساوە بەڵام هەر مۆڵەت پەیدا بوو، ئەوا یەکسەر سێ و دووی لێناکەم بەتایبەتی لە بیرەوەرییەکانی مندا زۆر رووداو و بەسەرهاتی نائاسایی تێدان کە رەنگە بەلای خوێنەرەوە هەم تازە بێت و هەم سەرنجڕاکێشیش بێت.
• پێش دوو ساڵ، گوتت: من بە نووسین گەنج دەبمەوە، تەمەن با زیاتر بێ، هەمان بۆچوونی لادروست كردووی؟
بێگومان ئێستاش لام وایە کە مرۆڤ بە نووسین گەنج دەبێتەوە، بەو واتایەی کە توانای بەرهەمهێنانت بەردەوامە و لە خوڵقاندن نەوەستاوی، چونکە هەر کاتێک بەرهەمێکی تازەت بڵاو دەبێتەوە هەست بە نوێبوونەوەی خۆت دەکەیت چونکە لای من کاتێک کتێبێکی نوێ بڵاو دەکەیتەوە وەک هەستی ئەو دایکە وایە کە نەوەیەک دەخاتەوە و بەردەوامی بە ژیان دەدات.
• كەی لە نووسین بێزار دەبی؟
• مرۆڤی نووسەر بڕوا ناکەم لە نووسین بێزار بێ، تا ئەوکاتەی دەتوانێ بەرهەمی تازە بەرهەم بهێنێ و منیش هەرروا. ئەوەتا من بەرهەمی نوێ بڵاودەکەمەوە و هەر بەردەوامیش دەبم.
• نووسین بۆ تۆ واتای چیە؟
نووسین لای من خولیایە، حەزە، بەهرەیە و پەیامە.
• نووسینی تۆ، ستایلی خۆی هەیە، یان هەر كەسێكی ئاسایی؟
بێگومان هەر نووسەرێک ستایلی خۆی هەیە و رێک ناکەوێت دوو نووسەر دەقاودەق وەک یەکتر بنووسن بۆیە منیش ستایلی تایبەتی خۆم هەیە، بەتایبەتی لە ساتیرە چیرۆکەکاندا زۆر بە ئاسانی دەناسرێتەوە.
• حەز دەكەی، وەك ڕۆژنامەنووس، یان نووسەر بمێنێتەوە؟
وەک نووسەر دیارە نووسەر بەرفراوانترە لە رۆژنامەنووس چونکە من لە زۆر بواردا نووسینم هەیە، وەک کورتە چیرۆک کە زیاتر ساتیرە چیرۆکن، رۆمان کە تا ئێستا سێ رۆمانم هەیە و هەروەها لە بواری شانۆگەریشدا، دوو شانۆنامەم هەیە و لە بواری نووسینی سیاسیشدا تا ئێستا سێ بەرگ لە ستوونەکانم بڵاو کردۆتەوە کە پێکەوە ٩١٦ لاپەڕەن.
• دنیای ڕۆژنامە، چی لێسەندی؟
جیهانی رۆژنامەگەری سەرقاڵییەکی زۆری دەوێ و هەندێجار ناهێڵێ لە هیچ بوارێکی تردا کار بکەیت و پێویستە خۆتی بۆ تەرخان بکەیت، لەگەڵ ئەوەشدا من هەر فرسەتم بۆ بڕەخسێ نووسینی خۆشم هەیە و کاری لەسەر دەکەم.
• ئاخۆ بەختەوەرییەكانی مامۆستا سەلام عەبدوڵا لە چی دایە؟
بەختەوەری پێناسەیەکی زۆر بەرفراوانی دەوێ و بۆ کەسێک تا کەسێکیتر جیاوازی زۆری هەیە، بەڵام لای من بەختەوەری ویژدانی ئاسوودەیە، نیشتمانپەروەرییە و راستگۆییە و دەستپاکییە.
• نووسینی ئەمڕۆ، بۆچی كەم خۆی لە قەرەی داهێنان دەدات؟
داهێنان لە بواری نووسین و ئەدەبدا رەنگە بە هەموو کەس نەکرێت و هەموو نووسینێکیش داهێنان نییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە لای ئێمەی کوردیش لە بواری نووسیندا داهێنان و کاری مەزن نییە، بەڵام بەپێی بارودۆخی دژواری ئەم گەلە رەنگە لە گەلانی تر کەمتر بێت.
• بێ نووسین، ژیان چۆن دەبینی؟
کە کەسێک توانای نووسینی هەبێت بڕوا ناکەم بێ نووسین ئیدارە بکات جا ئەو نووسینە بە شیعرێک بێت یان بە رۆمانێک یان بە مەقالێکی سیاسی یا هەر نەبێت بە پەرەگرافێک لە فەیسبووک یان بە تویتێک یان هەر نەبێت بە کۆمێنتێک، منیش لەوە بەدەر نیم و لەراستیدا ناتوانم نەنووسم.

© 2017 Hawler