تشرینی دووەم 16, 2018

د.بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆهەولێر : هیوام وایە لە ئاستی متمانەی سەرۆك بارزانی بم


كە دەڵێن د. بەشیر خەلیل حەداد یان (مەلا بەشیر) واتە ناوێكی جوان لە یادەوەری هەولێر و هەولێرییەكان، كە لە پیرە قەڵات لە ساڵی 1956 چاوی هەڵهێنا بە درێژایی ساڵانی تەمەنی فرچكی بە روحپاكی هەولێر گرتووە و لە منداڵیەوە بڕوای بە خۆی بوو، بەو متمانە بە خۆكردنە و، شەونخونی بەردەوامی بۆ فێربوون و مەعریفەت ژیانی تەرخان بوو بۆ ئەوەی ڕۆژێ لە ڕۆژان بتوانێ له‌ فه‌زایەكی گەورەتر خزمەتی شارەكە بكات،لە ئەنجامی ئەم ڕاستگۆیە گەیشتە باوەشی زانكۆ و بڕوانامەی دوكتۆرای بەدەستهێنا، هاوكات بیری هەر لای مزگەوت و قەڵات و قەیسەری بوو، بۆیە پاسەپۆرتی گەیشتی ئەو بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانەی خەڵكی سادەی هەولێر بوو كە زۆر تێكەڵی بوو لەگەڵیان، لەگەڵ خەمەكانی ڕۆژانەیان، بە كورتی بە كوڕی قەڵاتەكەی جاران مایەوە.

واز لە مزگەوت ناهێنم
دوێنێ، لە ماڵە جوانەكەی خۆی پێشوازی گەرمی كردین، كەوتینە باس و خواسی ساڵانی زووی تەمەنی و لە وەلامی یەكەم پرسیارم كە ئایا چی وای دەكات مزگەوت بەجی نەهێڵی؟لە وەڵامدا فەرمووی من 25 ساڵە وتاربێژم لە هەولێر هەزاران بەشیر هەیە، بەڵام مزگەوت و قولایی من بۆ خۆشەویستی هەولێر، كردمی بە (مەلا بەشیر) شانازیش بەوە دەكەم، بۆیە ڕۆژی یەكەمی دەست بەكاربوونم وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەوەم لەبیر بوو كە تەنیا لە هەولێر زیاتر لە 10 هەزار دەنگم بەدەستهێنا و لەوەش پیرۆزتر متمتنەی سەرۆك بارزانی كە منی خستە بەرپرسیارتیەكی مێژوویی هەروەها گوتی: بە كورتی پەرلەمان دەبێ دەست لەكاری پێشوو هەڵگرێ، بەڵام من فەرمانبەر نیم لە ئەوقاف ئەوە 25 ساڵە خۆبەخشم بە خۆشەویستی خەڵكی ڕوحپاكی هەولێر و مزگەوت بە خۆشەویستی خەڵكی خاكی بووم بە مەلا بەشیر، ئیدی گوتی گوناهێكی گەورەیە بۆ پلەیەك واز لەو هەموو جوانیە بێنم ئێستا و ئەوساش هەر لە ناو خەڵك دەبم، بڕیارمداوە هەموو ڕۆژانی هەینی بگەڕێمەوە هەولێر و لە مزگەوتی حاجی (جەلیل خەیات) كاری وتاربێژی بكەم، ئەوەش بەختەوەری ژیانمە.
متمانەی سەرۆك بارزانی
د.بەشیر حەداد لە وەڵامی پرسیارەكانی هەولێر زۆر ڕاستگۆ و ڕاشكاو بوو، ئەو متمانەی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی پارتی بە مەسئولیەتێكی زۆر گەورەی دایە لەقەڵەم و دەڵێت لە ئاستی ئەو متمانە گەورەیەدا من دەبێت شەو لەسەر ڕۆژ دانێم هەستم كرد لە خزمەتی سەرۆك بارزانی زیاتر لە شتێك فێر بووم، لە هەموویان گرنگتر ئەوەبوو كە ڕایسپاردم من لە كارەكەمدا زۆر بێلایەنی مامەڵە بكەم و كار بكەم بۆ چەسپاندنی یاسا و دەستوور، هاوكات گەڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانی كورد كە پێشتر لە ئەنجامی وەلانانی داخوازییەكانی كورد لە بەغدا پێشێلی دەستوور كراوە، سەرۆك بارزانی لەو دانیشتنە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت ڕۆژانی كاركردنم لە پەرلەمان هەوڵ بدەم كەشێكی برایانە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە دروست بكەم كە بتوانین دۆژی كورد و مافە ڕەواكانی لەوان بگەیەنین، منیش هەروام كرد ئەو ڕامانە پیرۆزەی سەرۆك بارزانی وای لێكردم بیرم لای پۆست و پلە نەبێت، بەڵكو لای ئەساسی مەسەلەكە بێت كە دۆزی كوردە، شەڕكردنە لەسەر مافە دەستوورییەكان.

