تشرینی دووەم 16, 2018

پارتی بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی عێراق مەرجی هەیە

دانا جەزا، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "هەولێر" دەڵێ، ژمارەی لیژنەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ 27 لیژنە زیادكراوە كە پێشتر 26 لیژنە بووە، لەناو لیژنەكانیش سەرۆكایەتی 5 لیژنە دەدرێتە فراكسیۆنە كوردییەكان. روونیشیكردەوە، ئەوان وەك كورد چەندین تێبینییان لەسەر رەشنووسی بودجە هەیە و ئەگەر بەو شێوەیە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، پێی رازی نابین و پێویستە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت.

كورد چەند تێبینییەكی لەسەر ڕەشنووسی بودجە هەیە
ئەو ئەندام پەرلەمانەی كورد لە پەرلەمانی عێراق گوتی:" كورد چەند تێبینییەكی لەسەر ڕەشنووسی بودجە هەیە، یەكێك لەو تێبینیانە لە بودجەی پەڕەپێدانی پارێزگاكان، پارێزگای هەڵەبجە وەكو پارێزگا نەناسێنراوە، هەروەها دووبارە 12،67% وەكو بودجەی كوردستان دیاری كراوە، كە هیچ بنەمایەك نیە بۆ دیاری كردنی ئەو ڕێژەیە، گوتوومانە دیاریكردنی رێژەی بودجە دەبێت بەپێی ئەو ڕیككەوتنە بێت كە 17% بووە، یان دەبێت سەرژمێری بكرێت، بۆ ئەوەی بزانین رێژەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان چەندە، بەپێی ئەو ڕێژەیە بودجەی كوردستان ڕەوانە بكرێت، بەڵام ئەو 12،67% نە بە پێی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە، نە بەپێی ئەو ڕێككەوتنەیە كە كراوە، لەگەڵ ئەوەی نەفەقادی سیادی زۆر زیادكراوە، ئەوە زیان لە هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە ئەوە پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە نیە، لەگەڵ ئەوەی ڕێژەیەكی زۆر كەم لە بودجەی عێراق بۆ پێشمەرگە دانراوە، لەچاو هێزی حەشدی شەعبی و هێزەكانی دیكەی عێراق هەر هیچ نیە، لەگەڵ چەند تێبینیەكی دیكە، چاوەڕوانی هاتنی ڕەشنووسی بودجە بۆ پەرلەمان دەكەین ئەو كاتە گفتوگۆی لەسەر دەكەین، بەڵام تا ئێستا نەهاتووە.

بڕیارەكانی عەبادی هەڵدەوەشێنەوە
دانا شەهید جەزا، زیاتر گوتی:" نەك فراكسیۆنی پارتی، بەڵكو چاوەڕوانی ئەوەین هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان، لەگەڵ ئەوانەی دۆستی گەلی كوردن، ئەوانەش لەگەڵ ئێمە لەسەر خەت بن، كە بودجە بەو شێوەیە تێپەڕ نەبێت، چونكە بودجە نیەتێكی باشی ئەو حكوومەتە پیشان نادات، هەنگاوێكی خراپە بۆ پێكەوەژیان و بۆ دووبارە دروستكردنەوەی عێراقێكی نوێ، بۆیە هیوادارین پێداچوونەوەی پێدا بكرێت، ئێستا لە پەرلەمان كار لەسەر ئەوە دەكەین كە هەندێك بڕیاری حكوومەتی عەبادی، هەڵبوەشێنینەوە، چونكە حكوومەتی عەبادی، حكوومەتێكی كاربەڕێكەرە و پێویست ناكات هەندێك بڕیار بدات، یەكێك لەو بڕیارانە دانانی خاڵی گومركی، بودجە و گۆڕینی بەرپرسەكانە، بۆیە لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە لە هەوڵداین ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنینەوە، حكوومەتی نوێ كە بڕیارە دروست بێت، ئەو بڕیارانە بدات.

لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان كران بە 27 لیژنە
26 لیژنەی خولی رابردووی پەرلەمان وەك خۆیان مانەوە و لیژنەیەكی دیكە بەناوی "لیژنەی پلانی ستراتیژی و بەدواداچوونی كارەكانی حكوومەت" زیادكرا، بەوەش لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان بوونە 27 لیژنە و پەسندكران، نابێ ئەندامانی لیژنەكان لە حەوت ئەندام كەمتر و لە 19 ئەندام زیاتر بن.

كورد سەرۆكایەتی پێنج لیژنەی بەردەكەوێت
پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی گوت:" لە خولی رابردوو پشكی كورد لە ‌سەرۆكایەتیكردنی لیژنەكانی پەرلەماندا پێنج سەرۆك، پێنج جێگر و سێ بڕیاردەر بوو، ئەگەر چی بۆ ئەم خولە لیژنەكان لە 26ـەوە زیادكراون‌ بۆ 27، بەڵام پەرتەوازەیی نێو ماڵی كورد وایكردووە ترس لە ‌وەرگرتنەوەی ئەو پێنج سەرۆكایەتییەش هەبێت، دابەشكردنی لیژنەكان نەگەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەین سەرۆكایەتی پێنج لیژنە بۆ كورد بێت، بۆیە ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان یەكگرتووبن ئەوا كورد سەرۆكایەتی پێنج لیژنەی بەردەكەوێت، بە دیدی ئێمە هەموو لیژنەكان گرنگن، بەڵام لە لیژنە هەرە گرنگەكان بۆ كورد و بۆ ئێمە گرنگ بێت، بە تەئكید لیژنەی یاسایی، دارایی، نەوت و غاز، لەگەڵ لیژنەی پەیوەندی ئەوانە لیژنەی گرنگن، بەڵام لەو لیژنانە چەند بەر كورد دەكەوێت، ئەوە دیار نیە، مەرج نیە هەموو لیژنە سیادییەكان بەر كورد بكەون، بەڵام ڕەنگە سەرۆكایەتی دوو لیژنە بەر كورد بكەوێت، وەكو پارتی لیژنەیەكی سیادی و لیژنەیەكی خزمەتگوزاری، چاوەڕوان دەكرێت لە دانیشتنی داهاتوودا سەرۆكایەتی لیژنەكان دیاری بكرێت.

پارتی بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی عێراق مەرجی هەیە
ئەو ئەندام پەرلەمانەی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" هەمووجار باسمان لەوە كردووە، دوو كۆلەگەی سەرەكیمان هەیە وەكو مەبدەئی ئەساسی بۆ بەشداری كردن لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا، یەكەم جێبەجێ كردنی دەستوورە، وەكو خۆی مافی هەموو گەلانی پاراستووە، جێبەجێ كردنی دەستوور دەبێتە مایەی پێكەوەژیان لە عێراقدا، خاڵی دووەم هەر سێ بنەمای رێككەوتن و هاوسەنگی و شەراكەتی راستەقینە، ئەگەر عادل عەبدولمەهدی گرنگی بە ئەمە بدات، ئەوە بەشدار دەبین لەو حكوومەتە، ئەگەریش بەشداریی ئێمە لەو حكوومەتە تەنیا بۆ بەدەستهێنانی هەندێ پۆست و وەزارەت بێت، ئێمە پێویستمان بەو وەزارەت و پۆستانە نییە و بەشداریی حكوومەت ناكەین، بۆیە ئەو سێ بنەمایە لەگەڵ جێبەجێ كردنی دەستوور بۆ ئێمە خاڵی سەرەكینە لە بەشداری كردنی ئێمە لە حكوومەتدا".

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 23 تشرینی یەکەم 2018 05:34
© 2017 Hawler