كەش و هەوایەكی گونجاو
لێم پرسی، ئایا جیاوازی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ ئەوانی پێشوو چیە؟ ئایا ئێستا مەسەلەی كورد لە نیوەندە عێراقیەكان بە كوێ گەیشتوە؟ بەڕێزی ئاماژەی بەوەكرد كە من پێشتر ڕام وابوو كە ئێمە قەەرسە بتواین لە بەغدا شتێكی گەورە بكەین، بەڵام ئێستا كە لە ناو كەشو هەواكەدام ئەو نائومێدیە ڕەش بوە، چونكە لە ناو پەرلەمان، فراكسێۆنەكان زیاتر لە جاران لە خەمی كورد دەگەن، ئەو حەساسیەتەی دوای ڕیفراندۆم خەریكە دەڕەوێتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ لە جاران زیاتر لێك گەیشتن هەیە بۆ دۆزی كورد، ناتوانین ڕۆڵی كورد پەڕاوێز بخەن، بەشێكی زۆر لە فراكسیۆنەكان بڕیاریان داوە هاوكار بن بۆ جێبەجێكردنی یاسا و دەستوور، ئەوان لەگەڵ پارتی نەرمن، چونكە زۆرترین كوتلەیە، ئێستا هاوكێشەكە لەبارترە تاكو كورد بتوانێت لە فەزایەكی باشتر و گونجاوتر داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی خۆی بكات، بەڵام پێویستی بە یەكخستنەوەی ماڵی كورد هەیە كە گرەنتیە بۆ سەركەوتنمان.

هاوتەبایی
كاتێك د. بەشیر حەداد باسی لەبەرنامە و پرۆگرامەكانی كاركردنی خۆی كرد، یەكەم هەنگاو باسی لەوە كرد كە دەبێت بەر لە هەموو شتێك بیر لەوە بكەینەوە كە ماڵی كورد لە ناو پەرلەمانی عێراق ڕێك بخەین، ئەو لێكترازانە بنبڕ بكەین كە دروست بووە، چونكە من لە وێ تەنیا تەمسیلی پارتی ناكەم بەڵكو پەرلەمانی هەموو مەزهەب و پێكهاتەكانە، دەبێت ڕاوێژ بكەین و ڕێز لە ڕاو ئیرادەی یەكتر بگرین، چونكە هەموو ماناكانی سەركەوتن لە هێزی یەكتر قیووڵ كردنمانە و لەبەر چاوی ئەوان بەهێز دەبین.
پیادەكردنی دەستوور و مافی كورد
بەڕێز جێگری پەرلەمانی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەوەلیاتی ڕاستەقینەی كاركردنی ئێمە پابەندبوونە بەو مافانەی كە لە كورد زەوت كراوە و دەبێ بگەڕێتەوە لەوانەش بوودجە و پێشمەرگە و یاسای نەوت و گاز و كێشەی ماددەی 140 بە شێوەیەك كە كاری جیدی بكرێت بۆ گەڕانەوەی ئەو مافانەی كە هەمووی لە دەستووردا هاتووە، لەمەشدا وەك د. بەشیر دەڵێت پێویستە لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان لێك بگەین و بوێر بین لە بڕیاردانی جەماعی بۆ كۆتایی هاتن بە ناكۆكیەكان.

لە مانگێك حكومەت پێك دێت
بەڕێزی ئەوەی ڕاگەیاند كە دوای ڕاسپاردنی عادل عەبدولمەهدی حكومەتی عێراق لە ماوەی مانگێك پێك دێت، ئینجا عادل عەبدولمەهدی بۆ هەر وەزارەتێك 3 كاندید پێشكەش دەكات لە پەرلەمان بەرنامەی وەزارەت و حكومەت پێشكەش دەكات و متمانەم زۆرە كە لەو ماوەیە پێك بێت.

پڕ ئومێدم
لە كۆتاییدا د.بەشیر حەداد، ئەوەی ڕوون كردەوە كە بە پشت بەستن بەیەكڕیزی ئەو كەشو هەوایەی كە ئێستا لە پەرلەمان لە ئارادایە، ئومێدم زۆرە كە بتوانین ساڵانی كاركردنمان لە پەرلەمانی عێراق بكەینە دەرفەتێك بۆ خزمەتی خەڵك و مافەكانی كورد.

© 2017 Hawler